د.زانا رەئوف، دان بەوەدا دەنێت كە پەرلەمان حكومەتی فەرامۆشكردووەو بۆ ئەوەش بەشێكی خەتاكە دەخاتە ئەستۆی خۆیان، لەم چاوپێكەوتنەدا ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت: حكومەت خۆی بە بەرپرس نازانێت وەڵامی ئێمە بداتەوەو پێشنیاری ئەوەش دەكات، "پێویستە متمانە لە حكومەت بسەنرێتەوە".
- هۆكاری ئەوە چییە لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا ئۆپۆزسیۆن زیاتر خۆی بە پەرلەمانەوە سەرقاڵكردووەو لە بەدواداچوونی كارەكانی حكومەتدا لاواز بووە؟
* تائێستاش لە كوردستاندا ئەو قەناعەتە دروست نەبووە، كە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی تەندورست، هەبێت، دەسەڵاتێكی تەندروست دەبێت، بۆیە هەمیشە دەسەڵات لە كوردستاندا ئۆپۆزسیۆن وەك لایەنێكی ململانێ سەیر ناكات، بەڵكو وەك دژە تەنێك سەیری ئۆپۆزسیۆن دەكات، واتە لە كوردستاندا ئۆپۆزسیۆن فەرشی سووری بۆ دانەخراوە، بەڵكو هەمیشە بەربەستی گەورەی بۆ دانراوە.
- لەم ئەزمونە نوێیەدا ئۆپۆزسیۆن توانیویەتی پەیامەكان وەك خۆی بگەیەنێت؟
* بەحوكمی ئەو ئەزمونە تازەیە ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە پەیامەكان وەك تەنێكی كامڵا بگەیەنێت.
ئێمە زۆر پەیامو پێشنیازمان هەبووە، بەڵام رەنگە ئەوە ئەوەی نەگەیاندبێت، كە هەمیشە بەدیلمان هەبووە.
- بۆچی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە وەك تەنێكی كامڵا كاربكات؟
* ئەوە پەیوەندیی بە قەبارەی ئەو تەحەدیاتانەوەیە، كە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەیەو رێگریی هەیە، رەنگە بەشێكیشی پەیوەندیی بەوەوە هەبێت، كە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان تائێستا گوتارێكی هاوبەش كۆی نەكردوینەتەوە، كە پێویستمان بەوە هەبێت، كە ستراتیژێكمان هەبێت بۆ كاركردن، رەنگە ئەوەش بێت كە ئەو پێشنیارانەی هەمانە بۆ چارەسەركردن نەمانتوانیبێت گشتگیربێتو هەموو لایەنەكان بگرێتەوە.
ئەو پەیامانەی ئێمە هەمانە نەیتوانیوە هەموو شتەكان بپێكێت، بۆنمونە، لە بەرامبەر حكومەتدا جێگرەوەیەكی زۆر تەندروستمان نەبووە، چونكە ئێمە لە كوردستاندا قەیرانی زانیاریمان هەبووە، بۆیە هەندێك جار پێشنیازەكانمان رەنگە بە پێشبینیو تەوەقوعات بووبێت.
بەشێكیی تریشی لەوانەیە هەر كەموكورتی خودی خۆمان بێت، كە نەمانتوانیوە بەإاستی هەمیشە جێگرەوەیەك دابنێین، واتە لە كەموكورتی پەرلەمانتارەكانەوە بووە.
