رۆژنامه: ئایا گۆڕان ته‌نیا بۆ وێستگه‌یه‌كی كایه‌ی سیاسی‌و حكومڕانی هه‌رێم پێویست بو، یان پێویسته ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به‌هه‌مانشێوه به‌رده‌وامی به‌هه‌وڵی گۆڕین له سیستم‌و عه‌قڵی سیاسی‌و حكومڕانیی بدات؟
* هه‌مو حیزب‌و بزوتنه‌وه‌و دیارده‌یه‌كی سیاسی ره‌نگدانه‌وه‌و هه‌ڵقوڵاوی واقیعێكی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتورییو ئابوریی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراوه، گوزارشت له پێداویستی‌و زه‌روره‌ته‌كانی ژینگه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌كات، به‌واتایه‌كی دیكه له‌دایكبوی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌و هه‌ڵگری داوا‌و خهمو ویست‌و خۆزگه‌و خۆشی‌و ناخۆشییه‌كانی هاوڵاتییانه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌نگدانه‌وه‌ی زه‌روره‌تی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌و له‌دایكبوی چركه‌ساتێكی عه‌فه‌وی نییه، یاخود په‌رچه‌كردارێكی خێرا‌و لاشعورییانه نه‌بو به‌رامبه‌ر ململانێ‌و كێشه ناوخۆییه‌كانی كوردستان، به‌ڵكو هه‌وڵێكی سیستماتیكی مۆدێرنانه بو بۆ گۆڕین‌و ریفۆرمكردنی مۆدێل‌و فۆرمی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان‌و عێراق.
پرۆسه‌ی گۆڕان‌و ریفۆرم پرۆسه‌یه‌كی ستاتیكی جێگر نییه‌و به ته‌نیا تایبه‌ت نییه به كات‌و زه‌مانێكی دیاریكراوه‌وه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی داینامیكی گشتگیر‌و به‌رده‌وامه‌و هه‌مو بوار‌و لایهنو دۆخه‌كان ده‌گرێته‌وه. گۆڕانی راسته‌قینه له سیستم‌و عه‌قڵیه‌تدا روده‌دات، نه‌ك له روكهشو یاساكان، كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق كێشه‌ی نه‌بونی یاسا‌و ده‌ستورێكی دیموكراسی نییه!، به‌ڵكو كێشه‌ی نه‌بونی سیستم‌و پراكتیك‌و میكانیزم‌و ئالیه‌تی كاركردنه، بۆیه ئه‌ركی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بریتییه له هه‌وڵدان بۆ گۆڕین‌و ریفۆرمكردنی سیستمی سیاسی‌و ئابوریی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك به ته‌نیا له رێگه‌ی قسه‌و ره‌خنه‌گرتنه‌وه، به‌ڵكو له رێگه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌و ئاماده‌كردنی به‌دیل‌و ئهلتهرناتیڤو به واقیعی جێبه‌جێكردنی پهیامو فه‌لسه‌فه‌و گوتاره‌كان.
واته نابێت ریفۆرمهكهی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نیا به قسه‌و گوتاری بریقه‌دارو بانگه‌شه بێت، وه‌ك هه‌ندێك حیزب ئه‌نجامیده‌ده‌ن، به‌ڵكو پێویسته ریفۆرمێكی كرداره‌كی واقیعی بێت‌و پێش ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ بكات خۆی به واقیعی جێبه‌جێی بكات‌و پێوه‌ی پابه‌ند بێت، ئه‌وكات چانسی پراكتیزه‌كردن زیاتر دهبێتو هاوڵاتییان زیاتر متمانه‌یان پێده‌بێت، گۆڕانی سیستم كارێكی ئاسان‌و خێرا نییه‌و له شه‌وو رۆژێك‌و به‌چه‌ند قسه‌یه‌ك نایه‌ته‌دی، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نی له‌سه‌رخۆیه‌و پێویستی بهپشودرێژییو كاری جدییو قوربانیدان‌و بوێریی هه‌یه تا بتوانێت روبه‌ڕوی ئه‌و ته‌حه‌دییانه بێته‌وه كه دێته به‌رده‌م گۆڕان‌و ریفۆرم.
