كرمانج محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
له ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ژماره‌یه‌کی زۆری خه‌ڵک و به‌تایبه‌تی گه‌نجان داینه‌مۆی پڕوپاگه‌نده بون بۆ لیستی گۆڕان، خۆبه‌خشانه له ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان کاریان ده‌کرد بۆ کۆکردنه‌وه و هاندانی خه‌ڵک. سه‌دان هه‌زار که‌سیش ده‌نگی بۆ لیستی گۆڕان دا، هەرچەندە زۆربه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان داوه و کورسیه‌کانی لیستی گۆڕانیان مسۆگار کرد له‌وانه‌یه یه‌ک رۆژ چییه نه‌هاتبێتنه سه‌رجاده و به‌شداری حه‌ماسه‌ته‌کانی رۆژانی هه‌ڵبژاردنیان نه‌کردبێت. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌م هه‌ڵکشانی ناڕه‌زاییه په‌ره‌ی پێ بدرێت و به‌رده‌وامی بدرێتێ. شێوازی کلاسیکی ژیانی سیاسی چه‌ند سه‌ده‌ی رابردوی کوردستان وه‌ڵامی ئاماده‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی پێیه: پێکهێنانی حیزبێکی سیاسی بهستراکتۆرێکی هه‌ره‌می و مه‌رکه‌زیه‌تێکی تۆکمه‌وه. پارتێکی لەم جۆرە هه‌وڵ ده‌دات زۆرترین ژماره ئه‌ندام کۆبکاته‌وه و دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر چه‌ندین لق و پۆپ و کۆمیته و به‌شی جیاوازدا. بڕیاره‌کان له‌سه‌ره‌وه ده‌رده‌چن و به رێژه‌ی جیاوازیش له هه‌ر پارتێکدا گوێ له ئه‌ڵقه‌کانی خواره‌وه ده‌گیرێت. ئامانجی ئه‌م پارته‌ش رابه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی خه‌ڵکی کوردستان دەبێت. پارته سه‌ره‌کییه‌کانی کوردستان به‌م شێوه‌یه دروست بون و کاریان کردوه. هه‌مو سیاسیه‌کانی کوردستان قاڵبوی ئه‌م شێوازی کارکردنهن. له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بونی یه‌م پارتانه‌ش لۆجیستیکی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م له‌شکری ئه‌ندام و لێپرسراوانه ئاڵۆزتر ده‌بێت. میکانیزمی بڕیارده‌رکردن و سیاسه‌ت داڕشتن له ده‌ستی ئه‌ڵقه‌ی سه‌روه‌ی هه‌ره‌مه‌که‌دایه و له باشترین حاڵه‌تیشدا هه‌ندێک پرۆسێس وه‌ک کۆنگره و راپۆرت و راپۆرت کاری له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه کاری پێ ده‌کرێت، تا ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌وه زۆر له ئه‌ڵقه‌کانی تره‌وه دور نه‌که‌وێته‌وه.
