Print
 چه‌ند سه‌رنجێک ده‌رباره‌ی ره‌وتی گۆڕان و هاوبه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی فێربونه‌وه‌
Thursday, May 27, 2010
ئاراس وه‌لی

 گرفتی قه‌یرانه‌کانی ئیمڕۆی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌، له‌ چاره‌سه‌رکردنه‌کانی دوێنێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌
گۆڕان له‌ واقیعی ئیمڕۆی کوردستاندا، له‌ ئیراده‌یه‌کی رۆشنبیری و هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارێتی بۆ ئه‌و ئه‌رکه‌ رۆشه‌نبیرییه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا... له‌و پرسیاره‌وه له‌دایک بو: گۆڕان له‌چیدا بکرێت و به‌کێ ده‌کرێت و چۆن ئه‌نجام بدرێت؟ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ش بینینمان بۆ ئینسان، بۆ رۆڵی زانست و زانیار، بۆ ته‌وانایی له‌ نرخاندن و ده‌رفه‌تی به‌شداریکردن، بۆ رۆڵی پێشه‌نگی و سه‌رکردایه‌تی کردن. بۆ ئه‌رکی به‌رپرسیارێتی و رۆشه‌نبیرێتی، هه‌موی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. هاوکات به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ کۆمه‌ڵێ پرسی چاره‌نوسسازی دیکه‌ ده‌بنه‌ ئه‌رکی پێشه‌می له‌ئه‌جێندای ره‌وتی گۆڕاندا...

به‌مانایه‌کی دیکه‌ گۆڕان وزه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ ده‌خولقێنێ، که‌ خودی ئه‌و وزه‌ی گۆڕانکاریه‌ ده‌بێته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م وزه‌ نێگه‌تیڤه‌کانیی که‌ کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئاقارێکی دواکه‌وتویی و هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی و جه‌هاله‌ت ده‌بات..! وزه‌یه‌کی دیکه‌ی گۆڕان به‌هێزکردنی هه‌ستی ئینسانی و به‌رپرسیاریتییه‌ لای تاکی ئه‌م نیشتیمانه‌...

 گۆڕان وێستگه‌یه‌کی دیاریکراوی نابێت، له‌وێدا و له‌ زه‌مه‌نێکی دیاریکراودا ئه‌رکه‌کانی کۆتایی بێت. گۆڕان هه‌میشه‌ ده‌بێته‌ کۆنسێپتێکی نوێبونه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندن و خۆ ئه‌پده‌یتکردن. دروست ئه‌مه‌یه‌ ئه‌رکی رۆشه‌نبیری و به‌رپرسیارێتی به‌رانبه‌ر به‌ جیهانێک که‌ پڕه‌ له‌ناعه‌داله‌تی و قه‌یرانی جڤاکی و سیاسی و مه‌عریفی...

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی پرۆسه‌ی گۆڕان و گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ وێستگه‌یه‌کدا وێستاوه‌، ئه‌م وه‌ستانه‌ سیاسه‌تێکی به‌رهه‌م هێناوه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا به‌یادگاره‌ کۆنه‌کانیه‌وه‌‌، هه‌میشه‌ خه‌ڵاتی ئه‌و دۆخه‌ چه‌ق به‌ستوه‌ی ئێستای خۆی بکات..!

بۆیه‌ ئه‌نجامگیری، له‌م شێوه‌ مۆدێله‌ی کۆمه‌ڵگا چه‌قبه‌ستوه‌کانی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێمه‌، هه‌میشه‌ میکانیزمێک ده‌کاته‌ ئه‌جێندای خۆی که‌ کار له‌سه‌ر تێکه‌ڵکردنی ماناکان و چه‌مکه‌کان بکات. ماناکانی خیانه‌ت و هه‌ڵه‌، خه‌لاقیه‌ت و بێخه‌می و هیچگه‌رایی، تێکه‌ڵ ده‌کات.

