Print
 ئینسانكوشتن...
Wednesday, February 23, 2011

ئاسۆ جه‌بار  
      
  كاتێك هێزێكی نائینسان و كوشندە دەستدڕێژی مەرگ دەكات بە ئاپۆڕەی ناڕەزایی هاوڵاتییانی شاری سلێمانیدا، بێ چەندوچون ئەم فیعلە وەحشیگەرییە تەنیا پێشێلكردنی مافی مرۆڤ نییە بە قێزەوەنترین كردە، بەڵكو ئەمە ستراتیژێكی درێژخایەنە بۆ داپڵۆسین و كوشتن و بێدەنگكردنی كۆمەڵگە، هەوڵێكه بۆ بەرپاكردنی عەنتەریاتی حیزبی و كوشتنی هەمو بەهایەكی ئینسانی، ئەوە شەرعیەتدانە بە تیرۆركردنی خەڵك لەسەر شەقامەكان و بە ئەمری سەرۆك. بۆیە تەنیا ئەوانە تیرۆریست نیین بە بیكەسی لەسەربانی مەرگەوە شەقامەكان خەڵتانی خوێن دەكەن.

ئەم دیاردەیە هەڵگری دنیایەك بەڵگە و شیكاری گرنگە كە لەسەر ئاستی رۆشنبیری و شارستانی و سیاسی دەرخەری ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەن كە چیتر شاردنەوەی پێشێلكارییەكان ناتوانێت روی گەشی نائینسانیەت و وەحشیگەرییانەی ئەو هێزانە بشارێتەوە، كە وەك جەللاد و خوێنڕێژ كەوتونەتە وێزەی گەنج و خەڵكی بێتاوان.

هەرێمی كوردستان خراپترین و هەمەجیترین نمونەی دیموكراسییە لەناوچەكە و لەدنیادا، ئەم هەرێمە هەرێمی رفاندن و كوشتن و داپڵۆسینی خەڵك و رۆژنامەنوسانە، هەرێمی داگیركردن و ناشرینكردنی سەرلەبەری دەزگاو نێوەندە رۆشنبیری و فەرهەنگییەكانە، هەرێمی هەڵتۆقینی شاعیری دەربار و رۆشنبیری نارۆشنبیر و دەزگای نادەزگا و رۆژنامەی زەردەڵ و سوتاندنی گۆڤار و كتێب و دژایەتیكردنی رۆشنبیرە جیدییەكان، هەرێمی تاڵانكردنی سەروەت و سامانی نیشتیمانە، هەر لەتاڵانكردنی سامانە سروشتییەكانەوە تادەگاتە تاڵانكردنی بودجە و موچە و زەویوزاری خەڵك، هەرێمی نانبڕین و دەركردن و هەڕەشەلێكردن و بێبایەخكردنی ئینسان و توانستەكانە، هەرێمی میدیای زەبەلاحی حیزب و كوشتنی میدیا ئەهلی و جیاوازەكانە، هەرێمی دەسەڵاتی رەهای هێزە ئەمنی و نهێنییەكانی حیزب و سەركردەكانە و هەرێمی شاردنەوەی راستییەكان و چەواشەكردنی خەڵك و ناشەفافیەت و گۆڕونكردنی هەقیقەتەكانە، بەس هەرێمێكی دیموكراسی نییە.

لەژێر دەسەڵات و هەمەجیەتی حیزبگەراییدا كۆمەڵگە وەك كیانێكی سەربەخۆ و زیندو و جودی نامێنێت، سڕینەوەی كۆمەڵگە یەكێكە لەمەهامە هەرە گرنگ و بنچینەییەكانی دەسەڵاتە موتڵەق و دیكتاتۆر و دیماگۆجەكان، ئەم پڕۆسەی سڕینەوەیە تەنیا بریتییە نییە لە سڕینەوەی شوناس و زیندوێتی كۆمەڵگە وەك روبەرێكی بەرهەمهێن و كاریگەر و پەیوەندیدار، نەخێر، ئەم پڕۆسەیە بریتییە لەگۆڕینی شوناس و مەهامی كۆمەڵگە لەسەربەخۆییەوە بۆ وابەستەیی و پاشكۆی، لە روبەرێكی زیندوەوە بۆ پانتاییەكی مردو، لەكۆمەڵگەیەكی خۆژێنەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی بەكاربەر و موحتاج و موچەخۆر، گۆڕینی كۆمەڵگە لەپێكهاتەیەكی فرە جومگە و فرە رەنگەوە بۆ كوتلەیەكی كۆنكرێتی بێقسە و بێدەنگ و خامۆش.

لە سایەی دەسەڵاتە حیزبگەرا و موتڵەق و كۆنزێرڤاتیڤەكاندا، كۆمەڵگە تا ئەو شوێنە وجودی هەیە كە لەژێر كۆنترۆڵی حیزبدایە، لەدەرەوەی ئەم كۆنترۆڵكردنە، شتێك نییە بەناوی كۆمەڵگەوە، هاوكات هاوڵاتی وەك كەسایەتییەكی ئینسانی لەناو نەخشە سیاسی و ئابوری و شارستانییەكاندا وجودی نییە. ئەوكاتانەی كە تاكەكەس وەك كیانێكی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە و جودی نەما، ئیتر كۆمەڵگەش وەك پێكهاتەیەكی زیندو و كاریگەر وجودی نامێنێت.

دیموكراسی چییە بێجگە لە رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری و سەروەری یاسا و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و دامەزراندنی دامەزراوەی سەربەخۆ و بونی دەوڵه‌تێكی دامەزراوەیی یاسایی و شارستانی، هیچ كام لەمانەی كە باسمان كرد لەم هەرێمەدا وجودیان نییە.

هاوكات چۆن تێرۆرو زەبری كاولكاری هێزگەلێكن بۆ داڕوخانی ئابوری و فەرهەنگی و شارستانی و سیاسی بە مەترسیدارترین و وەحشیگەریترین كردەو كاریگەری، بەهەمانشێوە دیاردەی سەركوتكردن و داپڵۆسین و لەسێدارەدان و پڕكردنی زیندانەكان و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و پراكتیزەكردنی وەحشیگەری و كوشتنی رای گشتی پێكڕا هێزگەلێكی كوشندەترن لە تێرۆر، ئەوەی تێرۆر ناتوانێت لەناوی بەرێت، بێگومان عەقڵیەت و كردەی دیكتاتۆرییەت و ستەمكاری و وەحشیگەری بەئاسانی دەتوانن كاولی بكەن.

Sbeiy.com © 2007