Print
 سه‌رده‌می‌ قسه‌ زه‌له‌كان به‌سه‌رچو
Monday, February 21, 2011

شاڵاو مه‌حمود  
قسه‌كردن ئه‌و ده‌نگه‌ بێده‌سه‌ڵات و داماوه‌ی‌ به‌هۆی‌ له‌رینه‌وه‌ی‌ ژێكانی‌ قوڕگه‌وه‌ دروست ده‌بێت، هه‌مومان ئه‌توانین به‌راست و درۆ رۆژرانه‌ ده‌یان و سه‌دانی‌ لێفرێبده‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ پێشینانیش زۆر ده‌مێكه‌ وتویانه‌: (قسه‌ فه‌قیره‌ و هه‌مو كه‌س پێی‌ ئه‌وێرێت) ئه‌گه‌رچی‌ به‌شێكی‌ باش له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتوه‌، ئه‌وه‌ی‌ په‌رپرسانی‌ ئه‌م وڵاته‌ له‌هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌یڵێن سه‌باره‌ت به‌ئازادی‌ و دیمكراسی‌ و رێزگرتن له‌مافی‌ مرۆڤ و بونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسا، جگه‌ له‌قسه‌ی‌ بریقه‌دار بۆ روپۆشكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان هیچی‌ ترنیه‌ و ئه‌مه‌ش چه‌ندجار پێچه‌وانه‌ ده‌رچو، كه‌ ئه‌یانوت جیاوازی‌ زۆره‌ له‌نێوان ئێره‌ و میسر و تونس و ئێمه‌ باشترین.
 
كورد وته‌یه‌كی‌ تری‌ هه‌یه‌ ئه‌ڵێت: (په‌تی‌ درۆ كورته‌) ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌م په‌ته‌ی‌ لای‌ ئێمه‌ له‌په‌ت ده‌رچوه‌ و بوه‌به‌ گوریس و بیست ساڵه‌ به‌درۆ به‌مرۆڤ ئه‌ژمیردرێین، به‌درۆ ریزمان لێده‌گیرێت، به‌درۆ ئازادین و ده‌ژین و ئه‌خه‌وین و گه‌وره‌ ئه‌بین و ئه‌كه‌وین و هه‌ڵه‌ستینه‌وه‌ به‌درۆ ئه‌بینه‌وه‌ به‌براو خۆمان چاك ئه‌كه‌ین و ئه‌مانه‌و ده‌یان شتی‌ تر.
 
دواجار روداوه‌كانی‌ ئه‌م دوایه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌م درۆیانه‌مان لائه‌بات و ئه‌بێته‌ سه‌لێمێنه‌ر و گه‌واهیده‌ری‌ ئه‌و راستیه‌ی‌ كه‌ له‌م وڵاته‌دا بێنرخترین شت به‌لای‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ مرۆڤه‌كانن لێره‌ نرخی‌ مرۆقێك كه‌متر له‌هه‌زار دیناری‌ پاره‌ی‌ بریمه‌ر به‌جۆرێك گیانی‌ 57 گه‌نج و لاوی‌ ئه‌م وڵاته‌ كه‌م بایه‌ختره‌ له‌ شوشه‌ی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ بینای‌ پارتێكی‌ ده‌سه‌ڵاتدار، كه‌هێشتا روننیه‌ ئه‌م بینایه‌ چۆن و به‌پاره‌ی‌ كێ‌ دروست كراوه‌.

 من سورم له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌هه‌میشه‌ وتوم له‌م وڵاته‌دا به‌هیچ جۆرێك ئازادی‌ نیه‌، به‌ڵكو ئازایه‌تی‌ هه‌یه‌ سنوری‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین و ئازادی‌ مانگرتن و ئازادی‌ خوپیشاندانه‌كان تائه‌وشوێنه‌یه‌ كه‌نابنه‌ خه‌ته‌ر بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم، یان تائه‌و كاته‌ی‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ به‌قازانجی‌ خۆیان ئه‌كرێت خۆ ئه‌گه‌رنا به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان رێگه‌یه‌ك ئه‌دۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێوه‌ دنگه‌ ئازاده‌كان بخنكێنن و تاوانبایشیان بكه‌ن به‌كۆمه‌لێك تۆمه‌تی‌ ناڕه‌وا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا به‌خۆپیشانده‌ران ئه‌وترێت ئاژاوه‌چی‌ و گێره‌شێوێن.

پاراستنی‌ ئازادی‌ و هه‌مو مافه‌كانی‌ تری‌ مرۆڤ به‌جێ‌ به‌جێكردنی‌ یاسا ئه‌كرێت، ئێستا له‌ كوردستاندا گوایه‌ كار به‌یاسای‌ خۆپیشاندانه‌كان ئه‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو ناڕه‌زایه‌تیه‌ی‌ له‌كاتی‌ خۆیدا به‌رامبه‌ر ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربڕدرا، تاكه‌ خاڵی‌ ئه‌م یاسیه‌ كه‌ له‌قازانی‌ خۆنیشانده‌ران بێت ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هێزه‌كانی‌ ناوخۆ ئاسیشی‌ خۆپیشانده‌ران بپارێزن باشه‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ بۆ رێگه‌یاندا خوَپیشانده‌ران بگه‌نه‌ به‌رده‌م لق و بۆ رێگه‌یاندا، له‌ وه‌ڵامی‌ چه‌ند به‌ردێكدا گوله‌بارانی‌ خۆپیشانده‌ران بكرێت له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی‌ لقی‌ چواره‌وه‌ له‌كاتێكدا له‌ڕۆژی‌ چوارشه‌مه‌وه‌ هه‌مو هێزه‌كانی‌ ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ له‌حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشی‌ ته‌واو دابون، یان وه‌ك گومان ئه‌كرێت چه‌ند كه‌سێكی‌ ناو ده‌سه‌ڵات ئه‌یانویست ئه‌مه‌ روبدات له‌كاتێكدا خوپیشانده‌رانی‌ به‌رده‌م لق چه‌ند سه‌د كه‌سێك بون، به‌ڵام ئه‌و هیزانه‌ی‌ ناوخۆ له‌ چه‌ند هه‌زارێك زیاترن.

