Print
 نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ
Wednesday, February 23, 2011

ره‌سوڵ مه‌حمود  
      
دوای سڵاو خۆشه‌ویستیم... بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز و نیشتمان په‌روه‌ر و خه‌مخۆر بۆ نه‌ته‌وه‌که‌تان، ئه‌وه‌ بۆ بیست ساڵ ده‌چێت تاکه‌ شه‌و رۆژێکیش له‌ ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌کانتان غافل نه‌بون بۆ خزمه‌تکردن و پاراستنی سه‌ر و ماڵی گشت هاونیشتمانیه‌کانتان، بۆ پاراستنی پیرۆزه‌کانیان، وه‌ک کوڕ و برا و باوکی ناو کۆمه‌ڵگاکه‌تان مافه‌ڕه‌واکانی تاکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌تان لا پیرۆز و پڕ به‌ها بوه‌، زۆربه‌تان زۆرینه‌ی ته‌مه‌نتان له‌و کارو ئه‌رکه‌ شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یه‌ بردۆته‌ سه‌ر، تاڕاده‌یه‌کی به‌رچاو به‌ کارو کرده‌وه‌کانی ساڵانی رابردوتان له‌ناو جه‌ماوه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌که‌تان، جه‌ماوه‌ری ماندو نه‌ناس و خه‌باتکاری گه‌له‌که‌تان له‌و به‌شه‌ ئازادکراوه‌ی نیشتمانه‌که‌مان، بونه‌ته‌ جێی موتمانه‌ و رێزێکی زۆر بۆیان.

بۆیه‌ وه‌ک ئه‌فسه‌رێکی دڵسۆز بۆ هاوپیشه‌ و هاوڕێ و هاوکاره‌کانم، بۆ هه‌مو کارمه‌نده‌کانی ناو هه‌مو ده‌زگاکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیس، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی ئاسایش، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی پۆلیسی دژه‌ تیرۆر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ره‌گه‌زنامه ‌و ناسنامه‌کان، ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندانی مه‌شق و راهێنان و هه‌مو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناو‌خۆی هه‌رێمی کوردستانن، داواتان لێده‌که‌م وه‌ک رۆڵه‌یه‌کی دڵسۆز به‌نه‌ته‌وه ‌و نیشتمان دڵسۆز به‌ پیشه ‌و ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌که‌تان، ئه‌وه‌نده‌ی بۆتان ده‌کرێت و پێتان ده‌کرێت خۆتان له‌ کاری توندوتیژی به‌دور بگرن، رێز له‌ داواو رای هاوڵاتی و کۆمه‌ڵگاکه‌تان بگرن، کارێک مه‌که‌ن ئه‌و پیرۆزی و خۆشه‌ویستییه‌ی که‌ چه‌ندان ساڵه‌ ره‌نجی بۆ ده‌کێشن و که‌ڵه‌که‌تان کردوه‌ به‌ فه‌رمانی هه‌ندێ به‌ڕێوه‌به‌ری نابه‌رپرس به‌ فیڕۆ بچێت.

به‌ڕێزان لای هه‌موتان مه‌علومه ‌و لای که‌ستان شاراوه‌ نییه‌ که‌ ئه‌وه‌ بۆ شه‌شه‌مین رۆژ ده‌چێت له‌ زۆربه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی نیشتمانه‌که‌مان خۆپیشاندانێکی عادیلانه‌ی جه‌ماوه‌ری شه‌قام هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ شاری ئاشتیخوازی سلێمانی و له‌لایه‌ن زۆربه‌ی چین وتوێژه‌کانی گه‌له‌که‌مان راپه‌ڕین به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ چه‌سپاندنی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و گێڕانه‌وه‌ی مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانی گه‌ل، مامۆستا و قوتابیانی زانکۆ، فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی که‌ چه‌ند ساڵێکه‌ به‌شێک له‌ موچه‌کانیان وه‌‌په‌نانراوه ‌و ده‌خورێت، کرێکار و کاسبکار و پیشه‌وه‌رییه‌کان، دایک و باوک و که‌سوکاری شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانمان به‌ ئه‌نفاڵ و کیمیابارانیشه‌وه‌.

خۆشه‌ویستان: ئێوه‌ی کارمه‌ندانی پۆلێس که‌ رۆژانه‌ مامه‌ڵه ‌و کار به‌ یاسا ده‌که‌ن، هاوکار له‌گه‌ڵ داد و دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کان بۆ چه‌سپاندنی مادده‌ یاساکان به‌ سه‌ر هه‌مو چین و توێژی ناو کۆمه‌ڵگاکه‌مان، ده‌بێ باش له‌وه‌ ئاگادار بن که‌ بێیاسایی کردن له‌ کاره‌کانی رۆژانه‌تان به‌ تایبه‌تی له‌و رۆژه‌ پڕ له‌ هه‌ستیارانه‌ی له‌ ئه‌رکه‌کانتان روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌، ده‌بێ زۆر وریا بن له‌ کارکردنێک که‌ دژ به‌ یاسا بێت و له‌ دوا رۆژ توشی تاوان و شه‌رمه‌زارییه‌کی زۆرتان بکات، بۆیه‌ داواتان لێده‌که‌م ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ ره‌چاو بکه‌ن:
1_ دیاره‌ ئێوه‌ وه‌ک خه‌ڵکانێکی به‌ ئه‌مه‌کی ئه‌م نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یه ‌و وه‌ک که‌سوکاری خۆپیشانده‌ری شه‌قامی شاره‌کانی کوردستان، که‌ ئه‌وانیش کوڕ و برای ئێوه‌ و ئه‌م گه‌له‌ن، وه‌ک پیشه‌ پیرۆزه‌که‌تان ئه‌و ئه‌رکه‌تان ده‌که‌وێته‌ سه‌رشان که‌ سه‌ر و گیانیان بپارێزن.
2_ خۆتان بپارێزن له‌ چه‌ک به‌کارهێنان و ته‌قه‌کردن له‌ خۆپیشانده‌ران، که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌بێته‌ بریندار بون وگیان له‌ ده‌ستدانیان، که‌ دیاره‌ ئه‌م کاره‌ دوره‌ له‌ پیشه‌ پیرۆزه‌ شارستانیه‌که‌تان.
3_ ئێوه‌ وه‌ک توێژێکی گرنگ و گه‌وره‌ی ناو گۆمه‌لگاکه‌مان موڵکی هه‌مو نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ خۆتان به‌ موڵکی هه‌مو لایه‌ک بزانن، خۆ دورگرن له‌ به‌ حیزبی بونی پیشه‌که‌تان.
4_ ئێوه‌ی جێبه‌جێکه‌ر و داکۆکیکه‌ری یاسان، وریا بن به‌رپرسه‌کان به‌لاڕێتان نه‌به‌ن و کاری بێ یاساییتان پێ ئه‌نجام نه‌ده‌ن.
5_ ره‌وشت و کلتوری نه‌ته‌وه‌که‌ی ئێمه‌ دوره‌ له‌ زمانی جوێن و نالایه‌ق به‌ یه‌کتری، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆتان ده‌کرێت له‌ کاتی به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌ پیرۆزه‌که‌تان به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌رانی هاوڵاتی خۆتان خۆدورگرن له‌ زمانی جوێن و ناشیرین. ‌
هه‌ر بژین بۆ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌که‌مان
بژی هێزی له‌ بن نه‌هاتوی گه‌ل

*رائیدی پۆلیسی وازهێناو

Sbeiy.com © 2007