رۆژنامه: چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن ئۆرگانیزه بكرێت؟
*بۆ رێكخستن‌و ئۆرگانیزه‌كردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێویستمان به بنه‌ماو میكانیزم‌و ئامانج‌و عه‌قڵی سهردهمیو مۆدێرنانه‌یه، بنیادنانی هه‌مو رێكخستنێكی نوێ له‌و پرسیارانه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه ئێمه كێین؟و چیمان دهوێتو ئامانجمان چییه؟و میكانیزم‌و ئالیه‌تی كاركردنمان چۆنه؟ ئه‌و بنه‌ما سیاسی‌و فیكری‌و ئایدیۆلۆژی‌و كلتووری‌و ئابورییانه چین، كه كۆی كردووینهتهوهو یهكیخستووین؟ چۆن خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بكه‌ین‌و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان بهێنینه‌دی؟
یه‌كه‌م هه‌نگاوی گرنگ بۆ ئۆرگانیزهكردنێكی مۆدێرنانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بریتییه له به دامه‌زراوه‌ییكردنی Institutionalism بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، واته دروستكردنی هه‌یكه‌لێكی دامه‌زراوه‌یی سیستماتیكی نوێ، كه ئهركو مافه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوییو كارامه‌یی دابه‌شبكرێت‌و كاریگهرو په‌یوه‌ست نه‌بێت به ته‌نیا كه‌سێك یاخود چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو، واته به گۆڕین‌و لاچوونی ئه‌و كه‌سه (وه‌ك پێشه‌واو سه‌ركرده) بزوتنه‌وه‌كه په‌كی نهكهوێتو لاواز نه‌بێت.
به دامه‌زراوه‌ییكردن دژ‌و پێچه‌وانه‌ی به كهسایهتیكردنی حیزبه (شخصنه حزب)، كه ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی حیزبه‌كانی كوردستان به‌ده‌ستییه‌وه دهناڵێننو هه‌مو بڕیار‌و فرمانه‌كان له‌ده‌ستی ته‌نیا كهسو گروپێكی دیاریكراودایه، به‌پێچه‌وانه‌وه له بهدامهزراوهییكردندا هه‌مو لایه‌ك به‌پێی ئاست‌و لێهاتویی خۆی به‌شداری ده‌كات له دروستكردنی بڕیاره‌كان‌و به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی دهستكهوتو به‌هاو به‌رژه‌وه‌ندیی بهردهكهوێتو به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكیو سیستمیانه كه‌سی نه‌شیاوو لێنههاتو جێگه‌ی نابێته‌وه، نابێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مان هه‌ڵه دوبارهبكاتهوهو هه‌نگاوه‌كانی حیزب‌و گروپه‌كانی دیكه بنێت‌و هه‌مو دهسهڵاتو بڕیاره‌كان له‌ده‌ستی كهسو گروپێكی دیاریكرداودا كۆبكرێنه‌وه‌و بزوتنه‌وه‌كه گوزارشت له‌چه‌ند كه‌سێك بكات، به‌ڵكو پێویسته میكانیزمێكی شهرعیو دیموكراسیانه دابنریت بۆ دروستكردنی بڕیار‌و ئاڵوگۆڕی پۆست‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان.
دوه‌م هه‌نگاو بۆ ئۆرگانیزه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بریتییه له گۆڕینی نوخبه‌ی سیاسی (Political Elites)، واته دروستكردن‌و پێكهێنانی ده‌ستبژێرێكی سیاسی نوێ كه له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوییو شارهزاییو پسپۆڕیی بێت، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌باتی چه‌كداریی رابردو و ناسین‌و هاوڕێیه‌تی. یه‌كێك له فاكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی رێژه‌یی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان‌و عێراقدا، بریتیی بو له گۆڕینی نوخبه‌ی سیاسی‌و هێنانه‌پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك گهنجو كه‌سی لێهاتو شاره‌زا بۆ كایه‌ی سیاسی.
ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌هه‌مان سه‌ركرده‌كانی پێشوو پێكهاته‌وه‌و هه‌ر ئه‌وان خاوه‌نی بڕیار‌و ده‌سه‌ڵات بن، ئه‌وا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جگه له ئینشیقاقێكی حیزبیی هیچی دیكه نییه‌و ره‌نگه ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه بكرێت، كه له‌ئه‌نجامی ناكۆكیی شهخسیو له‌سه‌ر دهسهڵاتو پله‌وپایه دروستببون، پێویسته نوخبه‌یه‌كی سیاسی گهنجو شاره‌زا بنیادبنرێتو سیاسه‌تمه‌داره بهئهزمونهكانیش له رێگه‌ی ئامۆژگاری‌و پرس‌و راوێژه‌وه هاوكارییان بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی پۆستی حیزبیی دیاریكراویان هه‌بێت.
