Print
 ئایا سوپای میسر ده‌توانێ ببێت به‌ هۆیه‌ك بۆ گۆڕانكاری سیاسی؟
Wednesday, February 9, 2011

ده‌یڤد ئینایۆس

له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: كاروان حه‌یده‌ری


هیچ كه‌سێك له‌ حوسنی موباره‌ك باشتر نه‌یوت: "یه‌كه‌م مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیمان دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسانه‌، نه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی دابه‌شكراوی چینایه‌تی. دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كه‌م یاسایه‌ بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ كۆمه‌ڵگادا." به‌لاَم ئه‌مه‌ له‌ مانگی تشرینی ساڵی 1981دا بو، كه‌ ته‌نها ماوه‌ی‌ یه‌ك هه‌فته‌ بو بو به‌ سه‌رۆكی میسر.

دوای تێپه‌ڕبونی 30 ساڵ، موباره‌ك نه‌ك ته‌نها نه‌بو به‌ سیمبولی نایه‌كسانی، به‌ڵكو به‌ سیمبولی گه‌نده‌ڵیه‌كی گه‌وره‌ی دارایی و سیاسی و كه‌لتوری‌، كه‌ ته‌شه‌نه‌ی‌ بۆ ولاَتانی تری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌ند. ئه‌و وه‌كو پادشا له‌ خۆی بایی بو و به‌ خه‌ونی راده‌ستكردنی كورسیه‌كه‌ی بۆ كوره‌كه‌ی سه‌رقاڵ بو و هه‌مو ئامۆژگاریه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ چاكسازی‌ پشتگوێ خست و ره‌خنه‌ گرانیشی ده‌مكوت ده‌كرد و بێ شه‌رمانه‌ هه‌روه‌كو ولاَتانی خۆرئاوا ترسی له‌ ئیسلامی رادیكاڵ هه‌بو.

هیواخوازترین هێمای داهاتو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوپای میسر ئێستا ده‌توانێ باڵانسی ده‌سه‌ڵات بپارێزێت. ئه‌مه‌ ته‌نها دامه‌زراوه‌یه‌ كه‌ حوسنی موباره‌ك نه‌یتوانیوه‌ ده‌ستی گه‌نده‌ڵی پێبگه‌یه‌نێت. به‌ دڵنیاییه‌وه‌، له‌ هه‌مو جیهانی عه‌ره‌بیدا، ئه‌سته‌مه‌ سوپا به‌هێزه‌كان پێشه‌نگی گۆڕانكاری‌ بن.

رۆژنامه‌نوسی لوبنانی، جه‌میل مه‌روه‌، ده‌ڵێت: "سوپا چینێكی مامناوه‌ندی فریودراوه‌." له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی قاهیره‌دا، سه‌ربازه‌كان له‌ باوه‌ش ده‌گیرێن، چونكه‌ ئه‌وان ته‌عبیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی و خۆراگری نه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ هه‌مان نمونه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ساموێل هیونیگتۆته‌ به‌ ناوی‌ (سه‌رباز و ده‌وڵه‌ت). سوپای به‌هێز یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ به‌رقه‌راركردنی دیموكراسی و چاكسازی ئابوری.

له‌ناو سه‌ره‌كیترین ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌ ئێستادا روبه‌روی‌ سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌بێته‌وه‌ نه‌توانینی ئه‌نجامدانی چاكسازیه‌ له‌كاتێكدا ده‌یانزانی پێویسته‌ ئه‌و چاكسازیانه‌ ئه‌نجام بدرێن. له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك ئه‌مه‌ رویدا، وه‌كو له‌ ترسی ده‌سه‌ڵاته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ ناوخۆییه‌كان و ئیسلامیه‌ رادیكاڵه‌كان و هه‌روه‌ها ترس له‌ ئه‌جێندای ریفۆرم وه‌كو به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵات و پلانی ئه‌مه‌ریكا بۆ لاوازكردنی عه‌ره‌ب.

ئه‌وه‌ی‌ من له‌و چه‌ند ده‌یان ساڵه‌ی‌ رابردودا بینیومه‌ و هه‌ندێك جاریش چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كان ئه‌نجامداوه‌، ریفۆرمه‌كان به‌رزو نزمیه‌كی زۆریان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌. پادشا عه‌بدولاَی دوه‌می ئه‌رده‌ن له‌ سه‌ره‌تادا بڕیاری ئه‌نجامدانی چه‌ند ریفۆرمێكی به‌ ناوی‌ "ئه‌جێندای نه‌ته‌وه‌یی"دا، به‌ڵام له‌ ساڵی 2005دا ده‌ستی لێ هه‌ڵگرت له‌ ژێر فشاری‌ ئه‌و باره‌ی‌ له‌وكاته‌دا له‌ژێریدا بو. سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌دی سوریاش هه‌وڵی پاككردنه‌وه‌ی‌ به‌عسی له‌ گه‌نده‌ڵیدا، به‌ڵام ئه‌و له‌ ریفۆرمی سیاسی گه‌وره‌تره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد. شا عه‌بدوڵا، كه‌ سێشه‌مه‌ی رابردو كابینه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و به‌شار ئه‌سه‌دیش، كه‌ وته‌ی ئه‌رێنی به‌ رۆژنامه‌ی ۆڵ ستریت جۆرناڵ پێشكه‌ش كرد، ئێستا له‌ به‌رده‌م په‌یامه‌ كۆنه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌و ریفۆرمانه‌ن كه‌ به‌ خێرایی ده‌بێت ئه‌نجام بدرێن.

