Print
 رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ سوتاندن و تاڵانكردنی‌ باره‌گاكانی‌ گۆڕان
Saturday, February 19, 2011

(سبه‌ی):

رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، بۆ رای‌ گشتی‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
هه‌روه‌ك گشت لایه‌كتان ئاگادارن, كه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ 17ی‌ شوباتی‌ شاری‌ سلێمانی‌, ره‌فتاری‌ توندوتیژی‌ و تاوانی‌ كوشتن و برینداربونی‌ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ری‌ سڤیلی‌ تێدا ئه‌نجامدرا, كه‌ بوه‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ سه‌رجه‌م رای‌ گشتی‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان, ته‌نانه‌ت به‌ خاڵی‌ وه‌رچه‌رخانێكی‌ ترسناك ده‌ستنیشانكرا, له‌به‌رده‌م كارو چالاكی‌ مه‌ده‌نی‌ و ماف و ئازادییه‌كانی‌ هاولاَتیان و پێشێلكردنی‌ ئاشكرای‌ ناوه‌ڕۆكی‌ یاسای‌ ژماره‌ 11ی‌ رێكخستنی‌ خۆپیشاندانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان, هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ , په‌رچه‌كرداری‌ خێراو نه‌خشه‌بۆكێشراوی‌ به‌دواداهات, له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گاكانی‌ سیاسیی‌ و راگه‌یاندنی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان له‌ شاری‌ هه‌ولێر , قه‌زای‌ سۆران, كۆمه‌ڵگه‌ی‌ بنه‌سلاَوه‌ و شاری‌ دهۆك , به‌وه‌ش ره‌وشی‌ سیاسیی‌ و ئه‌منی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاڵۆزی‌ و نا ئارام لێدروستبو.
 پاشان له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ هێوركردنه‌وه‌ی‌ ره‌وشه‌كه‌و رێگاچاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌دا, لێدوان, به‌یاننامه‌ی‌ جیاجیا و پرێس كۆنفرانس له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم, حكومه‌ت , په‌رله‌مان و مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و حزبه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَت بلاَوكرانه‌وه‌, ئه‌گه‌رچی‌ تێدا جه‌خت له‌سه‌ر خوپیشاندانه‌كه‌و كوشتن و برینداركردن خوَپشانده‌ران شاری‌ سلێمانی‌ و ئه‌نجامدانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونی‌ یاسایی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌, كه‌چی‌ له‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییانه‌ ته‌ره‌فگیری‌ به‌دیده‌كرێت, هه‌روه‌ها له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ وه‌ك بڵێی‌ تاوانی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گاكانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر و دهۆك, روداوێكی‌ ئاسایی‌ بن و یان شتێكی‌ ئه‌وتۆ و بگره‌ هه‌ر هیچ روینه‌دابێت!! له‌ولاشه‌وه‌ روداوی‌ به‌ردبارانكردنی‌ باره‌گای‌ لقی‌ 4ی‌ پارتی‌ له‌ سلێمانی‌ به‌ تاوانێكی‌ گه‌وره‌ بزانرێت و به‌ گولله‌و كوشتاری‌ وه‌لاَم بدرێته‌وه‌و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستن هێزگه‌لێكی‌ گه‌وره‌ی‌ چه‌كداری‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ راپێچی‌ سلێمانی‌ بكه‌ن, كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌یان بوه‌ هۆی‌ ئاڵۆز و مه‌ترسیدارتر كردنی‌ ره‌وشه‌ سیاسیی‌ و ئه‌منییه‌كه‌ی‌ شاره‌كه‌و ته‌واوی‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌چی‌ هه‌ر له‌ولاشه‌وه‌ هێرش و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر (7)حه‌وت له‌ باره‌گاكانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و سوتاندن و تێكوپێكشكاندنی‌ ئامێرو كه‌لوپه‌له‌كان، تالاَنكردن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئاسایش و پارتی‌ و پاشان داگیركردنی‌ ئه‌و باره‌گایانه‌ تا ده‌رچونی‌ ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌, به‌ ئاسایی‌ وه‌ربگیرێت و وه‌ك بڵێی‌ هه‌ر هیچ روینه‌دابێت.