رۆژنامه: ئایا له‌كاتی ئۆرگانیزهكردنیدا، چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بێته حیزبێكی ستالینی؟
* پێش هه‌مو شتێك پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی به‌دوربگرێت له هه‌مو شێوازه تهقلیدییو كۆنكرێتییه‌كانی رێكخستن (وه‌ك حیزبه چه‌په‌كان یان حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له وڵاته شكستخواردوه‌كان)، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شێوازێكی كۆنی كلاسیكییهو له‌گه‌ڵ رۆحی سه‌رده‌مدا ناگونجێت، له‌هه‌مانكاتدا شێوازێكی نادیموكراسی مه‌ركه‌زی ئۆتۆكراسییهو هیچ په‌راوێزێكی ئازادیی‌و سهربهستیو دیموكراسی ناهێڵیتهوهو دواجار دیكتاتۆرێتیی تاكه‌كه‌س یاخود بنه‌ماڵه‌و تهكتولهكان به‌رهه‌مده‌هێنێت له‌ناو حیزب‌دا.
باشترین رێگه‌ش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دانانی په‌یڕه‌و پڕۆگرامێكی دیموكراسی‌و لیبراڵیانهیه، كه چه‌ندین رێوشوێن‌و میكانیزمی توند‌و كارای له‌خۆگرتبێت بۆ دابه‌شكردنی ئهركو مافه‌كان‌و به‌شداریكردنی هه‌مومان له دروستكردنی بڕیاردا به‌شێوازێكی عادیلانه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته چه‌ند خاڵێك له‌به‌رچاو بگیرێت:-
1- دروستكردنی بڕیار له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، نه‌ك له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، واته باشتره هه‌مو بڕیاره‌كان سه‌ره‌تا به‌شێوه‌ی گفتوگۆ‌و راوێژ له ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ی رێكخستن ده‌ستپێبكات‌و به‌شێوه‌ی پێشنیاز‌و پرۆژه پێشكه‌شبكرێت پاشان له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی، كه ده‌شێت له ئه‌نجومه‌نێك یان زیاتر پێكبێت بڕیاری لێبدرێت، یاخود ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه له ئه‌نجومه‌ندا گفتوگۆ‌و بڕیاری لێده‌درێت پێشتر به‌شێوه‌ی راپرسیی رای رێكحسنهكانی خواره‌وه وه‌رگیرابێت، واته هه‌مولایه‌ك به‌هاوبه‌شی به‌شداربن له پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاردا.
2- به‌ستنه‌وه‌ی سه‌رۆك به ئه‌نجومه‌نه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رۆك نه‌توانێت هیچ بڕیارێكی یهكلایهنو سه‌ربه‌خۆ بدات به‌بێ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌ن، یاخود ئه‌نجومه‌ن بتوانێت لێپێچینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك یان هه‌ر به‌رپرسێكی دیكه‌دا بكات، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ لایه‌ك بڕیاری یه‌كلایه‌نه نه‌داو به‌ده‌رنه‌بێت له چاودێریی‌و سانسۆر.
3- پشتبه‌ستن به هه‌ڵبژاردن وه‌ك میكانیزمێك بۆ دیاریكردنی پۆست‌و پله‌وپایه‌كان، دیاریكردنی ماوه‌ی كورتی دیاریكراو له‌و پۆستانهداو رێگه‌نه‌دا بهخۆكاندیدكردنهوه زیاتر له یه‌كجار، بۆ نمونه ئه‌ندامێتیی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بۆ سێ یان چوارساڵ بێت‌و یه‌كجار توانای خۆكاندیدكردنه‌وه هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگا له قۆرغكردنی دهسهڵاتو پۆسته‌كان بگرێت.
4- سزا‌و پاداشت زۆر گرنگه له كاری رێكخستندا، پێویسته ئالیه‌تێكی دیاریكراوی ورد هه‌بێت بۆ سازدانی ئه‌وانه‌ی له‌په‌یڕه‌و دهردهچنو پاداشتی ئه‌وانه‌ش بكرێت كه به توانا‌و لێهاتونو به دڵسۆزیی كاره‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
5- كه‌مكردنه‌وه‌ی ئیمتیازاتی مادیی‌و مه‌عنه‌ویی پۆست‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێوه‌یه‌ك عه‌داله‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بهێنێته‌دی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی دیكه‌ی رێكخستهكهدا یاخود وابكات ململانێی توند له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه كه‌مبكاته‌وه.
