Print
 تونس... سه‌رۆك هه‌ڵات
Sunday, January 16, 2011

تاریق حه‌مید 


له‌عه‌ره‌بیه‌وه‌: خالید باران
چاوه‌ڕێمان ده‌كرد جه‌نگ له‌ لوبنان هه‌ڵگیرسێت، یان قه‌یران له‌عێراق روبدات یان پشێوی‌ له‌ جێگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌مان دروست بێت، چاوڕه‌وان بوین ئاگرێكی‌ گه‌وره‌ له‌ئێران هه‌ڵگیرسێت، چاوه‌كان هه‌مو رویان له‌و ناوچانه‌ بو، بڕوام پێبكه‌ن كه‌ ده‌ڵێم زۆرینه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ عه‌ره‌ب له‌و بڕوایه‌دا بون قه‌یرانه‌كه‌ی‌ تونس له‌چه‌ند رۆژێكدا كۆتایی‌ دێت، بۆیه‌ كه‌س قسه‌ی‌ نه‌ده‌كرد و كه‌س گوێی‌ به‌وه‌نه‌ده‌دا كه‌له‌وێ‌ روده‌دات، هه‌ر بۆیه‌ باسه‌كان یان له‌سه‌ر لوبنان بون یان له‌سه‌ر ئێران، ته‌نانه‌ت هیلاری‌ كلینتۆن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاش پێش چه‌ند رۆژێك رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ قه‌یرانه‌كه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ تونس له‌ گه‌ڵ بن عه‌لیدا ده‌كات.

رژێمی‌ تونس پێش چه‌ند رۆژێك سكاڵای‌ كرد لای‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ خراپی‌ راگه‌یاندنه‌ عه‌ره‌بیه‌كان، وه‌زیری‌ راگه‌یاندنی‌ تونس سه‌رقاڵبو به‌ به‌درۆخستنه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌چه‌ند رۆژێكدا ئاگر له‌تونسی‌ داخراودا هه‌ڵگیرسا، كه‌ زۆرینه‌ی‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ هیچی‌ له‌باره‌وه‌ نازانێت، سه‌رۆكی‌ تونس سوار فڕۆكه‌كه‌ی‌ بو و تونسی‌ بۆ تونسیه‌كان به‌جێهێشت، ئه‌وه‌ش دوای‌ ساڵانێكی‌ زۆر سه‌ركوتكردن و داخران به‌روی‌ دنیادا، ئاشكرایه‌ كه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌تونس له‌كوڵاندابو، له‌سه‌ر ئاگرێكی‌ هێواش، تادوا دڵۆپی‌ كرده‌ په‌رخه‌كه‌ و لێی‌ رژا، به‌ڵام تائێستا تونسی‌ نقوم نه‌كردوه‌، به‌ڵكو دایگیرساند و سه‌رۆكی‌ ناچاركرد هه‌ڵبێت، دوای‌ ساڵانێك له‌داخران و سه‌ركوتكردن و سوربون له‌سه‌ر رۆیشتن به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ جیهانه‌وه‌، كه‌ هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی‌ تێدایه‌ كه‌ رژێمه‌كانی‌ گرنگی‌ ته‌نفیسی‌ سیاسی‌ ده‌زانن، شه‌قامی‌ تونسی‌ ته‌قیه‌وه‌ و گه‌له‌كه‌ی‌ شاعیر ئه‌بی‌ قاسم شابی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ دێڕه‌ شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ تا قه‌ده‌ری‌ هه‌مو تونس بگۆڕن
 شابی‌ ده‌ڵێت:
إژا الشعب یوما أراد الحیاه‌
 فلا بد أن یستجیب القدر
به‌واتای‌
 ئه‌گه‌ر رۆژێك  گه‌ل ویستی‌ بژی
هه‌ر ده‌بێت قه‌ده‌ر بێت به‌ده‌میه‌وه‌
 
