Print
 ئه‌گه‌ری هێرشی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان
Wednesday, July 18, 2007
یاڤوز چێكیرگه‌
له‌توركییه‌وه‌: هه‌ردی‌ محه‌مه‌د عه‌لی‌
رووداوه‌ سیاسییه‌كانی‌ ناو توركیا دانه‌ دانه‌ دێن و هیچیشیان زۆر نابنه‌ بابه‌تی‌ گه‌رمی‌ سیاسی‌، چونكه‌ هێشتا یه‌كێكیان پێی‌ له‌ مه‌یدانی‌ سیاسیی‌ توركیادا دانه‌ناوه‌ ئه‌وی‌ تریان جێی‌ پێ‌ له‌قده‌كات و ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو رووداوه‌ سیاسییه‌كانی‌ تر گرنگتر و له‌ هه‌مووشیان گه‌رموگوڕتر ئه‌گه‌ری‌ هێرشكردنی‌ سوپای‌ توركیایه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش هه‌نگاو هه‌نگاو هه‌واڵی‌ جۆراوجۆر و گۆڕاو رووده‌دات، كه‌ پێده‌چێت له‌ هیچ وڵاتێكی‌ تری‌ دنیادا به‌و جۆره‌ گۆڕانكاری‌ له‌ مه‌یدانی‌ سیاسیدا روونه‌دات وه‌ك له‌وه‌ی‌ له‌ مه‌یدانی‌ سیاسیی‌ توركیادا رووده‌دات به‌ تایبه‌تیش له‌ مانگه‌كانی‌ سێ‌ و چوار و پێنج.
ئه‌م رووداوانه‌ی‌ كه‌ رووده‌ده‌ن به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ری‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كوردستانی‌ عیراق له‌لایه‌ن سوپاوه‌ به‌ هیچ جۆرێك ناكرێت ئێمه‌ وه‌ك رووداوێكی‌ ئاسایی‌ تر سه‌یری‌ بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر و به‌رچاو كاریگه‌ریی‌ له‌ سه‌ر بارودۆخی‌ سیاسیی‌ وڵات هه‌یه‌ و گرنگییه‌كی‌ زۆر و تایبه‌تی‌ هه‌یه‌.

باكوری‌ عیراق

باكوری‌ عیراق له‌ هه‌ركوێ‌ بێت و هه‌رچۆنێك ناو ببرێت تازه‌ بۆته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كورده‌كان و ساڵانێكی‌ زۆر له‌ شه‌ڕێكی‌ نه‌ژادیدا له‌ژێر ده‌ستی‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌ریانهێناوه‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌ ناوچه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌هۆی‌ هاوكاریكردنی‌ ئه‌مریكا و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵیدا و بوونی‌ تاڵه‌بانی‌ به‌ سه‌ره‌ك كۆماری‌ عیراق وایكردووه‌ كه‌ كورده‌كان دۆزی‌ خۆیان به‌ جیهان بناسێنن، كورده‌كان زۆر به‌ باشی‌ رێزی‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌ی‌ خۆیان ده‌گرن و قیمه‌تی‌ ده‌زانن و وا به‌ ئاسانی‌ ناهێڵن توركیا په‌لاماری‌ خاكه‌كه‌یان بدات، گه‌ر حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌ په‌لاماری‌ كوردستان بدات ئه‌وا شه‌ڕی‌ توركیا ده‌بێته‌ دوو شه‌ڕ، یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ‌ په‌كه‌كه‌ و ئه‌وی‌ تریان له‌گه‌ڵ‌ كوردستانی‌ عیراق. له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراقدا كورده‌كان سیاسه‌تێكیان به‌كارهێنا، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و حسابه‌ی‌ بۆ شیعه‌كانیان دانا و ئه‌و هاوكارییه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌واندا هه‌یان بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ سوننه‌كاندا نه‌یان بووه‌ و ده‌كرێت بشڵێین كه‌ كورده‌كان له‌مه‌دا ده‌ستكه‌وتی‌ باشیان هه‌بووه‌.
ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ باشانه‌ی‌ كورده‌كان وای‌ له‌ په‌كه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌مان زیاتر هه‌وڵبده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ سیاسیی‌ له‌و جۆره‌ بۆیه‌ په‌كه‌كه‌ به‌م دوواییانه‌ فشارێكی‌ توندی‌ له‌سه‌ر توركیا و ئێران دروستكردووه‌. ئایا هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ سوپای‌ توركیاوه‌ پێویسته‌؟
هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ سوپای‌ توركیاوه‌ تا چ رادده‌یه‌ك سوودی‌ ده‌بێت له‌لای‌ خه‌ڵك چه‌ند بۆچوونێكی‌ دروستكردووه‌،ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك له‌و رووداوانه‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ روودانی‌ هه‌یه‌ روونبكه‌ینه‌وه‌...
"پێده‌چێت هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ببێته‌ هۆی‌ له‌ناوبردنی‌ په‌كه‌كه‌. گه‌ر هێزه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا هێرشبكه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وا ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ زۆره‌ كه‌ كورده‌كان لێی‌ راستببنه‌وه‌ و به‌رامبه‌ریان بووه‌ستن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ روودانی‌ شه‌ڕێكی‌ قورس و ده‌بێته‌ هۆی‌ بێداركردنه‌وه‌ی‌ كورده‌ خه‌وتووه‌كانی‌ توركیا و ئه‌وانیش هه‌وڵده‌ده‌ن شۆڕشێك به‌رپابكه‌ن. له‌وانه‌شه‌ ئه‌مریكا ته‌داخولی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بكات كه‌ ئه‌مه‌ له‌ هه‌موویان گرنگتره‌، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ به‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاری‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ پۆزه‌تیف به‌سه‌ر پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) دا بشكێته‌وه‌ و بتوانێت ده‌نگی‌ له‌وه‌ زیاتر به‌ده‌سبهێنێت كه‌ پێشتر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كاندا به‌ ده‌ستیهێناوه‌.
له‌وانه‌شه‌ ئه‌م هێرشكردنه‌ی‌ توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یوه‌ندیی‌ سیاسیی‌ (ئاكه‌په‌) و وڵاتانی‌ جیهان كه‌مبكاته‌وه‌.
له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستاندا ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا و فیعلی‌ هاوكاریی‌ خۆی‌ بۆ حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌ دووپات نه‌كردۆته‌وه‌، كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ دوودڵیی‌ لای‌ حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌ دروستكردووه‌ له‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاری‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان و گه‌ر حكومه‌تیش بڕیاربدات ئه‌وا پێده‌چێت پارله‌مانی‌ توركیا بڕیاره‌كه‌ په‌سه‌ندنه‌كات. ستراتیژییه‌تێكی‌ هه‌ڵه‌!
پێویسته‌ توركیا یه‌كێتیی‌ خاكی‌ عیراق بپارێزێت و سه‌روه‌ریی‌ ئه‌و خاكه‌ نه‌شێوێنێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ شێواندن یان ساردبوونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی‌ نێوان توركیا و ئه‌مریكا و وڵاتانی‌ تری‌ جیهان، بۆیه‌ پێویسته‌ توركیا حسابێكی‌ زۆر گرنگ بۆ سنووری‌ عیراق بكات و هه‌وڵی‌ به‌زاندنی‌ ئه‌و سنووره‌ نه‌دات، به‌زاندنی‌ سنووری‌ وڵاتێكی‌ تریش له‌ بێعه‌قڵی‌ زیاتر هیچی‌ تر نییه‌، بۆیه‌ باشتر وایه‌ حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌ له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ به‌ به‌زاندنی‌ سنووری‌ عیراقه‌وه‌ مه‌شغوڵبكات خۆی‌ به‌ ئه‌ندامبوونی‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپاوه‌ مه‌شغوڵبكات باشتره‌.
Sbeiy.com © 2007