Print
 به‌ڕێزیان ته‌نیا ته‌ماشای‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ میسر ده‌كات
Saturday, February 12, 2011

ئه‌یاد دلێمی‌
له‌عه‌ره‌بیه‌وه‌: خالد باران

زۆركه‌س پرسیار ده‌كه‌ن كه‌ منیش یه‌كێكم له‌وان، بۆچی‌ حوسنی‌ موباره‌كی‌ سه‌رۆكی‌ میسر ده‌ست له‌كارناكێشێته‌وه‌ له‌دوای‌ دو هه‌فته‌ له‌خۆپیشاندان و داواكردنی‌ وازهێنانی‌، كه‌ له‌ئێستادا خۆپیشاندانه‌كان گه‌وره‌تر و قه‌ره‌باڵغتر بون و پشتیوانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ له‌رۆژانی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌سپێكردنی‌ زیاتر بوه‌ و به‌مانای‌ وشه‌ بوه‌ته‌ شۆڕش، ئه‌ی‌ كه‌واته‌ بۆچی‌ ده‌ست له‌كارناكشیته‌وه‌؟ شۆڕشه‌كان هه‌میشه‌ فاڵگره‌وه‌ بون بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ زۆر شت، هه‌ندێكیان سلبی‌ و وزۆربه‌یان ئیجابی‌، شۆڕشه‌كان هه‌میشه‌ سه‌ره‌تایه‌كن بۆ راستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌كان و گۆڕینی‌ هه‌ڵوێسته‌كان، له‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ میسردا بینیمان چۆن زۆرێك له‌ لایه‌نگرانی‌ موباره‌ك و رژێمه‌كه‌ی‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌، چۆن زۆرێك له‌ رۆژنامه‌كان كه‌ له‌ میسر به‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ناسرابون هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و بونه‌ ئۆپۆزسیۆن زیاتر له‌ رۆژنامه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن، بینیمان چۆن به‌رده‌وامبونی‌ شۆڕش و سه‌ركه‌وتنی‌ تائێستا هه‌ڵوێستی‌ راگه‌یاندنه‌كانی‌ میسری‌ گۆڕی‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ و گومانه‌وه‌ بۆ لایه‌نگری‌ كردنی‌ و ته‌ئكیدكرنه‌وه‌ له‌ شه‌رعیه‌تی‌.

 شۆڕش هه‌میشه‌ به‌ سپێده‌یه‌ك كۆتایی‌ هێناوه‌ به‌و لێڵبینیه‌ی‌ توشی‌ هه‌ندێك بوه‌، ئه‌وه‌تا شۆڕشی‌ میسر له‌ به‌دیهێنانی‌ خه‌ونه‌كه‌ی‌ نزیك بۆته‌وه‌، نزیك بۆته‌وه‌ له‌گه‌یشتن به‌قۆناغی‌ دوای‌ شۆڕش له‌ به‌دیهێنانی‌ داواكاریه‌كانی‌ كه‌ له‌یه‌كه‌م سه‌عاتی‌ ده‌سپێكردنیه‌وه‌ با نگه‌وازی‌ بۆ ده‌كات.

راست نیه‌ ئه‌وه‌ی‌ تائێستا راگه‌یه‌نراوه‌ له‌و گۆڕانكاری‌ و هه‌مواركردنانه‌ی‌ رژێمی‌ میسر كردونی‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشه‌كه‌ دابنرێت، هه‌مو ئه‌وه‌ی‌ به‌دیهاتوه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ شه‌و رۆژێكدا هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌ كاتێك بارودۆخه‌كه‌ ئاسایی‌ بۆوه‌ و سه‌قامگیر بو، له‌م چاكسازیانه‌ گرنگتر وه‌ك هه‌ندێك ناوی‌ ده‌به‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ حاڵه‌تێكی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ دروستكرد له‌ ته‌واوی‌ شه‌قامی‌ عه‌ره‌بیدا، شتێكی‌ به‌دیهێنا كه‌ پێش چه‌ند رۆژێك له‌ ده‌سپێكردنی‌ وه‌ك موعجیزه‌ ده‌بینرا، هه‌ستكردن به‌به‌هێزی‌ دروست كرد له‌لای‌ گه‌لان كه‌ ده‌توانن گۆڕانكاری‌ بكه‌ن.

بینیتان چۆن ئه‌و گه‌نجه‌ وائل غه‌نیم ده‌ستیكرد به‌گریان كه‌ وێنه‌ی‌ هاوڕێ و براده‌ره‌كانی‌ بینی‌ كوژراون به‌ ده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ رژێم؟ به‌دڵنییایه‌وه‌ بینوتانه‌، به‌ڵام ئایا سه‌رۆكی‌ به‌ڕێز حوسنی‌ موباره‌ك بینی‌؟

راست نیه‌ بوترێت ئه‌وی‌ له‌ میسر ده‌گوزه‌رێت شۆڕشی‌ برسیه‌كانه‌ و ده‌توانریت به‌ كۆمه‌ڵێك بڕیار كۆتایی‌ پێبهێنرێت له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ زیادكردنی‌ موچه‌كان و زیادكردنی‌ پاڵپشتی‌ له‌ شمه‌ك و پێداویستیه‌ زه‌روریه‌كان و چه‌ند شتێكی‌ تر، ئه‌مڕۆ شۆڕشی‌ لاوانی‌ میسر شۆڕشی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ كه‌رامه‌ته‌، گێڕانه‌وه‌ی‌ ئازادیه‌.