 کۆمه‌ڵگای شوانکاره‌یی و قه‌بیله‌یی موتوربه‌کراو به‌ کۆنه‌په‌رستی ئێمه‌، به‌درێژایی مێژویه‌کی دور و درێژ کاری له‌سه‌ر قه‌بوڵکردنی چه‌قبه‌ستویی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و دیلێتی ئینسانی ئێمه‌ کردوه‌. به‌تایبه‌تریش کاری له‌سه‌ر زه‌لیلکردن و ده‌سته‌مۆکردنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا کردوه‌. دواتر دیلکردن و قه‌بوڵکردنی ئه‌و دیلێتییه‌ لای گروپه‌ جیاجیاکان، پاشان په‌راوێزخستن و دروستکردنی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م وزه‌ی ئه‌و تاک و گروپه‌ گۆڕانخوازانه‌ی رازینابن و یاخی ده‌بن له‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ لێوانلێوه‌ له‌ دیلێتی و بێخه‌مییه‌...

یه‌کگرتنی خیتابی گۆڕانخوازان له‌و ساته‌ مێژوییه‌دا له‌دایک بو، که‌ زۆرێک له‌گۆڕانخوازانی ئه‌م کۆمه‌ڵگا شوانکاره‌ییه‌ قه‌بیله‌ییه‌ موتوربه‌کراوه‌ به‌ کۆنه‌پارێزی و کۆچه‌رییه‌، هه‌ستیان به‌ ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی گۆڕانخوازی و بیرازکردنی کایه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵگا کرد.

بۆئه‌وه‌ی ره‌وتی گۆڕان به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ زیندو بێت، داخوازیه‌کی مه‌زن ئێخه‌مان پێده‌گرێت. ئه‌و داخوازیه‌ش بریتییه‌ له‌ ته‌وانایی و قودره‌تی {گۆڕانخوازان} له‌ مامه‌ڵه‌کردنی خودی گۆڕانخوازیه‌که‌، گه‌شه‌سه‌ندنه‌که‌، خۆنوێکردنه‌وه‌که‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ی که‌‌ ویستی گۆڕانی سه‌رجه‌م کایه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌دو ئاراسته‌ی جودا به‌ره‌و شائامانجی گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا بکه‌وێته‌ کار. ئاراسته‌یه‌کیان ئاسۆییه‌ و ئامانجه‌که‌ی به‌هێزکردنی ویستی فێربونه‌. ئاراسته‌که‌ی تریان شاوڵیه‌و ئامانجه‌که‌شی به‌هێزکردنی ویستی گۆڕان و گه‌شه‌سه‌ندنه‌.

 ئیراده‌ی گۆڕان و گه‌شه‌سه‌ندن

 ئیراده‌ی فێربون‌  

نه‌یسا گۆڕان و بیرازکردنی جڤاکی و سیاسی {ڕیفۆڕمی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی} به‌کێ ده‌کرێ و له‌چ ئاست و ره‌هه‌ندێکدا ئه‌نجام ده‌درێت..!؟ دیاره‌ گۆڕان بۆ سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌و پرۆسه‌ی گۆڕینه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌مو چین وتوێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌ هه‌مان ئاستی خۆبه‌خشی و دڵخوازییه‌وه‌ به‌شداری بکه‌ن له‌و کۆنسێپتی گۆڕانخوازیه‌دا. به‌مانایه‌کی دیکه‌ گۆڕان به‌و تاک و گروپانه‌ ده‌کرێت که‌ به‌جددی خوازیاری گۆڕانن و خۆبه‌خشانه‌ ده‌بنه‌ هه‌ڵسوڕاوی ره‌وته‌که‌... ئیدی گرنگ نییه‌ له‌چوارچێوه‌ی سازمانێکی دیاریکراودا بێت یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه‌ دیاریکراوه‌. گرنگ هه‌ستکردنه‌ به‌ ئه‌رکی به‌رپرسیارێتی بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و گۆڕانکاری و به‌شداری چالاکانه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌دا...

