Print
 بۆ خالید یوسف
Tuesday, February 15, 2011

شوان ئەحمەد


به‌يادی(هي فوظى)؟ و (حين ميسرة) و (دكان شحاتة) و(كلمنيشكرا)

سینەما، نەك كتێب:

لە هەشتاكانەوە تا بەراییەكانی سەدەی بیست‌ویەك، بەرهەمە تەلەفزیۆنییەكان‌ و كارە سینەماییەكانی (ئوسامە ئەنوەر عەكاشە) ‌و (عاطف طیب) ‌و (خەیری بشارە)‌ و (محەمەد خان)، چا‌وساغ ‌و سەرچاوەی گرنگی من بون بۆ ئاگاداربون لە مێژوی هاوچەرخی میسر‌ و گوێگرتن لە ترپەی دڵی شەقامی میسری، لە رێی ئەوانەوە دەمزانی لە (بۆلاق)‌ و (سەیدە زەینەب)‌و (مەنشیە) چ باسە، وەلێ‌ لەم دە ساڵەی دوایدا كارە سینەماییەكانی دەرهێنەرێكی لاو كە ناوی (خالید یوسف)ە، بۆ من بو بە دەلیلی راستەقینە تا لە ئەحواڵی مەردومی میسر ئاگاداربم.
 
لە هەردو ئەو قۆناغەدا‌و لە ماوەی ئەو سێ‌ ساڵەدا چاوساغی من بۆ گەیشتن بە میسر و بۆ تێگەیشتن لەوەی لە خاكی كینانەدا چی دەگوزەرێت، سینەما بو، نەك كتێب، سەرچاوەی من كلاكێت‌ و سیناریۆ و فیلمە سینەماییەكانی سینەماكارانی میسر بو، نەك كتێب‌ و نوسینەكانی ((غالی شوكری))‌ و ((عەبدولعەزیم رەمەزان)) ‌و ((ئەنیس مەنسور)) ‌و ((یوسف ئیدریس)).
 
خوێندكارە بزێوەكەی ((یوسف شاهین)):
سەد ساڵەی مێژوی سینەمای میسری، پڕیەتی لە دەرهێنەر‌و پڕ كارو بەسەلیقە و خاوەن دنیا بینی، بەڵام لەنێوان ئەو هەموەدا ((یوسف شاهین)) دیارترینیانە.
 
((شاهین))‌و كارەكانی، چ وەك ئەكتەر، چ وەك دەرهێنەر، هەمیشە جێ‌ سەرنجی، نەك سینەماكارانی میسر و ناوچەكە، بەڵكو جێ‌ سەرنجی سینەماكارانی ئەوروپی ‌و جیهانیش بوە، ستایلی ئیشكردنی ئەم پیاوە زۆر جیاوازە لە ستایلی ئیشكردنی دەرهێنەرانی دیكەی وڵاتەكەی، هەر ئەمەش ناوبانگێكی تایبەتی بۆ پەیدا كردبو، سەرقاڵبونی بە مێژوی وڵاتەكەی‌ و نزیكی لە خەم‌ و ئازارەكانی شەقامی میسری، وایكردبو كارەكانی سەنگ ‌و قورساییەكی تایبەتیان هەبێت‌ و جیاوازتر لە بەرهەمە زۆر‌و زەوەندەكانی دەرهێنەرانی دیكەی میسر تەماشا بكرێت.
 
((خالید یوسف)) كە یەكێكە لە دەرهێنەرە جدی ‌و داهێنەرەكانی ئەم قۆناغە تازەیەی میسر، سەرەتای دەستپێكردنی لەگەڵ (یوسف شاهین)دا بو، وەك یاریدەدەری دەرهێنەر، هەر ئەمەش وایكردوە ئەو جدییەت‌و ئاست بەرزییە لە كارەكانیدا رەنگ بداتەوە، (خالید) وەك مامۆستاكەی سەرقاڵی گەیاندنی هەمان پەیامە، پەیامی گەیاندنی خەمی ئینسانە پەراوێز ‌و بەشمەینەتەكانی وڵاتەكەی بە هەمو دنیا، ئەو وەك خوێندكارێكی ژیرو بزێوی ((یوسف شاهین)) وەك بزنس‌ و پرۆژەیەكی بازرگانیی سەیری هونەری حەوتەم ناكات، بەڵكو وەك هونەرێك سەودا و مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، كە شوێنی گەیاندنی پەیامە ئینسانییەكانە، جێگەیەكە بۆ نیشاندانی زوڵم ‌و ستەمی دەسەڵات‌ و سیستمە دیكتاتۆرییەكان ‌و بۆ خستنە روی نوزەو هاواری بێنەواكان.
 
بە كورتییەكەی (خالید یوسف) ئەو پەیامە تەواو دەكات كە مامۆستاكانی نیو سەدە كاری بۆ دەكرد.
(هي فوظى)؟و(حين ميسرة):
 
هونەری ئاستبەرز‌و داهێنەرانە ئەوەیە، كە لە رێی گوێگرتن لە ترپەی دڵی واقیع‌و تێكەڵبون بە خەم‌ و ئازاری ئینسانەكان دەتوانێت پێشبینی روداوەكان بكات ‌و دەتوانێت پێمانبڵێت چی رودەدات.
 
