Print
 زۆرمان پێ وتن، بەڵام نەیانبیست!
Tuesday, February 22, 2011

بابه‌کر دڕه‌یی  
      
  نزیكەی بیست ساڵێكە لەم هەرێمی كوردستانەدا حكومەتێكی خۆماڵی پێكهاتوە، كە خەڵكێكی زۆر لەناوخۆو بەشەكانی تری كوردستاندا لەسەرەتاوە ئومێدی زۆریان لەسەر هەڵچنیبو كە بتوانێ خەونە مێژوییەكانی گەلی كورد، وەك گەلانی تری ژێردەستەی جیهان، لە گەیشتن بەجۆرێك لە عەدالەت و ئازادی و سیستمی خۆبەڕێوەبردن سەقامگیر بكات و زوڵم و زۆری داگیركاران و رژێمە ئیستبدادییەكانی عێراق و دەوروبەر لەبیر بەرێتەوە.

مەخابن... سەران و كاربەدەستانی ئەم نیشتمانە لەدوەم ساڵی حكومڕانییاندا شەڕێكیان هەڵگیرساند كە شەش ساڵی رەبەق درێژەی كێشاو سەدان كەس بونەتە قوربانی و هەزاران تیایدا ماڵویران بون و سەرەنجام پرۆسەی بە سیستمكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان نەیانتوانی تەنەنات بەخێرایی كیسەڵیش پێشڕەویی بكەن.

دوای ئاشتبونەوەی نیوەناچڵی سەرۆك و سەركردەكان و پێكهاتنیان لەسەر دابەشكردنی كوردستان بۆ ئۆردوگای جیا جیای ناوچەیی، سیستمی حكومڕانی لە شێوازی میلیشیایی و حیزبی و بنەماڵەیی نەهاتە دەر، جگە لەهەندێ وردە كاربەدەستی ژێر دەستی حیزب و بنەماڵەكان، شتێك دانەمەزرا ناوی بنرێ (سیستمی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەت) یاخود (شێوازی یاسایی حوکمڕانی) كە لەچوارقوڕنەی دنیادا باوەو هەمو كەس لەم وڵاتەدا خوازیاریەتی و دەتوانێ باس لە باشی و خراپییەكانی بكات.

نزیكەی (10) ساڵە ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەوان و رۆشنبیر و دڵسۆزی ئەم وڵاتە، بەسەدان تەن مەرەكەب و هەزاران تەن كاغەزیان لەوەدا سەرف كردوە، كە ئەم كاربەدەستانە تێبگەیەنن حكومەتكردن بەو شێوازە نابێ كەئەمان دەیبەن بەڕێوە، لەو مەیدانەدا سەدان بۆچون و پیشنیازیان خستەڕو، بەڵام بەداخەوە ئەمان زۆریان پێوتراو هیچیان نەبیست.

پێیان وترا: گەر ئێوە پەرلەمان دادەنێن و دەزگایەك دروست دەكەن بۆ كاری یاسادانان، ئەوا پێویستە وەزیر و كاربەدەستەكانتان ئامادەبن «استجواب» بكریَن و بێنە سەر سەكۆی پەرلەمان بۆ گوێگرتن لە نوێنەرانی میللەت و «تصفیه‌ حساب»...

گەر ئامادە نابن ئەوە بكەن ئەوە لانیكەم و هیچ نەبێ وەڵامی پرسیارە سادەكانیان بدەنەوە و كە نە مەسرەفی وای تێدەچێو نەكاتی زۆر!

كەچی ئەمەشیان نەكردو رێزیان بۆ نوێنەرانی میللەت و حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن دانەناو هیچیان نەبیست... بە مەغروری و بە بەهانەی زۆرایەتی پەرلەمانیەوە سەدان پرسیاریان بێوەڵام هێشتەوە و كاری پەرلەمانیان پەكخست...

بەزمانی سادە لەڕێگەی رۆژنامە سەربەخۆكانەوە بۆیان شیكرایەوە كە نابێ دەسەڵاتدار و حیزب دەست بخەنە ناو كاروباری دەزگای دادوەریی و دادگاكانەوە، كەچی ئەوان لەهەوڵی بێوچاندا بون كام حاكمە حیزبی تر و گوێڕایەڵترە ئەو بكەنە كاربەدەست و پۆستی گەورەی بدەنێ، پێیان وابو گەر دەست لە دادگاكان بكەنەوە، ریسی گەندەڵییەكانیان دەبێتەوە بەخوری و خەڵك سەنگەری مەحكەمەیان لێدەگرێت و پەلكێشی بەردەم دادگایان دەكات...