لیره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا له سیسته‌مێکی دیموکراتیدا ئه‌م ده‌زگا گه‌وره و زه‌به‌لاحه چه‌ند ده‌توانێت نوێنه‌ری خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ر بێت و له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت؟ ئه‌گه‌ر سه‌یری تاقیکردنه‌وه‌ی گه‌لانی تر و عێراق بکه‌ین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره مان ده‌ست ده‌که‌وێت. له ئه‌ورپای رۆژهه‌ڵاتدا حیزبه شیوعیاکان سه‌دان هه‌زار ئه‌ندامیان هه‌بو، به‌ڵام که سیسته‌می حکومڕانی گۆڕاو هه‌ڵبژاردن بو به ئامڕازی ده‌سه‌ڵات ئاڵوگۆڕکردن، هیچکام له‌و حیزبانه نه‌یتوانی ده‌نگی ئه‌وه‌نده بهدهستبێنهێت که ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، له کاتێکدا که رکه‌به‌ره‌کانیان له‌وانه‌یه چاره‌کی ئه‌وان ئه‌ندامیان نه‌بوبێت. له عێراقدا حیزبی به‌عس ده‌یان ئه‌ونده‌ی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌ندام و داموده‌زگای حیزبی هه‌بو، ئاسایش و زۆر له فه‌رمانگا حکومییه‌کان هی به‌عس بو نه‌ک حکومه‌تی عێراقی (وه‌ک ئێستای کوردستان)، به‌ڵام که سیسته‌می ده‌سه‌ڵات گۆڕا له‌ژێر هیچ ناوێکی تردا نه‌یتوانی ژماره‌یه‌کی به‌رچاو ئه‌ندام په‌رله‌مان په‌یدا بکات. له کوردستانیشدا که خه‌ڵک خەریکە فێری نرخی ده‌نگی خۆی ده‌بێت، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا و له‌م ساڵانه‌ی ربردودا هه‌رچه‌ند حیزبه‌کان گه‌وره‌تر ده‌بن، جه‌ماوه‌ریان بچوکتر ده‌بێته‌وه. هه‌رچه‌ند ده‌زگاکانیان قه‌به‌تر و فراوان تر ده‌بێت خه‌ڵک لێیان بێزار تر و ناڕازیتر ده‌بێت. هه‌رچه‌نده ژماره‌ی ئه‌ندامیان زیاتر بێت، مه‌سئولی زیاتریان پێوسته بۆسه‌رپه‌رشتی کردنیان و رێکخستنیان. له ده‌زگایه‌کی بێ به‌رهه‌می وه‌ک ئه‌م حیزبانه‌دا ده‌بێت پێوهرچیبێت بۆ سه‌رخستنی کادره‌کان له ئه‌ڵقه‌یه‌که‌وه بۆ ئه‌ڵقه‌یه‌کی سه‌روتر؟ که هیچ به‌رهه‌مێکی مادی یان فکری دروست نه‌کرێت له لایه‌ن ئه‌م له‌شکره کادرو ئه‌ندامه‌وه چی وا له ئه‌ڵقه‌یه‌کی سه‌ره‌وه ده‌کات بڕیاری به‌رزکردنه‌وه‌ی کادرێک بدات، یان ئه‌گەر زۆر دیموکراتیش بن چی وا له ئه‌ڵقه‌یه‌کی خواره‌وه ده‌کات تا ده‌نگ بدات له‌سه‌ر به‌رز کردنه‌وەی کادرێکیان بۆ ئهڵقاکانی سه‌روخۆیان؟ کارامه‌یی له چ کارێکی سودمه‌ند یان خۆشی به‌خشدا بۆخه‌ڵکی شار و دێهاته‌کان پێوهردهبێت؟ دیاره له نه‌بونی ئه‌م پێوه‌رانه‌دا فاکته‌ری تر دێته کایه‌وه بۆ به‌رزکردنه‌وه یان داگرتنی ئه‌ندامه‌کان که ئه‌وانه‌ش بریتیین له: گوێ رایه‌ڵی بێ پرسیاریان بۆ سه‌رو خۆیان، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه مادی و حیزبیه‌کانی یه‌کتره، خزم خزمێنه و هاوڕێیاتییه، هه‌لپه‌رستیه. ئیتر چه‌ندین که‌سی قێزرراو له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه سه‌رده‌که‌ون به‌سه‌ر پله‌کانی ده‌ساڵاتی حیزب‌دا، حیزبه‌کانیش زیاتر‌و زیاتر له خه‌ڵک دورده‌که‌ونه‌وه. هاوتا به‌م پرۆسه‌یه له ناو حکومه‌تدا هه‌مان ئه‌م حیزبانه حکومه‌ت پڕده‌که‌ن له فه‌رمانبه‌ری باڵاده‌ستی بێ‌توانا و حکومه‌تیش توشی شه‌له‌ل ده‌که‌ن.