به‌ڵام ئه‌و ئیشكالیه‌ته‌ی‌ له‌ئێستادا هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌س نازانێت به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌كه‌، هه‌موان به‌ ژماره‌ و داتا بڵاوكراوه‌كان هه‌ڵخه‌ڵه‌تابون كه‌ به‌ ته‌نها له‌تونسه‌وه‌ ده‌رنه‌كرابون به‌ڵكو له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ ده‌یانوت تونس له‌ فێركردن و ئابوری‌ و زۆر شتدا به‌ره‌وپێش ده‌چێت، تا ئه‌و كاته‌ی‌ لاوه‌ ناڕازییه‌كه‌ خۆی‌ سوتاند و دواتر پڕیشكه‌كه‌ی‌ گه‌یشته‌ هه‌مو سه‌وزاییه‌كی‌ تونس و دایگیرساند.

مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌تونس روده‌دات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌س نازانێت ئه‌و بزوتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌ی‌ شه‌قامی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ ئایا رێكخراوه‌ یان كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ عه‌فه‌وی‌ داخران و سه‌ركوتكردنه‌. نازانین ئه‌وه‌ی‌ له‌تونس دێته‌دی‌ گواستنه‌وی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ دیكتاتۆرێكه‌وه‌ بۆ دیكتاتۆرێكی‌ تر یان كوده‌تایه‌كه‌ سوار توڕه‌یی و هه‌ڵچونی‌ شه‌قامی‌ تونس بوه‌ یاخود گۆڕانه‌ به‌ره‌و باشتر، نازانین ئایا ئه‌و تونسه‌ی‌ كه‌تا دوێنێ‌ كه‌س هیچی‌ له‌باره‌وه‌ نه‌ده‌زانی‌ له‌داخراویه‌كه‌ی‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، یان زیاتر چۆته‌ ناو قوڵایی‌ ده‌ریای‌ نه‌زانراوه‌وه‌ و نه‌هامه‌تیه‌كی‌ تره‌ و ده‌چێته‌ سه‌ر زنجیره‌ نه‌هامه‌تیه‌ كۆتایی‌ نه‌هاتوه‌كانی‌ عه‌ره‌ب!
كه‌س به‌سه‌ر رژێمه‌كه‌ی‌ بن عه‌لیدا ناگری‌ به‌ڵام پاڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تونس نه‌كه‌وێته‌ ناو زه‌لكاوی‌ قه‌یرانه‌كانه‌وه‌، وه‌گه‌رنا دواڕۆژی‌ تاریك ده‌بێت. نزا ده‌كه‌ین بۆ تونس هه‌روه‌ك نزا بۆ ناوچه‌كه‌شمان ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت كه‌ نازانین تاكه‌ی‌ ئێمه‌ قه‌ده‌رمان له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆماره‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ ده‌بێت كه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كۆماری‌ جه‌ماوه‌ری‌ بن، ئه‌وه‌تا سه‌رۆك به‌فڕۆكه‌ هه‌ڵات، سه‌دام له‌ چاڵدا كۆتایی‌ هات، كه‌ی‌ كۆماره‌كان رازی‌ ده‌بن ببنه‌ كۆماری‌ جه‌ماوه‌ری‌، ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك تێبینیان نه‌كردوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شانشینه‌كانمان و ئه‌ماره‌ته‌كان له‌مڕۆدا له‌وڵاته‌  كۆماریه‌كان زیاتر كراوه‌ن و پێشكه‌وتوتر و سه‌قامگیرتر و  ته‌نفیسیان زیاتره‌ و قبوڵی‌ ره‌خنه‌لێگرتن ده‌كه‌ن، به‌ڵكو نه‌رمترن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان دیموكراسی‌ بن.
بۆیه‌ پێویسته‌ كۆماره‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان به‌ڕاستی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بن، كه‌ ئه‌وان به‌ هه‌ڵبژادن رازی‌ بون و په‌رله‌مانیان هه‌یه‌ و باس له‌كار و پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ ده‌كه‌ن، له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ وڵاته‌كان له‌ئاژاوه‌ به‌دور بن و خوێن نه‌ڕژێت.

Sbeiy.com © 2007