له ئینگلیزییه‌وه: كاروان حه‌یده‌ری
هه‌فته‌یه‌ك دوای راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی تونس، ئه‌م وڵاته تائێستا بۆ حاڵه‌تی ئاسایی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه و شپرزهییش له وڵاته عه‌ره‌بیه دراوسێكانیدا له به‌رزبونه‌وه‌دایه. حه‌وت كه‌س له جه‌زائیر و نۆ كه‌سیش له میسر گڕیان له خۆیان به‌رداوه یان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه لاسایی ئه‌و گه‌نجه زوڵملێكراوه بكه‌نه‌وه كه بوه هۆی هه‌ڵگیرسانی كڵپه‌ی شۆڕش له تونس. له رۆژی هه‌ینیدا، خۆپیشاندانی به‌رفراوان له ئوردن دژی حكومه‌ت سه‌ریان هه‌ڵدا و ئۆپۆزسیۆنی میسریش سه‌رقاڵی رێكخستنی خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌رییه له میسر بۆ رۆژی سێشه‌ممه. له تونس خۆپیشانده‌ران به‌رده‌وامن له مارشهكانیان بۆ ده‌ركردنی هه‌مو وه‌زیره كۆنه‌كانی حكومه‌تی بن عه‌لی و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان له حكومه‌ت. ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی تونس بوه‌ته هۆی ئازادبونی به‌ندكراوه سیاسیه‌كان و كۆتایی هێنان به سانسۆر و تائێستاش ستراتیژییه‌كی رونی سیاسی به‌دی ناكرێت له‌و وڵاته‌دا.
ئه‌مه هه‌لێكی گه‌وره‌یه بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام به ترسیشه. تونس ده‌كرا ببێت به یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی ئۆتۆكراتی له گواستنه‌وه‌ی وڵاته‌كه به‌ره‌و دیموكراسیه‌تێكی ته‌واو به‌هه‌مان شێوه‌ی وڵاته دیكتاتۆرییه‌كانی پێشوی ئه‌وروپا و ئاسیا. میسر و ئوردن و وڵاته عه‌ره‌بیه‌كانی تر وا باشتره سیسته‌می كرانه‌وه به روی حیزبه عه‌لمانییه دیموكراسییه‌كان و گروپه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا په‌یڕه‌و بكه‌ن یان ده‌توانن به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر سه‌ركوتكردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ركابه‌ره‌كانیان، له‌م كاته‌شدا ته‌نها بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌كان به ركابه‌ر ده‌مێننه‌وه له به‌رامبه‌ریاندا.
ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان و هاوپه‌یمانه ئه‌وروپیه‌كانی ده‌توانن كاریگه‌ری گرنگیان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌نجامانه هه‌بێت. به‌ڵام تا ئێستا سیاسه‌ته‌كانیان رون نییه له‌م باره‌یه‌وه. له‌م مانگه‌دا هیلاری كلینتۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تیایدا راستی گه‌نده‌ڵی داموده‌زگا حكومییه‌كان و شێواوی سیاسه‌تی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دوپات كرده‌وه. هیلاری داوای چاكسازی كرد كه بتوانێ گه‌نج به‌شداری پێبكات له كاروباری گشتیدا و كه بتوانن بڕیارده‌ربن له‌باره‌ی ژیانی خۆیانه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه مانای چییه؟ به‌ڕێز خانمی كلینتۆن هیچی ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و دیموكراسی باس نه‌كرد. كاتێك له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یدا له رۆژی سێشه‌ممه‌دا سه‌رۆك ئۆباما كه‌وته قسه‌كردن له‌گه‌ڵ حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكی میسر، ئه‌و وتی كه ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه ده‌كات له تونس، به‌ڵام باسی پلانه‌كه‌ی حوسنی موباره‌كی نه‌كرد كه چۆن ده‌یه‌وێ به نادادپه‌روه‌رانه سه‌رۆكایه‌تی خولێكی تری هه‌ڵبژاردنه‌كانی میسر بكاته‌وه له ماوه‌ی ئه‌مساڵدا. تا ئێستا رون نییه كه ئایا ئۆباما هانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد ده‌دات بۆ تونسییه‌كان یان ئه‌مه ته‌نها وتارێكه بۆ رای گشتی.
ئه‌م ئیداره‌یه‌ی ئۆباما پێویستی به خۆ نوێ كردنه‌وه هه‌یه له سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له هه‌موشیان گرنگتر پشتیوانی كردنی هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراسیانه‌یه له تونس. پێویسته ئه‌مه‌ش به رێگایه‌كی دیبلۆماسیانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، چونكه تونسیه‌كان به گومانن له ده‌وڵه‌ته خۆرئاواییه‌كان له كاتێكدا پشیوانی حكومه‌ته دیكتاتۆرییه‌كه‌ی بن عه‌لی بون له تونس. به‌ڵام ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌وروپا ده‌توانن ئه‌وه رون بكه‌نه‌وه كه تونسێكی دیموكراسی به یارمه‌تییه‌كی راستگۆیانه و پرۆگرامی تۆكمه سه‌ركه‌وتو ده‌بێت و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئۆتۆكراسیش رێگری لێ بكرێت. من (واشنتۆن پۆست) هه‌روه‌ها پێشنیارێكی ته‌كنه‌لۆژیانه ده‌كه‌م بۆ چاودێری كردنێكی تۆكمه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه.
له میسر و به‌شه‌كانی تری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێویسته ئیداره‌كه‌ی ئۆباما رۆڵی جدی ببینێت بۆ سه‌لماندنی گوتاره‌كه‌ی هیلاری كلینتۆن سه‌باره‌ت به كرانه‌وه‌ی سیاسی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئه‌مه مانای رێگه‌پێدانه به دروست بونی حیزبی سیاسی عه‌لمانی له ناوچه‌كه‌دا و لابردنی هه‌مو سنوره‌كان له به‌رده‌م كۆمه‌ڵ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و كۆبونه‌وه گشتییه‌كان. ئه‌گه‌ر پێویست بكات، ئیداره‌كه‌ی ئۆباما یان گۆنگرێس پێویسته پشتیوانی سه‌ربازی و یارمه‌تی تر به‌كار بهێنێت بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه. ده‌سه‌ڵاته ئۆتۆكراتهكانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ئاشكرا ترسیان له‌سه‌ره، كه‌واته بۆچی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر یارمه‌تیدانی ئه‌و حكومه‌تانه و ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئێستا تێی كه‌وتون؟
سه‌رچاوه: واشنتۆن پۆست