Print
 پرسیار، گومان، خەیاڵ، خۆپیشاندان، بەرەنگاری، خوێن، بۆ ئازادی...!
Monday, February 21, 2011

کامه‌ران عه‌زیز  
      
  هەڵوێستی دوەم:

 کێ پێشمەرگەیە...؟!

هەر کاتێک خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، باسیان لە پێشمەرگە کردبێت، ئەوا زۆر بە سادەیی و سانایی باسیان لە مرۆڤی کردوە  کە تەنها دو بەرە دەبینێت... بەرەی  سەرەکی لە بیر و هۆشیدا هەیە، بەرەی داگیرکار و داگیرکراو... بەرەی چەوساوە و چەوسێنەر، بەرەی زۆردار و زۆر لێکراو، بەرەی عەدالەت و ناعەدالەت، بەرەی ئازادی خوازو بەرەی سەرکوتگەر، بەرەی تێر و بەرەی برسی...! بەرەی هەژار و بەرەی پارەدار...!

پێشمەرگە لە دیدی هاوڵاتیاندا ئەو مرۆڤەیە کە لەم ژیانەدا یەکەمین و گەورەترین هیواو ئومێدی تەنها ئازادی و رزگاری و خۆشگوزەرانی میللەتەکەیەتی، بێجگە لە تموحی مەعنەوی کە دەیەوێت و بەتواناتر بیت... چاوی تیژتر بێت... خوێنی زیاتر بێت... خۆڕاگری و بەرگری زیاتر بێت..تا بتوانیت بەردەوامبێت لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ پاراستن و بەرگری لە کۆمەڵگاکەی... هیچ تموحێکی مادی و ئابوری لە ژیانیدا نییە!

خەڵكی کوردستان پێشمەرگە و رۆڵەکانیان لە یەکدی جیا ناکەنەوە، پێشمەرگە هەرچەند لە روی بایەلۆژی و خوێنەوە  رۆڵەی  هەمو میللەت نی‌یە، بەڵام هەمو میللەت بە رۆلەی خۆیانیان دەزانن.! بۆیە پێشمەرگە زۆر بە ئاسانی بە بێ پرس... بەبێ ترس... دەتوانێت لە نێو میللەتەکەیدا بێت و بچێت...! هەمو سات دەرگای ماڵی ماڵاکانی میللەتەکەی بۆ ئاواڵایە...! پێشمەرگە شەو و رۆژ... بە سەرما و گەرما... خۆی ون ناکا... هیچ کارێکی نهێنی و شاراوەی نی‌یە لە میللەت، چونکە پێشمەرگە بەشێکە... ئەندامێکە لە جەستەی میللەتەکەی...، پێشمەرگە دەینەمۆی هێزی بەرگری و راپەڕین و روبەڕوبونەکانە لەگەڵ دەسەڵاتدا... هێز و دەینەمۆی بیرە جیاوەزەکانی یەک میللەتە... هێزی دێنەمۆی پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکانی وڵاتە گەر پێشمەرگە دابەش بو ناو و نیشانی سروشتی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە میلیشیای حیزبی...!

میللەت ناتوانیت واز لە پێشمەرگە بهێنیت و پێشمەرگەش ناتوانیت هەرگیز واز لە میللەتەکەی بهێنیت، بە جیابونەوەی میللەت و پێشمەرگە هەردو توشی بێهێزی دەبن و بەرەو مەرگ دەچن...! کەواتە پێشمەرگەو گەل تەواوکراو و هاوخەم  و هاو هیوای یەکن...!

پێشمەرگە هەرگیز ناتونێت لە نێو گەڕەک و دێ و شار و وڵاتەکەیدا، لەبەر جیاوازی سیاسی و بیروڕا، هاوڵاتەکیەک ئازار بدا راپێچی زیندانی بکا یان خەڵتانی خوێنی بکا... چونکە خۆی بۆ ئازادی خەبات دەکات...! پێشمەرگە هەرگیز نەک ناتوانێت بەرەنگاری هەستان و راپەڕین و شۆڕشی گەل و میللەتەکەی ببێتەوە، بەڵکو دەبێتە هێزی پشتیوان و بزوێنەر و قوربانی و خۆی لە پێناویدا بەخت دەکات... پێشمەرگە نە دەتوانێت پرچی کیژیكی عاشق بە دەستیەوە بئاڵینێ و بەرەو شوێنی ونبونی ببات... نە دەتوانێت گوللـە بە سەر سنگی گەنجێکی ئازادیخوازەوە بنێت و شەهیدی بکات، چونکە  پێشمەرگە خۆی عاشقی ئازادی‌یە...، هاوپشتی هەمو ئازادیەکانە... ئازادی پرسیار و گومان... ئازادی بیروڕا... ئازادی رەخنە..ئازادی بڕیار و خۆپیشاندان و هاوارکردن دژ بە نا عەدالەتی و ستەم... ئازادی رەتکردنەوەی هەر دەسەڵات و سەرۆکێكی نەویسترا و نەخوازراو... ئازادی چٶنیەتی ژیان کردن...هتد!

پێشمەرگە دژی بڵاوکردنەوەی هیچ رۆژنامەیەکی هەواڵی‌ و فکری و سیاسی نی‌یە، پێشمەرگە هەرگیز رۆژنامەنوس و نوسەر  تیرۆرناکات... زیندانی ناکات... ئازاری نادات، چونکە پێشمەرگە خۆی هەڵگری هەواڵ و موژدەیە... هەڵگری بەیان و پەیامە و دەیەوێت بە ئازادی پەیامی میللەتەکی بە دەست بگات... پەیامەکانی خودی خۆشی بە میللەت بگەیەنێت...!

