Print
 عەبدوڵلا مەلا نوری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان: ئۆپۆزسیۆن شەرمنە
Saturday, December 4, 2010

حیزب، حكومەتێكی گەندەڵ‌و پەرلەمانێكی زۆرینەی دروست كردووە


عەبدوڵلای مەلا نوری لەوبروایەدایە كە ئۆپۆزسیۆنەكەیان ئیجابییە، بەڵام سیستمی حكومرانی لە هەریچمی كوردستاندا سیستمێكی لاوازە،چونكە حیزب دەستی بەسەردا گرتووە،هەوەرك دەلێت: حیزب، هاتووە حكومەتێكی گەندەڵ‌و پەرلەمانێكی زۆرینەی دروست كردووە‌و بەم ئەقڵە تەحەكوم بە هەردوكیانەوە دەكات.
لەم چاوپێكەوتنەدا ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان لە كوردستان لەگەڵا ئەوەدا بروای وایە كە حكومەت ئیشی چاكیشی كردووە بەڵام دەلێت"ئیشی من نییە دان بە چاكییەكانیدا بنێم".

هیوا جەمال: ئێوە هەندێك جار بانگەشەی ئەوە دەكەن لە كوردستاندا دیموكراسی نییە، ئەمە چۆن؟
عەبدوڵلای مەلا نوری ئێمە بەڕەهایی ناڵێین دیموكراسی نییە،بەڵكو هەیە بە رادەیەكی كەم، بەڵام لە بنەڕەتدا دەسەڵات ئارەزوی كەشێكی دیموكراسی راستەقینە ناكات، ئەوەشی لە ئێستادا هەیە واقعێكە تێی كەوتووە  ناچارە قبوڵی بكات. بە نمونە لە كوردستان هەڵبژاردن دەكرێت بەڵام نانبرین و سزای سیاسی هەیە. بە حساب ئازادی رادەربرین و كاری راگەیاندن بە یاسا دەستەبەر كراوە بەڵام تیرۆرو توندوتیژی دژی رۆژنامەنوسان ئەنجام دەدرێ‌. واتە سیستمێكی دیموكراسی لاواز هەیە.

هیوا جەمال: كەواتە مادام سیستمێكی دیموكراسی لاوازمان هەیە، كەواتە ئۆپۆزسیۆنێكی لاوازیشمان هەیە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری لە راستیدا ئەم بابەتە دوولایەنەیە لە دۆخێكی سیاسی هاوشێوەی كوردستان كە هێزی باڵادەست باوەڕی بە دەستاو دەست كردنی دەسەڵات نیە بە رێگەی دیموكراسی ئەمە رەنگدانەوەی راستەوخۆی دەبێت لە سەر ئۆپۆزسیون، بەڵام بە دیوێكی تردا ئۆپۆزسیۆن تا رادەیەكی باش هەوڵی داوە كاریگەری هەبێت لە سەر گۆرینی ئەو واقیعە سیاسیەی كە ئەمڕۆ لە كوردستان دەگوزەرێ‌. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن لە بنەڕەتدا لاواز نیە.

هیوا جەمال: چۆن دەیسەلمێنیت؟
عەبدوڵلای مەلا نوری ئۆپۆزسیۆن، خاوەنی بەرنامەیەكی كاری چڕو پڕن تەنها قسە ناكەین، بەدیلمان پێیە، ئۆپۆزسیۆن دەڵێت پەرلەمان لەژێر هەیمەنەی حیزبدایە، دەبێت لەو حاڵەتە دەریكەین‌و بەهێزی بكەین‌و توانای لێپرسینەوەو مومارەسەكردنی دەستەڵاتە دەستوری و یاسایەكانی خۆی هەبێت. ئۆپۆزسیۆن داوای كردووە حیزب و حكومەت جیابكرێنەوە بەو پێیەی تا ئێستاش فەرمانبەرە حكومەییەكان لەسەر بنچینەی توانایی دانانرێن‌و حیزبایەتی زاڵە‌و دەبێت چاكبكرێت . ئۆپۆزسیۆن دەڵێت 18 ساڵە حكومەتین دەستورمان نییە‌و پێویستە دەستورێكی زۆر باش و دیموكراسیمان هەبێت، بۆ هەموو ئەمانە پێشنیارو بەدیلی گونجاوی خستوەتە روو كە لە توانای جێبەجێكردندان لە هەرێمی كوردستان.