له‌ ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵی رابردودا، ریفۆرمخوازه‌كان په‌ره‌یان سه‌ندوه‌. له‌ ساڵی 2004دا، راپۆرتی گه‌شه‌ی مرۆیی عه‌ره‌بی و راگه‌یاندنی ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ به‌ ئاشكرا ده‌نگیان بۆ چاكسازی به‌رز كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌ پێشنیاری ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئیلیۆت ئه‌برامس یه‌كشه‌مه‌ی‌ رابردو له‌ واشنتن پۆستدا نوسیویه‌تی، كه‌ سوربون له‌سه‌ر ئه‌و ریفۆرمانه‌ دوپات ته‌ئكید كردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی جۆرج بۆش سه‌باره‌ت به‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

له‌ راستیدا، ئه‌و شه‌ره‌ی بۆش ده‌ستی پێكرد یان ئه‌و شه‌رانه‌ی‌ نه‌یتوانی بیانوه‌ستێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ عێراق و لوبنان و غه‌زه‌دا رویدا، هیوای چاكسازی بڵاو كرده‌وه‌. بۆش راستی كرد ده‌رباره‌ی‌ "ئه‌جێندای ئازادی" به‌ڵام ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا ریفۆرمخوازه‌كانیشی روخاند.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌سه‌د كه‌متر لاوازتره‌ له‌ موباره‌ك، رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د كه‌متر ئۆتۆكرات و گه‌نده‌ڵه‌، به‌ڵام تا ئێستاش به‌ توندی دژی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیله‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ له‌ خۆرئاوا شتێكی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هێزی زیاتر به‌ ئه‌سه‌د ده‌به‌خشێت، له‌ كاتێكدا موباره‌ك به‌ پیاوی خۆرئاوا وێنا ده‌كرێت.

واشنتن له‌ گفتوگۆدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ شۆڕشه‌كانی عه‌ره‌ب و رۆلی ئه‌مه‌ریكا له‌م نێوه‌نده‌دا، ئایا باراك ئۆباما هه‌ڵه‌ی كردوه‌ كه‌ زۆری له‌ موباره‌ك نه‌كردوه‌ واز له‌ ده‌سه‌لاَت بهێنێت؟ ئایا پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا واز له‌ دیكتاتۆره‌كانی تر بێنێت پێش ئه‌وه‌ی‌ دره‌نگ بكات؟ به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌. ئه‌گه‌ر فرانك ویسنه‌ری‌ باڵیۆزی پێشوتری ئه‌مه‌ریكا له‌ قاهیره‌ هانی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ بدات، ئه‌مه‌ زۆر باشتره‌، به‌ڵام میسریه‌كان پێویستیان به‌ ئه‌مه‌ریكا نیه‌ چاره‌نوسیان بۆ دیاری بكات.

جێگای دڵخۆشیه‌ خۆپیشاندانه‌كانی میسر و عه‌ممان و سه‌نعا دروشمی "مردن بۆ ئه‌مه‌ریكا" و "مردن بۆ ئیسرائیل" یان هه‌ڵنه‌گرتوه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ تێپه‌ڕبونی چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك مشتومڕی سیاسی له‌سه‌ر بوه‌. هه‌روه‌ها ئیخوان موسلیمین و گروپه‌ چه‌كداره‌كانیش شتێكی له‌ جۆره‌یان نه‌كردوه‌، ئه‌وانیش ده‌زانن كه‌ سه‌رده‌می جیهاد كاره‌ساتبار و نه‌ویستراو بوه‌ بۆ موسڵمانان.

مه‌روه‌ ده‌ڵیت: "ئه‌مه‌ له‌ باره‌ی‌ دروشمه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكه‌ كێشه‌ی ژیانێكی راسته‌قینه‌یه‌: من خانوم ده‌وێت، من ئیشم ده‌وێت" هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ له‌باره‌ی پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤه‌وه‌یه‌، به‌ پاڵپشتی سوپا، خۆپیشانده‌ران ده‌توانن رێچكه‌ی سه‌قامگیری و گۆڕان به‌دیبهێنن.


سه‌رچاوه‌: ده‌یلی ستاری لوبنانی

 
 

Sbeiy.com © 2007