6- كاركردن بۆ خۆبه‌دورگرتن له دروستكردنی رێكخستنی فراوان‌و گشتگیری ته‌قلیدیی وه‌ك دروستكردنی شانه‌و پۆل‌و كه‌رت‌و لیژنه‌و كۆمیته...هتد، ئه‌م شێوازه سلبیاتی زۆره، چونكه له‌لایه‌كه‌وه شێوازێكی رهقو نادیموكراسیانهیهو ده‌بێته هه‌وڵێك بۆ به حیزبیكردنی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ناعه‌داله‌تیی به‌رهه‌مده‌هێنێت، هه‌تا ژماره‌ی ئه‌ندامه رێكخراوه حیزبییه‌كان زۆربن ناعه‌داله‌تیش زۆر ده‌بێت، بۆیه باشتره كه ژماره‌ی ئه‌ندامه حیزبییه‌كان زۆر كه‌م بن‌و له‌چه‌ند هه‌زارێك زیاتر تێپهإ نه‌كه‌ن.
ئێستا له وڵاته دیموكراسییه‌كان ژماره‌ی ئه‌ندامانی حیزبه‌كان زۆر كه‌من، به‌ڵام لایه‌نگرو ده‌نگده‌رو جه‌ماوه‌ری زۆریان هه‌یه، كه زیاتر له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون، قورسایی حیزب له زۆریی ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانیدا نییه (وه‌ك له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییانه‌دا له كوردستان بینیمان)، به‌ڵكو له زۆریی ژماره‌ی لایه‌نگرو دهنگدهرهكانیهتی كه له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن.
رۆژنامه: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین جه‌ماوه‌رو لایه‌نگر به‌لای خۆیدا رابكێشێت‌و ببێته خاوه‌نی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان له سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا؟
* پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كار له‌سه‌ر به‌هێزكردن‌و گه‌وره‌كردنی نه‌رمه هێزی (Soft Power) بكات، چونكه كاریگه‌ریی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له نه‌رمه هێزه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه خۆی له‌و به‌هاو كلتوور‌و سیاسه‌ته شهرعیو مرۆڤدۆستانه ده‌بینێته‌وه كه باوه‌ڕی پێیهتیو بانگه‌شه‌ی بۆ دهكاتو به‌كرداره‌كیش پراكتیزه‌ی ده‌كات، به‌مه‌ش هاوڵاتییان به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی لێیده‌ترسن یاخود به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوریی‌و سیاسی‌یان هه‌یه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و به‌هایانه له‌گه‌ڵ ویست‌و خواست‌و قهناعهتو داواكانیان ده‌گونجێت. نه‌رمه هێز بریتییه له هێزی سه‌رنجڕاكێشان كه به‌رامبه‌ره‌كه‌ت كارێكت بۆ ئه‌نجامبدات به‌بێ ئه‌وه‌ی داوای ئه‌وه‌ی لێبكه‌یت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی هێزی ره‌قه (Hard Power)، كه پشتده‌به‌ستێت به ههإهشهو سزا‌و ئیغرای مادیی، كه له‌لایه‌ن حیزب‌و لایه‌نه‌كانی دیكه‌وه بهكاردێتو هاوڵاتییان ناچارده‌كه‌ن به‌ده‌ر له ئیراده‌ی خۆیان ملكه‌چ بن‌و ئینتیمایان بۆ ئه‌و لایه‌نه هه‌بێت.
به‌شێك له هاوڵاتییانی كوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگیاندا به گۆڕان، چونكه كاریگه‌ربون به به‌هاو كلتوره سیاسییه نوێیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، واته گۆڕان له رێگه‌ی نه‌رمه‌هێزه‌وه جێی خۆی كرده‌وه‌و جه‌ماوه‌ری په‌یداكرد، نه‌ك له رێگه‌ی ههإهشهو ناچاركردن‌و سزا‌و ئیغراكردنهوه (هێزی ره‌ق). له‌م سه‌رده‌می جیهانگیریی‌و كرانه‌وه‌ی دیموكراسیدا (نه‌رمه هێز) رۆڵی گه‌وره‌و گرنگ ده‌گێڕێت، هه‌تا نه‌رمه هێزت زیاتربێت سهنگو قورساییت گه‌وره‌ترو زیاتر دهبێتو زیاتر جه‌ماوه‌ر له‌خۆت كۆده‌كه‌یته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه راسته، هه‌روه‌ها پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له چوارچێوه‌ی پارێزگای سلێمانی دهرچێتو ته‌واوی شوێن‌و ناوچه‌كانی دیكه بگرێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردودا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانی له پارێزگانی دیكه ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام له‌ئاستی پێویستدا نه‌بو، ئه‌مه‌ش پێویستی به ستراتیژ‌و كاری جدییو به‌رده‌وام هه‌یه تا بتوانێت له ناوچه‌كانی دیكه‌شدا هاوشێوه‌ی سلێمانی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی بۆ خۆی دروستبكات.