Print
 محه‌مه‌د ئه‌لبه‌رادعی : ئه‌گه‌ر سه‌رۆک زه‌بروزه‌نگ به‌کاربێنێ تۆڵه‌ی لێده‌کرێته‌وه‌
Thursday, February 3, 2011
وتوێژی محه‌مه‌د ئه‌لبه‌رادعی بۆ پرۆفیل

له‌ ئه‌ڵمانیه‌وه‌: دانای شه‌ده‌ڵه‌

* له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی رابردو دا بارودۆخ له‌ میسردا به‌ره‌و توندوتیژی چو، رژێمی موباره‌ک به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران زه‌بروزه‌نگی به‌کارهێنا، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سه‌رکوتکردنه‌یشدا 3 که‌س کوژران، دوای ئه‌وه‌ بینایه‌یه‌کی گه‌وره‌ی حکومه‌ت له‌ قاهیره‌ ئاگری تێبه‌ردرا، به‌رله‌وه‌ی چاوه‌ڕوان بکرێت که‌ ئێوه‌ هێنده‌ به‌زویی بچنه‌وه‌ که‌چی له‌ناکاو به‌ ئاراسته‌ی میسر ڤیه‌ننات به‌جێهێشت، ده‌ته‌وێت چی بکه‌یت؟
ئه‌لبه‌رادعی: به‌ڵێ. بۆیه‌ من ئه‌وه‌نده‌ به‌ په‌له‌ به‌ره‌و میسر سه‌فه‌رم کرد، چونکه‌ روداوه‌کانی ئه‌وێ به‌زویی روایاندا، ده‌مه‌ویست پشتگیرییه‌کی گه‌وره‌ی مۆراڵی میله‌ته‌که‌م بکه‌م و له‌ڕوی سیاسیه‌وه‌ هێنده‌ی له‌توانامدا بێت یارمه‌تیان بده‌م، بێجگه‌ له‌وه‌ ده‌مه‌وێت هه‌رچی کارێکم پێبکرێت له‌پێناو به‌ ئاشتییانه‌ مانه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا ئه‌نجامی بده‌م، به‌داخه‌وه‌ رژێم به‌ شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ به‌ زه‌بروزه‌نگ که‌وته‌ داپڵۆسینی خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام من لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نم ئه‌گه‌ر موباره‌ک به‌وشێوه‌یه‌ له‌ سه‌رکوتکردنی خۆپیشانده‌ران به‌رده‌وام بێت ئه‌وا چاره‌نوسێکی تاڵ چاوه‌ڕوانیده‌کات و تۆڵه‌ی لێده‌کرێته‌وه‌.


* بۆچی ئێوه‌ له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردو دا که‌ به‌ - رۆژی تۆڵه‌ - ناودێر کرابو ئێوه‌ بۆ چونه‌وه‌ ناو ئۆپۆزیسیۆن بانگ نه‌کران؟
ئه‌لبه‌رادعی: پێموایه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دابه‌شکردنی کارکردن بۆ گۆڕینی رژێم له‌ ئارادایه‌. من له‌ ده‌ره‌وه‌ی میسر دا و به‌هۆی په‌یوه‌ندیم به‌ وڵاتان و میدیاکانی میسره‌وه‌ توانیومه‌ پشتگیریی له‌ خۆپیشانده‌رانی وڵاته‌که‌م بکه‌م. من په‌یوه‌ندیم به‌ هه‌مو دنیاوه‌ هه‌یه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ بواری کاره‌کانی من کاریگه‌ریی بوه‌ له‌ سه‌ر ئینسانه‌کانی دنیا تاکو هه‌مولا لایه‌نگیریی له‌ گه‌لی میسر له‌ داواکانیدا بکه‌ن. بێجگه‌ له‌وه‌یش ده‌بوایه‌ لاوانی میسر بتوانن به‌بێ من خۆپیشاندانه‌کانیان به‌ڕێکوپێکی ببزوێنن. خۆپیشانده‌ران پێوسیتیان به‌ که‌سێک نیه‌ رابه‌ریان بێت و له‌ پێشیانه‌وه‌ بڕوات.

