Print
 تونس؛ خۆپیشاندانی لاوان، ته‌نگی به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی (بن عه‌لی) هه‌ڵچنیوه‌
Thursday, January 13, 2011

(سبه‌ی):
ماوه‌ی مانگێکه‌ خۆپیشاندان و مانگرتن له‌ وڵاتی تونس درێژه‌ی هه‌یه‌و جه‌ماوه‌ر به‌ راپه‌رینی ( ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌) و ده‌سه‌ڵاتیش به‌ ( ده‌ستی بێگانه‌ و تیرۆر) ناوی ده‌بات.
خۆپیشاندانه‌کان دوای ئه‌وه‌ دێت، له‌مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی رابردودا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆلیسی تونس ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ی‌ میوه‌فرۆشی گه‌نجێك به‌ناوی‌ (محه‌مه‌د بوعه‌زیزی‌)، كه‌ ده‌رچوی‌ زانكۆ بو، ناوبراو ئاگری‌ له‌جه‌سته‌ی‌ خۆی‌ به‌رداو گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی كه‌ دوای مردنه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌.
تونس كه‌ به‌ وڵاتێكی هاوكاری رۆژئاوا ناسراوه‌ له‌ناوچه‌ی باكوری ئه‌فریقا، به‌ ته‌قه‌كردن له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی مه‌ترسیی له‌ده‌ستدانی پشتیوانیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی له‌كایه‌دایه‌.
به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی (رۆیته‌رز)، دوێنێ (چوارشه‌ممه‌) 5 كه‌سی دیكه‌ له‌ پێكدادانی نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌کاندا كوژراون، هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی فه‌رمی ده‌وڵه‌تیش قسه‌ له‌كوژرانی 25 كه‌س ده‌كات له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ندیكاو رێخکراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان ژماره‌ی قوربانیه‌كان به‌ زیاتر له‌ 50 كه‌س ئه‌ژمار ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ (زه‌ین عابدین بن عه‌لی)، كه‌ له‌ساڵی 1987 وه‌ له‌سه‌ر كاره‌، تائێستا دو ده‌ستپێشخه‌ریی نواندنوه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ خۆپیشاندان:
1- وه‌زیری ناوخۆی له‌سه‌ر كار لادا، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن هێنده‌ی ئه‌وه‌ی شه‌هیدكردنی خه‌ڵك ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی سه‌رۆك، ئه‌وه‌نده‌ نایخه‌نه‌ ئه‌ستۆی وه‌زیری ناوخۆ.
2- بڕیاری داوه‌ له‌ ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا 300 هه‌زار هه‌لی كار بێنێته‌ كایه‌وه‌، لێره‌شدا ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن بڕیاره‌كه‌ هه‌م دره‌نگه‌ و هه‌م به‌شی ئه‌و هه‌مو بێكاره‌ ناكات له‌وڵاتدا.

تونس كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 10 ملێون ده‌بێت، به‌ پێی ئاماری ده‌وڵه‌ت 13% ی بێكارن، به‌ڵام ئاماره‌كانی سه‌ندیكاكان باس له‌ رێژه‌ی 40% ی بێكاری ده‌كه‌ن، ئه‌م رێژه‌ زۆره‌ له‌ بێكاران، به‌تایبه‌ت له‌نێوان توێژی گه‌نجاندا، هه‌روه‌ها گرانی و هه‌ڵاوسانی نرخ و گه‌نده‌ڵی به‌ربڵاو به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن حیزبی ده‌سه‌ڵات و نه‌بونی په‌یوه‌ندی له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر، ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ دێنێته‌ پێش كه‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ به‌ره‌و قه‌یرانی ده‌سه‌ڵات به‌رێت.
لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، به‌تایبه‌ت ویلایه‌ته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر زاری هیلا‌ری كلینتۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی هێمنانه‌دایه‌ و به‌داخه‌ بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی گیانیان له‌ده‌ست دا، لای خۆشیه‌وه‌ فه‌ره‌نساش كه‌ به‌لایه‌نگرێكی به‌هێزی حكومه‌ته‌كه‌ی بن عه‌لی ناسراوه‌ له‌ لێدانی ئیسلامیه‌كان، ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی هه‌ست به‌مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌، هاوکات یه‌كێتی ئه‌وروپاش قسه‌ له‌ مه‌ترسی دروستبونی بۆشایی له‌پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان ده‌كات.
 تا ئێستا ره‌وتی روداوه‌كان چه‌ند جه‌مسه‌رێكی له‌خۆ گرتوه‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌یان پێ بدرێت:
1- له‌ ئاستی ئینته‌رنێتدا، شێوه‌یه‌ك له‌شه‌ڕی نێوان لایه‌نگران و دژه‌كانی (ویكلیكس)ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ندێ له‌وڵاتانی ئه‌وروپی له‌ ئاست ئه‌و په‌لامار و هاككردنه‌ی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات ده‌یكه‌نه‌ سه‌ر پێگه‌ تونسیه‌كان به‌ده‌نگ هاتون، ئۆپۆزسیۆنیش كه‌وتۆته‌ په‌لاماردانی پێگه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان.
2- جه‌زائیر كه‌ ئه‌ویش كێشه‌ی بێكاری و به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی خۆراكی هه‌یه‌ و هه‌فته‌ی رابوردو له‌ خۆپیشاندنه‌كاندا كه‌سێكی تێدا كوژرا، به‌ خێرایی یارمه‌تی ده‌وڵه‌تی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ كاڵا بنه‌ڕه‌تیه‌كان و رێگه‌ی له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی نرخه‌كان گرت، ئوردن و میسر و مه‌راكیشیش هه‌مان رێوشوێنیان گرتۆته‌ به‌ر، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ له‌و وڵاتانه‌دا كێشه‌كه‌ گه‌وره‌تره‌و ته‌نها به‌رزیی نرخی كاڵا و شمه‌ك نیه‌.
3- خۆپیشاندانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ره‌وه‌ندی تونسی به‌تایبه‌ت له‌ به‌لجیكا و فه‌ره‌نسادا، داوای نه‌مانی دیكتاتۆریه‌ت و به‌جێهێشتنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن له‌ سه‌رۆك ( بن عه‌لی).
4- چه‌پ و سه‌ندیكاكان به‌ گه‌رمی هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ترسی گه‌ڕاندنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی ئیسلامیه‌كان هه‌یه‌ بۆ ناو كایه‌ی ده‌سه‌ڵات.

خالیدی‌ حاجی‌ ئه‌حمه‌د
 

Sbeiy.com © 2007