باشه ئه‌گه‌ر ئه‌مه سه‌رئه‌نجامی ئه‌م شێوازه بێت له‌کاری سیاسیی وه‌ک له کوردستاندا بینیمان، ئه‌ی چۆن بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی ده‌توانێت کاریگه‌ر و زیندو و به‌رده‌وامبێت له سیسته‌مێکی دیموکراتی و په‌رله‌مانیدا. چۆن بتوانێت په‌یوه‌ندی ئۆرگانیی خۆی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا نه‌پچڕێنێ و هانیان بدات له ساته‌کانی هه‌ڵبژاردن و روداوه چاره‌نوسسازه‌کاندا له‌ده‌وری کۆببنه‌وه. پێکهاتەی رێکخراوه‌یی و شێوازی کاری سیاسی ده‌بێت چۆن بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێت سه‌یری تاقیکردنه‌وه‌ی وڵاته دیموکرات و پارته سه‌رکه‌وتوه‌کانی کاری په‌رله‌مانتاریی جیهان بکه‌ین. ئەو نمونه‌یه‌ی به‌کاری ده‌هێنم پارتی دیموکراتی وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکایه. لێره پارتی دیموکرات ده‌ڵێت: هه‌رکه‌سێک لای کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن خۆی ناو نوس بکات به دیموکرات ئه‌وه ده‌بێته ئه‌ندامی پارتی دیموکرات. واتە ستراکچەری ئەم پارتە پێویستی بە شانە و گروپی هەرەمی نیە تا ئەم ئەندامانە کۆبکاتەوە. ئه‌ندامه چالاکه‌کانی هه‌رناوچه‌یه‌کی ده‌نگدان دو ئه‌ندام هه‌ڵده‌بژێرن تا نوێنه‌رایه‌تیان بکات له کۆمیته‌ی کاوهنتیدا، که یه‌که‌یه‌کی ئیداریه وه‌ک قه‌زا. ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی کاوهنتی سه‌رۆک و جێگر‌و ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی هه‌ڵده‌بژێرن، هه‌مو ئه‌ندامه‌کانی کۆمیته‌ی کاوهنتی خۆبه‌خشن. بۆ نمونە لە کاوەنتی هاوارددا ئۆفیسێکیان هه‌یه هه‌فته‌ی 8-10 سه‌عات کراوه‌یه. ئه‌ندامانی ئه‌م کۆمیته‌یه نوێنه‌رانی کۆنفرانسی ساڵانه‌ی کاوهنتی پێکده‌هێنن که بڕیارده‌دات پشتگیری کام کاندیدی پۆسته ناوچه‌یی و نیشتمانیه‌کان بکات. کاره‌کانی کۆمیته‌ی کاوهنتی زیاتر بریتیه له پاره کۆکردنه‌وه‌و کاروباری هاندان و رێکخستنی کاروباره‌کانی هه‌ڵبژاردن. به هه‌مان شێوه کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زیی ویلایه‌ت هه‌ڵده‌بژێررێت، کۆمیته‌ی ماریلاندی پارتی دیموکرات شه‌ش ئه‌ندامن، که هه‌ریه‌که‌یان کاری خۆی هه‌یه وه‌ک دکتۆر و ئه‌ندامی په‌رله‌مان وکاری تر. ته‌نها 7 ستافیان هه‌یه که له نوسینگەکەیاندا کارده‌که‌ن و موچه وه‌رده‌گرن. ژماره‌ی دانیشتوانی مه‌ریلاند زیاد له پێنج ملیۆن و نیوه و ته‌نها حه‌وت که‌س موچه‌ی حیزبی وه‌رده‌گرێت له دیموکراته‌کان! پارتی دیموکرات له هه‌ر ویلایه‌تێکدا سه‌ربه‌خۆیه