Print
 بۆچی ئۆباما ده‌بێت بڕیاری راست سه‌باره‌ت به‌ میسر بدات
Monday, February 7, 2011
جۆرج سۆرۆس

له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: كاروان حه‌یده‌ری‌

شۆڕشه‌كان هه‌میشه‌ به‌ خۆشی ده‌ست پێده‌كه‌ن و به‌ فرمێسك كۆتاییان دێت. له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌توانرێت كۆتاییه‌كه‌ بێ فرمێسك بێت ئه‌گه‌ر سه‌رۆك ئۆباما به‌ توندی پشتگیری له‌و به‌هایانه‌ بكات كه‌ بونه‌ هۆی هه‌ڵبژاردنی خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ هێز و كاریگه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ جیهاندا له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانه‌كانمان و سوپاكانیان چاوه‌ڕێی ئامۆژگاری ئێمه‌ن. ئه‌م سوپایانه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزن كه‌ بتوانن پارێزگاری‌ له‌ مانه‌وه‌ی‌ یاسا بكه‌ن به‌ مه‌رجێك له‌ سیاسه‌ت به‌دور بن، به‌م شێوه‌یه‌ شۆڕشه‌كانیش به‌ ئاشتیانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن. ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا سور بێت له‌سه‌ری له‌ كاتێكدا خه‌ڵك بێزارن له‌ سه‌ركرده‌ی‌ گه‌نده‌ڵ و سه‌ركوتكه‌ر و هیچی تر ویستراو نین له‌ لایه‌ن هاوڵاتیه‌كانیانه‌وه‌ ده‌بێت شوێنه‌كانیان بۆ سه‌ركرده‌ی نوێ چۆڵ بكه‌ن و له‌ هه‌ڵبژاردنی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌دا ببن به‌ نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ خه‌ڵك.

ئه‌مه‌ ئه‌و رێچكه‌یه‌یه‌ كه‌ شۆڕشی تونس ده‌یگرێته‌ به‌ر. تونس تا راده‌یه‌ك چینێكی مامناوه‌ندی پێشكه‌وتوی هه‌یه‌، ژنانی ئه‌و وڵاته‌ ئازادی زیاتریان هه‌یه‌ له‌ وڵاته‌ موسڵمانه‌كانی تری ناوچه‌كه‌ و رژێمی له‌ناوچوش سیسته‌می عه‌لمانی په‌یڕه‌و ده‌كرد. بۆیه‌، ئاسانكاریه‌كان له‌بارتربون بۆ گۆڕانی دیموكراسیانه‌ له‌ تونس.

مه‌سه‌له‌ی‌ میسر ئاڵۆزتر و كاریگه‌رتره‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ بڕیار و سیاسه‌تی راست له‌باره‌ی‌ ئه‌م مه‌سه‌لانه‌وه‌ بدرێت. خۆپیشانده‌ران پێكهاتون له‌ هه‌مو چینێكی رۆشنبیر و گه‌نج و پیر و ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، له‌ كاتێكدا خۆپیشانده‌ران و دروشمه‌كانیان هیچ ئه‌جێندایه‌كی ئۆتۆكراتیان هه‌ڵنه‌گرتوه‌، باشترین حیزبی سیاسی ئۆپۆزسیۆن كه‌ تا ئێستا توانیویه‌تی به‌رده‌وام بێت له‌ناو ئه‌و ژینگه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌ی‌ میسردا ئیخوان موسلیمینه‌،  له‌ هه‌ڵبژاردنی ئازاددا، ئیخوان له‌ توانایدایه‌ ببێت به‌ حیزبێكی سیاسی سه‌ره‌كی، هه‌رچه‌نده‌ دوره‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی زۆرینه‌.

هه‌ندێك ترسیان له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد هه‌یه‌ و پێیان وایه‌ سوپای میسر ئه‌و ئه‌نجامانه‌ ده‌گۆڕێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌وانه‌یه‌ ئیسرائیل به‌ توندی دژی هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌ رژێمی میسریدا بێت چونكه‌ نایه‌وێ‌ بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بڵاو ببنه‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ڕه‌خسێنرێت. ئه‌م بیرۆكانه‌ هه‌مان بۆچونه‌ كۆنه‌كان له‌باره‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ گۆڕین هه‌یه‌، ئه‌گینا واشنتۆن له‌ هه‌ر پشتگیریه‌كی له‌ گواستنه‌وه‌ و گۆڕینی حاڵه‌ته‌كه‌ له‌ میسر به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چێت.

ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ په‌شیمانی له‌دواوه‌ ده‌بێت. خودی سه‌رۆك ئۆباما و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانیش وه‌كو وڵاتێك سودمه‌ند ده‌بن له‌ پشتگیری كردنی داخوازیه‌كانی خه‌ڵك بۆ دیموكراسی و شكۆداری. ئه‌مه‌ یارمه‌تی بنیاتنانه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌دات و رزگاربونه‌ له‌و هاوپه‌یمان و رژێمه‌ لاواز و سه‌ركوتكه‌رانه‌ی‌ كه‌ له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ قێزه‌ونن. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌مه‌ رێگایه‌كه‌ بۆ پێشكه‌وتنێكی ئاشتخوازانه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. هاوكاریه‌كانی ئیخوان موسلیمین له‌گه‌ڵ موحه‌مه‌د به‌رادعی، خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی، كه‌ ده‌یه‌وێ بۆ سه‌رۆكایه‌تی خۆی بپاڵێوێت، هه‌نگاوێكی هیواخوازانه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی رۆڵێكی بنیاتكه‌رانه‌ له‌ سیسته‌می سیاسی دیموكراسیدا. ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ستیشه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م سیسته‌مه‌، پێده‌چێت دوژمنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، وه‌كو سوریا و ئێران، زیاتر بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕو كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ له‌م شه‌پۆله‌ رزگاریان بێت.

گه‌وره‌ترین كێشه‌ لێره‌دا ئیسرائیله‌. له‌ راستیدا، ئیسرائیل ده‌توانێ به‌قه‌ده‌ر ئه‌مه‌ریكا سودمه‌ند بێت له‌ بڵاو بونه‌وه‌ی‌ دیموكراسی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. به‌ڵام ئیسرائیل خۆی له‌هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك لاده‌دات، چونكه‌ ئه‌م گۆڕانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌ زۆر له‌ ناكاوه ‌و مه‌ترسی گه‌وره‌ی‌ به‌دواوه‌یه‌. هه‌ندێك له‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانیش كه‌ پشتیوانی ئیسرائیل ده‌كه‌ن زۆر له‌ ئیسرائیلیه‌كان خراپتر بیرده‌كه‌نه‌وه‌. خۆشبه‌ختانه‌، ئۆباما به‌هۆی ئایینه‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌مه‌ به‌ خاڵێكی سه‌رزه‌نشت دژی داده‌نرێت، كاریگه‌ری لێنه‌كراوه‌.
ئه‌نجومه‌نی كاروباره‌ گشتیه‌كانی ئه‌مه‌ریكی-ئیسرائیلیAmerican Israel Public Affairs Committee  چیتر به‌ ته‌نها نوێنه‌ری كۆمه‌ڵگای جوله‌كه‌ نییه‌. سه‌ره‌كیترین مه‌ترسی له‌به‌رده‌م ئیداره‌كه‌ی ئۆباما ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ئیداره‌یه‌ ناتوانێت خۆی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ گۆڕانكاریه‌ چاره‌نوسسازه‌ له‌ناكاوه‌كان بگونجێنێت.
 
من خۆم، وه‌كو یاسایه‌كی گشتی، به‌ ئاگام له‌ شۆڕشه‌كان. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ حاڵه‌ته‌كه‌ی میسر، من ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ سه‌ركه‌وتن ده‌بینم. هه‌روه‌ها، وه‌كو پشتیوانێكی دیموكراسی و كۆمه‌ڵگای كراوه‌، ناتوانم یارمه‌تی میسریه‌كان بده‌م، به‌ڵام خۆشحاڵی خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌رده‌برم به‌وه‌ی‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا روده‌دات. هیوادارم ئۆباما لێبڕاوانه‌ یارمه‌تیده‌ری خه‌ڵكی میسر بێت. رێكخراوه‌كانم ئاماده‌ن بۆ یارمه‌تی ئه‌وه‌ی‌ له‌ توانایاندایه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ی‌ كه‌ داكۆكی ده‌كه‌ن له‌ یاسا و چاكسازی ده‌ستوری‌ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی و په‌ره‌پێدانی دامه‌زراوه‌ دیموكراسیه‌كان له‌و وڵاتانه‌ی‌ خوازیاری ئه‌م هه‌وڵانه‌ن، به‌ڵام به‌ دورین له‌و وڵاتانه‌ی‌ پێشوازی له‌ هه‌ر هه‌وڵێكی له‌و جۆره‌ ناكه‌ن.

سه‌رچاوه‌: واشنتۆن پۆست

 

Sbeiy.com © 2007