 
 گۆڕان
 Interactive 4
 کارا، خه‌لاق، گۆڕانکاری دروست ده‌کات Proactive 3 به‌رژه‌وه‌ندبین
 Reactive 2
 خۆگونجێنinactive 1
 خامۆش، دژ به‌گۆڕانکاریه‌
فێربون
هێڵکاری بۆ پرۆسه‌ی گۆڕان و ئاراسته‌کانی گۆڕانکاری و فێربون و پۆڵینکردنی له‌شکری گۆڕانخوازان.
Per Albinsson-Den larande organisationen s.40

له‌دیدگایه‌کی دیکه‌وه‌، خودی ره‌وته‌که‌ ته‌نها ئه‌رکی وروژاندن و شێوازێکی ره‌خنه‌ئامێزی نییه‌ له‌ مۆدێلێکی پۆپلیستی. به‌ڵکو به‌رله‌هه‌ر شتێک دوباره‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ بۆ خود و ده‌وروبه‌ر. هاوکات گومانکردنه‌ له‌هه‌مو ئه‌و مۆدێله‌ نه‌وباوانه‌ی ئیمڕۆ دنیا بینی ئێمه‌ کاری پێده‌کات. ئه‌رکی ره‌وته‌که‌ جه‌ختکردنه‌ له‌ گرنگی و پێگه‌ی تاک له‌خودی گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگادا. به‌مانایه‌کی دیکه‌ تاک و گروپ و ئۆرگانه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام فێربن، گه‌شه‌بکه‌ن، خۆنوێبکه‌نه‌وه‌. جیهانبینیه‌کی نوێ بۆ ژیان و پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا دابڕێژن.

پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بیرۆکه‌ی گۆڕان له‌ واقیعی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌چ ئاست وقۆناغێکدایه..!؟

 تێرمی گۆڕان و فێرکاری به‌کارناهێنێت، به‌ڵام باس له‌ چوار ئاستی قۆناغه‌کانی Bateson
فێربون ده‌کات له‌ رێکخراودا. ره‌نگه‌ خراپ نه‌بێت ئه‌گه‌ر تیۆریه‌که‌ی ئه‌و وه‌ک خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ مێژوی سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی گۆڕان له‌ کوردستاندا سه‌یر بکه‌ین.. دیاره‌ ئه‌و باس له‌ فێرکاری ده‌کات نه‌ک گۆڕان..!!
Citerad i Lindsrtöm-myrgård s.18

ئاستی گۆڕان و فێرکاری له پله‌ی ‌سفردا
له‌م قۆناغه‌دا کوالیتی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ ئاستێکی هه‌ره‌ نزمدایه‌. ترس هه‌یه‌ له‌ گۆڕان و گۆڕانکاری... ئه‌زمون گۆڕینه‌وه‌ له‌ دۆخێکی خراپدایه‌. بیانو بۆ کارنه‌کردن ئاستێکی به‌رزی هه‌یه‌ و سه‌رتاپای میکانیزمی کارکردنی داگیرکردوه‌.

ئاستی گۆڕان و فێرکاری له‌پله‌ی یه‌ک دا
له‌م قۆناغه‌دا په‌یوه‌ندیه‌کان فۆرموله‌ ده‌کرێن، مه‌رج نییه‌ کوالێتیان باش بێت، به‌ڵام پرۆژه‌ی گۆڕانکاری چوارچێوه‌ و فۆرم و ئاراسته‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت. شرۆڤه‌کاری مه‌نتیقیانه‌ی بیرکردنه‌وه‌کان ده‌کرێن. ورده‌کاری پلاندانان داده‌ڕێژرێت.

