Print
 گۆڕان له‌ دوێنێوه‌ بۆ ئاینده‌
Monday, April 19, 2010

شه‌نكار عه‌بدوڵا
گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ فراوان به‌چه‌ند مانگێك پێش هه‌ڵبژاردنی‌ 25/7/2009 دروست بو، له‌م ماوه‌كه‌مه‌دا توانی‌ سه‌ره‌نجی‌ زۆرێك له‌رۆشنبیران‌و گه‌نجان به‌لای‌ خۆیدا راكێشێت، له‌یه‌كه‌م ئه‌زمونی‌ هه‌ڵبژاردن توانی‌ (25) په‌رله‌مانتار بنێرێته‌ په‌رله‌مان، لێره‌وه‌ گۆڕان به‌ته‌واوه‌تی‌ جێگه‌ی‌ خۆی‌ كرده‌وه‌ له‌كێڵگه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستاندا، وه‌ك هێزێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆی‌ مانفێست كرد.

له‌دوه‌م ئه‌زمونی‌ كه‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بو له‌7/3/2010 توانی‌ هه‌شت كورسی‌ به‌ده‌ست بهێنێت، به‌مه‌ش بوه‌ دوه‌م هێز له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و، پێنجه‌م هێزی‌ عێراقیش، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌یاد بچێت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی‌ له‌پارێزگایه‌كی‌ وه‌ك دهۆك ده‌نگه‌كانی‌ له‌چاو هه‌ڵبژاردنی‌ پێشو نزیكه‌ی‌ هه‌شت هه‌زار ده‌نگ زیادی‌ كردوه‌، به‌ڵام نه‌یتوانی‌ كورسیه‌ك مسۆگه‌ر بكات، هه‌روه‌ها له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌گشتی‌‌و كه‌ركوك به‌تایبه‌تی‌ كورسی‌ به‌ده‌ست بهێنێت، كه‌ئه‌مه‌ جێگه‌ی‌ له‌سه‌ر وه‌ستانی‌ زۆره‌.

له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق باسوخواسی‌ بونی‌ گۆڕان به‌حیزب به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان سه‌ریهه‌ڵداوه‌، له‌ئێستادا گۆڕان له‌پرس‌و راوێژدایه‌ به‌كه‌سانی‌ پسپۆرو رۆشنبیران به‌وه‌ی‌ كه‌ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ببێته‌چ جۆره‌ حیزبێك، وه‌ك خۆیان ئاماژه‌یان بۆكردوه‌" نابێته‌ حیزبی‌ ستالینی‌، وه‌ك حیزبه‌كانی‌ كوردستان" به‌ چ میكانیزمێك بێته‌ مه‌یدان، به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ تاهه‌نوكه‌ بڵاوكراوه‌ته‌ له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان گۆڕان ده‌بێت به‌حیزب.

گۆڕان له‌ماوه‌ی‌ كاركردنی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن چ وه‌ك بزوتنه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان كۆمه‌ڵێ‌ خاڵی‌ پۆزه‌تیڤی‌ بۆخۆی‌ تۆماركرد، كه‌دواجار به‌قازانجی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان شكایه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ له‌له‌رزۆكی‌ ده‌رهێناو به‌ته‌واوه‌تی‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن‌و حكومه‌تی‌ پێناسه‌كرد، له‌م روانگه‌شه‌وه‌ توانی‌ ببێته‌ پاڵپشتێكی‌ به‌هێز بۆ ئه‌و هێزانه‌ كه‌ساڵانێكه‌ ناوی‌ ئۆپۆزسیۆنیان له‌خۆیان ناوه‌‌و نه‌یانتوانیوه‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن بون پرۆسه‌كه‌ن.