- یەكێك لە ئیشەكانی ئۆپۆزسیۆن بوونی ئەڵتەرناتیڤە بۆ هەموو بوارەكانی كاری حكومەتیی، بۆ ئێوە ئەم بەدیلەتان پێنییە؟
* ئەو جێگرەوانە، دەبێت پۆلێن بكەین، هەندێكیان هەمان بووە، ئێمە كە پێشنیازێكمان بۆ چارەسەركردنی گرفتێك هەبووە بیرمان لە نەفیكردنی بەرامبەرەكانمان نەكردووەتەوە، بۆیە هەمیشە بیرمان لە چارەسەرەی بەكۆمەڵا كردووەتەوە، بەڵام كە نەفەسەێكی حەساسییەت دروست بوو لەنێوان ئێمەو دەسەڵاتدا وایكردووە، ئەوان هەمیشە پإۆژەكانمان رەتبكەنەوە، ئێمەش زۆر جار دەگەینە ژێر كاریگەریی ئەوەی، كە پإۆژەكانیان رەتدەكەینەوە، واتە دروست نەبوونی بەدیل پەیوەندیی بە تەبیعەتی كاركردنەوە هەیە لە پەرلەماندا.
هەمیشە مەسەلە ستراتیژییەكان بە هەردوولامان دەكرێت، بەڵام چ كاتێك سەرۆكی هەرێم، یان سەرۆكی حكومەت راوێژیان بە ئۆپۆزسیۆن كردووە، كە ویستوویانە پإۆژەیەك جێبەجێ بكەن.
- جا چ پێویست دەكات ئەوان راوێژ بە ئۆپۆزسیۆن بكەن، لەكاتێكدا ئەوان لیستی خۆیان هەیە؟
* ناڵێم لە وردەكاریی كاری حكومەت خۆیدا، بەڵام لە داڕشتنی پلانێكی ستراتیژیی بۆ كۆمەڵگەدا. بۆ نمونە كە باسی كشتوكاڵا، یان سەروەتی گەنجان لە كۆمەڵگەدا دەكەیت، ئەمە تەنیا بە دەسەڵات ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە رای ئۆپۆزسیۆنیش هەیە.
نەبوونی رووئیایەك بۆ كاركردنی هاوبەش، وابكات سەرۆكی هەرێمو حكومەت بەناوی زۆرینەوە قسە بكەنو ئۆپۆزسیۆنیش بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، پاشان كە دێیت ئەو دوو گوتارە لێك دەدەیت هەرگیز پلانێكی هاوبەشت بۆ دروست نابێت، ئەمە بەڕاستی كاری هاوبەش نییەو دژە تەن دروست دەبێت.
مەسەلە ستراتیژییەكان پەیوەندیی بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە، بۆیە دەبێت بە بۆچوونی هەموومان دەوڵەمەند بكرێن.
- لەو بروایەدایت دەسەڵات پڕۆژەیەكی هەبێت لە دژی هاوڵاتییان ئیش بكات؟
* ئەوە ئەستەمە، بەڵام كاتێك پإۆژەیەكی وەك داوكاریی گشتیی رەتدەكاتەوە، كە چەند دەنگێكی دلێری فراكسیۆنی كوردستانیش قسەیان هەبوو، ئەمە دژایەتی رای گشتیی خەڵكە، چونكە داواكاریی گشتیی لە قازانجی خەڵكە، بەڵام كە رەتی دەكەیتەوە، ئەمە لە دژی هاوڵاتییانە.
- ئێوە باس لە جۆرێك لە سازان دەكەن لەنێوان ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتدا، ئەمە لەكاتێكدایە، كە بۆیە هەڵبژاردن دەكرێت، كە لایەنێك دەسەڵات بگرێتە دەستو كاری خۆی بكات؟
* ئەی ئەگەر سازان نەكرێت، چی بكرێت؟
- عەیبی چییە ئەگەر لە دەسەڵات بگەإێی چوار ساڵەكەی خۆی تەواو بكاتو ئەو بەرنامەیەی هەیەتی كاری لەسەر بكات، بۆئەوەی دوایی خەڵك بإیار بدات؟
* كەواتە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن چییە؟ كاتێك حكومەت پإۆژەیەكی هەیەو ئۆپۆزسیۆنیش هەیەتی، با حكومەت مومارەسەی دەسەڵاتی خۆی بكات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنیش پشتبەست بەو پإۆژەیەی هەیەتی بەدواداچوونی بۆ بكات، چ زەرەرێكە ئەگەر مەبەستەكە خزمەتی هاوڵاتیی بێت، من باس لەو نەفەسە حیزبییە ناكەم كە هەر دەڵێت: من ئەمەم كردووە، چی دەبێت ئەگەر شتەكان لە بەرژوەندیی خەڵكدا بێت؟ گەورەیی حكومەت لەوەدایە كە گوێ لە ئۆپۆزسیۆن بگرێت.