((خالید یوسف)) لەم ساڵانەدا چەند بەرهەمێكی سینەمایی نۆرماڵی پێشكەشكردوین، وەك: (هي فوظى)؟و(حين ميسرة) ‌و (دكان شحاتە)‌ و (كلمنی شكرا) بینەر كە ئەم فیلمانە دەبینێت، دەزانێت خەڵك ‌و خوای میسر گیرۆدەی چین ‌و لەژێر سایەی سیستمێكی پۆلیسیدا ژیان چۆن دەگوزەرێنن، (خالید یوسف)، وەك سینەماكارێكی جدییو خەمخۆری شەقامی میسری لە هەردو فیلمی (هي فوظى)؟و (حين ميسرة)‌دا پێشبینی رودانی ئەو روداوانە دەكات كە لە رۆژی (25)ی كانونی دوەمی (2011) لە گۆڕەپانی (تەحریر)دا رویاندا، لە(حين ميسرة)‌دا هاوارو پەلاماری خەڵك ‌وخوا برسی ‌و رەش‌ و روتەكانی گەڕەك‌ و ناوچە پەراوێزكەوتو دورەدەستەكانی قاهیرە‌و لە (هي فوظى)؟ شدا زوڵم ‌و زۆر ‌و ناحەقی دەوڵەتێكی پۆلیسی ستەمكار دەبینین، كە دواجار بە هاتنە سەر شەقامی خەڵك ‌و خۆكوشتنی (رەجەب) كۆتایی دێت، كە رەمزی دەسەڵاتی ستەمكارانەی (حوسنی موبارەك)‌ و دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەكەیەتی.
 
خەڵكی ئێمە بۆ ئەوەی زیاتر لە مەغزای گۆڕانكارییەكانی ئێستای میسر‌و رق ‌و توڕەیی گەنجانی میسر حاڵی بن، وا چاكترە ئەو دو بەرهەمەی (خالید یوسف) ببینن بە تایبەت (هي فوظى)؟كە تیایدا پێشبینی دۆخێكی هاوشێوەی وەك ئەوەی ئێستا دەكات لە میسر.
 
لە گۆڕەپانی (تەحریر)دا بۆی بگەڕێن:
(خالید یوسف) نمونەی هونەرمەندێك نەبو هەر قسە بكات ‌و بە فیعلی‌ و بە كردار لە خەمی خەڵك ‌و لە ئازارەكانی شەقامی میسری بەدور بێت، ئەو وەك چۆن بەرهەمەكانی كردبوە ئاوێنەی نومای ژیانی مرۆڤە بەشمەینەتەكانی وڵاتەكەی، بەو جۆرەش لە كاتی روداوەكانی ئەم دواییەی میسردا پێ‌ بەپێ‌ لەگەڵ هاوڵاتییاندا‌و لەگەڵ هاوار‌و داخوازییە رەواكانی ئەواندا بو.
 
لە یەكەم رۆژی راپەڕینە جەماوەرییەكەی هاوڵاتییانی میسر لە دژی دەسەڵاتە گەندەڵ ‌و دیكتاتۆرەكەی (موبارەك)، ئەو لە گۆڕەپانی (تەحریر) بو، سەرمەشقی ئەو هونەرمەندانە بو كە تێكەڵ بەو راپەڕینە جەماوەرییە بون، یەكەم كەس بو كە بە ئاشكرا لە كەناڵە ئاسمانییەكانەوە دەركەوت ‌و بوێرانە سەنگەری خەڵكی هەڵبژارد‌ و داوای لە هاوڕێ ‌‌و هاوكارانی دەكرد تەوقی بێدەنگی بشكێنن ‌و بە روی رژێمە دیكتاتۆرییەكەی میسردا بچنەوە.
 
میسر ژمارەیەكی بێ حەد و حیساب سینەماكار و هونەرمەندی هەیە، وەلێ‌ لەم هەلومەرجە تازەیەی وڵاتدا ژماره‌یه‌كی كەم نەبێت هاتنە سەر شەقامەكان‌ و كەوتنە سەركێشی، ئەوانی تریان بێدەنگ بون، یان لەپاڵ دەسەڵاتدا كەوتنە سەر كۆنەی راپەڕینەكە.
 
ئەگەر لەسەر ئاستی ئیعلامی ‌و سیاسیی (وائیل غونێم) ‌و (نەوارە نەجم) دیارترین سیما‌و كارەكتەری ئەو شۆڕشە گەنجانەیەی وڵاتی میسر بوبن، ئەوا لە ریزی هونەرمەندان ‌و سینەماكاراندا (خالید یوسف) سەرمەشق بو، ئەوەی لە فیلمەكاندا نیشانی دەدا‌و داكۆكی لێدەكرد، لە شەقام ‌و گۆڕەپانی (تەحریر)یشدا بە فیعلی سەلماندی، راستگۆیی نوسەر و هونەرمەندانیش لەوەدایە، كە نوسین‌ و هەڵوێستیان كە كارە هونەرییەكانیان ‌و رەفتاریان هاوجوت بن.
 
میللەتانی دیكەی ناوچەكە لەم قۆناغەدا پێویستیان بە گەنجانی وەك (وائیل غونێم)‌ و چالاكوانانی وەك (نەوارە نەجم)‌و هونەرمەندانی بەهەڵوێستی وەك (خالید یوسف) هەیە، كە لە لایەك كارو بەرهەمەكانیان لێوانلێو بێت لە ترپەی دڵی خەڵك‌ و خوای وڵاتەكەیان‌و لە لایەكی دیكەش بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی ‌و ناعەدالەتی‌و ستەمكاری دەسەڵاتداران، كۆ لە هیچ سیستمێكی پۆلیسیی‌و تۆتالیتاری ناكەنەوە.

Sbeiy.com © 2007