Print
 تونس و په‌ندێك بۆ دیکتاتۆرەکان
Monday, January 17, 2011

روناک ئه‌حمه‌د  
      
  
لەوەتەی مرۆڤایەتی گەیشتوەتە ئاستێک لە رێکخستن کە دەوڵەتی بەشێوەی نوێ دامەزراندوە و حکومەتی جۆراوجۆری پێکهێناوە، چ پاشایی یان کۆماری، دیکتاتۆری یان دیموکراتی، ئەو حکومەتانە ئەرکیان بوە لانی کەمی بژێوی و ئارامی بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، بەڵام ئەوەی لەو وڵات و هەرێمانەی لای خۆمان دەگوزەرێ لەدەرەوەی ئەم پێناسەیەیه‌، نوخبەیەکی سیاسی گەندەڵ و چاوبرسی کە بازنەیەک لە دەست و پێوەند و کەسوکاری خۆیان دەوری داون یاری بە سەروەت و سامانی گشتییەوە دەکەن، دنیایەکیان بۆ خۆیان دروست کردوە وەک بەهەشت و نیشتمانیشیان کردوەتە دۆزەخ بۆ هاوڵاتیان.

پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ باشوری کوردستان پێداویستییه‌ سه‌ره‌تایه‌کان جێبه‌جێ بێت وه‌ک تونس راپه‌رین دروست ده‌بێت؟ بێگومان له‌هه‌مو کۆمه‌ڵگایه‌کدا کۆمه‌ڵی ماف هه‌یه‌ که‌ ئه‌توانم بڵێم وه‌ک ئه‌لفوبێی سه‌ره‌تای وایه‌ پێویسته‌ فەراهەم بکرێ، به‌ڵام له‌و کۆمه‌ڵگا قه‌تیس کراوانه‌دا که‌ ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر ده‌یان بات به‌ڕێوه‌ ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ بنپێکراون بۆئه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگا بێ ئاگاو بێ هه‌ستبێ لە ئاستی پێویستی و مافەکانی، که‌ نه‌توانێ بیر له مافی مرۆڤ و گه‌نده‌ڵی و تیرۆرکردن لەو وڵاته‌ و پرسه‌ نه‌ته‌وایه‌تییەکان بکاته‌وه‌، نمونه‌ی زیندوی تونس له‌به‌رچاوه‌ که‌ ٢٣ ساڵ زه‌ین ئه‌لعابدین بن عه‌لی سه‌رۆک بو ئه‌و کۆمه‌ڵگای وا قه‌تیس و کپکردبو که‌ نه‌یان ده‌توانی بیر له‌ داواکاریه‌ گه‌وره‌کان بکه‌نه‌وه.

له‌م ساڵانه‌ی دوایدا لە ئەنجامی ئەو گۆڕانە گەورانەی لە تەکنۆلۆژیای گەیاندن و بیستن و بینین و کرانەوەی تونس بەڕوی دنیادا زەمینەی راپەڕینێکی لەو جۆرەی خۆشکرد، کە سەرتاپای تونسی گرتەوە و لە ماوەی کەمتر لە مانگێک بن عەلی و دەست و پێوەندەکەی راماڵی.

بەوپێیە ئه‌مه‌ زه‌نگێکی ترسناکە بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆریه‌کان که‌ له‌ هاوشێوه‌ی تونسدان، کە سه‌رۆکه‌کان زیاد له‌ ده‌ ساڵ و بیست ساڵ دەبێت که‌ به‌ناوی دیموکراسییه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ چەواشە دەکەن و له‌ مافه‌ سه‌ره‌تایه‌کانیان بێبه‌شدەکەن، بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌شتی گه‌وره‌تر نه‌که‌نه‌وه‌، لای‌ خۆشمان خۆشبه‌ختانه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌ئاگا، هاتۆته‌مه‌یدان له‌پشتی جه‌ماوه‌رەوە سه‌ری هه‌ڵداوه‌ بۆ به‌ مرۆڤایه‌تی کردنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌، که‌ چیتر وه‌ک مرۆڤێکی ئاسای بژین تێدەکۆشێ، ئەوە ٢٠ ساڵە خۆمان بەڕێوە دەبەین، کە داواکاریەکمان هەبێ هەر دەڵێن حکومەتەکە ساوایە و دۆخەکە وەک هێلکەی دەڵەمەیە و نەگیرساوە، بەڵام بۆ سەرکوتکردن و چەپاندن و تیرۆرکردن وەک حکومەتێکی‌ بە ئەزمون و کارامەی ناوچەکە رەفتار دەکەن.

ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی‌ كه‌ به‌ زه‌بر و زه‌نگ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و رۆژانی‌ حوكمڕانی‌ خۆیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، هەرچەنده‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیش بێت ئەکەوێتە بەر رق و نەفرەتی خەڵک و پاشەڕۆژی لە رژێمی تونس باشتر نابێت، بۆیە ده‌بێت له‌ تونسه‌وه‌ وانه‌یه‌ك فێربن كه‌ ئیدی‌ ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراتی و مۆدێرن بن و به‌ره‌و ئه‌و رێگه‌یه‌ بڕۆن، به‌ته‌ما نه‌بن هەتاهەتایە وەک بۆماوە بمێنێتەوە، رەخنه‌ی هاوڵاتیان قبوڵ بکه‌ن و چاکسازی له‌خۆیاندا بکه‌ن، حوكمڕانانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌یانه‌وێت به‌ده‌ری‌ حوكمڕانانی‌ تونس نه‌چن، ده‌بێت مافه‌ سه‌ره‌تایی‌ و ئابورییه‌كان و... بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان.

Sbeiy.com © 2007