ئاستی گۆڕان و فێرکاری له‌پله‌ی دو دا
له‌م قۆناغه‌دا تاک و گروپه‌ جیاوازه‌ گۆڕانخوازه‌کان گه‌شه‌ده‌که‌ن. بڕوا ومتمانه‌، شه‌فافیه‌ت و سازدانی ده‌رفه‌تی به‌شداریکردن ئاستێکی جددیتر وه‌رده‌گرێت. چالاکییه‌کان دێسه‌نترالی{لامه‌رکه‌زی} ده‌بن، واته‌ مه‌رکه‌زیه‌تی ناوه‌ندی لاواز ده‌بێت، به‌ڵام ویستی کارکردن به‌هێز ده‌بێت، گرفت وکێشه‌کان یه‌کلایی ده‌بنه‌وه‌. پرۆژه‌ ده‌خولقێنرێت.

ئاستی گۆڕان و فێرکاری له‌پله‌ی سێ دا
وێنای{ڤه‌رشونی} هاوکۆیی و هاوبه‌ش دروست ده‌بێت. ره‌وتی گۆڕان ئاینده‌ و دواڕۆژی خۆی ده‌خولقێنێت. ئاستی کوڵیتی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌دۆخێکی به‌رزدا ده‌بێت{وه‌ک خێزانێکی راسته‌قینه‌، توانا و ئاماده‌یی زۆری هه‌یه‌ بۆ فێربون و گه‌شه‌سه‌ندن له‌هه‌مو بوارێک و له‌ سه‌رجه‌م جمگه‌کانی کۆمه‌ڵگادا}...

ئه‌گه‌ر ئه‌و چوار دۆخه‌ی پرۆسه‌ی گۆڕانکاری له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا بخه‌مڵێنین. پاشان وزه‌ و ئاستی خێرایی ئه‌و گۆڕانکارییه‌ ببپێوین. ئه‌وا به‌ئاسانی ره‌وتی گۆڕان و نوێنه‌رانی فراکسیۆنی گۆڕانخوازان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان و په‌رله‌مانی ئاینده‌ی عێراقدا، شایه‌تی سه‌لماندنی پێشکه‌وتن و نه‌خشی دیاری ئه‌و ره‌وته‌ ده‌بێت له‌ماوه‌یه‌کی کورتی ته‌مه‌نیدا...

بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له‌و دۆخه‌ تایبه‌تییه‌ی گۆڕان، پێوسته‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین و خوێندنه‌وه‌ی رکه‌به‌ره‌کانی گۆڕانیش به‌هه‌ند وه‌ربگرین... هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ به‌سه‌ر چه‌ند گروپێک دا پۆلین بکه‌م.

یه‌که‌م: ئه‌و ده‌نگانه‌ن که‌ هیچ بنه‌مایه‌کی تێگه‌یشتنیان بۆ خودی {گۆڕان} وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وام و زیندو له‌ به‌ره‌به‌یانی مێژوه‌ تا هه‌نوکه‌ نییه‌.! ئه‌م ده‌نگانه‌ چوارچێوه‌یه‌کی بچوکی بیرکردنه‌وه‌یان بۆ خۆیان داتاشیوه‌ و ناویان ناوه‌ هێڵی سور و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ و یه‌کڕیزی و ته‌بایی و پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان و هتد... ئه‌م ده‌نگانه‌ ده‌یانه‌وێت ره‌وتی گۆڕان له‌کوردستاندا له‌و چوارچێوه‌ سنورئامێزه‌ی خۆیاندا به‌ند بکه‌ن. خۆیان کردۆته‌ چه‌قی هه‌مو جیهان، به‌جوئه‌تێکی بێسنور له‌نه‌زانینه‌وه‌ سه‌یری ململانێکان و ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن، تێگه‌یشتنیان بۆ ئازادی تاک، کاریگه‌ری به‌جیهانبونی په‌یوه‌ندیه‌کان، گه‌شه‌سه‌ندنی بازاڕ وسه‌رمایه‌، جیهانی زانیاری و زانیار گه‌لێک سنوردار و کورت مه‌ودایه‌. ئه‌م ده‌نگانه‌ هێنده‌ی کرمێک به‌رده‌م و ئاسۆی خۆیان و کۆمه‌ڵگاکه‌یان ده‌بینن، بۆیه‌ به‌ئاستێک کورتبین و نه‌فه‌سکورت و هه‌ژارن له‌ شرۆڤه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و خرۆشانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌دا، که‌ ناتوانن کۆی گشتی هه‌مو پرۆسه‌ی گۆڕان و هه‌یه‌جانه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردی له‌باشوری کوردستاندا ببینن.

