Print
 پرسیار، گومان، خەیاڵ، خۆپیشاندان، بەرەنگاری، خوێن، بۆ ئازادی...!
Sunday, February 20, 2011

کامه‌ران عه‌زیز  
هەڵوێستی یەکەم:
ئێمە، یاری قوڕینە نیین...!
میژویەکە دەسەڵاتدارانی بێگانە و خۆماڵی لەسەر خوێن و پشتی ماندوی ئەم میللەتە، قاچ دەخەنەسەر قاچ و جگەرەی عەزمی مەزنی و سەرکەوتنی دەسەڵاتیان دەکێشن... چەندەها ساڵە لەسەر مەتنی کێشە سیاسی و ئابوریەکانی ئەم میللەتە ستەم لێکراوە خۆیان گەورە دەکەن... خۆیان بە دەسەڵات و سەرۆکایەتی دەگەیەنن... هەر بە مانەوەی کێشەکانی ئەم میللەتە بێکەسە دەیانەوێت ئەبەدیەتی دەسەڵات و سەرۆکایەتیان بۆ هەزارەها وەچەی دوای خۆیان مسۆگەر بکەن... دەیانەوێت بە ئایدیا و سیاسەتی پوچی خۆیان، ئیرادەی ئەم میللەتە پوچ بکەنەوە... بە هێز و جەبر و زەبری دەسەڵاتیان، دەیانەوێت جەستەی ئەم میللەتە بهاڕن و ورد ورد بکەن... بە عارەق و شیلەی گیانیان خۆشیان بکەن... بەکوشتن و خوێن و سەرکوت و هەڕەشە نەرمیان بکەن... بۆئەوەی بیانکەن بە قوڕی دەستکرد... تا چیان بوێت بە خواستی خۆیان لێیان دروست بکەن...!

تائێستا هەر دەسەڵاتێکی بێگانە و خۆماڵی، ئەگەر بە ناوی کورد و کوردستانەوە هاتبێت... گەر بە ناوی مافی چارەی خۆنوسینی گەلەوە هاتبێت... گەر بە ناوی عیلمانیەتەوە هاتبێت... گەر بە ناوی دیموکراتی و مافی مرۆڤەوە هاتبێت...! گەر بە ناوی ئایین و خوداوە هاتبێتە سەر حوکم، هەر بۆ چەپاندن و سەپاندن و داگیرکردنی تاکەکانی ئەم میللەتە بەشمەینەتە، سەری دەرهێناوە و گەشەی کردوە...!، بە باوەڕ و نەریت و سیاسەتی وەهمی خۆیان، کەسایەتی و بەهای مرۆیی مرۆکانی ئەم کۆمەڵگایان بۆ زەمەنێک دەستەمۆ کردوە...! بۆ ئەوەی لە هەمو سەردەمەکاندا بە جیا لە ویست و مەهامی خۆیان..لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی هەڵیانبوەشێننەوە و بیانگۆڕن و دروستیان بکەنەوە...!
 
تا هێزی ئەم خەڵکە بەشمەینەتە لە کاتی شەڕەکانیاندا بکەن بە چەک و تفەنگ... لە کاتی رێکەوتن و ئاشتیاندا بکەن بە مێزی گفتوگۆ و ئیمزاکردن... لە کاتی هەڵبژاردن و نەگۆڕینی دەسەڵاتیاندا هەمو میللەت بکەنە یەک فۆرمی پڕ کراوەی یەک دەنگ و یەک بەڵێ...! دەیانەوێت لە کاتی گەندەڵی و دزیاندا، سەرتاپای میللەت بکەن بە رۆبۆرت، رۆبۆرتێکی بە پڕۆگرامکراو... رۆبۆرتێک کە دزی و گەندەڵی و نا عەدالەتی و نا ئینسانی دەسەڵاتداران نەخوێنێتەوە... رۆبۆرتێک کە شەو و رۆژ بەبێ وەستان پارە و سەرمایە تەنها بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی مشەخۆر و مفتەخۆری چاوچنۆک زیاد بکات...!

