Print
 ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی چاک: به‌رپرسیارێتی کاره‌ساته‌که‌ی سلێمانی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم
Sunday, February 20, 2011

(سبه‌ی):
له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا دژی روداوه‌ خوێناوییه‌که‌ی 17ی شوباتی شاری سلێمانی و ته‌قه‌کردن له‌ خۆپیشانده‌ران، ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی رێکخراوی چاک به‌ توندی خوێنڕشتن و به‌ گوله‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ئیدانه‌و مه‌حکوم ده‌که‌ین.
له‌راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ که‌ وێنه‌یه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه‌ هاتوه‌:"وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌ گوله‌و خوێنڕشتنیان، وه‌ڵامێکی زۆر نا ئینسانیانه‌ و نادروست و نا‌به‌جێیه‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سه‌ره‌تایترین مافی خه‌ڵک بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌وه‌، ئه‌م کره‌وه‌ دڵڕه‌قانه‌، شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌".
ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: "هیچ پاساوێک نیه‌ بۆ به‌کارهێنانی بیکه‌یسی و ته‌قه‌کردن له‌ خه‌ڵکێکی سڤیلی بێ چه‌ک، ئه‌گه‌ر به‌ردبارانیشان کردون، ئه‌گه‌ر ئاگریان له‌ داموده‌ستگایه‌کیش به‌رداوه‌، ئه‌وه‌ رق و کینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه‌ که‌ به‌بێ حورمه‌ت ته‌ماشاکراوه‌و 20 ساڵه‌ گاڵته‌ی پێده‌کرێت".
هاوکات ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی چاک، به‌رپرسیارێتی ئه‌م کاره‌ساته‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و داوا ده‌که‌ن، به‌ زوترین کات، تاواونبارانی ئه‌م ته‌قه‌کردنه‌ بدرێنه‌ دادگا و به‌ سزای یاسایی سزابدرێن و ته‌مێ بکرێن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌
 
                   به‌ گوله‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی داخوازیه‌کانی خه‌ڵكی کوردستان  به‌ تووندی ئیدانه‌و مه‌حکوم ده‌که‌ین
له‌ ماوه‌ی 20 ساڵ حوکمڕانی هه‌ردوو زل هێزی PUK  و PDK دا، خه‌ڵکی کوردستان ده‌رگیری حوکمێکی نادادپه‌روه‌ر و نابه‌رابه‌ر و نادیموکرات بووته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تایه‌ک له‌ ئازادی و دیموکراتی هه‌بوو، ڕێکخراوه‌ شارستانیه‌کان و هه‌ندێک له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و سایته‌ سه‌ربه‌خۆکان و ڕۆشنبیران له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون و که‌وتبوونه‌ ململانێیه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی که‌ دیموکراتیه‌ت و ئازادی و یه‌کسانیه‌کان زیاتر ئاراسته‌بکرێت و ئاورێکی جددی بدرێته‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووتی کوردستان و که‌سوکاری ئه‌نفال کراوان و کیمیابارانکراوان و شه‌هیده‌کانی ڕێگه‌ی ڕزگاری و ئازادی و سه‌روه‌ری.  به‌ڵام مخابن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ گیرۆده‌ی عه‌قڵێکی دۆگمایی و شاخ بووه‌ و ناگۆڕێت!