Print
 تونس: ئه‌مه‌ریكا و رێكخراوی‌ لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی، نیگه‌رانی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌ی‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران ده‌ربڕی‌
Saturday, January 8, 2011
 (سبه‌ی‌):
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ بارودۆخی ژیانیه‌وه‌ گه‌نجێك ئاگری به‌ردایه‌ جه‌سته‌ی‌ خۆی‌ و پاش ئه‌و روداوه‌ش له‌سه‌رانسه‌ری‌ تونسدا خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیانپێكرد و تێیادا ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕدرێت له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانی بێ كاری‌، رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی خۆیان له‌ ئاست كوشتن و برینداركردنی سه‌ده‌ها كه‌س له‌و وڵاته‌ ده‌ربڕیوه‌.
له‌ واشنتن، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا باڵیۆزی‌ تونسی بانگهێشتكردوه‌ و داوای‌ لێكردوه‌: ئازادی‌ راده‌ربڕین له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ فه‌راهه‌م بكرێت.
رێكخراوی‌ لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیش، داوایكردوه‌: رێگه‌ به‌ تونسیه‌كان بدرێت راوبۆچونی خۆیان ده‌رببڕن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سته‌مانه‌ی‌ لێیانده‌كرێت.
له‌ سه‌ره‌تاكانی‌ كانونی یه‌كه‌م، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆلیس ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ی‌ میوه‌فرۆشی گه‌نجێك به‌ ناوی‌ (محه‌مه‌د بوعه‌زیزی‌) له‌ تونس، كه‌ ده‌رچوی‌ زانكۆ بوه‌، ناوبراو ئاگری‌ به‌ردایه‌ جه‌سته‌ی‌ خۆی‌ و دوای‌ مانگێك له‌ روداوه‌كه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا.
دوای‌ ئه‌و روداوه‌ش چه‌ندین خۆپیشاندان رێكخرا و تێیاندا چه‌ند كه‌سێك له‌لایه‌ن پۆلیسی تونسه‌وه‌ كوژران و سه‌ده‌ها كه‌سیش برینداربون.
له‌ ئێستاشدا له‌ سه‌رانسه‌ری‌ تونسدا خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان به‌رده‌وامن و جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر، داوای‌ باشكردنی بارودۆخی ژیانیان ده‌كه‌ن.
Sbeiy.com © 2007