و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی خۆی هه‌یه، که له‌وانه‌یه جیابێت له په‌یڕه‌و و پرۆگرامی ویلایه‌ته‌که‌ی ته‌نیشتی. هه‌مو ئاسته‌کانی سه‌رکردایه‌تی کردن به هه‌ڵبژاردنه و بۆ ته‌نها چوارساڵه. لێره وشەی سه‌رکردایه‌تی کردن به‌کارده‌هێنرێت نه‌ک مه‌سئولیه‌ت وه‌رگرتن. چونکه له‌م پرۆسه‌یه‌دا خه‌ڵکه چالاک و به‌تواناکانن که سه‌رنجی خه‌ڵکانی تر راده‌کێشن و به سه‌رکرده‌ی کاره‌کانیان هه‌ڵیانده‌بژێرن، نه‌ک له لایه‌کی باڵاتره‌وه دابنرێن به لێپرسراویان. دیاره ئه‌مه به‌ته‌نها به‌س نیه بۆ جۆشدانی ئه‌و ملیۆنه‌ها خه‌ڵکه‌ی که کۆده‌بونه‌وه له واشینگتۆن بۆ ئه‌وه‌ی گوێ له سه‌رۆک ئۆباما بگرن یان ده‌نگی پێ بده‌ن. شانبه‌شانی ئه‌م رێکخراوه‌ی پارتی دیموکرات به‌سه‌دان رێکخراوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و سه‌ندیکایی هه‌یه، که خه‌ڵک هانده‌ده‌ن بۆ دیموکراتەکان و له‌هه‌مان کاتدا فشار ده‌خه‌نه سه‌ر حیزبه‌که بۆ ئه‌وه‌ی به‌و ئاراسته‌یه‌دا بڕوات که ئه‌م رێکخراوانه ده‌یانه‌وێت. ستراکچەرو ژماره‌ی ئه‌ندام و کارمه‌نده‌کانی ئه‌م رێکخراوانه به کۆی گشتییان زۆر زیاتر‌و گه‌وره تره له رێکخراوه‌کانی حیزبه‌کان. ئه‌م رێکخراوانه رۆژانه کارده‌که‌ن بۆ خه‌ڵکی، جۆره‌ها کۆرسی هونه‌ری زانستی بۆ خوێندکاران رێکدهخەن، جاده و کۆڵانه‌کان پاکده‌که‌نه‌وه، له دادگاکاندا به‌رگری له مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن، کۆمه‌ک و کار بۆ خه‌ڵکی هه‌ژارو بێ په‌نا دابین ده‌که‌ن، گروپی فشار پێکده‌هێنن، خۆپیشاندان و کەمپەین رێکدەخەن، کاره‌کانیان به‌رجه‌سته‌یه و جێگای رێزی خه‌ڵکن. بۆیه بودجه‌یان سه‌دان ملیۆن دۆلاره و له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه کۆمه‌ک ده‌کرێن. به هه‌زاران سه‌رکرده‌ی کاری جه‌ماوه‌ری له ناو ریزه‌کانیاندا دروست ده‌بێت و خه‌ڵکی گوێان لێده‌گرێت. یه‌کێک له شانازیه‌کانی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکای ئێستا ئه‌وه‌یه که خۆی قاڵب‌و وه سه‌رکرده و رێکخه‌ری رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوه له شیکاگۆ پێش ئه‌وه‌ی به پله‌کانی پارتی دیموکرات‌دا سه‌ربکه‌وێت.
پاڵپشتیی ئه‌م رێکخراوانهیه که ده‌توانێت جه‌ماوه‌ر جۆشبدات وله هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بردنه‌وه مسۆگه‌ر بکات. ئه‌م رێکخراوانه کارتۆنی نین و له‌سه‌ره‌وه دروست نه‌کراون، له‌وانه‌یه هاندرابن و پاڵپشت کرابن. به‌ڵام خۆڕسکن و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێویستیه‌کانی خه‌ڵک دروست بون.
