Print
 مامۆستایانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌: ده‌ستبه‌جێ‌ هه‌ر بارگرژیی‌و هێز جوڵاندن‌و داگیركردنێك رویانداوه‌ كۆتاییان پێبهێنرێت‌
Sunday, February 20, 2011

(سبه‌ی):
له‌یاداشتێکدا مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی ئیدانه‌ی روداوه‌که‌ی 17ی شوباتی سلێمانی رۆژانی دواتر ده‌که‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن؛ رشتنی‌ خوێنی‌ كورد به‌ده‌ستی‌ كورد، به‌هێڵی‌ سور‌و گه‌وره‌ترینی‌ حه‌رامه‌كان ده‌زانین.
له‌یاداشته‌که‌دا که‌ وێنه‌یه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه‌، ئه‌وه‌ی تێدا هاتوه‌: "هه‌ر ترس‌و تۆقاندن‌و ته‌قه‌كردن‌و باره‌گا سوتاندن‌و نائارامیی خستنه‌وه‌یه‌كیش له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س‌و لایه‌ن‌و هێزێكه‌وه‌ بێت ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و رشتنی‌ خوێنی‌ كورد به‌ده‌ستی‌ كورد، به‌هێڵی‌ سوور‌و گه‌وره‌ترینی‌ حه‌رامه‌كان ده‌زانین".
ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: مافی‌ راده‌بڕین‌و كۆڕو كۆبونه‌وه‌و خۆپیشاندانی‌ مه‌ده‌نیانه‌، به‌مافێكی‌ سروشتیانه‌ی‌ هه‌ر كه‌س‌و گروپێك ده‌زانین‌ و داواخوازین هه‌مو لایه‌ك به‌گیانێكی‌ به‌رزی‌ كوردانه‌ی‌ هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتییه‌وه‌  مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ بارودۆخه‌كاندا بكه‌ن‌.
هاوکات مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی چه‌ند خاڵێکیان خستوه‌ته‌ڕو، داوا ده‌که‌ن لیژنه‌یه‌كی‌ بێلایه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌مو روداوه‌كانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆك پێكبهێنرێت‌و روداو و كاره‌ساتی‌ تریان بۆ زیاد نه‌كرێت، ده‌ستبه‌جێ‌ هه‌ر بارگرژیی‌و هێزجوڵاندن‌و داگیركردنێك رویانداوه‌ كۆتاییان پێبهێنرێت‌و هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌سه‌ر خۆپیشاندان ده‌ستگیركراوه‌ ئازاد بكرێت.

ده‌قی یاداشته‌که‌

یاداشتی‌ مامۆستایانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌
(یاداشتی‌ یه‌كه‌م)

"هێڵی‌ سوور، ڕشتنی‌ خوێنی‌ كورده‌ به‌ده‌ستی‌ كورد"
- خه‌ڵكی‌ سه‌ربه‌رزی‌ كوردستان
- ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
- سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ عیراق
- په‌رله‌مانی‌ كورستان
- سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی‌ كوردستان
- حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
- ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ریی هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ده‌سته‌ی‌ داواكاری‌ گشتیی
- لایه‌نه‌ سیاسیی‌و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ حكومیی‌و ناحكومییه‌كانی‌ كوردستان
- ده‌زگاكانی‌ ڕاگه‌یاندن
- ڕای‌ گشتیی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌

ئێمه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ مامۆستایانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌‌و وه‌ك به‌شێكی‌ دانه‌بڕاوو له‌خه‌م‌و خواست‌و ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، به‌بڕوابوونی‌ پته‌ومان به‌خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیی‌و سه‌روه‌ریی یاساو ڕێزگرتن له‌ ئازادییه‌كانی‌ یه‌كتر، ناسۆریی خۆمان بۆ ڕووداوه‌كانی‌ 17/2‌و ڕۆژانی‌ دواتری‌ ده‌رده‌بڕین، خه‌م‌و په‌ژاره‌ی‌ خۆمان بۆ قوربانییه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نین‌و ئومێدی‌ چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداركراوه‌كان ده‌خوازین، هه‌ر توندو تیژیی‌و سوكایه‌تیپێكردنێك به‌هێزه‌ سیاسییه‌كان‌و باره‌گاو دامه‌زراوه‌ حكومیی‌و حیزبیی‌و مه‌ده‌نیی‌و مێدیاییه‌كان ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌رترس‌و تۆقاندن‌و ته‌قه‌كردن‌و باره‌گا سوتاندن‌و نائارامیی خستنه‌وه‌یه‌كیش له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س‌و لایه‌ن‌و هێزێكه‌وه‌ بێت ئیدانه‌ ده‌كه‌ین. ڕشتنی‌ خوێنی‌ كورد به‌ده‌ستی‌ كورد، به‌هێڵی‌ سوور‌و گه‌وره‌ترینی‌ حه‌رامه‌كان ده‌زانین، مافی‌ ڕاده‌بڕین‌و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانی‌ مه‌ده‌نیانه‌، به‌مافێكی‌ سروشتیانه‌ی‌ هه‌ر كه‌س‌و گروپێك ده‌زانین‌و ئاماده‌ین هه‌موو تواناكانی‌ خۆمان له‌پێناوی‌ یه‌كترقبوڵكردن‌و دیالۆگی‌ جدییانه‌ی‌ به‌رهه‌مدارانه‌ی‌ له‌ كرداردا به‌رجه‌سته‌بووانه‌دا بخه‌ینه‌گه‌ڕو قه‌ڵغانی‌ پاراستنی‌ هه‌ر هاووڵاتییه‌كی‌ كوردبین له‌هه‌ر شوێنێكی‌ كوردستاندا بێت.
 كوردستان به‌قۆناغێكی‌ هه‌ستیاردا ده‌گوزه‌رێت، جیا له‌هه‌ر كاتێكی‌ تر پێویستی‌ به‌ته‌بایی‌و دڵسۆزیی‌و كرداری‌ دیموكراسیانه‌و مه‌ده‌نیانه‌ هه‌یه‌، تا تێكه‌ڵی‌ زه‌لكاوی‌ ئیستیبدادیه‌ت‌و خواستی‌ پاوانخوازانه‌ی‌ دیكتاتۆریه‌ته‌ هه‌ڵوه‌ریوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌و دنیا نه‌بێت، داواخوازین هه‌موو لایه‌ك به‌گیانێكی‌ به‌رزی‌ كوردانه‌ی‌ هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتییه‌وه‌  مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ بارودۆخه‌كاندا بكه‌ن‌و له‌بری‌ سه‌روه‌ریی ڕابردوو خه‌وی‌ ئاینده‌، خه‌مێكی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و هاووڵاتیانی‌ كوردستان بخۆن، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ داواده‌كه‌ین:

1. لیژنه‌یه‌كی‌ بێلایه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ڕووداوه‌كانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆك پێكبهێنرێت‌و ڕووداوو كاره‌ساتی‌ تریان بۆ زیادنه‌كرێت.
2. ده‌ستبه‌جێ‌ هه‌ر بارگرژیی‌و هێزجوڵاندن‌و داگیركردنێك ڕویانداوه‌ كۆتاییان پێبهێنرێت‌و هه‌ر هاووڵاتییه‌ك له‌سه‌ر خۆپیشاندان ده‌ستگیركراوه‌ ئازادبكرێت.
3. په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕۆڵی‌ به‌رپرسیارانه‌و مێژووییانه‌ی‌ خۆی‌ بگێڕێت‌و خۆی‌ له‌ڕووداوه‌كان به‌دوور نه‌گرێت‌و هۆڵی‌ په‌رله‌مان بكاته‌ سه‌كۆی‌ دیالۆگ‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان‌و ده‌ستبه‌جێ‌ له‌گه‌ڵ‌ نوێنه‌رانی‌ خۆپیشانده‌راندا كۆببێته‌وه‌‌و داواكانیان به‌هێند وه‌ربگیرێن.
4. حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌ركی‌ پاراستنی‌ هه‌موو لایه‌ك وه‌كو یه‌ك جێبه‌جێبكات‌و ڕێ‌ نه‌درێت به‌ پاساوی‌ جیاجیا هه‌ر لایه‌نێك به‌ویستی‌ خۆی‌ ده‌ست بۆ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ كوردستان به‌رێت.
5. شكۆمه‌ندیی بۆ تاك‌و سه‌روه‌ریی بۆ یاساو ماف بۆ زوڵملێكراوان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌و سزای‌ یاسایی به‌سه‌ر هه‌ر كه‌س‌و لایه‌نێكدا جێبه‌جێبكرێت كه‌ سه‌روه‌ریی یاساو ئازادییه‌كانی‌ تاك‌و هێڵی‌ سوور له‌م وڵاته‌دا پێشێلده‌كات.
6. ڕێ‌ له‌ هه‌ر هێرش‌و په‌لاماردانێك بۆ سه‌ر كه‌ناڵه‌ جیاجیاكانی‌ ڕاگه‌یاندن‌و ڕۆژنامه‌نووسان‌و ڕۆشنبیران بگیرێت، كه‌لتوری‌ یه‌كترتۆمه‌تباركردن‌و زمانی‌ نه‌شیاوی‌ زۆرێك له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان بگۆڕێت به‌ ئاراسته‌ی‌ شیاوی‌ پاراستنی‌ هێمنیی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئارامیی بۆ تاك‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان.
7. چیتر له‌ژێر هیچ به‌هانه‌و پاساوێكدا سوكایه‌تیی به‌خه‌ڵك‌و شاری‌ سلێمانی‌ نه‌كرێت‌و هه‌ر كه‌س‌و لایه‌نێك زاتی‌ ئه‌وه‌یانكردووه‌ ڕووی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ بشێوێنن كه‌ شاری‌ زانست‌و زانكۆو ڕۆشنبیریی‌و تێكۆشان‌و ڕاپه‌ڕین‌و قوربانیدانه‌، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ‌ داوای‌ لێبوردن له‌م شاره‌ شكۆمه‌نده‌و خه‌ڵكه‌ جوامێره‌كه‌ی‌ بكه‌ن.


بۆ به‌شداریكردن‌و پشتیوانیكردن له‌م یاداشته‌ ده‌توانن په‌یوه‌ندیی به‌م ئیمه‌یڵه‌وه‌ بكه‌ن:
 [email protected]
facebook: Mamostayani Zanko

Sbeiy.com © 2007