پێویستمان بەكاری هاوبەش هەیە، چونكە ئەمساڵی رابردوو ئەوەی سەلماند، كە بەزیان بەسەر حكومەتدا شكایەوە، چونكە ئەو پەیامانەی بەشێكی كۆمەڵگە دەگرێتەوە، ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا (35%) خەڵك دەنگی بۆ ئۆپۆزسیۆن داوە، بۆیە دەبێت حكومەت بۆ (65%)ی كۆمەڵگە ئیش نەكاتو بۆ هەموان ئیش بكات، هەروەك چۆن دەبێت ئۆپۆزسیۆنیش چاوی لەهەموو خەڵك بێت.
- لە قەسەكانتدا وا دەخوێندرێتەوە، كە ئێوە ئەوەندەی كارتان بۆئەوە كردووە، كە سازان لە نێوان ئێوەو دەسەڵاتدا هەبێت ئەوەندە قسەی ناخی خۆتان نەكردووە، كە وایكردووە بەئێوە بڵێن، ئۆپۆزسیۆنی شەرمن، بۆئەوە روویداوە؟
* ببوورە من لەگەڵا ئەوە نیم، چونكە ئێمە تائێستا بەهیچ شێوەیەك سازانمان لەگەڵا حكومەتدا نەكردووە، ئەمەش وایكردووە ئێمە زۆرجار زەریبەمان داوە، رەنگە ئەمەش وایكردبێت، كە زۆرجار خەڵك بەچاوی نائومێدییەوە سەیریان كردبین، چونكە پێیانوتووین، ئەو پإۆژانەی ئێوە پێشكەشی دەكەن، لەلایەن لیستی زۆرینەوە رەتدەكرێتەوە.
- مەبەستم لە سازان لەگەڵ حكومەتدا نییە، لەگەڵ لیستی دەسەڵات لە پەرلەماندایە؟
* لەبەرئەوەی ئێمە كەمینەین لە پەرلەماندا، بەدەگەمەن دەتوانین پإۆژەیەك رەتبكەین، ئەگەر سازانمان لەگەڵیاندا نەبێت، بۆیە ئەو باجەی تائێستا داومانە ئەوە بووە كە بەهیچ شێوەیەك سازانمان نەبووە لەگەڵیاندا.
- دەوترێت لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا حكومەت لە دۆڵێك حكومیی كردووەو ئۆپۆزسیۆنیش لە دۆلێكی تر دەوامی كردووە، هۆكاری ئەمە چییە؟
* ئەم پرسیارە بەشێكی زۆر لە راستی تێدایە، ئێمە بەهۆی سەرقاڵیمانەوە، بە هەندێك كاری پەرلەمانەوە رەنگە حكومەتمان لەیاد كردبێت، بۆیە زۆر هەڵەیە ئەگەر ئێمە بڵێین، پەرلەمان لاوازە، نەخێر ئێمە ئۆپۆزسیۆنین دەبێت ئەكتیڤی بكەینەوە، ئەگەر پەرلەمان لاوازبێت خەتای ئێمە بووە لاوازمان كردووە، لەوانەیە بەرامبەرەكانمان بە مەبەست وایكردبێتو زیرەكانەش كاری كردبێت، ئێمە هەمیشە بەوەوە مەشغوڵا بووین، كە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەباشی مامەڵە لەگەڵا ئۆپۆزسیۆن، لیژنەكان، راگەیاندن.. ناكات، لە بەرامبەردا حكومەتمان لەبیر چووەتەوە، هەڵەكان بەشێكی پەیوەندیی بەخۆمانەوە هەیە.