* ئایا ئێوه‌ له‌وه‌ ناترسێن که‌ ژیانتان بکه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌؟
ئه‌لبه‌رادعی: نه‌خێر. دیاره‌ شتێکی سروشتیه‌ که‌ مه‌ترسی (ریزیکۆ) یه‌ک له‌ لایه‌نی ئاسایش و خۆپارێزییه‌وه‌ له‌سه‌ر ژیانم هه‌یه و له‌ ئێستادا ئاره‌زوم له‌ باسکردنی ئه‌و ریزیکۆیه‌ نییه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ روداوێکی کتوپڕه،‌ چونکه‌ تاکو ئێستا هیچ که‌سێک له‌ کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی میسر ره‌خنه‌ی له‌ رژێمی وڵاته‌که‌ی خۆی نه‌گرتوه‌، من تاکو ئێستا خاوه‌نی هیچ پاسه‌وان و بۆدی گاردێک نیم، به‌ڵام له‌م کاته‌ی که‌ گۆڕانی سیاسی تێدا ده‌کرێت ده‌بێت من له‌ جه‌رگه‌ی مه‌یدانی روداوه‌کان دا بم و له‌وێ بم.

* له‌ رابردو دا گه‌لێک ره‌خنه‌ له‌ چه‌ندین رێکخراوی جیا جیای ئه‌و خۆپیشاندانانه‌وه‌ له‌ ئێوه‌ گیران و هه‌ندێک له‌و ره‌خانه‌ توندبون و ده‌یانگوت: ئێوه‌ یه‌کجار دیپلۆماتن و ناتانه‌وێت له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی میلله‌ته‌که‌تان دا خه‌بات بکه‌ن؟
ئه‌لبه‌رادعی: ئه‌و ره‌خنه‌گرانه‌ بریتیبون له‌و لاوانه‌ی که‌ هیوایه‌کیان له‌سه‌ر ئه‌مڕۆکه‌ی من هه‌ڵچنیوه‌. منیش ده‌مه‌وێت به‌ ته‌واوی ئه‌و بیروڕایانه‌یان به‌رانبه‌ر خۆم بگۆڕم. وه‌ک ده‌زانین گۆڕان نابێت له‌ تاکه‌ یه‌ک که‌س دا بچوکبکرێته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌و بیگۆڕێت. من وه‌کو ده‌نگێکی ئۆپۆزیسیۆن ده‌مێنمه‌وه‌ و خۆم به‌ پێشه‌نگی ئه‌و خۆپیشانداناانه‌ دانانێم.

* له‌ تونس دا گۆڕان به‌ خێرایی رویدا، له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی که‌م دا. گۆڕان به‌ خۆسوتاندنی ده‌سگێڕێکی هه‌ژاری سه‌رجاده‌کان ده‌ستیپێکرد دوای ئه‌و خۆسوتاندنه‌ی فرۆشیاره‌ گه‌ڕۆکه‌ ئیتر خۆپیشاندانی خوێناوی ده‌ستیپێکرد و بو به‌هۆی روخانی رژێمی بن عه‌لی، ئایا رودانی هه‌مان سیناریۆ له‌ میسر دا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌؟
ئه‌لبه‌رادعی: تاکو ئه‌م ساته‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م کێشه‌ی ئه‌وه‌داین که‌ رژێمی ئاوتۆکراتی موباره‌ک بۆته‌ کۆسپ له‌به‌رده‌م هه‌ر ریفۆرم و جاکسازیه‌ک دا. با نمونه‌یه‌کت بۆ باس بکه‌م: من بۆخۆم مۆڵه‌تی ئه‌ه‌وه‌م پێنادرێت که‌ هیچ رێکخراوێکی سسیاسی پێکه‌وه‌ بنێم، به‌ڵکو ده‌بێت بچمه‌ لای پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و داوای مۆڵه‌ت بکه‌م. خۆ ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تیشم وه‌رگرت ده‌بێت له‌ڕوی تیۆریه‌وه‌ پێنج ساڵان چاوه‌ڕوان بم تاوه‌کو مافی ئه‌وه‌م هه‌بێت وه‌کو سه‌رۆکی حیزبێک بتوانم بۆ پۆستی سه‌رکۆماری خۆم کاندید بکه‌م. واته‌ ده‌بێت به‌ ریگه‌یه‌کی نائاسایی و سه‌خت دا بڕۆیت تاوه‌کو بتوانیت کارێکی سیاسی بکه‌یت.

