Print
 لێدوانه‌که‌ی حوسنی موباره‌ک، کاردانه‌وه‌و نیگه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی لێکه‌وته‌وه‌
Saturday, February 12, 2011


(سبه‌ی):
لێدوانه‌که‌ی دوێنێ (پێنجشه‌ممه‌)ی حوسنی موباره‌ک، کاردانه‌وه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی به‌دوای خۆیدا هێناو لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ لێدوانه‌که‌ی سه‌رۆکی میسر.
له‌گه‌ڵ زیاتربونی ناڕه‌زایی و ره‌تکردنه‌وه‌ی لێدوانه‌که‌ی موباره‌ک له‌ناوخۆی وڵاتدا، هاوكات نیکۆلا سارکۆزی سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، خوازیارین میسر به‌ره‌و گۆڕان و دیموکراتییه‌کی راسته‌قینه‌ هه‌نگاوبنێت، نه‌ک گۆڕانێک له‌سه‌ر شێوازی ئێران.
لای خۆشیه‌وه‌ کاترین ئاشتۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا ته‌ئکیدی کرده‌وه‌، که‌ له‌ئێستادا کاتی گۆڕان هاتوه‌ له‌میسر و وتی: موباره‌ک ده‌رگای واڵانه‌کردوه‌ له‌به‌رده‌م چاکسازی ریشه‌یی و به‌په‌له‌.
جیرزی بوزیک، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌وروپاش هێمای بۆ ئه‌وه‌کرد، که‌ داواکارییه‌کانی هاوڵاتیانی داواکاری ره‌وان و پێویسته‌ به‌زوترین کات جێبه‌جێبکرێن، به‌پێویستیشی زانی حکومه‌تێکی نوێ به‌ به‌شداری سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان پێکبهێنرێت.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ گیدۆ فسترفیلی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا مه‌ترسی خۆی له‌به‌رامبه‌ر لێدوانه‌که‌ی وباره‌ک پیشانداو راشیگه‌یاند: مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ که‌ دوای لێدوانه‌که‌ی موباره‌ک خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کان فروانتر بن و بارودۆخی میسر ئه‌وه‌نده‌ی تر به‌ره‌و ئاڵۆزی بچێت.
هه‌ر دوابه‌دوای لێدوانه‌که‌ی موباره‌ک، له‌ نیویۆرکه‌وه‌ ئیهۆد باراک وه‌زیری به‌رگری ئیسرایل رایگه‌یاند، که‌ گه‌کی میسر بڕیار خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسیان ده‌ده‌ن و ئێمه‌ش وه‌ک ئیسرائیل گرنگی ده‌ده‌ین به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی میسر.
له‌هه‌مانکاتدا، جۆن ماکین سیناتۆری کۆماری له‌ئه‌مه‌ریکا نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر لێدوانه‌که‌ی موباره‌ک ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی گه‌لی میسر به‌رده‌وامی ده‌بێت و پێویسته‌ گۆڕانی ریشه‌یی له‌میسر ئه‌نجامبدرێت.

Sbeiy.com © 2007