Print
 به‌یاننامه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌كه‌ی‌ 17ی‌ شوباتی‌ شاری‌ سلێمانی‌
Saturday, February 19, 2011

(سبه‌ی‌):
به‌ناوی‌ خوای‌ گه‌وره‌ و میهره‌بان
جه‌ماوه‌ری‌ به‌شه‌ره‌فی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌
به‌داخ ‌و په‌ژاره‌یه‌كی‌ زۆره‌وه‌ له‌ روداوێكی‌ نه‌ویستراودا پاش نیوڕۆی‌ رۆژی‌ 17/2/2011 كه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ رویدا، كه‌ ژماره‌یه‌ك قوربانی‌ لێكه‌وته‌وه‌، بارودۆخی‌ پارێزگاكه‌مان به‌ره‌و نائارامی‌ و ئاڵۆزی‌ زیاتر ئه‌ڕوات، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌ زۆری‌ لای‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌مان دروست كردوه‌ و زیانێكی‌ گه‌وره‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌ متمانه‌ی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ‌و جه‌ماوه‌ری‌ شاری‌ سلێمانی‌.
ئێمه‌ وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ داوای‌ هه‌رچی‌ زوتر هێوركردنه‌وه‌ و ئاسایكردنه‌وه‌ی‌ بارگرژی‌ ‌و بارودۆخه‌كه‌ ئه‌كه‌ین، كه‌ له‌ئه‌نجامی‌ خۆپیشاندانی‌ هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیانی‌ شاره‌كه‌مان دروست بوه‌، داواكارین له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، كه‌ هه‌مو لایه‌كمان به‌وپه‌ڕی‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ و جدییه‌وه‌ هه‌وڵی‌ هێوركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م بارگرژیه‌ بده‌ین، له‌هه‌مانكاتیشدا داواكارین لیژنه‌یه‌كی‌ بێ‌ لایه‌ن پێك بهێنرێت كه‌ به‌گیانی‌ نیشتیمانپه‌روه‌ریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌یدا بكه‌ن و بۆ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستانی‌ ئاشكرا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌پێناو سه‌روه‌ری‌ یاسادا. هه‌روه‌ها جه‌خت ئه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕین به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نیانه‌ و یاسایی‌ مافێكی‌ سروشتی‌ هاوڵاتیانه‌، له‌ هه‌مانكاتدا هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گای‌ حیزبه‌كان ‌و دام ‌و ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت ئیدانه‌ ئه‌كه‌ین، وه‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هێز و بیركردنه‌وه‌ له‌ توندوتیژی‌ به‌هه‌مو شێوه‌كانیه‌وه‌ ره‌د ئه‌كه‌ینه‌وه‌.
ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماده‌یه‌ له‌ پێناو ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ هه‌ر ئه‌ركێكی‌ پێ‌ بسپێرێت به‌ ئه‌نجامی‌ بگه‌یه‌نێت، داواكارین له‌خوای‌ گه‌وره‌ سه‌بوری‌ قوربانیانی‌ روداوه‌كه‌ی‌ 17ی‌ 2ی‌ سلێمانی‌ بدات ‌و شفای‌ په‌له‌ش بۆ برینداره‌كان بنێرێت.

سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌
18/2/2011

Sbeiy.com © 2007