Print
 كه‌نه‌دا دڵنیاییدایه‌ گه‌لی تونس سه‌باره‌ت به‌ راده‌ستکردنه‌وه‌ی برایه‌کی له‌یلا ته‌رابلوسی
Saturday, January 29, 2011
(سبه‌ی):
وڵاتی که‌نه‌دا ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی بۆ راده‌ستکردنه‌وه‌ی برایه‌کی له‌یلا ته‌رابلوسی هاوسه‌ری بن عه‌لی، به‌ گه‌لی تونس.
به‌پێی‌ هه‌واڵێکی رادیۆی که‌نه‌دا که‌ ئاژانسی هه‌واڵی (بی بی سی) بڵاویکردوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر زاری لۆرانس كانون وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی که‌نه‌دا رایگه‌یاندوه‌، وڵاته‌که‌ی ئاماده‌یه‌ (بلحسێن ته‌رابلوسی)‌ برای له‌یلا ته‌رابلوسی هاوسه‌ری زه‌ینلعابدین بن عه‌لی سه‌رۆكی راکردوی تونس،‌ راده‌ستی‌ تونس بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ره‌و كه‌نه‌دا هه‌ڵهاتبو.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی که‌نه‌دا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، كه‌ تاوانبارێكی‌ له‌و جۆره‌مان پێ قبوڵ نییه‌و داواكه‌ی‌ حکومه‌تی تونس به‌جێده‌هێنین، هه‌روه‌ها که‌نه‌دا رێوشوێنی‌ پێویست ده‌گرێته‌ به‌ر تاوه‌کو ته‌رابلوسی‌ ناچار بكات به‌ زویی‌ كه‌نه‌دا به‌ جێبهێڵێت.
پێشریش ستیڤن هاربه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا رایگه‌یاندبو، وڵاته‌که‌ی میوانداری كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ بن عه‌لی‌ ناکات.
له‌ میانه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ گه‌ل و حكومه‌تی‌ تونسی‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردن و به‌ دادگایی‌ گه‌یاندنی‌ سه‌رانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ بن عابدین, حكومه‌تی‌ تونسی‌ داواكارییه‌كی‌ فه‌رمی‌ ئاڕاسته‌ی‌ كه‌نه‌دا كرد سه‌باره‌ت به‌ راده‌ست كردنه‌وه‌ی‌ بلحسین ته‌رابلوسی‌ كه‌ هاوڵاتیان به‌تێوه‌گلان له‌ گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تباری ده‌که‌ن.
Sbeiy.com © 2007