هیوا جەمال: دروشمەكانی هەڵبژاردن دەسەڵاتیش وەك ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن وایە، بۆنمونە ئەویش باسی سەربەخۆیی زانكۆ‌و حكومەت دەكات، كەچی جێبەجێی ناكات، ئایا ئەم دروشمانەی ئۆپۆزسیۆنیش هەروا نین‌و بۆ موزایەدە نییە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری ئەمە بریارێكی پێشوەختە بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن، ئێمە هێشتا لە دەسەڵاتدا نین، بەڵام 18ساڵە ئەوان حكومرانی دەكەن و جێ‌ دەستیان دیارە، با جێی بێڵن بۆ ئەوانی دیكە، دوایی خەڵك بریار بدات.

هیوا جەمال: بەڵام چۆن خەڵك چۆلەكەی ناودەستی بۆ ئەوەی سەردارەكە بەردەدات؟
عەبدوڵلای مەلا نوری لە سیستمی دیموكراسیدا ئاڵوگۆركردنی دەسەڵات هەیە، گەرەنتی راستگۆی لایەنی براوەی هەڵبژاردن لە ئاست جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە بە خەڵكی داوە لە هیچ شوێنێكی دونیادا نیە، تاكە گەرەنتی بە پلەی یەكەم لای خەڵك خۆیەتی، ئەوەی دەسەڵات دەگرێتە دەست لە ژێر تاقیكردنەوەدایە، لە رابردودا هێزی باڵادەست لەو تاقیكردنەوەیە شكستی گەورەی خواردووە، بەڵام  هێشتا ئۆپۆزسیۆن تاقی نەكراوەتەوە.

هیوا جەمال: ئێوە زیاتر باسی ئایندە دەكەن‌و بۆ هیچتان لە ئێستادا دیار نییە، ئەمە رەخنەی خەڵكە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری ئێمە چەند دروشمێكان هەبووە لە هەڵبژاردنەكاندا، بۆ نمونە باسی بێلایەنی هێزی پێشمەرگەمان كردووە، لە پەرلەماندا پرۆژە یاسامان بۆ ئەو مەبەستەپێشكەشكردووە، باسی باش كردنی سیستەمی موچەمان كردووە پرۆژە یاسامان پێشكەش كردووە بەلێنی زۆر شتی ترمان داوەو لە پەرلەمان دەروەی پەرلەمان كارمان بۆ كردووە.

هیوا جەمال: ئێوە چاودێری حكومەتتان كردووە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری هەمیشە لە هەوڵی ئەوەداین چاودێری حكومەت بكەین بەڵام لەم رووە ئاستەنگی زۆرمان بۆ دروست دەكەن؟

هیوا جەمال: ئەو یاسایانەی كە لە رابردودا دەركراون جێبەجێكراون؟
عەبدوڵلای مەلا نوریوەكو پێویست نەچونتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هیوا جەمال: لەسەر جێبەجێنەكردنی یاساكان تائێستا چیتان لەگەڵا دەسەڵاتی تەنفیزی كردووە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری  دەیان جار لەگەڵا حكومەتدا گفتوگۆمان هەبووە، بەڵام حكومەت خۆی لەپەرلەمان پێ‌ گەورە ترە، گرفت ئەوەیە كە لێرە حیزب بووە بەئەقڵ‌و دامودەزگاكانی وەك پەرلەمان‌و حكومەت بوونە ئەندامەكانی جەستەی. حیزب، هاتووە حكومەتێكی گەندەڵ‌و پەرلەمانێكی زۆرینەی دروست كردووە‌و بەم ئەقڵە تەحەكوم بە هەردوكیانەوە دەكات. لەلایەكەوە ئیعاز دەدات بە حكومەت بەو شێوەیی خۆی دەیەوێت‌و لەولاشەوە بەپەرلەمان دەڵێت لەو بوارەدا مافی ئەوەت نییە لێپرسینەوە ی لەگەڵدا بكەیت.

