ئازاد خۆشناو
ده‌روازه:
له رۆژی 14.01.2011 سه‌رۆکی تونس (زین العابدین بن علی) دوای حوکم کردنی تونس بۆ ماوه‌ی 23 ساڵ له ئه‌نجامی به‌رده‌وام بونی خۆپیشان دان و راپه‌ڕینی خه‌ڵک دژی نه‌بونی و نه‌هاتی و که‌م ده‌رامه‌تی و گه‌نده‌ڵی، که له سایه‌ی حوکمی فه‌سادی ئه‌م سه‌رۆکه به‌سه‌ریان داهاتبو، وازی له حوکم هێناو به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی تونس به فڕۆکه له‌گه‌ڵ که‌سانی نزیکی بنه‌ماڵه‌ی ده‌رچو.
(زین العابدین بن علی)... چیڕۆکێک و په‌ندێک بۆ مێژو
(زین العابدین بن علی) له ساڵی 1936 له دایک بوه. له قۆناغی ئاماده‌یی چوه‌ته ریزی به‌ره‌نگاری میللی دژی داگیرکه‌ری فه‌ره‌نسی له تونس، به‌هۆیه‌وه خوێندنی ته‌واو نه‌کردوه و هیچ شه‌هاده‌یه‌کی مه‌ده‌نی نیه، به‌ڵام دوایی خوێندنی عه‌سکه‌ری له فه‌ره‌نسا و ئه‌مه‌ریکا ته‌واو کردوه، پاش ته‌واوبونی ئه‌م خوێندنه‌ی بوه‌ته سه‌رۆکی ئاسایشی عه‌سکه‌ری تونس بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ، له ساڵی 1977 بوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی نیشتمانی له تونس.
چه‌ندین پۆستی دیپلۆماسی و وه‌زاری له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی تونس وه‌رگرتوه تا بوه‌ته سه‌رۆک وه‌زیرانی تونس له مانگی 10 ساڵی 1987 له‌ژێر حوکمی (الحبیب بورقیبه). یه‌ک مانگ دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران کوده‌تایه‌کی سپی کرد و بورقیبه لاداو خۆی بو به سه‌رۆکی تونس، ئه‌مه له کاتێکدا بو که تونس گه‌یشتبوه بارودۆخێکی زۆر خراپ له‌باری ئابوری، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربونی په‌یامی دیموکراتی نارد بۆ گه‌لانی تونس و زۆر نزیک بوه‌وه له ئامانجه‌کانی، له‌هه‌مانکاتدا روی کرده رۆشنبیر و پارته سیاسیه‌کان به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی حیزبی فه‌رمانڕه‌وا (پارتی ده‌ستوری) بون.
له دوای شه‌ڕی که‌نداوی دوه‌م، واته له ساڵه‌کانی دوای 1991 پێکدادان رویدا له نێوان حوکم به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن، که خۆی له پارتی (النهضة) ده‌دیته‌وه. که بۆی ئاشکرابو که ئه‌مانه بنکه‌ی به‌رفراوانیان هه‌یه هه‌ستا به به‌رانگاربونه‌وه‌یان، له‌م کاته‌وه به دیار که‌وت که (زین العابدین بن علی) نایه‌وه‌ێت به ئاشتیانه حوکم بداته دوای خۆی.
له‌م کاته‌وه ئاشکرا تر حوکمرانی ده‌برد به‌ره‌و دیکتاتۆری و بنه‌ماڵه‌یی، یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی له ساڵی 1999 ئه‌نجامدا، واته دوای 12 ساڵ له وه‌رگرتنی حوکمه‌که‌ی، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه وه‌ک هه‌مو دیکتاتۆره‌کان پێش ئه‌نجامدانی براوه‌که‌ی دیاریکرابو که سه‌رۆک خۆی بو، دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام بو له داپڵۆسینی ئۆپۆزیسۆن و قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که له بازنه‌ی ته‌سکی سه‌رۆکدان، هه‌ر له‌م کاته‌وه تا روخانی هه‌رده‌م تونس جێگای ئیدانه و ناڕازیبونی چه‌ندین رێکخراوی مه‌ده‌نی جیهانی بۆته‌وه سه‌باره‌ت به پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیان و رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران، هه‌روه‌ها ته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان و گۆڕینی ده‌ستور که له‌گه‌ڵ مه‌رامه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی سه‌رۆک بگونجێ.
خێزان و عه‌شیره‌تی (زین العابدین بن علی)
خێزانه‌که‌ی ناسراو بون به گه‌نده‌ڵی و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موڵکی گشتی و بازرگانی وڵات، له‌م دواییه‌دا تونس له‌لایه‌ن 3 بنه‌ماڵه‌وه حوکم ده‌کرا، که بریتی بون له (الطرابلسی- خه‌زورانی زین ا‌لدین، بن عباد، بن بدر) ئه‌مانه هه‌مویان ژن و ژنخوازیان له‌نێوانه و خزم و براده‌ری سه‌رۆک بون، سه‌رچاوه‌کان باس له چه‌ندین میلیشیا و ده‌زگای تایبه‌تی سیخوڕی ده‌که‌ن که که‌سانی ئه‌م بنه‌ماڵانه به‌ڕیوه‌یان ده‌برد و کاریان چاوه‌دێری خه‌ڵکی تونس و ئینته‌رنێت و شوێنه گشتییه‌کان بو، هه‌روه‌ها ئه‌م بنه‌ماڵانه کۆنترۆڵی چه‌ندین زه‌وی کشتوکاڵی به پیتیان کردبو که به هۆیه‌وه ده‌ستێکی پۆڵاینیان به‌سه‌ر ئابوری وڵات داگرتبو.
