Print
 حوسنی موباره‌ک بڕیاریدا بۆ خولی داهاتوی سه‌رۆکایه‌تی خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێته‌وه‌
Wednesday, February 2, 2011

(سبه‌ی):
له‌درێژه‌ی ناڕه‌زاییه‌کانی هاوڵاتیانی میسر دژی ده‌سه‌ڵات که‌ ماوه‌ی 9 رۆژه‌ به‌رده‌وامه‌و هاوکات له‌ژێر فشاری خۆپیشانده‌راندا، حوسنی موباره‌ک سه‌رۆکی میسر بڕیاریدا بۆ خولی داهاتوی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ خۆی نه‌پاڵێوێته‌وه‌.
دوێنێ (سێشه‌ممه‌) خۆپیشاندانێکی ملێۆنی هاوڵاتیانی میسر له‌ گۆڕه‌پانی (ته‌حریر)ی قاهیره‌ی پایته‌خت ئه‌نجامدراو خۆپیشانده‌ران داوای کۆتایی هێنانیان کرد به‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی موباره‌ک له‌وڵاتدا و داواشیان کرد هه‌رچی زوه‌ ده‌سه‌ڵات به‌جێبهێڵێت.
له‌ هه‌مانکاتدا حوسنی موباره‌ک سه‌رۆکی میسر، له‌لێدوانێکیدا که‌ ته‌له‌فیزیۆنی ره‌سمی میسر بڵاویکرده‌وه‌، رایگه‌یاند: "ده‌مه‌وێ تا‌کو کۆتایی هاتنی ئه‌م خوله‌و تا مانگی ئه‌یلولی داهاتو له‌پۆسته‌که‌مدا بمێنمه‌وه‌و بڕیاریشمداوه‌ وه‌ک رێزگرتنێک له‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی هاوڵاتیان، بۆ خولی داهاتوی سه‌رۆکایه‌تی خۆم هه‌ڵنه‌بژێرمه‌وه‌".
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ رۆژنامه‌ی (نیویۆرک تایمز)ی ئه‌مه‌ریکی ئاشکرایکرد، ئه‌م راگه‌یاندنه‌ی موباره‌ک، له‌سه‌ر داوای باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا بوه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ موباره‌ک له‌ساڵی 1981ه‌وه‌ حوکمی وڵاتی میسر ده‌کات و له‌ماوه‌ی 8 رۆژی رابوردوشدا چه‌ندین خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دژی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و بێکاری و نه‌بونی ئازادی و گرانی ئه‌نجامدراون.

Sbeiy.com © 2007