هیوا جەمال: چۆن دەیسەلمێنیت حیزب بەو شێوەیە دەستی خستووەتە هەموو كەلەبەرەكانی ژیانەوە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری زۆر بەڵگە هەیە، لەوانە، دانانی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سەر بنچینەی ڕیكەوتنی حیزبی بووە كە ئەمە بۆ حكومەت ئەگەر كارێكی ئاسای بێت بەڵام بۆ پەرلەمان ئاسایی نیە، هەروەك دەبینن كۆمپانیاكانی حیزب بازاریان كۆتنرۆڵ كردووەو دەزگا ئەمنیەكان بە دابەشكراوی لە لایەن كوری بەرپرسانەوە بەڕێوە دەبرێن.

هیوا جەمال: ناكرێت پەرلەمان یان حكومەت لەسەر بنچینەی رێككەوتن بێت؟
عەبدوڵلای مەلا نوری جۆری رێكەوتن دەێزانێت ئەگەر رێكەوتن لە سەر بنەمایی بەرژەوەندی گشتی و بێت ئەمە ئاساییە كاتێك لایەنی سیاسی لە سەر بنەمای نزیكی بەرنامەكانیان ئیتلاف بكەن بۆ پیكهێنانی حكومەت، بەڵام رێكەوتنێك بۆ دابەشكردنی خێرو بێری وڵات و كوشتنی جیاوازیەكان بێت ئەمە خراپە، ئەوەی ئێستا هەیە لە نێوان حیزبە باڵادەستەكاندا لە بنچینەدا هەڵقوڵاوی رەدكردنەوەی جیاوازیەكانی نێوانیانە .

هیوا جەمال: ئەی ناكرێت پرسیاربكەین لەوەی ئێوە لەدەرەوەی دەسەڵات هەمیشە داوایەك دەكەن كە نازانن لەروی عەمەلییەوە قورسە‌و ئەگەر خۆشتان دەسەڵات بن ناتوانن بەئاسانی جێبەجێی بكەن؟
عەبدوڵلای مەلا نوری تێناگەم، مەسەلەی حوكمرانیی شتێك نییە بە میزاج بەرێوە بچێت ئەوە شتێكی نوسراو‌و بەبەرنامەیە، ئەوە نییە كە تۆ پێت دەكرێت‌و من پێم ناكرێت. دواتر ئێمە پرۆژە یاسامان پێشكەش نەكردووە بۆ دامەزاردنی دەزگای فەزایی ، ئێمە دەڵێین موچەی پۆلیسێك یان سەربازێكی عێراقی چەندە با لە كوردستانیش هەر وابێت نەك كەمتر.

هیوا جەمال: زۆر جار ئێوە وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سلبی دەخوێندرێنەوە، ئۆپۆزسیۆنی سلبی یانی چی؟
عەبدوڵلای مەلا نوری لە سیستمێكدا ئازادیی راگەیاندن هەبێت، یاسا سەروەر بێت، حكومەت بێلایەن بێت، پەرلەمان ئەكتیڤ بێت، دەنگدەر ئازاد بێت‌و نانی خەڵك نەبڕن، سەروەت‌و سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی گشتی بخرێتە گەڕ، دادی كۆمەلایەتی هەبێت، ئەوكاتە ئەمانەت بۆ تەرخانبكرێت‌و هەركاتێك ئەم دەرفتە رەخسا‌و كەسێك هەبوو بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە وتی دەبێت ئەم حكومەتە خراپە و دەبێت بروخێت، بەبێ‌ بەڵگە، ئەوە ئۆپۆزسیۆنێكی سلبیە. بەڵام لە كوردستاندا ئەو پێداویستیانەی خەڵك وەكو پێویست دەستەبەر نەكراوە كەسیش نەیوتوە با حكومەت بروخێت بەڵكو ئۆپۆزسیون دەڵێت گەندەڵی تا سەر ئێسقان هاتووەو خۆتانیش دانی پێدا دەنێن فەرموون چاكی بكەن با خەڵك بحەسێتەوە.

هیوا جەمال: بەڵام دەوترێت ئێوە تائێستا دانتان بە هیچ چاكەیەكی ئەم حكومەتەدا نەناوە، بۆ؟
عەبدوڵلای مەلا نوری بۆنمونە چی.
هیوا جەمال: لەسەرەتاوە دەنگتان بە كابینەی شەشەم نەدا....
عەبدوڵلای مەلا نوریهەرچەند پێشتر رونمانكردووەتەوە بۆچی دەنگمان پێنەداوە. بەڵام ئەو رۆژەی دەنگ بە كابینەی شەشەم درا بۆخۆم تێبینیم هەبوو، بۆیە دەنگم پێنەدا. ئەو رۆژە كۆمەڵێك تێبینی هەبوو گوێیان لێنەگیرا، ئەگەر نا من بۆخۆم دەنگم بە كۆمەلێك وەزیر دەدا، بەڵام هەمووی پێكەوە نا.