لێره‌وه با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر کوردستان، پێده‌چێت بەهێواشی سیسته‌می سیاسی له کوردستان و عێراقدا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن و کاری په‌رله‌مانی بڕوات و جه‌ماوه‌ر زیاتر هه‌ست به هێزی ده‌نگه‌کانی خۆی بکات. ئه‌سته‌مه ئیتر سیسته‌می پارتی پێشڕه و سه‌رکرده‌ی بێهاوتای پێشڕه‌و زاڵبێتهوه به‌سه‌ر ژیانی سیاسی کوردساندا به‌بێ رکابه‌ری. ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ دواوه رویدا ئه‌وه تراجیدیایه‌کی کاتی ده‌بێت، که به‌شیک له به‌رپرسیارێتیه‌که‌ی ده‌که‌وێته‌وه سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانخواز له کوردستاندا. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانخواز ئێستا له به‌رده‌م بڕیارێکی چارنوسسازدایه: بڕیار دان له‌سه‌ر شێوازی کارکردن و رێکخستنی گۆڕانخوازه‌کانی کوردستانه له چوارچێوه‌یه‌کدا یان چه‌ند چوارچێوه‌یه‌کدا. تاقی کردنه‌وه‌ی رابردوی کوردستان و جیهان ده‌رئه‌نجامی رێکخراوه ههرهمیهکان و له‌شکری کادیره ئیمتیازداره بێکاره‌کان و مه‌سئوله سهپێنراوهکانمان دەخەنە بەردەست. له به‌رامبه‌ریشدا تاقیکردنه‌وه‌ی پارت و سیسته‌مه سهقامگیرهکانیشمان له به‌رچاوه. به‌ڕای من بۆ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سارد نه‌بێته‌وه و به‌رده‌وامبێت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردستاندا بگۆڕێت، پێویسته گۆڕان بهێنێته شێوازی کارکردنه‌وه. له جیاتی ده‌زگایه‌کی گه‌وره‌ی بێبه‌رهه‌م و مشه‌خۆر به‌سه‌ر داههتهکانی کوردستانه‌وه، باڕێکخراوێکی داینه‌میکی به‌قه‌ده‌ر پێویستی هه‌بێت. با پاڵپشت و هانده‌ری ده‌یان رێکخراوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بێت، که رۆژانه له کوچه و قوژبنه‌کاندا چالاکی بنوێێن و رێز و پێزانینی خه‌ڵک مسۆگه‌ر بکه‌ن. ئه‌م رێکخراوانه ده‌یان سه‌رکرده‌یان له‌ناودا دروست ده‌بێت که جه‌ماوه‌ر گوێیان لێبگرێت له رۆژه‌کانی ده‌نگداندا. ئه‌و سه‌رکردانه له‌ناو خه‌ڵکه‌وه دێن وله ئه‌نجامی رێکخستنی پڕۆژه‌ی جۆراوجۆره‌وه متمانه به‌ده‌ست دەهێنن. ئه‌م گروپانه ده‌توانن پاڵپشتیکی به‌هێزبن و له هه‌مانکاتدا چاودێربن به‌سه‌ر سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌که‌وه تا رێگا ون نه‌کات. جه‌ماوه‌ر پێویستی به ده‌زگایه‌کی گه‌وره‌و ژمارەیەکی زۆری کادیری حیزبی نیه تا په‌یوه‌ندی به بزوتنه‌وه‌که‌وه به‌رده‌وامبێت. به‌ڵکو چاوه‌ڕوانی ئه‌و نوێنهرانهیهتی، که ده‌نگی پێداون له په‌رله‌ماندا، به‌رگری له مافه‌کانی بکه‌ن و به‌شێوه‌یه‌کی رێکوپێک و به‌رده‌وام بگه‌ڕێنه‌وه ناو خه‌ڵک و گوێ له ئازاره‌کانیان بگرن. هۆی ده‌نگدان و دهنگنهدانهکانیان لە سەر پرۆژەکانی پەرلەمان بۆ خه‌ڵک رونبکه‌نه‌وه و پرسیان پێبکه‌ن و داواکاریه‌کانیان بکه‌ن به پڕۆژه وپێشکه‌شی په‌رله‌مانی بکه‌ن.