لێره‌وه‌ باجارێكی‌ تر سه‌یری‌ میسر بكه‌ین بزانین جیاوازیه‌كانمان له‌چیدایه‌:
1. له‌ماوه‌ی‌ 18 رۆژی‌ خۆنیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ میسر نه‌ك شكانی‌ شوشه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌، به‌ڵكو ده‌یان باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار سوتێنران ئه‌وش له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌مو خراپیه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ئه‌ستۆی‌ حیزبی‌ حاكمه‌، كارو ره‌فتاری‌ حكومه‌ت له‌هه‌مو دنیا ره‌نگ دانه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌ و بۆچونی‌ پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ بۆ حوكمڕانی‌ و كه‌سیش له‌به‌رده‌م ئه‌و باره‌گایانه‌ خوێن له‌لوتی‌ نه‌هات، به‌ڵام لێره‌ له‌به‌رده‌م باره‌گایه‌ك 57 كه‌س كوژاراو و بریندار هه‌بو.
2. له‌ میسر و تونس دواكاریه‌كان زۆر گه‌وره‌تربون له‌وانه‌ رۆیشتنی‌ سه‌رۆك، به‌ڵام لێره‌ چاكسازی‌ سیاسی‌ و نه‌مانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌ خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ دوای‌ له‌و جۆره‌ بكه‌ین ره‌نگه‌ پێشبینی‌ نه‌كرێت چ كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌تر روبدات.
3. له‌ماوه‌ی‌ 18 رۆژ له‌ میسر هیچ باره‌گایه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆن هێرشی‌ نه‌كرایه‌سه‌ر، به‌ڵام لێره‌ له‌ماوه‌ی‌ 3 رۆژدا چه‌ندین باره‌گای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هه‌رێمی‌ زه‌رد سوتینراون.
4. پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وێ‌ لێره‌ له‌ماوه‌ی‌ 3 رۆژدا تاكه‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ نالیا كه‌ ته‌مه‌نی‌ ته‌نها 72 سه‌عات بو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكرا هێزێكی‌ چه‌كداری‌ 50 كه‌سی‌ هه‌ڵیان كوتایه‌سه‌ر و سوتاندیان، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێكیش هه‌ڕه‌شه‌ی‌ داخستنی‌ KNN كراوه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌ی‌ به‌رده‌وام له‌گرده‌ كۆبۆته‌وه‌ تاكه‌ هۆی‌ به‌سه‌لامه‌تی‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ بێت.
5. له‌ میسر و تونس سوپا بیلایه‌ن بو، نه‌چوه‌ ژێرباری‌ داواكاری‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكه‌وه‌ لێره‌ وه‌زیری‌ سوپا خوی‌ دێته‌ گۆڕه‌پانه‌وه‌ و خه‌ڵك به‌گێره‌شێوێن داده‌نێت و لقی‌ چوار به‌خاون هه‌ق دواجاریش سه‌رۆكی‌ میسر و تونس رۆیشتن، بۆئه‌وه‌ی‌ وڵات توشی‌ كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌ترنه‌بێت، به‌ڵام سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ مته‌قی‌ له‌خۆی‌ بڕیوه‌ و كه‌س نازانێت له‌م كاته‌ ناسكه‌دا له‌كام خه‌ڵوه‌تدایه‌.

دواجار ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ بوترێت بۆئه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌مه‌ خراپتر نه‌بێت، باشتر وایه‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌جیاتی‌ تاوان بار كردنی‌ ئه‌م و ئه‌و له‌جاتی‌ به‌كارهێنانی‌ هێزو كوشتن و لێدانی‌ خۆپیشانده‌ران و بڵاوه‌پێكردن و راوه‌دونانیان، به‌هۆكاری‌ جۆراوجۆر، بیر له‌چاره‌سه‌ری‌ ئاقڵانه‌ و گوێگرتن له‌دواكانی‌ خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵك بكه‌نه‌وه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ توندوتیژی‌ چاره‌سه‌ر نیه‌و ته‌نها توندوتیژی‌ به‌هه‌م دێنێت، بیربكه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ روده‌دات له‌ ئه‌نجامی‌ چاره‌سه‌رنه‌كردن و په‌نگ خواردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌و گرفته‌ زۆره‌كانه‌ له‌ناخی‌ خه‌ڵك دا به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ پێتان وایه‌، ئێستا ده‌یان كه‌س له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان دێت و هاوار ده‌كات كه‌ ئیلتزامی‌ به‌هیچ لایه‌نیكه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام توڕه‌تره‌ له‌وانه‌ی‌ له‌ناو هێزێكی‌ ئۆزسیۆن ریكخراون تادێش ئه‌مانه‌ ژماره‌یان زیاد ئه‌كات و كار وابڕوات كۆنترۆڵی‌ له‌ده‌ست كه‌سدا نامینێت، بیر بكه‌نه‌وه‌ سه‌رده‌می‌ قسه‌ زله‌كان به‌سه‌رچو هه‌مومان له‌و خه‌وه‌ خۆشه‌ خه‌به‌رمان بۆته‌وه‌ تێگه‌یشتین كه‌ جارێكی‌ تر ئێمه‌تان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ به‌رده‌ركی‌ سه‌رای‌ ساڵی‌ سییه‌كان و عه‌وله‌سیستان شه‌هیدكرده‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007