، هیوا نه‌ما به‌وه‌ی که‌ سیاسه‌تێکی کراوه‌ و ڕێزی سیاسی بۆ را جیاوازه‌کان دانبنرێت، هیوا نه‌ما‌ به‌وه‌ی که‌ به‌ ده‌نگ داخوازیه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ بێن و ڕێز بۆ هاواری ڕه‌شوڕووتی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردساتن دابنێن ، هیوا نه‌ما به‌وه‌ی که‌ حیزبه‌کان ئه‌وه‌نده‌ خۆیان به‌ پیرۆز و خه‌ڵکی گشتی و که‌سانی سیاسی و خاوه‌ن دیدگا جیاوازه‌کان به‌ بچوک سه‌ریر نه‌که‌ن، هیوا نه‌ما به‌وه‌ی که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سنورێک بۆ گه‌نده‌ڵیه‌کان دابنێت، به‌ ئاشکرا و به‌به‌رچاوی خه‌ڵکی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستانه‌وه‌ سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان ونه‌وتی کوردسان ده‌فرۆشرێت و ده‌چێته‌ گیرفانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌، به‌ ئاشکرا به‌ هه‌زاران دۆنم زه‌وی کوردستان دابه‌شکرا بۆ حیزبه‌کان و ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی و ده‌سه‌ڵات داران، کوردستانیا کرد به‌ وه‌زیرستان و به‌ سه‌دان که‌سی مردو و که‌سانی ناکورد و که‌سانی ناشیسته‌یان به‌ پله‌ی وه‌زیری خانه‌ نشین کرد له‌سه‌ر حسابی پاره‌و پولی خه‌لکی ڕه‌شوروتی کوردستان. به‌سه‌دان ملوێن دۆلاریی فرۆشتنی نه‌وت و کۆنتراکته‌ نه‌وتیه‌کانیان به‌ ناوی شیرینی و پڕۆژه‌ دروستکردنه‌وه‌ حه‌په‌لوشکرد، که‌ هیج جۆر شه‌فافێتیکی تیا نیه‌ و که‌س نازنێت چۆنه‌و چۆن نیه‌!. ده‌یان خۆپیشاندان له‌ شاره‌کان و ناوچه‌کانی کوردستاندا کرا دژبه‌و واژوکردنه‌ی  له‌سه‌ر یاسای خۆپیشاندانکرا، چه‌ندین ووتاری له‌سه‌ نووسرا، چه‌ندین نامه‌ی کراوه‌ نێردا بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، چه‌ندین که‌مپینی بۆ سازکرا و به‌ سه‌دان واژوکۆکرانه‌وه‌ له‌ دژی ئه‌و واژوکردنه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان وه‌ڵامبداته‌وه‌ به‌و هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه‌، سه‌فه‌ری کوردستان ده‌کات و ڕێز بۆ قسه‌ی خه‌ڵکی کوردستان دانانێت!!. چه‌ندی خۆپیشاندان کرا له‌سه‌ر دیاریکردنی چاره‌نووسی بێ سه‌روشوێنکراوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ بۆ یه‌کجاریش سه‌رۆکی هه‌رێم و په‌رله‌مان وه‌ڵامی خه‌ڵکیان نه‌دایه‌وه‌!!!.
 له‌وه‌لاشه‌وه‌ خه‌ڵک بێکاره‌بایه‌، ئاوی خواردنه‌وه‌ی ته‌ندروست نیه‌، ده‌رمانی باش نیه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌ و ده‌رمانخانه‌کاندا، به‌ ده‌یان هه‌زار که‌س له‌ ده‌رچوانی زانکۆکان کاریان ده‌ستناکه‌وێت، ژێرخانی ئابوری کوردستان به‌ جارێک هه‌ڵته‌کیوه‌‌، که‌ سه‌وزه‌و میوه‌ و ته‌ماته‌ و ته‌ڕه‌تور و گۆشت و برنج له‌ بازاڕه‌کانی ئێراون و تورکیاوه‌ دێته‌ کوردستان، بازاڕه‌کانی ئێران و تورکیا و سوریای ناحه‌ز به‌ گه‌لی کورد و دوژمن به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی کورد، له‌ نێوان یه‌کتریدا پێشبڕکێیانه‌ بۆ زیاتر هه‌نارده‌کردنی کاڵاکانیان بۆ کوردستان، له‌سه‌ر حسابی وێرانکردنی ژێرخانی ئابوری کوردستان.  هه‌موو  ماواده‌کانی خواردن و خواردنه‌وه‌ و جل وبه‌رگ و مواده‌ کاره‌باییه‌کان نزمترترین کوالیتێتیان هه‌یه‌ و کۆنترۆڵکردنێکی ئه‌و تۆ نیه‌ بۆ ئه‌م کاڵایانه‌ی که‌ دێنه‌ ناو کوردستانه‌وه‌، ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌ تێکه‌ولێکه‌ی حیزب و حوکومه‌ت و ناسه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی.  له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ چه‌ندین ده‌ستگای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌ ده‌سه‌ڵات که‌ به‌سه‌دان هه‌زار دۆلاریان بۆ خه‌رج ده‌کرێت ساڵانه‌ و بوون به‌ پشتیوانی بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ وه‌ڵام به‌ داخوازیه‌کانی خه‌ڵک ناده‌نه‌وه، ئه‌م ده‌ستگایانه‌ به‌ سادان که‌سی بێ سه‌لیقه‌ و مشه‌خۆری تێ خزێنراوه‌، که‌ به‌ هۆی نه‌بوونی شاره‌زاییانه‌وه‌ له‌ زمان و ڕێزمانی کوردیدا و به‌ هۆی ناوچه‌گه‌رێتیی و حیزب حیزبێنه‌وه‌ زه‌ره‌رێکی زۆریان داوه‌ له‌ زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی‌.  په‌روه‌رده، ‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌ بنه‌ماکانی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی و گه‌شه‌ی‌ مرۆڤ، چاکسازی تیادا نه‌کراوه‌، به‌ ده‌یان جار قوتابیان خۆپیشاندانیان کردو داوای چاکسازیان کردو ئه‌نجام پشتگوێخران.  هه‌موو ئه‌و خزمه‌ت گوزاریانه‌ی که‌ کراون، وه‌ک ته‌لارسازی و ڕێگه‌و بان و دروستکردنی پارک له‌ ناو شاره‌کاندا و پرۆژه‌ی ئاو ئاوه‌ڕۆ و هێنانی سه‌یاره‌ی مۆدێل به‌رز بۆ کورددستان زۆر بێ پلانی و نه‌بوونی عه‌قڵێکی ستراتیژی ئابووری پێوه‌ دیاره‌.  له‌ ماوه‌ی ئه‌م 20 ساڵه‌دا، ده‌یه‌کێکی ئه‌و پاره‌وپوله‌ی ساڵانه‌ و به‌ ئاشکرا بۆ ئه‌م دووحیزبه‌ خه‌رج ده‌کرێت نه‌خراوه‌ته‌ ڕاژه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌،  سه‌دان ڕاپۆرت له‌ ده‌ستگاکانی چاودێری دارایی و داموده‌ستگاکانی حکومه‌ت خۆیه‌وه‌ گه‌ینرایه‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، زۆر به‌ که‌می نه‌بێت به‌ دواچوونی بۆ نه‌کراوه‌ و لێپرسینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌کراوه‌.  به‌ سه‌دان داموده‌ستگای حیزبی هه‌ن که‌ له‌سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تی دارایی و بودجه‌ی ساڵانه‌ی کو‌ردستان‌ ده‌ژین و هیچیشیان بوونیان پێویست نیه‌ و هیچ ڕاژه‌یه‌ک به‌ خه‌ڵکی کوردستان ناگه‌یه‌نن، به‌ ده‌یان هه‌زار که‌س به‌ به‌تاڵه‌ی موقه‌نه‌عه‌ ته‌عین کراون وپاره‌ و پولی خۆرایی وه‌رده‌گرن.  سه‌ره‌ ڕای ئه‌مانه‌ هه‌مووی مه‌سه‌له‌ی که‌س وکاری ئه‌نفالکراوان و کیمیابارانکراوان که‌ کوردیان به‌ جیهان ناساند پشتگوێخراون و ساڵانه‌ چه‌ندین که‌س به‌ کاریگه‌ری ژه‌هری کیمیای له‌ هه‌ڵبجه‌و شوێنه‌کانی تری کوردستان که‌ کیمیاباران کراون ده‌مرن.  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ پرسی که‌رکووک خراوه‌ته‌ مه‌عمه‌عه‌ی ده‌ستور و یاسایه‌کی بێ متمانه‌و هه‌ڕه‌شه‌لێکراوه‌وه‌، ناو‌چه‌ دابراوه‌کانی کوردستان جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ ڕه‌وشێکی ناله‌باردان، له‌ ڕوی سیاسیشه‌وه‌ بێڕیزیان پێده‌کرێت به‌وه‌ی که‌ لای ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ ناوچه‌ ناکۆکیکان ناوده‌برێن. پێگه‌ی کورد له‌ عێراقدا تا ئه‌و ئاسته‌ نزمبووته‌وه‌ که‌ بووه‌ به‌ قوربانیی بۆ وه‌رگرتنی وه‌زیفه‌ باڵاکانی ئه‌م دوو حیزبه‌.
