Print
 گۆڕان هه‌ڵه‌ی‌ كرد
Monday, February 21, 2011

هیوا جه‌مال  
گۆڕان كه‌وته‌ هه‌ڵه‌وه‌ كاتێك داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ كرد له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، چونكه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمدا حكومه‌ت نییه‌ تا هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ (29)ی‌ كانونی‌ دوه‌م له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ (7)خاڵیدا، داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كرد، كه‌چی‌ پارتی‌ ‌و یه‌كێتی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانیان كۆكرده‌وه‌ ‌و به‌توندی‌ به‌رپه‌رچی‌ ئه‌و داوایه‌یان دایه‌وه‌.

ئێمه‌ ده‌مانزانی‌ كه‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی‌ كه‌ ئه‌وان ناویانناوه‌ حكومه‌ت، جگه‌ له‌ ئیداره‌یه‌كی‌ كارگێڕیی‌ كه‌ دو كه‌س به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن، هیچ ئه‌زمونێكی‌ حكومڕانیان نییه‌.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ عیلمولیه‌قین بو لای‌ ئێمه‌، سه‌باره‌ت به‌و چوارچێوه‌ ئیدارییه‌، له‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوه‌وه‌ بوه‌ عه‌ینولیه‌قین ‌و خه‌ڵكی‌ هه‌رێم ‌و ده‌ره‌وه‌ش به‌ چاوی‌ خۆیان ئه‌و بێ حكومه‌تییه‌یان بینی‌.

ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌بێت، چۆن له‌سه‌ر داوای‌ حیزبێك ده‌یان هه‌زار چه‌كدار ده‌ڕژێنه‌سه‌ر جاده‌كان‌و لوله‌ی‌ تفه‌نگه‌كانیان ده‌كه‌نه‌ گه‌نجان.

ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌بێت، چۆن چه‌ندین جۆری‌ چه‌كدار كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌ركێكیان هه‌یه‌ به‌ره‌وڕوی‌ خه‌ڵك ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌بێت، چۆن له‌ چه‌ندین شاری‌ كوردستان، باره‌گای‌ حیزبی ئۆپۆزسیۆن ده‌سوتێنرێت ‌و تاڵانده‌كرێت، بێئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندان هه‌بێت ‌و ته‌جه‌موعی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ له‌ده‌وری‌ هه‌بێت.

ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌بێت، چۆن وه‌ك سه‌رده‌می‌ حیزبی‌ به‌عس ره‌شبگیری ده‌كرێت ‌و بێئه‌وه‌ی‌ فه‌رمانی‌ دادگا هه‌بێت، به‌ كۆسته‌ر خه‌ڵك راپێچی‌ زیندان ده‌كرێت.

ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌بێت، چۆن نوسینگه‌كانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌سوتێنرێن ‌و رۆژنامه‌نوسان ده‌ستگیرده‌كرێن ‌و بریندارده‌كرێن.

ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ كه‌ نایانه‌وێت پێشكه‌وتن روبدات له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا‌و نایانه‌وێت گه‌نجه‌كان ژیانێكی‌ ئاره‌زومه‌ندانه‌ی‌ شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یان هه‌بێت.

ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌لایه‌ن دو حیزبه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گیراوه‌ كه‌ جگه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ هه‌وێی‌ خۆیان له‌گیرفاندایه‌، كه‌سی‌ دیكه‌ سود له‌ خێروبێره‌كه‌ی‌ نابینێت.

بۆ ده‌تانه‌وێت هه‌مان رۆژه‌كانی‌ پێش رۆشتنی‌ بن عه‌لی‌‌و موباره‌ك ببینن، ئێستا هه‌مان سیناریۆ دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ ئێوه‌ باشتره‌ پێش رۆیشتنتان گۆڕانی‌ ریشه‌یی‌ له‌ هه‌رێمدا بڕیار لێبده‌ن ‌و حكومه‌تی‌ ئینتیقالی‌ دروست بكه‌ن.

بۆ ئێوه‌ باشتره‌ كه‌ به‌ زوترین كات وه‌ك  سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ‌و حكومه‌ت ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌.

باشتره‌ وه‌ڵامی‌ داوای‌ خۆپیشانده‌ران بده‌نه‌وه‌، تا زیاتر ‌و زیاتر نه‌بوه‌، باشتره‌ زوتر بڕیاربده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بنه‌ هۆی‌ زیانگه‌یاندنی‌ زیاتر له‌ میلله‌ته‌كه‌مان.

نیشانه‌كانی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ به‌ڕونی‌ دیاره‌‌و پێویسته‌ پێش مه‌وعیدی‌ خۆی‌، بڕیار بده‌ن.

Sbeiy.com © 2007