Print
 محه‌مه‌د به‌رادعی: ئه‌گه‌ر شه‌قامی میسری‌ داوام لێبكه‌ن، ئاماده‌م ده‌سه‌ڵاتی‌ كاتی‌ بگرمه‌ ده‌ست
Saturday, January 29, 2011
(سبه‌ی‌):
بڕیاره‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ ‌(پێنجشه‌ممه)، محه‌مه‌د به‌رادعی، سه‌رۆكی (كۆمه‌ڵه‌ی‌ نیشتمانی‌ بۆ گۆڕان)و سه‌رۆكی پێشوی‌ رێكخراوی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم، بگه‌ڕێته‌وه‌ میسرو به‌شداری‌ له‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی سبه‌ینێدا بكات، هاوكات له‌ لێدوانێكیشدا رایگه‌یاندوه‌ "ئه‌گه‌ر شه‌قامی میسری‌ داوام لێبكه‌ن، ئاماده‌م ده‌سه‌ڵاتی‌ كاتی‌ بگرمه‌ ده‌ست".
له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی‌ (ده‌یلی‌ بیست)ی‌ ئه‌مه‌ریكی، محه‌مه‌د به‌رادعی، وتی: "حوسنی‌ موباره‌ك ماوه‌ی‌ 30 ساڵه‌ خزمه‌تی وڵات ده‌كات و له‌ ئێستاشدا كاتی‌ ئه‌و ه‌ هاتوه‌ خانه‌نشین ببێت".
هاوكات پێشبینیكردوه‌، "سبه‌ینێ‌ هه‌ینی‌، گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان ئه‌نجامبدرێت".
له‌ لێدوانه‌كه‌یدا به‌رادعی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌: سبه‌ینێ‌‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا ده‌بم، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كان به‌ڕێوه‌ نابه‌م و ئیشی من بریتیه‌ له‌ گۆڕانكاریكردنی سیاسی.
به‌بۆچونی چاودێرانی سیاسی، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رادعی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی‌ میسر توندتر ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ تا ئێستا هیچ لایه‌نێكی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ڕه‌سمی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا ده‌رنه‌بڕیوه‌.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ رێكخه‌رانی‌ ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ شاره‌كانی‌ میسر، له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان له‌ رێگه‌ی‌ ماڵپه‌ڕه‌كانی‌ (فه‌یسبوك)و (تویته‌ر)ه‌وه‌ زۆرترین جه‌ماوه‌ر بۆ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ (هه‌ینی‌) كۆبكه‌نه‌وه‌.
خۆپیشاندانه‌كانی‌ میسر له‌ دژی‌ بێكاری‌ و بژێوی‌ ژیان، له‌ رۆژی‌ (سێشه‌ممه)‌ی‌ رابوردوه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌و داوا ده‌كرێت حوسنی‌ موباره‌كی سه‌رۆك، وڵات جێبهێڵیت، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت رێ و شوێنه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ توند كردوه‌ته‌وه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نیه‌ لێبوردنی هه‌بێت به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌رو هاوكات 20 بۆ 30 هه‌زار پۆلیسی له‌ شاری‌ قاهیره‌دا بلاَوكردوه‌ته‌وه‌.
له‌ یه‌كه‌مین رۆژی‌ ده‌ستپێكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كانیشه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، 7 كه‌س له‌ شاره‌كانی‌ قاهیره‌و سوێس له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ حكومه‌ته‌وه‌ كوژراون و نزیكه‌ی‌ 1000 كه‌سیش ده‌ستگیركراون.
له‌ نوێترین روداویشدا دوێنێ‌ شه‌و، له‌ كاتی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر، 55 كه‌س برینداربون.
له‌ لێدوانێكیشیدا بۆ كه‌ناڵی‌ عه‌ره‌بیه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی‌ میسر رایگه‌یاندوه‌، له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ره‌وه‌، تا ئێستا 160 پۆلیس برینداربون.
ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌كان له‌ وڵاتی‌ میسر، سه‌ره‌تا له‌ شاری‌ قاهیره‌وه‌ ده‌ستیپێكردو له‌ رۆژی‌ (چوارشه‌ممه)‌شه‌وه‌ شاره گه‌وره‌كانی‌‌ (قاهیره‌و ئیسماعیلیه‌و ئه‌سكه‌نده‌ریه‌و سوێس)ی‌ گرتوه‌ته‌وه‌و پێشبینیش ده‌كرێت، سبه‌ینێ له‌ زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ خۆپیشاندان به‌رێوه‌بچێت.
Sbeiy.com © 2007