Print
 به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، دانیشتوانی ناحیه‌ی زه‌ڕایه‌ن خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامدا
Saturday, February 19, 2011

(سبه‌ی):
به‌هۆی که‌ڵه‌که‌بونی به‌ڵێنه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی حکومه‌ت و چاره‌سه‌ر نه‌کردنی کێشه‌کانیان، شه‌وی (چوارشه‌ممه‌)ی رابوردو ده‌یان که‌س له‌ دانیشتوانی ناحیه‌ی زه‌ڕایه‌ن رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان.
سه‌عات (8:00)ی شه‌وی رابوردو زیاتر له‌ 200 که‌س له‌دانیشتوانی ناحیه‌ی زه‌ڕایه‌نی سه‌ر به‌ شاره‌زور، به‌هۆی نه‌بونی سوته‌مه‌نی‌ و خزمه‌تگوزاری‌ له ‌ناوچه‌که‌یان خۆپیشاندانێکی ناڕه‌زاییان دژی به‌رپرسان و حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدا.
به‌وته‌ی خۆپیشانده‌ران، "له‌گه‌ڵ بونی چه‌ندین کێشه‌ له‌ناوچه‌که‌یاندا، ماوه‌یه‌که‌ به‌ڵێنی پێدانی سوته‌مه‌نیان پێدراوه‌، به‌ڵام تائێستا هه‌ر به‌ڵێن بوه‌و له‌چاوه‌ڕوانی‌ سوته‌مه‌نیدان، له‌کاتێکدا رۆژانه‌ سه‌دان ته‌نكه‌ری‌ نه‌وت به‌و ناوچه‌یه‌دا تێده‌په‌ڕن بۆ گواستنه‌وه‌و ئاودیوكردنی‌ نه‌وت".
خۆپیشانده‌ران بۆ ماوه‌یه‌ک رێگای سه‌ره‌کی سلێمانیان راگرت و له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌كردنی‌ خۆپیشاندان، له‌نێو چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی‌ جام ره‌شه‌وه‌، ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا کرا.
دواتر نوێنه‌ری خۆپیشانده‌ران له‌گه‌ڵ پارێزگاری سلێمانی و به‌رپرسانی ئیداری ناوجه‌که‌ کۆبونه‌وه‌و سه‌عات 11:30ی شه‌و دوای به‌ڵێندانی جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌کانیان، کۆتایی به‌ خۆپیشاندانه‌ک هێنرا.
لای خۆیه‌وه‌ هێرش عه‌بدوڵا، نوێنه‌ری خۆپیشانده‌ران بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌) داواکاری دانیشتوانی زه‌ڕایه‌ن به‌نوسراو بخرێته‌ به‌رده‌م بخرێته‌ به‌رده‌م به‌رپرسان و پاشان بچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌.
نوێنه‌ری خۆپیشانده‌ران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئه‌گه‌ر بێتو بو زوترین کات داوکارییه‌کانیان جێبه‌جێ نه‌کرێت، ئه‌وا خۆپیشاندانێكی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ رێكده‌خه‌ین.
له‌هه‌مانکاتدا به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست (سبه‌ی) که‌وتوه‌، ژماره‌یه‌ک له‌و که‌سانه‌ی به‌شدارییان له‌خۆپیشاندانه‌که‌دا کردوه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون.

بێستون محه‌مه‌د  

Sbeiy.com © 2007