دوه‌م : ئه‌و ده‌نگانه‌ن که‌ ره‌وتی گۆڕان له‌قاڵب ده‌ده‌ن. ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی ململانێی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدا له‌ سنورێکی دیاریکراودا به‌ندی ده‌که‌ن. له‌وه‌ش سه‌یرتر به‌چاوی پلانگێڕی و ده‌ستی ده‌ره‌کی و تابوری پێنجه‌م و...هتد ناوزه‌دی ده‌که‌ن.یان له‌وه‌ش سنوردارتر خودی ره‌وتی گۆڕان قه‌تیس بکه‌ن له‌ ململانێی نێوان چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌ک که‌ تا دوێنی له‌هه‌ڤاڵبه‌ندیه‌کدا بون له‌ حیزبێکی دیاریکراودا..!! ئه‌م شێوه‌ بینین و ره‌خنانه‌ ده‌یانه‌وێت، هه‌مو ره‌وتی گۆڕان ته‌نها و ته‌نها ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ ناکۆکی و شێوازی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێو یه‌کیه‌تی نیشتیمانی کوردستانه‌وه‌..!!

سێیه‌م : ئه‌و ده‌نگ و ره‌خنانه‌ن که‌ده‌یانه‌وێت ره‌وتی گۆڕان ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و به‌ده‌ستهێنانی رێژه‌یه‌ک له‌ده‌نگه‌کان، بۆ به‌دیهێنانی چه‌ندین کورسی په‌رله‌مانی و چه‌ند پۆستێکی باڵای نێو ده‌سه‌ڵات.

هه‌رسێ مۆدێله‌که‌ له‌خاڵێکی جه‌وهه‌ریدا هاوکۆ و یه‌ک ده‌نگن. ئه‌ویش تێگه‌یشتنێکی کورتمه‌ودایه‌ بۆ پرۆسه‌ی گۆڕان و سه‌ره‌تاکانی گه‌شه‌سه‌ندنی سیستێمی دیموکراسی له‌ کوردستاندا.

گه‌شه‌سه‌ندنی سیستێمی دیموکراسیش، به‌کاری جددی ده‌بێت که‌ ئامانجی دروستکردنی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی و هاوڵاتی بونه‌، له‌بری ئینتما بۆ حیزب و قه‌بیله‌ و سه‌رۆکی لۆکاڵی و سێکتی مه‌زهه‌بی و... دروستکردنی ماڵی کوردی به‌هێز و بافه‌رهه‌نگ و هۆشیار، له‌خۆوه‌ دروست نابێت..!!

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م ره‌وته‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام له‌ باشترکردنی زانیاری و تێگه‌یشتنه‌کانی خۆیدا بێت، هه‌م ده‌رباره‌ی خودی ره‌وته‌که‌ و هه‌م ده‌رباره‌ی ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ره‌که‌ی. ئه‌ویش به‌ ئاسانکاری بۆ ده‌رفه‌تی به‌شداربونی هاوکاره‌کانی ره‌وته‌که‌ چ تاک چ گروپه‌ جیاوازه‌ گۆڕانخوازه‌کان.واته‌ گۆڕان ببێته‌ سیسته‌مێکی کارکردنی رێکخراوه‌یی کراوه‌ نه‌ک داخراو. هه‌م ده‌وروبه‌ری خۆی بگۆڕێت و هه‌م خۆشی به‌رده‌وام نوێ بکاته‌وه‌. به‌م کرانه‌وه‌یه‌ش ئاینده‌یه‌کی روناک بۆ ‌خۆی ده‌خوڵقێنێت...

