Print
 میسر؛ خۆپیشانده‌ران ئابڵۆقه‌ی‌ (په‌رله‌مان) و (ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران)یان داوه‌
Thursday, February 10, 2011
(سبه‌ی‌):
ئه‌مرۆ (چوارشه‌ممه)‌ بۆ 16 هه‌مین رۆژ خۆپیشاندانه‌كانی‌ میسر درێژه‌ی‌ هه‌یه‌و به‌پێی‌ ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵ، زیاتر له‌ 1 ملیۆن خۆپیشانده‌ر له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر كۆبونه‌ته‌وه‌و وه‌ك رۆژانی پێشوتر سورن له‌سه‌ر داواكه‌یان بۆ وازهێنانی‌ موباره‌ك له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌ده‌ها خۆپیشانده‌ر ئابڵۆقه‌ی‌ بینای‌ ئه‌نجومه‌نی گه‌ل (په‌رله‌مان) و (ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران)یان داوه‌و له‌ پێكدادانیشیان له‌گه‌ڵ پۆلیس، 3 خۆپیشانده‌ر كوژراون و نزیكه‌ی‌ 100 كه‌سیش برينداربون.
هاوكات هه‌زاره‌ها كرێكاری‌ كارگه‌كان، له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ مانیانگرتوه‌و داوای‌ باشكردنی گوزه‌رانیان ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له که‌نداوی سوێس، که‌ بنکه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بازرگانیه‌ له‌ ناوچه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، 6000 کرێکار ده‌ستیان له‌ كار هه‌ڵگرتوه‌و مانیانگرتوه‌.
له‌ ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیشدا جۆبایدن، جێگری‌ سه‌ررۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ ته‌له‌فونیدا داوای‌ له‌ عومه‌ر سلێمان، جێگری‌ موباره‌ك كردوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ پرۆسه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ستپێبكات و باری‌ نائاسایی وڵاتیش كه‌ 30 ساڵه‌ له‌ میسر پیاده‌ ده‌كرێت، كۆتایی پێبهێنرێت.
له‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌یدا جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عومه‌ر سلێمان، ته‌ئكیدی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه كه‌ پێویسته‌‌ له‌ میسردا حكومه‌تێكی چوارچێوه‌ فراوان پێكبهێندرێت و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش تێیدا به‌شداربن.
Sbeiy.com © 2007