نه‌وه‌ی‌ شۆڕشی‌ میسر و پێش ئه‌ویش شۆڕشی‌ یاسه‌مین له‌ تونس نه‌وه‌یه‌كن جیاوازن له‌و نه‌وانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارنی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر حوكمكردنیان راهاتون، نه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ مانای‌ ئازادی‌ ده‌زانێت، ده‌زانێت كه‌رامه‌تی‌ مرۆڤ مانای‌ چییه‌، ده‌زانێت كه‌ وه‌زیر له‌و باشتر نیه‌، ده‌زانێت كه‌ سه‌رۆكیش فه‌رمانبه‌رێكه‌، فه‌رمانبه‌رێكه‌ لای‌ گه‌ل، گه‌ل تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌سه‌ر هه‌مو خاكی‌ نیشتمان، ئه‌ی‌ كه‌واته‌ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی‌ هاوشێوه‌ی‌ وائل غه‌نیم چۆنه‌ كه‌ هه‌مو رۆژێك له‌وڵاته‌كه‌ی‌ خۆی‌ سوكایه‌تی‌ پێده‌كرێت له‌لایه‌ن پۆلیسێكه‌وه‌ كه‌ له‌وانیه‌ نوسین و خوێندنه‌وه‌ش نه‌زانێت؟

ئه‌و كچه‌تان بینی‌ له‌ مه‌نسوره‌ كه‌ هاواری‌ ده‌كرد له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م خۆپیشانده‌ره‌كاندا هاواری‌ ده‌كرد "هاواركه‌ هاواركه‌ ده‌نگت بڵند بێت، ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگ بڵند ده‌كات نامرێت" سه‌رۆكی‌ به‌ڕێز بۆ گوێی‌ لێنه‌بو؟ به‌ڵی‌ نه‌یبینی‌ و و گوێی‌ لێنه‌بو، له‌وه‌ناچێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆره‌ی‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریریشی‌ بینیبێت، پێموانیه‌ بزانێت كه‌ لاوێكی‌ میسری‌ رۆشنبیر و تیگه‌یشتو هه‌یه‌ ناوی‌ وائیل غه‌نیمه‌ خاوه‌ن فكرێكی‌ روناكبیرانه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت وڵات ببنێت جوانتر و باشتر بێت، پێناچێت سه‌رۆكی‌ به‌ڕێز بۆ ته‌نها جارێكیش له‌شه‌وه‌ سارده‌كانی‌ قاهیره‌دا دانیشتبێت و ته‌ماشای‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ جزیره‌ی‌ كردبێت تا ببینێت گه‌له‌كه‌ی‌ چی‌ ده‌ڵێن. سه‌رۆكی‌ به‌ڕێز جگه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ میسر هیچ كه‌ناڵێكی‌ دیكه‌ نابینیت و ته‌ماشا ناكات، ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ی‌ پێی‌ وایه‌ له‌پێناو ئه‌ودا دامه‌زراوه‌، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ هیچ شتێك بڵاونه‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پێی‌ بیتاقه‌ت و سه‌غڵه‌ت بێت، كه‌واته‌ چۆن ده‌سه‌ڵات جێبێڵێت؟ چۆن له‌سه‌ركار لابچێت كه‌ گوێی‌ له‌ نه‌واره‌ نه‌جم نه‌بوه‌ و فرمێسكه‌كانی‌ وائل غه‌نیمی‌ نه‌بینیوه‌، تائێستا تاریق حلمی‌ پزیشكی‌ به‌ناوبانگی‌ نه‌شته‌گه‌ری‌ نه‌ناسیوه‌ كه‌ عیاده‌كه‌ی‌ جێهێشتوه‌ و له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران دابه‌زیوه‌ته‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر و هیچی‌ تری‌ به‌زماندا نایه‌ت جگه‌ له‌ وشه‌ی‌ "بڕۆ"؟

گه‌وره‌م سه‌رۆك تكایه‌ بڕۆ، ئه‌مه‌ هه‌له‌ بۆتۆ و هه‌له‌ بۆ هه‌مو سه‌ركرده‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان، هه‌لێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بحه‌سێنه‌وه‌، لاوی‌ ئه‌مڕۆ به‌بیری‌ گۆڕانكاری‌ ئیجابیه‌وه‌ هاتوه‌ و وازتان لێناهێنێت، ناوه‌ستێت تا ئه‌و په‌یكه‌ره‌ بتیانه‌ی‌ حاكمه‌كان نه‌بینێت كه‌ "كۆن بون" یه‌ك به‌دوای‌ یه‌كدا ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ لاوانی‌ وڵاتن لاوانی‌ ئازادی‌ و كه‌رامه‌ت، لاوانی‌ سپێده‌ی‌ ئاینده‌.

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی‌ العربی‌ قه‌ته‌ری‌

Sbeiy.com © 2007