ناتوانین بڵێین، حكومەتمان بە تەواوی پشتگوێخستووە، بەڵام بەشێكی زۆرمان فەرامۆشكردووە، چونكە ئێمە ئۆپۆزسیۆنین لە بەرامبەر حكومەتدا، بەڵام پەرلەمانمان بە ماڵی خۆمان داناوە. كاتێك كە پەرلەمان لاواز دەبێت كەواتە خۆمان لاوازین، كاتێكیش پەرلەمان ناتوانێت چاودێریی ئەدای حكومەت بكات، كەواتە خەتاكەی لەخۆمانە.
بەشێكیشی بۆ ئەوەیە بەفیعلی سەرۆكایەتی پەرلەمان رێگرە لە كارەكانمان، چونكە دەبێت پرسیارو لێپرسینەوەكان لەإێگەی سەرۆكایەتییەوە بكرێت، من زیاتر لە جارێك داوای ئیستجوابی سەرۆك وەزیرانم كردووە، پرسیارەكە چووە، بەڵام نەگیشتووەتە ئەو رادەیەی كە سەرۆكایەتی داوای بكات، سەرۆك وەزیر بێتە پەرلەمانەوە.
- ئەم فەرامۆشكردنەی حكومەت لەوەیە، كە ئێوە توانای چاودێریكردنتان نییە، ئایا دەتوانن بەفیعلی چاودێریی حكومەت بكەن؟
* ئەگەر هاوكاریی نەكرێین، ناتوانین چاودێریی كومەت بكەین.
- كێ هاوكاریتان بكات؟
* بەشێكی پەیوەندیی بە دەستكەوتنی زانیارییەوە هەیە، پێیویستە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە هاوكاریمان بكرێت بۆئەوەی چاودێریی حكومەت بكەین، هاوكات پێویستە لەسەر حكومەت ئاسانكاریی بكات بۆ دەستكەوتنی زانیاریی بۆ ئەندام پەرلەمانەكان.
گرفتەكە لەوەدایە، كە مەرجەعی سەرەكیی حكومەت پەرلەمانی كوردستان نییە، لەكاتێكدا پەرلەمان متمانەی پێداوە، بەڵكو رێكەوتنی نێوان یەكێتیو پارتیی بە مەرجەع دەزانێت، بۆیە خۆی بە بەرپرس نازێت وەڵامی ئێمە بداتەوە.
بەإای من بێت پێیویستە متمانە لە حكومەت بسێنینەوە، چونكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی دواخستووە، ئەوەش پاشەكشێیە لە دیموكراسییەت، ئەمەش گەورەترین پاساوی وەرگرتنەوەی متمانەیە لە حكومەت.
بەڵگەش بۆئەوەی كە مەرجەعی حكومەت دوو حیزبەكەیە، ئەوەیە كاتێك راپۆرتە شیكارییەكی گوڵان بڵاوكرایەوە سەدای زۆر گەورەتربوو لەو (68) پرسیارەی لەلایەن پەرلەمانەوە ئاراستەی كراوە.
- ئێوە لەم پشووەدا چۆن خۆتان بۆ چاودێریی حكومەت ئامادە دەكەن بۆ خولی گرێدانی داهاتوو؟
* بەڵێ پێویستمان بەوە هەیە، كە موراجەعەی خۆمان بكەینەوەو چاودێریی حكومەت بكەین، ئەوەش دەبێت بە هاوكاریی هەموو لیستەكان بێت، دەبێت ئەو هەڵانەی كە كردوومانە لە چاودێریكردنی حكومەتدا پیایدا بچینەوەو رۆڵی پەرلەمان زیندوو بكەینەوەو بۆئەوەش پێیوستمان بە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەیە.
د.زانا رەئوف حەمە كەریم
ساڵی 1978 لە سلێمانی لەدایك بووە.
هەڵگری بإوانامەی دكتۆرا لە یاسای گشتیدا
ئەندامی لیژنەی یاساو لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی كوردستانە
ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕانە