Print
 گه‌لی تونس بڕیاری ژیانیدا و سه‌رۆك هه‌ڵات
Saturday, January 15, 2011

ئاماده‌كردنی‌: خالیدی‌ حاجی‌ ئه‌حمه‌د
دوێنێ له‌ وڵاتی تونسدا، ئه‌و پێشبینیه‌ی شاعیری گه‌وره‌ی تونس (ابو القاسم الشابی ) هاته‌دی كه‌ ده‌ڵێت:
اذا الشعب يوما اراد الحياة
فلابد ان يستجيب القدر
بۆ یه‌كه‌م جار له‌ وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا، له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌لاماردان و كوده‌تا و پلانگیران، حكومه‌تێكی دیكتاتۆری ناچار به‌ پاشه‌كشه‌كرا و سه‌رۆكه‌كه‌ی كه‌ به‌نیازی ده‌ست هه‌ڵگرتن نه‌بو له‌ ده‌سه‌ڵات و بێكاری و گه‌نده‌ڵی سه‌راپای وڵاته‌كه‌ی ته‌نیبوه‌وه‌ وڵات به‌ده‌ر كرا.

كرۆنۆلۆگی روداوه‌كان
 له‌ 17ی مانگی كانونی یه‌كه‌می رابوردودا و نزیكه‌ی مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، محه‌مه‌د بو عه‌زیز که‌ گه‌نجێكی 26 ساڵه‌ بو‌ خوێندنی‌ زانكۆی‌ ته‌واوكردبو و به‌ سه‌وزه‌فرۆشتن درێژه‌ی به‌ ژیانی‌ خۆی و خێزانه‌كه‌ی‌ ده‌دا، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ سوكایه‌تی پێكراو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌بو سكاڵانامه‌یه‌كی لێوه‌ربگرێت، له‌به‌رده‌م فه‌رمانگایه‌كی ده‌وڵه‌تیدا ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و له‌ نه‌خۆشخانه‌شدا كه‌ سه‌رۆكی هه‌ڵاتو سه‌ردانی كرد، خۆشحاڵی خۆی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ خۆسوتانه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ری هێناوه‌ته‌ جۆش و خرۆش. دوێنێش براكه‌ی رایگه‌یاند: "خوێنی براكه‌م به‌ فیڕۆ نه‌ڕۆشت و گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ وڵاتدا هێنایه‌ كایه‌وه‌".

له‌به‌رانبه‌ردا سه‌رۆكی هه‌ڵاتو (زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی)، كه‌ به‌ كوده‌تایه‌ك له‌دوای چه‌ندین ساڵ ده‌سه‌ڵاتی حه‌بیب بورقێبه‌ له‌ساڵی 1987 دا هاته‌ سه‌ركار به‌یه‌كێك له‌ گه‌نده‌ڵترین و سه‌ركوتكه‌رترین سه‌رۆكه‌كانی ئه‌فریقا و وڵاتانی عه‌ره‌بی دائه‌نرا، حیزبه‌كه‌ی سه‌رۆك و خێزان و خزمه‌كانی هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێكیان قۆرغ كردبو، پله‌وپایه‌ی ده‌وڵه‌تی له‌ده‌ستی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارا كۆكرابوه‌وه‌، به‌ئاشكرا گزی و فزی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كرا، سه‌رۆكایه‌تی سه‌ندیكا جه‌ماوه‌ریه‌كان له‌ده‌ست لایه‌نگرانی سه‌رۆك و حیزبدا كۆكرابوه‌وه‌، به‌تایبه‌ت سه‌رۆكی هه‌ڵاتو به‌وه‌ ناسرابو كه‌ دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی میدیای ئازاد و رۆژنامه‌نوسان بو، پێگه‌ ئه‌له‌كترۆنیه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تدا بون، نه‌بونی ئازادیی ته‌نگی به‌ هه‌مولایه‌ك هه‌ڵچنیبو، زۆرینه‌ی حیزب و رێكخراوه‌كان له‌ چه‌په‌وه‌ بۆ راست قه‌ده‌غه‌ كرابون، گرانی بێدادی ده‌كرد و جیاوازی چینایه‌تی ئاستی نۆرماڵی تێپه‌ڕاندبو.

 جه‌ماوه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ خۆپیشاندانه‌كانی خۆی به‌ (راپه‌ڕین ) ناوده‌برد (راپه‌ڕین بۆ ژیانێكی شه‌رافه‌تمه‌نانه‌) و له‌به‌رانبه‌ریشدا حكومه‌ت خۆپیشاندانه‌كانی به‌ (ده‌ستی بێگانه‌ و تیرۆر) ناوده‌برد، چه‌ند رۆژێك دوای ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كه‌ و شاردنه‌وه‌ی له‌میدیاكانی ناوه‌وه‌دا، بن عه‌لی رایگه‌یاند كه‌:
1- وه‌زیری ناوخۆی له‌سه‌ر كار لابرد، به‌ڵام هه‌رزو ئه‌و كاره‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی سه‌رۆكه‌ وڵاتی به‌و بارودۆخه‌ گه‌یاندوه‌ نه‌ك وه‌زیری ناوخۆ.
2- بڕیاری دا كار بكات بۆ دامه‌زراندنی 300 هه‌زار كه‌س. لێره‌شدا ئۆپۆزیسیۆن رایگه‌یاند: ئه‌و هه‌وڵه‌ دره‌نگه‌و ئه‌و رێژه‌یه‌ش به‌س نیه‌ بۆ له‌ناوبردنی بێكاریی كه‌ به‌پێی ئاماره‌ سه‌ندیكایی و یاسایه‌كان ده‌گاته‌ 40% ی دانیشتوان.
3- رایشیگه‌یاند كه‌ كه‌س بۆی نیه‌ بۆ هه‌میشه‌ سه‌رۆك كۆمار بێت و ئه‌ویش بۆ هه‌ڵًَبژاردنه‌كانی 2014 خۆی كاندید ناكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ وه‌ك سوكایه‌تی پێكردنێك لێكدرایه‌وه‌ و ئۆپۆزیسیۆن وتی ده‌بوایه‌ ساڵی 1987 كه‌ هاته‌ سه‌ر حوكم ئه‌و قسه‌یه‌ی بكردایه‌ نه‌ك دوای 23 ساڵ.

دوای ئه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك بێهیوابو، بڕیاری ده‌ركرد، كه‌ سوپا له‌ ناوچه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا بڵاوبێته‌وه‌، به‌ڵام سوپا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی سه‌رۆكه‌وه‌ كه‌وته‌ نێوان جه‌ماوه‌ر و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسه‌وه‌ و پارێزگاریان له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌ دواسه‌ته‌كانیشدا سوپا نه‌یهێشت سه‌رۆك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌یتی (قه‌رتاج)ه‌وه‌ سه‌فه‌ربكات و ناچار بو به‌ هه‌لیكۆپته‌رێك بچێته‌ لیبیاو له‌وێوه‌ به‌روه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌رێبكه‌وێت.
 
تونس و دنیای ده‌ره‌وه‌
ئه‌مڕۆ لێكه‌ڵه‌وه‌ره‌كان، روداوه‌كانی تونس به‌ ده‌رسێكی گه‌وره‌ ده‌زانن بۆ جیهانی عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت وڵاتانی رۆژ ئاواش.

چه‌ندین ساڵ بو له‌ جیهانی رۆژئاوادا تونس به‌ دورگه‌یه‌كی هێمن و ئارام ناوده‌برا له‌ دنیای پڕ له‌كێشمه‌كێشی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، وڵاتانی رۆژئاوا هانی كۆمپانیاكانیان ئه‌دا بۆ وه‌به‌رهێنان له‌و وڵاته‌دا و چاویان له‌و سیسته‌مه‌ دیكتاتۆریه‌ پۆشیبو، كه‌ هه‌مو ده‌نگێكی خنكاندبو، ئه‌مه‌ریكیه‌كان هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ پشتگیریان له‌ سه‌رۆك هه‌ڵپه‌سارد و به‌وته‌كانی هیله‌ری كلینتۆن له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ره‌وه‌ كه‌وتی: ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه‌ پشتگیری له‌ خۆپیشاندن و مانگرتنێكی هێمنانه‌ ده‌كه‌ین، به‌جۆریك پشتیوانی كردن له‌ خۆپیشاندانه‌كان لێكدرایه‌وه‌، فه‌ره‌نسا كه‌ لایه‌نگرێكی به‌هێزی سه‌رۆكی هه‌ڵاتو بو، به‌ رێگه‌نه‌دان به‌ نیشتنه‌وه‌ی فرۆكه‌كه‌ی له‌ خاكی فه‌ره‌نسادا له‌ هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی هه‌لوێسته‌كانیدایه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ره‌وه‌ندێكی گه‌وره‌ی تونسی له‌ فه‌رنسادا هه‌یه‌.

تونسیه‌كان، خۆیان به‌هانده‌رێكی باش ده‌زانن بۆ گۆرانكاریی له‌ دینای عه‌ره‌بدا و بانگه‌واز ده‌كه‌ن جه‌ماوه‌ر دژ به‌ سه‌رۆكه‌ دیكتاتۆره‌كانیان راببن و رایانماڵن، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا ئاڵای وڵاتانی وه‌ك میسر به‌رزده‌كرایه‌وه‌، پسپۆڕانیش به‌ هۆكاری لێكچونی زۆر دیارده‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌ وڵاتانی به‌تایبه‌ت (جه‌زائیر و میسر و مه‌غریب و ئه‌رده‌ن و سوریا) كه‌ دیكتاتۆر له‌ هه‌مویاندا بێدادی ده‌كات و به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی و بیكاری و گرانیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، له‌و باوه‌ڕه‌دان كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت و ده‌روازیه‌ك بێت بۆ ئاڵوگۆڕێكی ریشه‌یی له‌ ناوچه‌كه‌دا.

 چه‌ند سه‌رنجێكی كۆتایی
1- میدیای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌ت (فه‌یس بوك و تویته‌ر) رۆڵێكی گه‌وره‌یان گێرا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و باس و ڤیدیۆی خۆپیشاندانه‌كان و په‌یوه‌ندی به‌دنیای ده‌ره‌وه‌، له‌ وڵاتێكدا كه‌ میدیا به‌ته‌واوه‌تی له‌لایه‌ن حیزب و حكومه‌ته‌وه‌ كۆنترۆڵكرابو، ته‌نانه‌ت زه‌ین و لعابدین بن عه‌لی له‌ وتاره‌ ته‌له‌فزوێنه‌كه‌یدا بۆ جه‌ماوه‌ر به‌ڵێنی دا ئازادیه‌كان بۆ میدیا بگێڕێته‌وه‌، لێره‌وه‌ تونسیه‌كان سه‌ره‌تایه‌كیان تۆماركرد بۆ چۆك دان به‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی حیزب و حكومه‌ت له‌ رێگای میدیا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌.
2- گه‌رچی حیزب و حكومه‌ت هه‌مو سه‌ندیكاكانیان به‌ سه‌رۆك و لیژنه‌ ته‌نفیزیه‌كانه‌وه‌ قۆرغ كردبو، به‌ڵام ریزی خواره‌وه‌ی سه‌ندیكاكان بزوێنه‌رێكی به‌هێزی خۆپیشانده‌كان بون و له‌ ریزه‌كانی جه‌ماوه‌ر دورنه‌كه‌وتنه‌وه‌.
3- سوپا نه‌بوه‌ دارده‌ستی سه‌رۆك و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ په‌نای بۆ كوده‌تا نه‌برد، لێره‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوی جیهانی عه‌ره‌بدا، سوپا روپه‌رێكی گه‌ش و نیشتیمانیانه‌ی بۆخۆی تۆماركرد.
4- له‌كاتێكدا له‌ دواساته‌كاندا، سه‌رۆك وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، جه‌ماوه‌ر هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تا و به‌ دروشمی (نه‌ دارو ده‌سته‌و نه‌ جێگرتنه‌وه‌ی باوك ) ریێان له‌ ورده‌ دیكتاتۆره‌كانی ده‌سه‌ڵات گرت و درێژه‌یان به‌خۆپیشاندان دا و ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتیان له‌ویش سه‌نده‌وه‌ و به‌ناچاریی په‌رله‌مان كرایه‌ مه‌رجه‌ع، كۆتایی به‌ 23 ساڵ له‌ دیكتاتۆریه‌تی سه‌رۆك بن عه‌لی هێنرا.

(زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی) كێیه‌:
زه‌ینلعابدین بن عه‌لی‌ له‌ مانگی‌ 3ی‌ ئه‌یلولی‌ 1936 له‌ شاری‌ حه‌مام سوسه‌ی‌ تونس له‌ دایك بوه‌.

خاوه‌نی‌ كۆمه‌ڵێك بڕوانامه‌ی سه‌ربازیه‌ و چه‌ندین پۆستی‌ سه‌ربازیشی‌ وه‌رگرتوه‌.

سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ سه‌ربازی‌ بوه‌ له‌ ساڵه‌كانی‌ 1964-1974.

پاشان بو به‌ سه‌رۆكی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی له‌ماوه‌ی‌ 1977-1980.

ساڵی‌ 1980 بوه‌ به‌ باڵیۆزی‌ تونس له‌ پۆڵه‌ندا و پاشان له‌ ساڵی‌  1987 ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

بن عه‌لی‌ هه‌ر له‌ساڵی‌ 1987دا سوێندی‌ یاسایی خوارد وه‌ك سه‌رۆكی‌ وڵات دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حه‌وت پزیشك بڕیاری‌ ئه‌وه‌یاندا كه‌ سه‌رۆكی‌ وڵات "ئه‌لحبیب بورقێبه‌" توشی‌ خه‌ڵه‌فان بوه‌و چیتر ناتوانێت سه‌رۆكایه‌تی‌ وڵات بكات.

ساڵی‌ 2004 زه‌ینلعابدین بن عه‌لی‌ بۆجاری‌ دوه‌م وه‌ك سه‌رۆكی‌ ولات هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ توانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت.

پێویست بو بن عه‌لی‌ له‌ساڵی‌ 2004دا خانه‌نشین ببێت به‌ڵام له‌ ئایاری‌ 2002دا له‌ رێگه‌ی‌ راپرسیه‌وه‌ توانی‌ پاڵپشتی‌ به‌ده‌ستبهێنێت بۆ مانه‌وه‌ی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ وڵات بۆ خولێكی‌ تری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌.

هه‌میشه‌ رێكخراوه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆنی‌ تونس سیستمی‌ حوكمڕانی‌ بن عه‌لیان به‌ دیكتاتۆر وه‌سفكردوه‌ و رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ بن عه‌لی‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی‌ ده‌خاته‌ زیندانه‌وه‌ و ئازادیه‌كانیش به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه‌.

له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بێكاری‌ له‌ ریزی‌ گه‌نجانی‌ خوێنده‌واردا له‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌ودا گه‌یشه‌ رێژه‌ی‌ %14، به‌ڵام هه‌ندێك بۆچون هه‌یه‌ كه‌ پێیان وایه‌ ئابوری‌ تونس له‌سه‌رده‌می‌ ئه‌ودا به‌ره‌وه‌پێش چوه‌.

قه‌یرانی‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ وڵات له‌ شێوه‌ی‌ خۆپیشاندانی‌ سه‌رتاسه‌ریدا له‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵدا خۆی‌ ده‌رخست.

سه‌ره‌تا محه‌مه‌د بو عه‌زیزی‌ ده‌رچوی‌ زانكۆ كه‌ پۆلیس عه‌ره‌بانه‌ی‌ ئیشكردنه‌كه‌یان شكاندبو خۆی‌ سوتاند و گیانی‌ له‌ده‌ستدا پاشان خۆپیشاندانه‌كان فراوان بو تا گه‌یشته‌ دروست بونی‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ و هه‌ڵهاتنی‌ بن عه‌لی‌ له‌ وڵات و دروست بونی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ نوێ‌ له‌تونس له‌ 14ی‌ مانگی‌ یه‌كی‌ 2011.

زه‌ینلعابدین بن عه‌لی‌ ماوه‌ی‌ 23 ساڵ حوكمی‌ وڵاتی‌ تونسی‌ كرد پاشان له‌ژێر فشاری‌ جه‌ماوه‌ردا هه‌ڵهات و وڵاتی‌ به‌جێهێشت.

Sbeiy.com © 2007