لە مێژەوە سارتەر گوتویەتی (مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی) منیش لەسەر ئەم بۆچونەی سارتەری فەیلەسوفی چەمکی بون و ئازادی دەڵێم مرۆڤەکانی ئەم میللەتەی ئێمەش وەک میللەتەکانی دیی ژێر سایەی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و گەندەڵەکان، لەدێر زەمانەوە مەحکومن بە(ئازادی)، بۆیە هەردەم ئامادەن هەمو رێگاکانی قوربانی، ببڕن بۆ بەدیهینانی ئازادی...!

بەڵێ مرۆکانی هیچ میللەتێک ئەوەندەی مرۆکانی میللەتی ژێر سایەی دەسەڵاتە کۆنەپەرست و ئایینی و بنەماڵەیی و دیکتاتۆر و گەندەڵەکان مەحکوم نیین بە ئازادی، بۆیە مرۆکانی ئەم میللەتانە هەمو سات ئامادەن گیان و ماڵ و ژیانیان بۆ چراکان و فریادڕەسەکانی سەر رێگای ئازادی ببەخشن...! مرۆکانی ئەم میللەتانە دورترین و قوڵترین مێژوی چەوسانەوەی پڕ لە خوێنیان و بۆ ئازادی هەیە و هیچ میللەتێکی دی لە دنیادا هێندەی مرۆڤەکانی ئەم میللەتانە عەشقی وشەی ئازادی نین...! هێندەی مرۆڤی ئەم میللەتانە وشەی ئازادیان لە دژی دەسەڵاتی بێگانە و خۆماڵی بەرز نەکردۆتەوە و بەکار نەهێناوە...! چونکە لەهەر میللەتێکی دی ئەم دونیایە، مرۆڤەکانی ئەم میللەتانە زیاتر بێبەش و سەرکوت کراون... بێ ماف کراون... بێ بەها کراون و دەکرێن...!

کۆمەڵگایەکی ئازاد و مەدەنی و دیموکراتی هەرگیز ناتوانێت دەسەڵاتێکی شێوا و گەندەڵ و نا عەدالەت قبوڵ بکات و رۆژەکانی تەمەنی لەگەڵیدا بگوزەرێنێت...! هەرگیز ناتوانێت هەستان و بەگژاچونەوە بۆ ئازادی تەئجیل بکات و بسپێرێت بە کاتێکی نادیار...! چونکە هەر کۆمەڵگایەک .. هەر مرۆڤێک ئەو کاتەی هەستی بە کۆیلەیەتی و بەندیەتی خۆی کرد ناتوانێت بۆ چرکەیەک بوەستێت... هەرکاتێک باڵی فڕینی ئازادیی بوژایەوە و باڵی گرت، بەبێ وەستان دەدات لە شەقەی باڵ و دەفڕێت و چاوەڕوانی مۆڵەت لە هیچ هێزی ناکات...!

هەمو مرۆیەکی هوشیار و ئازاد گەر بتواننێت هەر شتێکی دیکەی ژیانی وەلا بنێ و لە بیر بکات ئەوا هەرگیز ناتوانێت ماف و ئازادیەکانی لە بیر بکات، چونکە دەزانێت لە بیرکردنی ئازادیەکانی، مانای قبوڵکردن و بەردەوامی ژێردەستی و کۆیلەیەتی‌یە...! بۆیە بۆ بەدیهێنانی ئازادی هەر ئێستا بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان گڕیان گرتوە و توڕەن، نایەنەوێت لەوە زیاتر لە ژێر باری دزی و گەندەڵی نا عەدالەتی و نا یەکسانی و بێ خزمەگوزاری ژیان بەسەربەرن... نایەنەوێت لەوە زیاتر دەسەڵاتخوازان و پێگەخوازان، یاری بە چارەنوسی ژیانی سیاسی و ئابوری و ئیدارەیان بکەن... دەیانەوێت ئەمجارە بۆ خۆیان ئازاد بن... هەرخۆیان بڕیار لە چۆنیەتی ژیانیان بدەن... نایانەوێت هیچ دەسەڵاتخوازێک بۆ جارێکی دی یاری بە ژیانیانەوە بکات... دەیانەوێت ئەمجارە بەهای ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان پیشان بدەن و نەبنە یاری قوڕینەی دەستی دەسەڵاتخوازە فرسەت تەڵەبەکان...!

Sbeiy.com © 2007