نەبونی ئەم ئەنانیەتە لە سروشتی کەسایەتی پێشمەرگەدا، ئەوە لە دەرونی هاوڵاتیاندا دروست دەکات کە گەورەترین متمانە بە پێشمەرگە ببەخشن و کەمترین گومانی ناپاکی لێ نەکرێت... بونی ئەم دیسپلین و مەبدەئە لە کەسایەتی پێشمەرگەدا، وا دەکات کە هیچ حیزب و رێکخراو و تاقمێکی دژ بە گەل نەتوانێت هێزی یەکگرتو و سەربەخۆی پێشمەرگە، دەستەمۆ و تەخوین و تەخریب بکات و بیکاتە یاساوڵ و پاشکۆی دەسەڵاتی خۆیی و بە دژی بەرژەوەندی میللەت بەکاری بهێنێت... مێژو ئەو راستیەی بۆ سەلماندوین، کە هێزی هەمو حیزب و دەسەڵاتێک، دژی هەستان و راپەڕینەکانی سەربەخۆی میللەتە...!

بەپێی‌ ئەم پێوەرانەی سەرەوە، ئایا پێشمەرگە وەک هێزێکی ئامادە و سەربەخۆ... وەک هێزی هاوپشتی و بەرەی ستەملێکراو و چەوساوە، لە ئێستای کوردستاندا بونی هەیە...؟! ئایا ئەگەر هێزێک بەناوی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستن و بەرگری لە کوردستان و هاوڵاتیان بونی هەیە...؟ ئەی بۆچی خەڵکی کوردستان لە شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە چەکدارەکانی بە ناوی (پێشمەرگەوە)، دەترسن...؟! ئەی ئەو هێزە چەکدارانە دەبێت ناو بنێین چی کە رێگا لە داوا و خواستەکانی خەڵک دەگرن...؟! ئەو هێزە چەکدارانە دەبێت ناو بنێین (چ هێزێکی چەکدار) کە گوللـە دەنێت بە سنگی کوڕان و کچانی خۆپیشاندارانەوە...؟! لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا ئەرکی بەرگری و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان، لە دەستی داگیکاران و دەسەڵاتە هەمەجی‌یەکان، چ هێزێک هەیە جێی متمانە پێکراوی خەڵکە، تا پشتیوانی لێ بکات...؟!، ئەو هێزە ناوی چییه‌‌ و کام هێزە...؟ ئەگەر وەڵامی باو، یان وەڵامی حیزبەکانی دەسەڵات ئەوە بێت کە (هێزی چەکداری حیزبەکانە) یان هیزی (زێرەڤانی‌یە)، خوێنڕشتن و بریندار و شەهید بونی لاوەکانی ئەم میللەتە لە رۆژەکانی (١٩،١٨،١٧-شوباتی ٢٠١١) کە بە دەستی هێزەکانی پدک رویدا، ئەو راستیەمان بۆ دەرکەوت کە ئەمانە نەک پێشمەرگە و هێزی بەرگری و پارێزەری خەڵکی کوردستان نیین بەڵکو کۆمەڵی چەکداری کوێری بێ کۆنتڕٶل و دور لە هەر بیرکردنەوەکی ئیناسنین، واتا هیزێکی چەکداری میلشیایی و بەربەری دژ بە بەرەی ئازادیخواز و بەشمەینەتی کوردستانن...!

هەر لە شەڕی ناوخۆی شارەکانەوە هێزی پێشمەرگە مانایەکی نەماوە...! جەستە و هێزی پێشمەرگە لە سروشتی خۆی سڕاوەتەوە و مەهامی ئەسڵی هێزی پێشمەرگە لەنێوان حیزبەکاندا ون بوە و تواوەتەوە و پارچە پارچە بوە...! دەستەکانی چەند حیزبێک گرتویەتی و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی گەندەڵ و نا عەدالەتی خۆیان بەکاری دەهێنن...! قاچی چەپی حیزبێکی دی گرتویەتی و قاچی راستی حیزبێکی پێچەوانەی دی گرتویەتی، کە بە دژی ئاراسەتە و ئامەنجەکانی ئەسڵی خەڵک بەبێ ویستی خۆی هەنگاوی پێ دەنێن... مێشکی کە بەرهەمهێنی تێڕامان و هوشیاری و بیرکردنەوەیە لە هەر مافێک، ئەوا هەر ساتەی حیزبێک بەپێی‌ باوەڕ و سیاسەتی وەهمی خۆی بێ هۆشی دەکات...! کەواتە (هێزی پێشمەرگە) بەو پێوەرانەی سەرەوە، بە دیدی سەربەخۆی خەڵکی کوردستان، ئێستا بونی نی‌یە...!

بۆیە دەبێت هەمو هەوڵ بدەین بۆ دۆزینەوەی جەستەی ونبوی پێشمەرگە و هاوسەنگ و هاوتاکردنی لەگەڵ بەرژەوەندی  و ئامانجی سەربەخۆی گشتی میللەت... تا ئەم هێزە بتوانێت بەرگری و پاراستن لە ئیدارە و گوزەران و ژیانی گشتی میللەت بکات...!

ئەوە پێشمەرگە نی‌یە، کە ئێستا جەستەی سەربەخۆی خۆی لە سایە و باوەشی حیزب و دەسەڵاتدا داناوە، لە خزمەت دەسەڵاتدا، کۆێرانە بەبێ ئامانج دەستی لە سەر پەلەپیتکەی چەکێکە کە لولەکەی روی لە سنگی هاوژیان و هاوخەم و هاوکێشەکانی میللەتەکەیەتی... بەڵکو ئەوە هیزێکی بێهۆش و بێ رۆحە، خاڵی‌یە لە هەر مۆرکێکی ئینسانی خاوەن هەست و بیرکرنەوە...!

Sbeiy.com © 2007