ڕه‌وتی گۆڕان ده‌بێت به‌چاوی وردبینیه‌وه‌و به‌ده‌نگی به‌رز نێوانی دێڕی تێکسته‌کان بخوێنێته‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک. ره‌وتی گۆڕان ده‌بێت پرۆژه‌ی جددی بۆ چاره‌سه‌رکردن و گه‌شه‌سه‌ندنی خێراتری هه‌مو کایه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵگا بخاته‌ رۆژه‌ڤی کارکردنی خۆیه‌وه‌.

تا ئه‌وکاته‌ی هه‌مو وزه‌ و دینه‌مۆی ئه‌م ره‌وتی گۆڕانه‌ له‌سه‌رچاوه‌ی {ویستی فێربون و کارکردنه‌وه‌ بۆ گۆڕان} خۆ سازده‌دات، به‌مانایه‌کی دیکه‌ کارکردن بۆ گۆڕانکاری جۆره‌ ئیلهامێک له‌ ویستی خۆشه‌ویستی و نوێبونه‌وه‌ی وزه‌ی کارکردن لای ده‌سته‌ گوڵبژێره‌کانی گۆڕانخوازان دروست بکات. تا ئه‌وده‌مه‌ی هێلانه‌ی گۆڕان و گۆڕانخوازان له‌نێو دڵی زوربه‌ی زۆری جه‌ماوه‌ردایه‌. گۆڕان ئه‌رک و پرۆژه‌کانی گه‌وره‌ترو فروانتر و جددیتر و پڕبه‌رهه‌متر ده‌بن له‌ به‌دیموکراسیکردنی کۆمه‌ڵگای کوردیدا.

له‌کۆتایدا ئه‌وه‌ی ئه‌رکی زێده‌ گرنگی ره‌وتی گۆڕان ده‌بێت له‌م ده‌ ساڵه‌ی داهاتودا، بریتیه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌ی نوێ بۆ گرفته‌ کۆنه‌کان. هاوکات دروستکردنی ساختارێکی{هه‌یکه‌لی} نوێی سازمانگه‌ری له‌ سیاسه‌تی مۆدێرنی کوردیدا، که‌ له‌گه‌ڵ عه‌قڵی نه‌سڵی نوێی کوردیدا بتوانێت دیالۆگ بکات و چیدی به‌ سه‌روه‌ریه‌کانی خه‌باتی شاخ و موقه‌ده‌سه‌کانی شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستانه‌وه‌ ناتوانایی خۆی نه‌شارێته‌وه‌. گۆڕان ده‌بێت به‌رده‌وام گۆڕان و گه‌شه‌سه‌ندن له‌ خۆی و ژینگه‌که‌ی ده‌وروبه‌ریدا بکات.

بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌رکه‌ش مه‌رج نییه‌ هه‌مو تاکه‌ گۆڕانخوازه‌کان کارا و خه‌لاق بن، به‌ڵام مه‌رجه‌ ده‌رفه‌تی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ هه‌مو تاک و گروپ و چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا بسازێت. هه‌موان له‌ پرۆسه‌ی گۆڕان و بیرازکاری {ڕیفۆرم} دا به‌ شێواز و ئاستی جیاواز به‌شداربن.

 

تێبینی... بیرۆکه‌ی ئه‌م نوسینه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌که‌ بۆ دو تێرمی گۆڕان و فێربون له‌ دو کتێبی
Peter Senge : Den femte disciplinen Nerenius& Santerus Förlag
Per Albinsson: Den larande organisationen från vision till verklighet Brain Books AB

Sbeiy.com © 2007