راپه‌ڕینی گه‌ڵانی تونس به‌ڕوی گه‌نده‌ڵی و روخاندنی سه‌رۆکایه‌تی (زین العابدین بن علی)
ئه‌و هه‌مو زه‌برو زه‌نگه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک به‌رامبه‌ر خه‌ڵکانی تونس له ماوه‌ی حوکمیدا کردی، خه‌ڵکی تونسی گه‌یانده ئاستێک که هیچی تر نه‌توانن ئه‌م زوڵم و گه‌نده‌ڵیه قبوڵ بکه‌ن، له‌کاتێکدا به سه‌دان هه‌زار گه‌نج بێکاربون و خه‌ڵک له ئاستێکی ئابوری خراپدابون، به چاوی خۆشیان ده‌یان بینی که ئه‌م 3 بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک هه‌مو خێروبێری ئه‌م وڵاته ده‌به‌ن و رۆژانه داموده‌زگاکان و شوێنه بازرگانیه‌کانی ئه‌م حوکمه‌یان ده‌بینی، راپه‌ڕینی خه‌ڵکی مه‌زڵوم و رۆشنبیر و ده‌رچوی زانکۆکان له شوێنه هه‌ژاره‌کان له کۆتایی ساڵی 2010 ده‌ستی پێ‌کرد و داوای عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و بارێکی ئابوری باشتریان ده‌کرد، ده‌سه‌ڵات به ئاسن و ئاگر وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه و چه‌ندین هاوڵاتی کوژران و بریندارکران، به‌ڵام ئه‌م میلله‌ت ئه‌م تۆقه‌ی شکاند بڕیاری ئازادی بۆخۆیدا... له ئه‌نجامی به‌رده‌وامی راپه‌ڕین بۆ ماوه‌ی 3 هه‌فته و په‌ره‌سه‌ندنی. ئیواره‌ی رۆژی 13.01.2011 سه‌رۆک رایگه‌یاند که چاکسازی ده‌کات و خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو کاندید ناکاته‌وه، به‌ڵام رقی جه‌ماوه‌ر و بێباوه‌ڕیان به‌م حوکمه که خۆی گه‌یاندبوه ئه‌م باره وای کرد خۆپیشاندان به‌رده‌وام بێت و له رۆژی 14.01.2011 (زین العابدین بن علی) خۆیی و بنه‌ماڵه‌که‌ی تونسیان به‌جێهێشت بۆ شوێنێکی نادیار و هه‌مو سه‌روه‌ت و سامانی به گه‌نده‌ڵی په‌یایان کردبو له دوای خۆیان به‌جێیان هێشت، ئێستاکه ئاواره بون که‌س نازانێ له کوێ خۆیان ده‌گرنه‌وه، ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ش هه‌یانه، بێگومانم له داهاتودا خه‌ڵکی تونس به‌دوای ده‌که‌وێت و به حوکمی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ تونس.
وانه‌یه‌کی تری مێژو
جارێکی تر مێژو ده‌ڵێت، که ئیراده‌ی میلله‌ت له کۆتاییدا هه‌رده‌م سه‌رکه‌وتوه. میژو ده‌ڵێت، که میلله‌ت رقی هه‌ڵستا هیچ هێزێک ناتوانێت به‌رامبه‌ری رابوه‌ستێ. به‌نده له مانگی 10.2010 له تونس بوم، کاتێ به‌شه‌قامه‌کان راده‌بوم وایان پیشانده‌دا که چه‌ندیان بن علی خۆش ده‌وێت و له هه‌مو کونج و په‌نایه‌ک وێنه و لافیته هه‌ڵواسرابو بۆ لایه‌نگیری ئه‌و، من ده‌مزانی ئه‌مه له‌وانه‌یه راست نه‌بێت، چونکه ئه‌و سیناریۆمان له عێراق و چه‌ندین شوێنی تر دیوه، که‌چی دوای 3 مانگ ئه‌م خۆشه‌ویستیه به‌دیار که‌وت که له‌ژێر هێزی تۆقاندن و پاره‌یه، ئه‌وه صه‌نه‌مه‌که‌ی بن علیش چوه زبڵدانی مێژوه‌وه ئه‌مه نه یه‌که‌م که‌س بوه‌و نه دواترینیش ده‌بێت، پاش ئه‌وه‌ی له ساڵانی رابردو چه‌ندین سه‌رکرده‌ی دیکتاتۆر به‌م شێوه‌یه رۆیشتون وه‌ک تشاوتشیسکۆ و سه‌دام.
له کۆتاییدا ده‌ڵێم ئافه‌رین بۆ ئه‌و سه‌رکرده‌ی له مێژودا سه‌روه‌ری بۆ خۆی دروست ده‌کات وه‌ک ماندیلا، کاتێک بڕیاریدا ته‌نیا یه‌ک خولی سه‌رۆکایه‌تی له حوکم بمێنێته‌وه و درێژی نه‌کاته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یده‌ویست ئه‌و وێنه جوانه‌ی میلله‌ت بۆ ئه‌وی کێشابو ناشیرین بێت و وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه، ئافه‌رین بۆ ئه‌و میلله‌ته زیندوانه‌ی که زوڵم و نادادپه‌روه‌ری قه‌بوڵ ناکه‌ن و لاپه‌ڕه‌ی گه‌ش له مێژویان ده‌که‌نه‌وه، رێزیشم بۆ گه‌لانی تونس و پیرۆز بێت لێیان.
سه‌رچاوه: ویکیپیدیا و ئاژانسه‌کان و رۆژنامه‌کان