Print
 ئێوه‌ سه‌رۆکی میللەتن
Monday, February 21, 2011

فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ ره‌شید  
      
  خه‌می گه‌ورەخه‌می ئازادییه‌ بۆ گه‌لێک که‌خۆی به‌ده‌ستی خۆی سه‌رکوت به‌رهه‌مبێنی، شتێک به‌قه‌د ئه‌وه‌گران و قێزه‌وه‌ن نیه‌ که‌ داواکارییه‌کانی خۆپیشاندان و خەڵکی مەدەنی به‌ڕێژننه‌ی گوله‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، ئیدی وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌ک به‌چه‌کی گه‌رم و لێکه‌وتنه‌وه‌ی مه‌رگ و ده‌یان بریندار له‌ خه‌ڵکی سڤیل و مه‌ده‌نی شاری سلێمانی و کردنی شەقامی گشتی ئەوشارە بەمەیدانی جەنگ پێناسەکردنی عەقڵێکە که‌تاسه‌ر مۆخ سه‌رکوتکه‌ره‌، لەژێر هیچ پاساوێکدا هێنانی هێزو بەڕێخستنی هامه‌ر و ماشێنه‌ زه‌به‌لاحه‌کانی جه‌نگ بۆشارێک کە هەمو مێژوەکەی پڕە لە بەگژداچونەوەی داگیرکاری و زۆرداری رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان ناکرێت، بەسانایی لێیبنواڕین، ئیدی دەستپێکی لەدەستدانی هەمو متمانەیەکە لە دەسەڵاتێک گەربیەوێت جارێکی ترلەگەڵ خەڵکی کوردستان خۆی ئاشتبکاتەوە.

ئەم بەگژداچونەوەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕوی خەڵک دڵنیابونی خەڵکی کورستانە له ‌جوڵه ‌و ده‌ستپێکردنی سات و ئه‌گه‌رێکی نوێ، لەژیانی دیکتاتۆری خۆیی، هیچ جیاوازیکردن و رتوشکردنێکیش له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتێکی لۆکالی ئه‌وها رەفتار و رژێمێکی دیکتاتۆریدا نیه‌ جگه‌ لەشه‌رعیه‌دان به‌سه‌رکوتی ناڕەزاەتییەکانی خەڵک و ئازادی سیاسی.

بەیاننامەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و مەکتەبی سیاسی پارتی لەجیاتی دوای لێبوردن لەخەڵکی سلێمانی زیاتر هەڕەشەکردن بو لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، فازڵ میرانی وەک قسه‌که‌ری مه‌کته‌بی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌ لەسەرشاشەی تەلەفزێۆنەوە ده‌ڵێت ئێمه‌ (ته‌عه‌دامان قبوڵ نه‌کردوە و تەعەداش قبوڵ ناکەین) مەترسییە کەلێرەوە دەستپێدەکات کە کەسانێک لەپشت کایەسیاسییەکانی ئەم هەرێمەوەن و خاوەن دەسەڵاتی رەهان، بەڵام بەعەقڵی خێڵەکییەوە کار و کاردانەوە نیشان دەدەن دور لەلۆژیک و خوێندنەوەیەک بۆدەیان خەڵکی ناڕازی کەبون بەقوربانی.

مه‌سعود بارزانی له ‌زاخۆ بۆ خانه‌قین سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکی رەهایە ئیدی له‌ئه‌گه‌ری هێرشکردنه‌ سه‌رباره‌گایه‌ک یان سوتاندنی باره‌گای لقێکی ئه‌و حیزبه له‌هه‌ر جێگه‌و ناوچه‌یه‌کی کوردستاندا بێت ماناو واته‌ی ئه‌وه‌ نادات که‌ پارتی یه‌کسان کراوه‌ به‌سفر یان پارتی ئاسمانی بەسەردا روخاوە، به‌ڵام لێره‌دا عه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ له ‌داهۆڵی به‌ناو دیموکراسی دێته‌ده‌ر و روه‌ راسته‌که‌ی خۆیمان بۆ نمایش ده‌کات که ‌تاچ ئاستێک بیرده‌کاته‌وه‌ و تاچ ئاستێکیش باوه‌ڕی بە ئازادییەک هه‌یه‌ کە بەناوی هێڵە سورەکانەوە پێوەندکراوە بۆ تەنها خزمەتکردنی حیزب و بەپیرۆز راگرتنی حیزب.

گەر ئاڕاستەی رێپێوانێک بەئاڕاستەی ئەوەبچێت بارەگایەک بەردباران کەن، یان بسوتێنن یان وێنەکانی هەرسەرۆک و سەرکردەیەک بسوتێنن دەکرێت وەڵامەکان مەرگ و فیشەک باران بێت بۆخۆپیشاندەر؟ ئەی رۆژانە لە راگەیاندنەکانەوە هەزارانجار چەمکەکانی ئازادی و دیموکراسی بۆ کۆمەڵانی خەڵک ناخەینە مەزادخانەی سیاسەتەوە، مەینەتبارییەکە لێرەوەدەست پێدەکات کە دوای کوژرانی رێژوان و برینداربونی دەیان کەس لەم شارەدا دەبو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت گەڕانێکیان بەم شارەدا بکردایە و ژوی ئۆپراسێۆن و لێپێچینەوەیان لەڕوداوەکان دروستکردایە، دواتریش لەسەر ئەوناو زڕاندنەی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان لە میدیای جیهانیدا دەستیان لەکارەکانیان بکێشایەتەوە، نەوەک بەپێی وتەکانی نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت به‌رهه‌م ساڵح داوای هێزی زێرەڤانی بۆ سلێمانی بکات و سەرۆکی هەرێم مه‌سعود بارزانی به‌ بەیاننامەیەکیش نەخوازێت داوای لێپێچینەوە لە بکوژانی رێژوان و شێرزاد و سورکێو دەیان برینداربکات، ئاوایه‌ سه‌رۆکایه‌تی میللەت؟

Sbeiy.com © 2007