Print
 باوكی‌ رێژوان: داوای‌ یاسایی له‌سه‌ر به‌رپرسی‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ تۆمار ده‌كه‌م
Saturday, February 19, 2011

(سبه‌ی):
باوك و دایكی‌ رێژوانی ته‌مه‌ن دوانزه‌ ساڵ، داوای یاسایی‌ له‌سه‌ر بكوژان و به‌رپرسی‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم تۆمار ده‌كه‌ن، داوای‌ دادگاییكردنی‌ بكوژانی‌ رێژوان ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی) 18-2-2011  له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و له‌ مزگه‌وتی‌ دارۆغا پرسه‌ی یه‌كه‌م رۆژی‌ (رێژوان حاجی‌ عه‌لی‌ كاشی‌) دانرا، كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ دوێنێی شاری‌ سلێمانی‌ كوژرا، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ هاولاَتیانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و هاوڕێیانی‌ دۆستانی‌ رێژوان له‌ پرسه‌كه‌یدا ئاماده‌بون.
رێژوان كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ ماڵی‌ خۆیان بو، له‌گه‌ڵ برا بچوكه‌كه‌یدا پێكه‌وه‌ بون، خاوه‌نی‌ چوار خوشكی‌ دیكه‌یه‌.
حاجی‌ عه‌لی‌، له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌ت بۆ (سبه‌ی‌)، به‌ دڵێكی‌ زۆر غه‌مباره‌وه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ ئه‌و بۆ ئاژاوه‌گێڕی‌ و خۆپیشاندان نه‌چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ئاسیاسێل رۆشتوه‌، له‌وێ‌ فیشه‌كیان پێوه‌ناوه‌ كوشتویانه‌، وتی‌: "من كێشه‌یه‌كیشم له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ دا نیه‌، نه‌ ئیسلامی‌ و نه‌عیلمانی‌، روداوه‌كه‌ زۆر دڵته‌زێنه‌و زوڵمێكی‌ گه‌وه‌ریان لێكردوم، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ بێت من حكومه‌تم ناوێت، به‌لاَم ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ كوڕی‌ منیان كوشتوه‌ و داوای‌ یاسایی له‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و به‌پرسی‌ لقی‌ چوار و بكوژانی‌ ناو لقی‌ چواریش تۆمار ده‌كه‌م".
دڵسۆز عه‌بدولاَ دایكی‌ رێژوان، به‌ده‌نگێكی‌ گریانه‌وه‌ و شین و واوه‌یلاوه‌ ده‌یوت كوڕه‌ نازداره‌كه‌م بۆچی‌ چویت بۆ بازاڕ؟،  وتی‌: "خوا هه‌قی‌ بسه‌نێت، ئێمه‌ داوایی یاسا له‌سه‌ر بكوژانی‌ تۆمار ده‌كه‌ین، كێ‌ ته‌قه‌ی‌ كردوه‌ ئه‌و كوڕه‌كه‌ی‌ منی‌ كوشتوه‌".
هاوڕێیه‌كی‌ رێژوان به‌دڵێكی‌ پڕ له‌ گریانه‌وه‌، ده‌ڵێت: "زۆر ناشیرینه‌ بۆ ده‌سه‌لاَت هاوڕێیه‌كی‌ ئێمه‌ی‌ كوشت!"
شۆخانی‌ خوشكی‌ رێژوان، به‌ده‌نگی‌ گریانه‌وه‌، ده‌یوت برا نازداره‌كه‌م تۆ بۆ كوێ‌ رۆشتی‌؟ یاخو ئه‌وه‌ی‌ ته‌قه‌كه‌ی‌ لێكردی‌ هه‌ردو ده‌ستی‌ له‌ بندا وشك بێت! دوێنێ به‌ جل و پێڵاوی‌ بۆیاخكراوه‌وه‌ رۆشتوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.
ناوبراو، باسی‌ له‌ چۆنیه‌تی‌ هه‌واڵی‌ كوژرانی‌ براكه‌یان پێگه‌شتوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ندینجار په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردوه‌، وه‌لاَمی نه‌داوه‌ته‌وه‌ دواتر یه‌كێك وه‌لاَمی‌ داوته‌وه‌ وتویه‌تی‌ رێژوان برینداره‌ و وه‌رن بۆ نه‌خۆشخانه‌، خه‌ڵكی‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی‌ خۆمان به‌رده‌وام رویانده‌كرده‌ ماڵی‌ ئێمه‌، ئێمه‌ش نه‌مانده‌زانی‌ كه‌ رێژوان برینداره‌ یان مردوه‌؟، دواتر زانیمان كه‌ كوژراوه‌ " ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ فیشه‌كه‌كه‌ی‌ به‌ركه‌وتوه‌ گیانی‌ له‌ ده‌ستداوه‌، یاخوا بكوژانی‌ وه‌ك براكه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ لێبێت" به‌دڵێكی‌ پڕ گریانه‌وه‌ و ده‌نگێكی‌ پڕ له‌ حه‌زینه‌وه‌، وتی‌: "ئه‌بێت چ هه‌ستێك بێت برا تاقانه‌كه‌ت به‌ كوژراوی‌ بۆ بێنه‌وه‌!".
رێكاری‌ ته‌مه‌ن 10 ساڵ، برا بچوكی‌ رێژوان، وتی‌: رێژوانم خۆشده‌ویست، برایه‌كی‌ زۆر باش بو له‌ گه‌ڵمدا.
رێژینی‌ خوشی‌ رێژوان، كه‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دایكدا ده‌گریان، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد دوایین كاتی‌  پێكه‌وه‌ بوین، رۆشتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌لاَم ئه‌و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كاره‌كه‌كه‌مان ته‌واو بو  خواحافیزی‌ له‌من كرد، وتی‌: ده‌ڕۆم كولێره‌ به‌ قیمه‌ ده‌خۆم له‌ دارۆغا،" توخوا بۆ جه‌رگی‌ باوكمیان سوتاند؟ به‌ كرێكاری‌ رێژوانی‌ گه‌وره‌ كردبو، توخوا بۆ جێیهێشتین!".




ئیسماعیل عوسمان

Sbeiy.com © 2007