دەستیان لەیەخەی دەزگای دادوەریی نەكردەوە و كار گەیشتە ئاستێك كە یەكێك لە حاكمە دڵسۆزەكانیان لەسەر چەند وتارو نوسینێك رۆشنبیرێكی ئازای بە (30) ساڵ حوكم دا... بەم سلوكە دەیان رۆشنبیر و رۆژنامەوان لەداخی حاكمە حیزبییەكان زمانی خۆیان دژ بەم دەسەڵاتە توندتر و شەفافتر كردەوە و ویستیان حاڵییان بكەن كە كار وا ناڕوات، بەڵام ئەمان هەر نەیانبیست.

بە زمانی گوڵ و لەڕێگەی راگەیاندنی نەرمونیان و دۆستانەوە و پێیان وتراو درا بەگوێیاندا كە حكومەت و كابینە دەبێ كاراو ئازا بێو لەكاروباری خەڵكی بپرسێتەوە و رێگا لە گەندەڵی بگرێت، بەڵام كردیانە هاشوهوش و بە بەهانەی جۆراوجۆر ئەوەشیان بیر خۆیان بردەوە... لەرێگای سەدان بەڵێنی درۆوە مەسەلەی چاكسازیی و دامەزراندنی دەستەی نەزاهەكانیان بەڕێ كرد و خەڵك و رۆشنبیران و تەنانەت سیاسیی و كۆنە هاوڕێكانی خۆشیان بەنەزان و گێرەشێوێن لەقەڵەمدا، كاتێك وەبیریان هێنرایەوە بۆچی ئەو دو هەزار راپۆرتەی دەزگای چاودێری دارایی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناخه‌نە مەیدانی كردەوەوە و گەندەڵكاران نادەنە دادگا، قڕوقەپیان كردو نقەیان لێنەهاتو ئەمڕۆ و سبەینێیان بە خەڵك كردو بە درۆی شاخدار لە روژنامە و تەلەفیزیۆن و رادیۆكانیانەوە درێژەیان بە رەفتاری هەمیشەییان دا.

كاتێك لە رۆژنامەكاندا بۆیان نوسرا: كوا ئەو چوار ملیار دۆلارەی وەزیری سامانە سروشتییەكان ئەفەرموێ لەداهاتی نەوت وەرگیراوە؟ میدیاكانی خۆیان پڕ كرد لە درۆ و قسەی تریان بەسەرا هێنا. بیری خۆیان بردەوەو وەڵامیان نەدایەوە.

سەردەمێ بەزمانی ئەدەبو بەشێوازی شاعیران دەیان وتار و ستون و كتێب لەسەر تێكەڵكردنی حیزب و حكومەت نوسراو داواكرا سیستمی ملیشیا نەهێڵن، ئەمان گاڵتەیان پێدەهات و ركابەرەكانی خۆیان بەوە تاوانباركرد، كە گوایە نایانەوێ كورد و كوردستان رزگاری بێو هێزی پێشمەرگە هەبێت.
زۆریان پێوترا... بەڵام نەیانبیست...
خەڵك بۆی دەركەوت ئەم بەڕێزانە دەوڵەتی كوردی بەخەونی چۆلەكە و خەیاڵی شاعیران دەزانن... لەو سۆنگەیەوە ساغ بۆوە كە ئەمانە هیچ هەنگاوێكی جەریئانە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان هەڵناگرن و جگە لە رۆژ بەڕێكردن ئەو قسانەی دەیڵێن لە دروشم و هەڕەشە تێناپەڕێت. میللەت تێگەیشت ئەم بەڕێزانە سەروەت و سامانی كوردستان بەهی خۆیان دەزانن، جگە لەخۆیان ریگە نادەن زۆرینەی خەڵك لەسەر فەرشەكە دابنیشن.

ئەمان زۆریان پێوترا... تەنانەت لەهەڵبژاردنی ناو حیزب و دەرەوەی حیزب، لە هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی كوردستان و عێراق،  گاڵتەیان بەنەزاهەت و پاكی و بێلایەنی كرد و حسابیان بۆ ركابەرەكانیان و راگەیاندنە سەربەخۆكان نەكرد.

ئێستا ئیتر كاتی ئەوە هاتوە ببیستن و بەخۆدا بێنەوە، كاتی ئەوە هاتوە هەركەس دەنكە جۆیەكی ماڵی میللەتی خواردبێ، باس بكرێ و كاغەزی ئەستۆپاكی خۆی لە میللەت وەربگرێتەوە، نەك لە سەرۆك حیزب و سەرۆك خێڵەكان.

سەردەمی ئەوە هاتوە كەس رێگەی پێنەدرێ لەتەنیشت سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە دابنیشێتو پیلان لە نوێنەرانی میللەت بكاتو بە بەهانەی چونە دەرەوەی پەرلەمانتارانی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنەوە یاسای بێكەڵك تێپەڕێنێ و پیلان لە خەڵكی وڵاتەكەی خۆی بگێڕێت.

رۆژی ئەوانە تێپەڕیوە..
بەڵێ: زۆرمان پێوتن هیچیان نەبیست...

Sbeiy.com © 2007