به‌هه‌مان شێوه با له ده‌روه‌ی کوردستان چه‌ندین رێکخراوی داکۆکیکه‌ر له مافی مرۆڤ و گۆڕان و کرانه‌وەی سیسته‌می سیاسی کوردستان پێک‌بێت. با کورده‌کانی تاراوگه هانبدرێن تا پاڵپشتی مادی و مه‌عنه‌وی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بن له کوردستاندا، نه‌ک ته‌نها لیستی گۆڕان یان ئه‌و رێکخراوه‌ی لێوه‌ی دروست ده‌بێت. با ئه‌و رێکخراوانه کارتۆنی نه‌بن و به‌دامه‌زراندن نه‌بن. ئه‌م رێکخراوانه ده‌توانن کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان هه‌بێت. بۆنمونه‌ی ئەم جۆرە کارانەش دەتوانین ماڵپه‌ڕی کوردستان پۆست و رێکخراوی چاک بهێنینەوە: کوردستان پۆست له رۆژێکدا زۆر زیاتر له ماڵپه‌ڕه حیزبییه‌کان کرته‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت و کاریگەری دیاری لەسەر روداوەکانی ناو کوردستان هەیە بمانەوێت یان نا. کاریگەری رێکخراوی چاکیش بۆناساندنی نەهامەتیەکانی کورستان لەدەرەوەو ناوەوە دیار‌و بەرچاوە. ئەمانە نمونه‌ی گروپێکن که به‌توانایه‌کی مادی و ده‌زگایه‌کی سنورداره‌وه کاریگه‌ریه‌کی گه‌وره‌یان هه‌یه لهسهرخەڵک و روداوەکان. ئه‌گه‌ر بڕیاردرا وه‌ک لیستی گۆڕان ئۆرگانێکی ده‌ره‌وه‌ی هه‌بێت با هه‌ڵسوڕاوه‌کانی گۆڕانخواز سه‌رکرده‌کانیان هه‌ڵبژیرن نه‌ک له‌سه‌ره‌وه مه‌سئوله‌کانیان بۆدانێن، لێره‌دا هه‌مدیسان دیقه‌ت بده له وشه‌ی سه‌رکرده و مه‌سئول له‌م پرۆسه‌یه‌دا. له‌م هه‌ژده ساڵه‌ی ربردودا پارته سیاسیه‌کان مه‌سئوله‌کانیان دامه‌زراندوه نه‌ک یارمه‌تی دروست بونی سه‌رکرده‌کانیان دابێت.
ئازاره پهنگخواردوهکانی خه‌ڵک و ناعه‌داله‌تییه‌کانی کوردستان له‌م هه‌ژده ساڵه‌ی رابردودا بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی خوڵقاند، لیستی گۆڕان توانی سه‌رکردایه‌تیان بکات له‌م قۆناغه‌دا. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای ته‌حه‌دای راسته‌قینه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئێستا. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له سنوقه داخراوه‌که‌ی هاتۆته ده‌رێ و ناتوانن بیخزێننهوه ناوی. ئەم بزوتنەوەیە کەشێکی تازەی لە ململانێی سیاسی دروستکرد، کە پێویستی بە جۆرێکی نوێی کارکردنە. رۆژانی داهاتوی چارەنوسازە و دەبێت هەمو هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە چالاکانە بەشداری ئەم گفتوگۆیانە بکەن هەتا ئامادەی قۆناغی داهاتو بیین.
تێبینی:
وه‌ک سه‌رچاوه‌ی زانیاری له‌سه‌ر پارتی دیموکراتی ئه‌مه‌ریکا له مه‌ریلاند ئه‌م دو ماڵپه‌ڕه‌م به‌کارهێناوه
http://www.mddems.org/ht/d/Home/pid/333125
http://www.howardcountydems.com/
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه په‌یڕه‌و و پرۆگرامی پارتی دیموکرات له مه‌ریلاند ته‌نها 8 لاپه‌ڕه‌یه که زۆربه‌ی له سه‌ر شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی کۆمیته‌کان و پێکهاته‌یانه.