Print
 گروپی زانکۆ: داوا ده‌که‌ین ده‌ستبه‌جێ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم به‌ده‌م داواکارییه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ بێن هێزه‌کانی زێره‌ڤانی بکشێنرێنه‌وه‌
Sunday, February 20, 2011

(سبه‌ی):

به‌یاننامه‌ی‌ گروپی‌ زانكۆ
ئێمه‌ وه‌ خوێندكاری‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌، ده‌رباره‌ی‌ رووداوه‌ خوێناویه‌كه‌ی‌ (17)ی‌ شوباتی‌ (2011) به‌رده‌م لقی‌ چواری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌شاری‌ سلێمانی‌، هه‌ست به‌نیگه‌رانیه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌كه‌ن له‌ تێكدانی‌ ئه‌منیه‌تی‌ شار‌و داگیركردنی‌ شار له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ جیهازی‌ ئه‌منی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌. له‌و روه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ "گروپی‌ زانكۆ" وه‌ك گروپێكی‌ فشار راده‌گه‌یه‌نین، هاوكات ده‌سته‌به‌جێ‌ داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و  حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ین، به‌پیر داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بێن‌و گیانی‌ خۆپیشانده‌ران بپارێزن.
داواكارییه‌كانی‌ ئه‌م قۆناغه‌ی‌ ئێمه‌ بریتین ده‌بن له‌:
1- جگه‌ له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ سلێمانی‌، داواده‌كه‌ین هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانی‌‌و هێزه‌كانی‌ تری‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌سنوری‌ پارێزگاكه‌ بكشێنه‌وه‌.
2-راگرتنی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ نامرۆڤانه‌، به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌رانی‌ سلێمانی‌، به‌تایبه‌تی‌ به‌كارهێنانی‌ گولله‌ی‌ زیندوو.
3-هیچ كه‌ناڵێكی‌ راگه‌یاندن حه‌ق به‌خۆی‌ نه‌دات تۆمه‌تی‌ ناڕه‌وا بداته‌ پاڵ خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی‌ سلێمانی‌ وه‌كو تاڵان‌و بڕۆ‌و ئاژه‌وه‌گێڕ.
4-داوا ده‌كه‌ین خۆپیشانده‌ران گیانی‌ ئاشتیخوازانه‌ی‌ خۆیان بپارێزن‌و رێز له‌موڵك‌و ماڵی‌ گشتی‌ بگرن.
5- هه‌موو كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌به‌رپرسیارانه‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردن‌و برینداركرن‌و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر‌و ئازاردانیان، ئیدانه‌ ده‌كه‌ین. به‌تایبه‌ت سوتاندنی‌ كه‌ناڵی‌ نالیا‌و بێسه‌روشوێنكردنی‌ دوو خوێندكاری‌ زانكۆ‌و برینداكردنی‌ خوێندكارێكی‌ راگه‌یاندنی‌ زانكۆكه‌مان.
ئه‌م داواكارییانه‌ له‌كاتێكدا راده‌گه‌یه‌نین كه‌ به‌تامه‌زۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ وه‌ڵامی‌ داواكارییه‌كانین‌و له‌ئه‌گه‌ری‌ به‌پیره‌وه‌ نه‌هاتنی‌، چالاكی‌و جموجۆڵه‌كان ده‌گوازرێته‌وه‌ شه‌قام.

 گروپی‌ زانكۆ- 20ی‌ شوباتی‌ 2011

Sbeiy.com © 2007