هیوا جەمال: مەبەستم ئەوەیە پێتان وایە ئەم حكومەتە تائێستا هیچ چاكەیەكی نەكردووە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری چۆن حكومەت ئیشی چاكی كردووە.

هیوا جەمال: بۆچی دانتان پێدا نەناوە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری ئیشی من نییە دان، بە كارەچاكەكانی حكومەتدا بنێم.

هیوا جەمال: كەواتە ئەوە واناكات كەئێوە ئۆپۆزسیۆنێكی سلبین؟
عەبدوڵلای مەلا نوری نەخێر وانییە، ئێمە دەڵێن شاڕێی دوسایدی تاسڵوجە سلێمانی كراوە ئەركی حكومەتە، بەڵام خێرە ناوەراستەكەی بێ‌ پلان دروستكراو بەو شێوەیە هەڵدەوەشێنرێتەوە چەند ملیلر دینارێك زیان بە خەڵك دەگات و كەسێكیش لە سەر ئەو بابەتە لێپرسینەوەی لە گەڵ ناكرێت؟ دەڵێین دەستان خۆشبێت نەوت دەردێنن، بەڵام دەبێت داهاتی نەوت بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بە كاربێت، ئەو نەوتەی لەگەرمیان و كۆیە كاریان تێدا دەكرێت جگە لە ماڵوێرانی چ سودێكی گەیاندووە بە كوردستان خەڵكی ئەو ناوچانە؟ ئەگەر ئەوە بۆ بەرژوەندی خەڵكی رەشوروت بەكارنەهێرێت بۆچی دەستخۆشی لێبكەم، نەخێر دەڵێم دەستی لێمەدەن تا ئەوكاتەی حكومەتێكی تەندروست دێتە دەسەڵاتەوە‌و بۆ بەرژوەندی گشتی بەكار دەهێنرێت،  نەوتی هەرێم هەر لە دەرهێنان‌و پاڵاوتن‌و فرۆشتنەوە نا شەفاف بێت، بۆچی دەربهێنرێت، نەخێر دەبێت بیرە نەوتەكان  كۆنكرێت بكرێن بۆئەوەی ئەمانە نەیخۆن.

هیوا جەمال: كاتێك سەیری كارەكانی ئەم ئۆپۆزسیرۆنە دەكەیت، كارەكانیت بەدڵە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری بەڵێ‌، ئۆپۆزسیۆنم بەدڵە، بەڵام لەهەمان كاتدا رەخنەشم هەیە. هەستدەكەم تائێستا زۆر چالاك نییە، شەرمنەو هەندێك جاریش موجامەلەی بێ‌ مانا كراوە.

هیوا جەمال: شەرمن چۆنە؟
عەبدوڵلای مەلا نوریتائێستا هەندێك شت هەیە نەیكردووە، بۆ نمونە كاتێك لەپەرلەماندا پرۆژەیەكی باش پێشنیار دەكەین كە باوەری تەوامان پێیەتی و دەزانین لە بەرژوەندی خەڵكەو وەك پێویست گوێمان لێناگیرێ، عەیب نییە گوشاری مەدەنیانە بیگرینە بەر، عەیب نییە یەك مانگ ئۆپۆزسیۆن لە ناو قاعەی پەرلەماندا مان بگرێت، تا ئەو كاتەی راستیەكان بۆ هەموو لایەك رون دەبنەوە.

هیوا جەمال: ئەو شەرمنییە بەرژەوەندی سیاسی لەپشتەوە نیە؟
عەبدوڵلای مەلا نوری بۆ فراكسوێنی گۆران نەخێر بۆ لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن نازانم، بەڵام بۆچونی جیاواز هەبووە، هەندێك جار ئەم بۆچونە تایبەتیانە كاریگەریان لەسەر بۆچوونە گشتییەكان هەبووە بەڵام  تەوجیهێكی بەرمانە بۆ دارێژراو لە سەر ئاستی قیادەی سیاسی گۆران نیە

Sbeiy.com © 2007