هه‌نگاوێكی‌ تری‌ گۆڕان ئه‌وه‌بو كه‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌‌و چه‌قبه‌ستنه‌ رزگاكرد كه‌له‌دوای‌ راپه‌رینه‌وه‌ تێی‌ كه‌وتبو، به‌راده‌یه‌ك خه‌ڵكانێكی‌ زۆری‌ بێ‌ ئومێد كردبو له‌چاكسازی‌‌و ریفۆرم له‌سیسته‌می‌ سیاسی‌ كوردستاندا، هه‌روه‌ها توانی‌ وزه‌ی‌ گه‌نجه‌ ناڕازییه‌ نارێكخراوه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان رێك بخات‌و، برێكی‌ زۆری‌ وزه‌ شاراوه‌كانی‌ كوردستان پیشانبداته‌وه‌‌و بیانهێنێته‌وه‌ سه‌ر گۆره‌پانی‌ سیاسی‌ كوردستان،ئی‌م وزه‌و توانا خه‌فه‌كراوزانه‌ كه‌ساڵانێكه‌ وه‌ڕه‌ز بوه‌ له‌ ژیان‌و به‌شداری‌ فیعلی‌ سیاسی‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان هاتنه‌وه‌ گۆره‌پانی‌ سیاسی‌‌و به‌شداری‌ فراوانیان كرده‌وه‌، به‌كورتیه‌كه‌ی‌ گۆڕان توانی‌ ئیراده‌ بۆ تاكی‌ كورد بگه‌رێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كاره‌كانی‌ گۆڕان بو كه‌توانیویه‌تی‌ بیكات، چونكه‌ نابێت ئه‌وه‌مان له‌یادبچێت (19)ساڵه‌ حیزبه‌ باڵاده‌سته‌كانی‌ كوردستان ئیش له‌سه‌ر بێ ئیراده‌كردنی‌ تاكی‌ كورد ده‌كه‌ن، به‌راده‌یه‌ك ترسیان له‌هه‌مو جوڵانه‌وه‌یه‌ك هه‌بوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌وان، هه‌تا ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانی‌ خوێندكاران بوبێت بۆ مافێكی‌ سه‌ره‌تای‌ وه‌ك (نه‌بونی‌ پێداویستیه‌كانی‌ به‌شه‌ ناوخۆی‌)، به‌ده‌یان به‌ناو رێكخراو داموده‌زگای‌ به‌ناو رۆشنبیری‌‌و گه‌نجانه‌وه‌ ئیش له‌سه‌ر كوشتنی‌ تواناكانی‌ گه‌نجان كراوه‌.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌مایه‌ی‌ ره‌خنه‌یه‌ له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێشتا خۆی‌ رێكنه‌خستوه‌ته‌وه‌،شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ره‌مه‌كی‌ پێوه‌ دیاره‌، نه‌یتوانی‌ په‌لی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ بهاوێت بۆ شوێنه‌كانی‌ تر، به‌راده‌یه‌ك وایكردوه‌ به‌سلێمانه‌ی‌ ناوی‌ ببه‌ن، له‌مه‌ش مه‌ترسیدار نه‌هاتنه‌خواره‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌گردی‌ زه‌رگه‌ته‌، هه‌روه‌ها بونی‌ هه‌ندێ‌ وه‌جهی‌ ناپه‌سه‌ند به‌لای‌ خه‌ڵكه‌وه‌، پێیان وابوه‌ ئه‌مانه‌شی‌ ده‌ستیان له‌و وه‌زعه‌ی‌ ئێستادا هه‌یه‌، كه‌هه‌ریه‌كه‌ له‌هاوڵاتیانی‌ كوردستان باجه‌كه‌ی‌ ده‌دات، گرفتێكی‌ تری‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌ندێكجار كاردانه‌وه‌ بوه‌ نه‌ك كار، ئه‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌لا رێدا ده‌بات‌و نایگه‌یه‌نێته‌ شوێنی‌ مه‌به‌ست.

ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ گۆڕان بیكات‌و به‌فیعلی‌ خۆی‌ له‌حیزبه‌ ته‌قلیدیه‌كانی‌ كوردستان جیابكاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ زۆر به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مو فاكته‌كاندا بكات، به‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تا خوێندنه‌وه‌ی‌ سایكۆلۆژیای‌ جه‌ماوره‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌نزیكبونه‌ته‌وه‌ له‌گۆڕان، به‌چ مه‌به‌ستێك نزیكبونه‌ته‌وه‌؟ چ ئامانجێكیان هه‌یه‌؟ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسیاره‌ له‌هه‌مو پرسیاره‌كانی‌ تر گرنگتره‌ بۆ گۆڕان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیاره‌ نه‌كات ئه‌گه‌ری‌ كشانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌كۆبونه‌ته‌وه‌ له‌ده‌وری‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، ئیتر به‌هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت، چونكه‌ گۆڕان تائه‌و كاته‌ هه‌ندێ‌ شتی‌ لێ قبوڵ ده‌كرێت كه‌حیزب نیه‌‌و به‌م شێوه‌ی‌ ئێستای‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات.

رویه‌كی‌ تری‌ ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان به‌ته‌واوه‌تی‌ ئامانجه‌كانی‌ دیاری‌ بكات‌و به‌فیعلیش ئیشیان بۆبكات، نه‌ك هه‌ر له‌دروشمدا بیانهێڵێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ده‌ردی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ خراپتریشی‌ ده‌بات، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆریشیان هه‌یه‌، گۆڕان ئه‌و پاره‌یه‌شی‌ نیه‌.

خاڵێكی‌ تر كه‌گرنگه‌ گۆڕان ره‌چاوی‌ بكات، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ده‌چنه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌وه‌ زۆریان رۆشنبیران‌و گه‌نجانی‌ لێهاتوبن، هه‌روه‌ها پێگه‌ی‌ ژنان‌و ده‌ستكراوه‌ی‌ ژنان له‌سه‌ر هه‌مویانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌مانای‌ ئه‌وه‌ نایه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ كه‌له‌ناو یه‌كێتی‌ هاتونه‌ته‌ده‌ره‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ بخرێنه‌لاوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌ركی‌ تریان پێ‌ بسپێرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌دابران به‌لایه‌نی‌ كه‌مه‌وه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ رونه‌دات له‌نێو ئه‌و دو نه‌وه‌یه‌دا، تا گۆڕان به‌ته‌واوه‌تی‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رخۆی‌‌و هاوڵاتیانیش متمانه‌ی‌ پێده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویست‌و گرنگه‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ كوردستان خۆشگوزه‌رانیه‌وه‌، شایه‌نی‌ ژیانێكی‌ باشترن.
 

Sbeiy.com © 2007