Print
 خوێندكارانی‌ خوێندنی‌ باڵا له‌ شاری‌ ‌خاركۆف (ئۆكراینا)، پشتگیری‌‌ خۆیان بۆ داواكانی‌ جه‌‌ماوه‌‌ری‌‌ خۆپیشانده‌‌ر له‌‌‌ سلێمانی‌ ده‌‌ربڕی‌
Monday, February 21, 2011

(سبه‌ی‌):     
ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ خوێندكارانی‌ خوێندنی‌ باڵا له‌ وڵاتی‌ ئۆكرانیا پشتیوانی‌ خۆیان دوپات ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ داواكانی‌ گه‌نجانی‌ ئازادیخواز له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و دژی‌ ته‌قه‌كردن و كوشتن و برینداركردنی‌ خۆپیشانده‌رانن.
له‌ پشتگیرینامه‌یه‌كدا كه‌ دانه‌یه‌كیان بۆ (سبه‌ی‌) ناردوه‌ هاتوه‌: بۆ جه‌ماوه‌ری‌ به‌شه‌ره‌فی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و هه‌مو گه‌نجانی‌ ئازادیخوازی‌ كوردستان زۆر دڵگرانین به‌و ره‌فتاره‌ توندوتیژانه‌ی‌ كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌مان روده‌ده‌ن، هه‌ر له‌ ته‌قه‌كردنی‌ پاسه‌وانانی‌ لقی‌ 4ی‌ پارتی‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران كه‌ بوه‌هۆی‌ كوشتن و برینداربونی‌ چه‌ندین گه‌نجانی‌ شاری‌ سلێمانی‌.
ئێمه‌ داوای‌ خۆپیشانده‌ران به‌ ره‌وا و راست ده‌زانین و داوا ده‌كه‌ین كه‌ گوێ‌ له‌ داواكارییه‌كانیان بگرن نه‌ك به‌ چه‌ك وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها زۆر به‌ توندی‌ ئیدانه‌ی‌ سوتاندنی‌ ده‌زگای‌ راگه‌یاندنی‌ (نالیا) ده‌كه‌ین و پێمان وایه‌ ئه‌م ره‌فتارانه‌ زه‌نگی‌ مه‌ترسیدارن بۆ ئاینده‌ی‌ وڵاته‌كه‌مان، كه‌ ناتوانرێت گوێ‌ له‌ داوا و رای‌ جیاواز بگیرێت.
هه‌ر له‌ پشتیوانینامه‌كه‌دا خوێندكارانی‌ وڵاتی‌ ئۆكرانیا پشتیوانی‌ له‌ چاكسازی‌ و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و دابڕانی‌ ده‌ستی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن و داواكارییه‌كانی‌ خۆیان له‌ چه‌ند خاڵیچكدا ده‌خه‌نه‌ڕو كه‌ بریتین له‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌:
*هه‌مو ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ ئازاد بكرێن كه‌ له‌ رۆژی‌ 17/2ه‌وه‌ تاكو ئێستا ده‌ستگیركراون.
* دورخستنه‌وه‌ی‌  هێزی‌‌ چه‌‌كداری‌‌ سه‌‌ر به‌‌ حیزبه‌‌كان و پاراستنی‌‌ گیانی‌‌ خۆپیشانده‌‌ران له‌‌لایه‌‌ن پۆلیسی‌ چالاكیه‌‌ مه‌‌ده‌‌نیه‌‌كانه‌‌وه‌‌.
 *به‌‌ دادگا گه‌‌یاندنی‌‌ ئه‌‌و تاوانبارانه‌ی‌‌ ئه‌م ره‌‌شه‌‌كوژیه‌‌یان له‌‌ سلێمانی‌‌ به‌‌ ئه‌‌نجام گه‌‌یاند و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتوان.
*هه‌رچی‌ زوتریشه‌‌ ده‌‌سه‌ڵات ده‌‌ست بكات به‌‌ جێبه‌‌جێكردنی‌ داواكاریه‌‌ ره‌‌واكانی‌
هاونیشتیمانیانی‌ كوردستان و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌.

Sbeiy.com © 2007