  ئێمه‌ له‌ كاتێدا, ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ بۆ رای‌ گشتی‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان راده‌گه‌یه‌نین, له‌ هه‌مانكاتدا, دوپاتی‌ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه‌, كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان به‌ پێی‌ دیكۆمێنت و لێدوانه‌كانی‌ په‌یوه‌ند به‌ روداوی‌ خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ سڤیلی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ قسه‌كانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان, كه‌ به‌ پێی‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانی‌ ده‌رده‌كه‌وێ‌, هیچ لایه‌نێكی‌ سیاسیی‌ له‌وانه‌ش بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پشت روداوه‌كه‌ نه‌بون, كاتێك له‌ وه‌لاَمی‌ رۆژنامه‌نوساندا, ده‌ڵێت (ئێمه‌ په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ هیچ لایه‌نێك درێژ ناكه‌ین, دڵنیاین له‌وه‌ی‌ هیچ كام له‌و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی‌ كوردستان له‌ پشت ئه‌و روداوه‌ی‌ دوێنێ‌ نین), تا ده‌ڵێت (ئه‌م داواكاریه‌ی‌ ئێمه‌ ته‌نها بۆ روداوه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ نییه‌ به‌ڵكو بۆ هه‌ردو روداوه‌كه‌ی‌ هه‌ولێرو سۆرانیش لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت, به‌لاَم ئه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ بوه‌, بۆ روداوه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ , به‌لاَم هه‌ر زو به‌ هێزی‌ پۆلیس و ئاسایش باره‌گاكانی‌ لایه‌نه‌كانمان پاراستوه‌و ئێمه‌ پشتگیری‌ له‌وه‌ ناكه‌ین, باره‌گاكانی‌ گۆڕان له‌ هه‌ولێرو سۆران بسوتێنرێ‌, ئه‌مه‌ به‌ كارێكی‌ ناڕه‌وا ده‌زانین).
له‌و قسانه‌ی‌ به‌ڕێزیان ته‌واو ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت, كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پشت روداوه‌كه‌ نه‌بوه‌, ئه‌وه‌ش راستی‌ و دروستی‌ قسه‌كانمان ده‌سه‌لمێنێ‌ و ئه‌وان له‌ په‌رچه‌كردارێكی‌ به‌ په‌له‌ به‌لاَم پێشتر نه‌خشه‌ بۆ كێشراو و خۆ بۆ ئاماده‌كراو, له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا حورمه‌تی‌ باره‌گاكانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان له‌ 7 جێگای‌ پارێزگای‌ هه‌ولێرو دهۆك راناگرن و هێرشیان ده‌كه‌نه‌ سه‌ر.
 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ شاری‌ هه‌ولێر, له‌ كاتێكدا تاوانی‌ به‌ گوله‌ وه‌لاَمدانه‌و كوشتن و برینداركردنی‌ خۆپیشانده‌ران به‌ تاوانێكی‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت, داوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ وردیش له‌ روداوه‌كه‌و دادگاییكردنی‌ تاوانباران ده‌كات. هه‌روه‌ها هێرش و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گاكانمان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئاسایش و چه‌كدارانی‌ پارتییه‌وه‌, به‌ پێشێلكاری‌ و كارێكی‌ بێ‌ حورمه‌تكردن بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و دیموكراسی‌ ده‌زانین, بۆیه‌ له‌ لای‌ خۆمانه‌وه‌, جگه‌ له‌وه‌ی‌ رێگای‌ یاسایی‌ و مه‌ده‌نی‌ ده‌گرینه‌به‌ر , داواكاریشین لێژنه‌یه‌كی‌ بێلایه‌ن له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ پێكبهێنرێ‌ و له‌ وردو درشتی‌ روداوه‌كه‌ و ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ لێكۆلێنه‌وه‌ی‌ یاسایی‌ بكات.
 داواش له‌ رای‌ گشتی‌ و خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی‌ كوردستان ده‌كه‌ین , گرتنه‌به‌ری‌ شێوازی‌ توندوتیژی‌ له‌ كاتی‌ چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا چ له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاَت یان لایه‌نێك یانیش له‌لایه‌ن سه‌رپێچیكاران به‌ ره‌فتارێكی‌ نا شارستانی‌ بزانن, داوا بكرێت به‌ پێی‌ یاسا هه‌ڵسوكه‌وت بكرێت.
هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌ ئاست دروستكردنی‌ سیناریۆی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گاو دامه‌زراوه‌كان وریابین, چونكه‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ نه‌ریتێكی‌ پاشكه‌وتوانه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆیه‌ و دژ به‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراسیی‌ و پێكه‌وه‌ ژیانه‌.
     بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر
   19ی‌ شوباتی‌ 2011

Sbeiy.com © 2007