Print
 میسر؛ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ناڕه‌زاییه‌كانیان و پێشبینی‌ وازهێنانی‌ (موباره‌ك)یش ده‌كرێت
Monday, January 31, 2011
(سبه‌ی‌)
بۆ حه‌وته‌م رۆژ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ری‌ میسر به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ده‌ربڕینی‌ خۆپیشاندانه‌كانیان و سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ تا روخانی‌ رژێمی‌ حوسنی‌ موباره‌ك، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زاییه‌كانیان.
به‌ گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، هاوكات له‌گه‌ڵ دروشمی وازهێنانی‌ موباره‌ك له‌ ده‌سه‌ڵات، جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر له‌ گۆڕه‌پانی (ته‌حریر)ی‌ قاهیره‌، له‌ دژی‌ كابینه‌ی‌ نوێ دروشمه‌كانیان دوباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، تا ئێستاش نزیكه‌ی‌ 250 هه‌زار كه‌س له‌ گۆڕه‌پانی (ته‌حریر) كۆبونه‌ته‌وه‌، بۆ ئاماده‌بون له‌و خۆپیشاندانه‌ 1 ملیۆن كه‌سیه‌ی‌ كه‌ له‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه‌)وه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت و بڕیاره‌ تێكڕا داوا له‌ حوسنی‌ موباره‌ك بكه‌ن، كورسی ده‌سه‌ڵات جێبهێڵێت.
 هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانی‌ میسر، به‌پێی‌ راپۆرته‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان، ته‌نها "چه‌ند رۆژێك" له‌ به‌رده‌م موباره‌كدا ماوه‌ بۆ وازهێنان له‌ كورسیه‌كه‌ی‌. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه‌) سه‌رجه‌م ئه‌و وه‌زیرانه‌ی‌ له‌ كابینه‌ی‌ نوێدا پۆستی‌ وه‌زاره‌ته‌كانیان درایه‌، له‌ به‌رده‌م ناوبراودا سوێندی‌ یاساییان خوارد.
له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ئه‌مڕۆدا كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ قاهیره‌ له‌ چه‌ند شارێكی دیكه‌ی‌ میسر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خۆپیشانده‌ران داوا له‌ سوپا ده‌كه‌ن له‌ نێوان (گه‌ل و موباره‌ك)دا هه‌ڵبژێرن. به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش خواردن به‌ هێزه‌كانی‌ سوپا ده‌ده‌ن كه‌ له‌سه‌ر كوچه‌و كۆڵان و شه‌قامی‌ شاره‌كانی‌ میسردا هه‌وڵی‌ پاراستنی سه‌رو ماڵی‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌پێی‌ راپۆرتێكی تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ Fox Newsی‌ ئه‌مه‌ریكی، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌ییه‌كانی‌ گه‌لی‌ میسر، رۆژانی موباره‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتدا كه‌مده‌بێته‌وه‌.
ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: پێده‌چێت كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی‌ موباره‌ك، به‌ هێمنی‌، یاخود به‌ توندوتیژی‌ كۆتایی پێبێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیبۆلۆماتكاری‌ ئه‌مه‌ریكیش سه‌باره‌ت به‌ وازهێنانی‌ موباره‌ك له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات به‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندوه‌: پێده‌چێت موباره‌ك له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ لاببیرێت، یاخود له‌ میسر ده‌ربكرێته‌ ده‌ره‌وه‌.
هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ Fox News دا باس له‌وه‌كراوه‌: پێده‌چێت ئیداره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكی به‌ فیعلی‌ له‌گه‌ڵ موباره‌كدا باسی له‌وه‌كردبێت ناوبراو رایبگه‌یه‌نێت، دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد، واز له‌ ده‌سه‌ڵات بهێنێت.
راوێژكارێكی باراك ئۆباماش به‌ رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمزی‌ راگه‌یاندوه‌: "كاتی‌ موباره‌ك كۆتاییهاتوه‌".
به‌بۆچونی چاودێرانی سیاسی، ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كی كتوپڕ، حوسنی‌ موباره‌ك واز له‌ ده‌سه‌ڵات بهێنێت و بۆشایی له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی میسردا دروستبێت، یاخود له‌ كاتی‌ وازهێنانی‌ ناوبراو له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات، ره‌وته‌ ئیسلامیه‌كان ده‌ستبگرن به‌سه‌ر پۆسته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداو به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئاسایشی وڵاتی‌ ئیسرائیل بكه‌وێته‌وه‌ مه‌ترسیه‌وه‌. به‌ڵگه‌شیان بۆ ئه‌و بۆچونه‌، ئه‌و لێدوانه‌ی‌ هیلاری‌ كلینتۆن، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ كه‌ دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر تێیدا باسی له‌وه‌كرد: ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی پله‌پله‌یی له‌ میسر چاكسازی ئه‌نجامبدرێت و ده‌شمانه‌وێت هه‌ر گۆڕانێك له‌ میسر روبدات، دواجار به‌ره‌و دیموكراسی هه‌نگاو هه‌ڵبگیرێت.
جێی‌ ئاماژه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی میسر په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاو یه‌كێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانه‌ ستراتیژیه‌كانی‌ واشنتن له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، دوه‌م وڵاتیشه‌ له‌ دوای‌ ئیسرائیله‌وه‌ له‌ جیهاندا، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ زۆرترین یارمه‌تی ده‌درێت و ساڵانه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ 1.3 ملیار دۆلار یارمه‌تی سه‌ربازی‌ پێده‌گات له‌گه‌ڵ 400 ملیۆن دۆلار یارمه‌تی ئابوری‌.
Sbeiy.com © 2007