Print
 سه‌رۆکی تونس بڕیاریدا بۆ خولی داهاتوی سه‌رۆکایه‌تی خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێته‌وه‌
Friday, January 14, 2011
(سبه‌ی):
پاش مانگێک له‌ خۆپیشاندانی لاوان و هاوڵاتیانی وڵاتی تونس، که‌ جه‌ماوه‌ر به‌ راپه‌رینی ( ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌) ناوی ده‌نێن، سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌ بڕیاریدا بۆ خولی داهاتوی سه‌رۆکایه‌تی وڵاته‌که‌ی خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێته‌وه‌.
ماوه‌ی نزیکه‌ی مانگێکه‌ خۆپیشاندان زۆربه‌ی شاره‌کانی وڵاتی تونسی گرتوه‌وه‌توه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت، که‌ له‌ناوه‌ڕاستی مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی رابردودا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆلیسی تونس ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ی‌ میوه‌فرۆشی گه‌نجێك به‌ناوی‌ (محه‌مه‌د بوعه‌زیزی‌)، كه‌ ده‌رچوی‌ زانكۆ بو، ناوبراو ئاگری‌ له‌جه‌سته‌ی‌ خۆی‌ به‌رداو گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی كه‌ دوای مردنه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌.
هاوکات شه‌وی (پێنجشه‌ممه‌)ی رابوردو له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا، زه‌ینلعابدین بن عه‌لی سه‌رۆکی تونس داوای له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان کرد به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ک به‌رپه‌رچدانه‌وه‌و ته‌قه‌کردن به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا رابگرن و وتی: ئازادی ته‌واوه‌تی بۆ راگه‌یاندنه‌کان به‌هه‌مو به‌شه‌کانییه‌وه‌ فه‌راهه‌م ده‌کرێت و سایته‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کانیش داناخرێن و هیچ رێگری و سانسۆرێک له‌سه‌ر راگه‌یاندن نامێنێت.
باسی له‌وه‌شکرد، که‌ لیژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ پێکهێنراوه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و به‌رپرسانه‌ی به‌رتیل و گه‌نده‌ڵییان روبه‌ڕو کراوه‌ته‌وه.
سه‌رۆکی تونس ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که‌ نایه‌وێت تا هه‌تایه‌ له‌ پۆسته‌که‌یدا بمێنێته‌وه‌و رایگه‌یاند: رێز له‌ده‌ستوری وڵات ده‌گرم و بڕیارمداوه‌ بۆ خولی داهاتوی ساڵی 2014 خۆم هه‌ڵنه‌بژێرمه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی وڵات.
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوه‌وه‌ خۆپیشاندان له‌ وڵاتی تونس درێژه‌ی هه‌یه‌و به‌پێی ئاماری سه‌ندیكاو رێخکراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ش، تاوه‌کو ئێستا 58 که‌س بونه‌ته‌ قوربانی.
Sbeiy.com © 2007