هه‌موو ئه‌مانه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمانکردن 20 ساڵه‌ خه‌ڵکی له‌ سایه‌یی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ستیه‌وه‌ و خه‌ڵک هاواری چاکسازی ده‌کات.  ئه‌م که‌مته‌رخمه‌یی و پشتگوێخستنه‌ی خه‌ڵک بووه‌ به‌ داخوازی ڕۆژانه‌ی هه‌موو خه‌ڵک و که‌سانی سیاسی سه‌ربه‌خۆ و ڕۆشنبیران و ڕێکخراوه‌ شارستانیه‌کان.  له‌دوای ئه‌م بیست ساڵه‌و دوای ئه‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیه‌ خێراکانی جیهان وه‌ک فه‌یسبووک وتویه‌تر و ئینترنێت و ته‌له‌فوونی موبایل  چاوی گه‌نجان و لاوانی وڵاتانی تونس و میسری کرده‌وه‌ و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینیان کردو دیکتاتۆره‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌یان ده‌رکرد له‌ وڵات، به‌شێک له‌م چاوکراوه‌یه‌تیه‌ گه‌یشته‌ کوردستان و خۆپیشاندان له‌ شاری سلێمانی له‌ رۆژی 17 ی ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستیپێکرد. دیسان ئه‌مرۆ که‌ 19 مانگه‌ خۆپیشاندان ده‌ستی پێکرده‌وه.  له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ عه‌قڵ وه‌ڵامی خه‌ڵک بداته‌وه‌ و سه‌یرێکی ده‌روروپشتی خۆیان بکه‌ن، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و عه‌قڵه‌ دۆگمایه‌یی که‌ ده‌ڵێت گۆران له‌ مندا نیه‌و من به‌ خوێن هاتووم به‌ خوێنیش ده‌رۆم!!، کاره‌ساتێکیان دروستکرد و ده‌ستیان به‌ کۆمه‌ڵکوژی خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ران کرد و له‌ ئه‌نجامدا کوڕێکی گه‌نج به‌ ناوی کاکه‌ ڕێژوان شه‌هید بوو و 57 که‌سی تریش بریاندار بوون.

ئێمه‌ له‌ ناوه‌دی چاک، به‌ تووندی ئه‌م خوێنڕشتن و به‌ گوله‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌یی خۆپیشانده‌ران به‌ تووندی ئیدانه‌و مه‌حکوم ده‌که‌ین، ئه‌م وه‌ڵامه‌ وه‌ڵامێکی زۆر نا ئینسانیانه‌ و نادروست و نا‌به‌جێیه‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سه‌ره‌تایترین مافی خه‌ڵک بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌وه‌.
ئه‌م کره‌وه‌ دڵڕه‌قانه‌، شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.  هیچ پاساوێک نیه‌ بۆ به‌کارهێنانی بیکه‌یسی و ته‌قه‌کردن له‌ خه‌ڵکێکی سڤیلی بێ چه‌ک، ئه‌گه‌ر به‌ردبارانیشان کردون، ئه‌گه‌ر ئاگریان له‌ داموده‌ستگایه‌کیش به‌رداوه‌، ئه‌وه‌ ڕق و کینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه‌ که‌ به‌ بێ حورمه‌ت ته‌ماشاکراوه‌، که‌ 20 ساڵه‌ گاڵته‌ی پێده‌کرێت و پێی دوه‌ترێت:  په‌نجه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌کان!، له‌ هه‌موو دنیادا دزیی هه‌یه!  ژن کوشتن هه‌یه‌!! ئێوه‌ ئاژه‌وچین و ده‌تانه‌وێت ئه‌م ئه‌زموونه‌مان لێتێکبده‌ن!!، ئه‌م ئه‌زموونه‌ هه‌ر به‌ ئێمه‌ ده‌پارێزرێت!!. ئێوه‌ بیرتان چۆته‌وه‌ به‌عس چی پیکردن!! ئێوه‌ تابوری پێنجن!! ئێوه‌ ده‌ستی ده‌ره‌کی ده‌تانجوڵێنێت!!. به‌ ده‌یان خۆپیشاندان له‌ شاره‌کان و ناوچه‌کانی کوردستاندا کرا دژبه‌و واژوکردنه‌ له‌سه‌ر یاسای خۆپیشاندان، چه‌ندین ووتاری له‌سه‌ر نووسرا، چه‌ندین نامه‌ی کراوه‌ نێردا بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، چه‌ندین که‌مپینی بۆ سازکرا، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان وه‌ڵامبداته‌وه‌ به‌و هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه‌، سه‌فه‌ری کوردستان ده‌کات و ڕێز بۆ قسه‌ی خه‌ڵکی کوردستان دانانێت!!. چه‌ندین خۆپیشاندان کرا له‌سه‌ر دیاریکردنی چاره‌نووسی بێ سه‌روشوێنکراوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ بۆ یه‌کجاریش سه‌رۆکی هه‌رێم و په‌رله‌امان وه‌ڵامی خه‌ڵکیان نه‌دایه‌وه‌!!!
ئێمه‌ له‌ ناوه‌ندی چاک:
ـ  ‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌م کاره‌ساته‌ ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان.
ـ  داواکارین به‌ زووترین کات، تاواونبارانی ئه‌م ته‌قه‌کردنه‌ بدرێنه‌ دادگا و به‌ سزای یاسایی سزابدرێن و ته‌مێ بکرێن.
ـ  داواکارین که‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵکی کوردستان و سلێمان بکات.
ـ  داواکارین له‌ پۆلیس و ئاسایش به‌ شێوازی هێمنانه‌ و له‌سه‌ر خۆ وبه‌ بێ به‌کارهێنانی چه‌ک هه‌وڵ بده‌ن خۆپیشانده‌ران بپارێزن و له‌ هه‌مان کاتیشدا دامو ده‌ستگاکانی حکومه‌ت بپارێزن.
ـ  داواکارین له‌ خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی کوردستان و شاری سلێمانی خۆشه‌ویست، هێمن و له‌سه‌ر خۆبن و هه‌وڵبده‌ن به‌ شێوازی شارستانیانه‌ خۆپیشاندان بکه‌ن.
ـ  دیسان داواکارین له‌ هه‌موو ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ران نه‌یه‌ڵن هیچ حزیزب و قه‌واره‌یه‌کی سیاسی خۆی بکات به‌ خاوه‌نی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌، تا ململانێکه‌ نه‌بێت به‌ ململانێی حیزبایه‌تی. له‌ ڕاستیدا ئه‌م ململانێیه‌ له‌ نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدایه‌.
ناوه‌ندی هه‌ڵبجه‌، دژ به‌ ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد ـ چاک.

Sbeiy.com © 2007