Print
 میسر؛ ناڕه‌زاییه‌کان دژی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامه‌و ژماره‌یه‌ک سه‌رکرده‌ی ئیخوان موسلمین ده‌ستگیرکران
Saturday, January 29, 2011
(سبه‌ی):
خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانی هاوڵاتیانی میسر دژی حوکمی سی ساڵه‌ی سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌و به‌رده‌وامه‌و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) خۆپیشاندانێکی جه‌ماوه‌ری به‌رفروان ئه‌نجامبدرێت.
ئێواره‌ی دوێنێ (پێنجشه‌ممه‌) محه‌مه‌د به‌رادعی، سه‌رۆكی (كۆمه‌ڵه‌ی‌ نیشتمانی‌ بۆ گۆڕان) گه‌ڕایه‌وه‌ میسرو بڕیایداوه‌ به‌شداری‌ له‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌دا بكات، له‌لای خۆشیانه‌وه‌ کۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین له‌ میسر ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو که‌ به‌شداری خۆپیشاندانه‌که‌ی ئه‌مڕۆ ده‌که‌ن و دژی ده‌سه‌ڵات ده‌وه‌ستنه‌وه‌.
به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی هه‌واڵی (رۆیته‌رز) دوابه‌دوای ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی ئیخوان موسلمین بۆ به‌شداریکردن له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی میسر ژماره‌یه‌ک ئه‌ندام و سه‌رکرده‌ی ئه‌و گروپه‌یان ده‌ستگیرکردوه‌، که‌ له‌نێویاندا 5 په‌رله‌مانتاری پێشو و 5 ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی تێدایه‌، له‌نێویشیاندا عسام عه‌ریان و محه‌مه‌د مورسی.
پێش گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ میسر، به‌رادعی له‌ لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا ده‌بم، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كان به‌ڕێوه‌ نابه‌م و ئیشی من بریتیه‌ له‌ گۆڕانكاریكردنی سیاسی."
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئه‌گه‌ر رایگشتی و شه‌قامی میسری‌ داوام لێبكه‌ن، ئاماده‌م ده‌سه‌ڵاتی‌ كاتی‌ بگرمه‌ ده‌ست".
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی میسر له‌ دوێنێ (پێنجشه‌ممه‌)ه‌وه‌ زۆربه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌کانی ئینته‌رنێت و ناردنی نامه‌ی مۆبایلییان قه‌ده‌غه‌کردوه‌. له‌هه‌مانکاتداو له‌ترسی خۆپیشاندانه‌که‌ی ئه‌مڕۆ و بۆ بڕینی په‌یوه‌ندی نێوان چالاکوانان و رێکخه‌رانی ئه‌و خۆپیشاندانه‌، سایته‌کانی فه‌یسبوک و تویته‌ر داخراون.
Sbeiy.com © 2007