* مه‌به‌ستی ئێوه‌ له‌ زاراوه‌ی نائاسایی و ناکۆنڤێنشنێڵ له‌وه‌ یه‌ که‌ ده‌بێت به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ک بێت ده‌وڵه‌ت بڕوخێنیت؟
ئه‌لبه‌رادعی: من لایه‌نگری به‌ ئاشتییانه‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتم. له‌ مانگه‌کانی رابردو دا یه‌ک ملیۆن ئیمزای هاوڵاتیانی میسرم کۆکردنه‌وه‌، ئیمزاگه‌لێک خوازیاری چاکسازی له‌ سسته‌می وڵاتبه‌ڕێوه‌بردن دا بون. ئه‌و هه‌ره‌وه‌زه‌ گه‌وره‌یه‌کی هاولاتیانی میسر کارێکی گه‌وره‌یه‌، ونکه‌ ئه‌م گه‌له‌ شه‌ش ده‌یه‌یه‌ (شه‌ست ساڵه‌) ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌. خه‌ڵکی هێنده‌ ترسێنراون ته‌نانه‌ت ناوێرن ناوی خۆشیان به‌ ئازادی بڵێن. چونکه‌ هه‌موکات هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ندکران و ئازار و شکه‌نجه‌ دران به‌سه‌ریانه‌وه‌ن. من بانگه‌وازی ئه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ هاوڵاتیان نه‌چنه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدانێک که‌ ئه‌م رژێمه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی ناوی ده‌بات، چونکه‌ به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردن دا و له‌ سایه‌ی رژێمی وا دا شه‌رعیه‌ت ده‌داته‌ دیکتاتۆر و هیچی تر، بۆیه‌ واچاکه‌ هاوڵاتیان بایکۆتی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن. که‌واته‌ ته‌نیا ریگه‌یه‌ک بۆ گۆڕینی رژێم له‌وه‌دا ده‌بینرێته‌وه‌ که‌ هاوڵاتیان بۆ خۆپیشاندان بڕژێنه‌ سه‌ر جاده‌ و شه‌قامه‌کانه‌وه‌.

* ئایا میسر به‌ ریبازی تونس دا ده‌ڕوات؟
ئه‌لبه‌رادعی: له‌وانه‌یه‌. ئه‌گه‌رچی هه‌لومه‌رجه‌کانیان به‌ ته‌واوی وه‌ک یه‌ک نین. تونس له‌ باری ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ زۆر له‌ میسر باشتره‌. له‌ تونس دا چینی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ میسر دا به‌ ئه‌مری واقیع (دو فاکتۆ) ئه‌و چینه‌ ناوه‌ڕاسته‌ بێلایه‌نه‌ ونبوه‌ و نه‌ماوه‌. له‌ میسری وڵاتی مندا ته‌نیا خه‌ڵکانێکی که‌م بونه‌ته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی پێشه‌نگ (ئێلیتێ رایشێ) و جینێکی ناوه‌ڕاستی ته‌نک و ئنجا زۆرینه‌یه‌کی چینی هه‌ژاران.

* وابزانم به‌ پێچه‌وانه‌ی تونسه‌وه‌ له‌ میسر دا ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری موچه‌خۆری ده‌وله‌ت هه‌ن؟
ئه‌لبه‌رادعی: به‌ڵێ، خه‌ڵکانێکی زۆر هه‌ن که‌ له‌ داموده‌زگاکانی ده‌وله‌ت دا دامه‌زراون. هه‌ربۆیه‌شه‌ سسته‌مێکی سست و گه‌نده‌ڵ هاتۆته‌ ئاراوه‌. هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ فه‌رمانبه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌تن خوا خوایانه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت تاکو بتوانن بۆ هه‌میشه‌ سود له‌و مافه‌ تایبه‌تیانه‌ ببینن که‌ ده‌وڵه‌ت پێیبه‌خشیون و بۆی ره‌خساندون. ئه‌م خه‌ڵکه‌ خاوه‌ن ناز و نیعمه‌تانه‌ نایانه‌وێت قه‌ت بیگۆڕن. چونکه‌ پاره‌یه‌کی باشیان ده‌ست ده‌که‌وێت و ماڵیات و باجێکی که‌م و ناچیز ده‌ده‌نه‌ ده‌وڵه‌ت. ئه‌وه‌ی که‌ گه‌ره‌کیه‌ گۆڕانکاریی روبدات بریتییه‌ له‌ لاوانی میسر، ئه‌م لاوانه‌ رێژه‌یان 60 له‌ 100 ی هاوڵاتیانه‌ و له‌گه‌ڵ کرێکاران و چینی زه‌حمه‌تکێش دا بونه‌ته‌ گۆڕانخواز. رقی ئه‌م خه‌ڵکانه‌ ی ده‌یانه‌وێت گۆڕانکاریی روبدات فره‌ یه‌ و ده‌مێکه‌ په‌نگی خواردۆته‌وه‌. چونکه‌ 40 له‌ 100 ی دانیشتوانی میسر خاوه‌نی داهاتی که‌متر له‌ یه‌ک دۆلارن له‌ رۆژێک دا. بێجگه‌ له‌وه‌یش 28 له‌ 100 ی دانیشتوانی میسر خه‌ڵکانی نه‌خوێنده‌وارن و رێژه‌ی بێکاریی له‌ ئاستێکی به‌رز دایه‌ و هه‌لومه‌رجه‌کانی ژیان کاره‌ساتاوین (کاتاسترۆفاڵ).

* به‌وپێی بێت بارودۆخ له‌ میسر دا په‌نگخواردوتر و ئێکسپلۆسیڤ تره‌ وه‌ک له‌ هی تونس؟
ئه‌لبه‌رادعی: به‌ڵێ. به‌ته‌واوی پێناسه‌کردن وایه‌. تونس به‌ به‌راوردکردنی له‌گه‌ڵ میسر دا ده‌وڵه‌ندتره‌، چینی ناوه‌ڕاست له‌ تونس دا هه‌یه‌ و به‌ پێی دابونه‌ریتی خۆیشی تونس خاوه‌نی سه‌ندیکاگه‌لی باشه‌. له‌ میسر دا هاوڵاتی هه‌وڵ بۆ دابینکردنی که‌ره‌سه‌ هه‌ره‌ پێویسته‌کانی ژیان (و: به‌ ئه‌ڵمانی گروند بێدورفنیسێ) بۆ له‌برسا نه‌مردن ده‌دات، واته‌ نان و که‌ره‌. رژێمی میسر ئه‌و بارودۆخه‌ی وڵاته‌که‌ی ده‌زانێت، که‌چی یه‌کجار دڕندانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ هاوڵاتیان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. له‌ رۆژه‌کانی به‌ر له‌ ئه‌نجامدرانی خۆپیشاندانه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ که‌ دا رژێم چه‌ندین لاوی گرتن و خستنیه‌ به‌ندیخانه‌وه‌، ئاسایش هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ خۆیان و خزمه‌کانیان کردبون که‌ ئه‌گه‌ر واز له‌ خۆپیشاندان و په‌یوه‌ندیکردن به‌ سه‌رانی خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌ نه‌هێنن ئه‌وا خوێنی خۆیان و خزمه‌کانیان له‌سه‌ر خۆیانه‌ و ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ توشی شکه‌نجه‌ و ته‌نانه‌ت مه‌رگیش بکرێنه‌وه‌.

* له‌ هه‌فته‌کانی رابردو دا هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فۆنیت به‌ موباره‌که‌وه‌ نه‌کرد؟
ئه‌لبه‌رادعی: نه‌خێر، نه‌ من ته‌له‌فۆنم بۆ کردوه‌ و نه‌ ئه‌ویش هه‌وڵی ئه‌ه‌ی داوه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بکات.

* باشه‌ بۆچی تۆ ده‌ستپێشخه‌ری ناکه‌یت و په‌یوه‌ندی پێوه‌ ناکه‌یت؟
ئه‌لبه‌رادعی: له‌ رابردو دا چه‌ندیجار وتوێژمان بوه‌ و باسی که‌موکوڕیه‌کانی وڵاتم بۆ کردوه‌، دواجار گه‌یشتمه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ ئه‌و خواستی هیچ چاکسازیه‌کی نیه‌. سه‌رۆک پێیوایه‌ دیموکراسی له‌ ناڕێکوپێکی دا پیاده‌ ده‌کرێت.

* که‌ی موباره‌ک وه‌کو بن عه‌لی دیکتاتۆر به‌ره‌ و دوره‌وڵات سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت؟
ئه‌لبه‌رادعی: له خه‌یاڵی که‌س دا نه‌بو که‌ تونس له‌ شه‌و و رۆژێک دا بتوانێت ئه‌و گۆڕانه‌ گه‌وره‌یه‌ بکات. له‌کاتێک دا بن عه‌لی دۆستێکی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا بو. هه‌ربۆیه‌شه‌ شتێکی سروشتیه‌ ئه‌گه‌ر که‌س ئه‌وساته‌ نه‌زانێت که‌ موباره‌ک تیایدا سواری فڕۆکه‌ی سه‌فه‌ری بێ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێت. به‌ڵام روداوه‌کانی رۆژانی رابردو سه‌لماندیان که‌ هه‌مو شتێک بۆی هه‌یه‌ به‌ زویی روبدات.


تێبینی: پرسیاره‌کانی ئه‌م وتوێژه‌ له‌ لایه‌ن رۆژنامه‌وانی ناسراوی گۆڤاری پرۆفیل گیۆرگ هۆفمان ئۆستێنهۆف و گونته‌ر میوله‌ری هاوکاریه‌وه‌ ئاراسته‌ کراون و له‌ لاپه‌ڕه‌کانی 49 تا 51 ی گۆڤاری پرۆفیل ی ژماره‌ 5 ساڵی 42 ی رۆژی دوشه‌مه‌ رێکه‌وتی 31.1.2011 دا ئه‌م دیداره‌ چاپکراوه‌.

Sbeiy.com © 2007