Print
 تونس؛ حکومه‌تی نوێ پێکهات و سه‌رجه‌م گیراوه‌ سیاسییه‌کانیش ئازاد ده‌کرێن
Tuesday, January 18, 2011
(سبه‌ی):
دوێنێ (دوشه‌ممه‌) حکومه‌تی نوێی تونس له‌ژێر دروشمی (حکومه‌تی هاوبه‌شی نیشتیمانی) راگه‌یه‌ندراو سه‌رۆک وه‌زیرانیش بڕیاریدا سه‌رجه‌م گیراوه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ ئازاد بکرێن.
محه‌مه‌د غه‌نوشی سه‌رۆک وه‌زیرانی تونس له‌ لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: په‌ره‌ به‌ ئازادییه‌کانی وڵات ده‌ده‌ین و ئازادی ته‌واویش بۆ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌و راگه‌یاندنه‌کان فه‌راهه‌م ده‌کرێت.
غه‌نوشی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که‌ سه‌رجه‌م گیراوه‌ سیاسییه‌کانی وڵات ئازاد ده‌کرێن که‌ پێشتر له‌سه‌رده‌می زه‌ینلعابدین بن عه‌لیدا گیرابون، هه‌روه‌ها رێگرییه‌کانی به‌رده‌م رێخکراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ لاده‌برێن.
سه‌رۆک وه‌زیرانی تونس ته‌ئکیدیشی کرده‌وه‌ که‌ دانده‌نێن به‌ سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسییه‌کانی وڵاتداو قه‌ده‌غه‌کردنیان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌گیرێت، له‌نێویشیاندا پارتی نه‌هزه‌و پارتی کاری شیوعی.
دوای 23 له‌ حوکمکردنی دیکتاتۆرییانه‌ی وڵات، هه‌ینی رابردو هاوڵاتیانی تونس راپه‌ڕین و سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌ش (زه‌ینلعابدین بن عه‌لی) به‌ ناچاری وڵاتی جێهێشت و به‌ره‌و سعودیه‌ هه‌ڵهات.
Sbeiy.com © 2007