Print
 سەرا کرا بە مەیدانی تەحریر
Wednesday, February 23, 2011

رۆژنامه‌:
روداوەكانی چەند رۆژی رابردوی (17-21)ی شوبات نزیكەی (130) بریندار و (3) كوژراوی لێكەوتەوە (سەدان كەسیش دەستگیركران، كە بە شێوەیەكی رەسمیی هێزەكانی ئاسایش (47) كەسیان ئازاد كردوەو ئاماژە بە دەستگیركردنو كەلەپچەكردنی چەندینی دیكەش دەدرێت.  

سەروەر سدیق، بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی فێركاریی سلێمانی رایگەیاند: لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا بە هۆی بارگرژییەكانی شاری سلێمانییەوە (124) كەس برینداربون.

لە چوار رۆژی خۆپیشاندانەكانیشدا هەریەكە لە رێژوان عەلی (15) ساڵ، سوركێو زاهیر (14) ساڵو شێرزاد تەهای (23) ساڵ، بونە قوربانی و بە گوللـەی پاسەوانەكانی لقی چوار و هێزە ئەمنییەكان كوژران.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن؛ جگە لەو وێنانەی كە لە سایتەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن و ماڵپەڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاودەكرێنەوە، ژمارەیەك كەسیش لە هێزە ئەمنییەكان بە كامێراوە لەناو خۆپیشاندەرانن و وێنەیان دەگرن، ئەو كەسانەشی كە لە وێنەكاندا دەردەكەون لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێن، یان بەدوایاندا دەگەڕێن تا دەستگیریان بكەن.

خۆپیشاندانەكە
سەرەتای خۆپیشاندانەكە بە كۆبونەوەیەكی جەماوەریی لەلایەن (تۆڕی بەرگریی لە ماف و ئازادییەكانی خەڵك) رێكخرابو. لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی سەعات (2)ی پاشنیوەڕۆی (17/2/2011) دەستیپێكردو مایكی ئازادی خەڵك دانراو له‌لایه‌ن ژمارەیەك چالاكوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هاوڵاتییان و روناكبیرانەوە وتارو بۆچون پێشكەشكرانو سه‌عات (5)ی ئێوارە بە شێوەیەكی رەسمیی كۆتایی بە خۆپیشاندانەكە هێنرا.  

دواتر بەشێك لە خۆپیشاندەرەكان بە ئاراستەی باخی گشتیی رۆیشتن و پێكهەڵپژان لەنێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانەكانی لقی (4)ی پارتی دیموكراتی كوردستان رویداو لە ئەنجامدا (1) كەس كوژراو (57) كەسیش برینداربون، كە سەرجەم بریندارەكان بە فیشەك لێیاندراوە.

(رێژوان حاجی عەلی كاشی) تەمەن (14) ساڵ لەبەردەم لقی چواری پارتی لە سلێمانی كوژرا، بڵاوبونەوەی وێنەی كوشتنەكەی لە ماڵپەڕەكانی ئینتەرنێت و بە تایبەتی (فەیسبوك)و چەند گەنجێكی دیكە بەمێشكی پژاو و سەرو لاشەی خوێناوییەوە ئەوەندەی دیكە تینی خۆپیشاندانەكەی زیاتر كرد و چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایی دیكەی لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان و رەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات لێكەوتەوە.

دوای گواستنەوەی قوربانییەكانی بـــــەردەم لقی (4)ی پارتی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتییان لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كۆبونەوە بۆ پێدانی خوێن بە بریندارەكان و یەكێك لەو كەسانەی كە تەرمی شەهید (رێژوان عەلی) هەڵگرتبو بۆ ناو ئۆتۆمبێل و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە دەست و لاشەیەكی خوێناوییەوە و كە نەیویست خۆی بناسێنێت بە پەیامنێری رۆژنامەی وت: «راستەوخۆ پاسەوانەكانی سەربانی لقی (4)ی پارتی بە چەكی قورسی بیكەیسی و كڵاشینكۆف دەستڕێژیان كردە سەرمان و شاهێدی ئەوەبوم».

دوابەدوای روداوەكانی ئەو ئێوارەیە. پارێزگاری سلێمانی بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆی دا لە ســــه‌عات (7)ی ئێوارە بــــــــۆ (7)ی بەیانی رۆژی هەینی 18/2/2011. بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایی و گردبونەكان تا درەنگانێكی شەو بەردەوام بو.

رۆژی دوای شەهیدكردنی، باوكی رێژوان، سەردانی ئاسایش و پۆلیس و دادگای كرد و سكاڵای یـــاسایی لەسەر بەرپرسانی لقی (4)ی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆماركردو داوای دادگاییكردنی بكوژانی رێژوانی کرد.

یەكێك لە كەسوكاری بریندارەكان بە ناوی (زمناكۆ رزگار عەبدوڵڵا) لە رونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتیی ئاشكرای كرد؛ كوڕەكەیان نە لەناو كوژراوەكاندا نە لەناو بریندارەكاندا نییە و راشیانگەیاند: «كە دكتۆرەكان پێیان راگەیاندون؛ كە كوڕەكەیان مێشكی وەستاوەو تەنیا دڵی لێ دەدات».

(زمناكۆ) لە 1/3/1995 لەدایكبوە و سەر بە هیچ حیزب و لایەنێك نییە و تەمەنی (16) ساڵە لە مەكتەبی ئەزمەڕی كوڕانە و لە پۆلی (4)ی ئامادەییە.  

كاردانەوەكان
خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و برینداربون و كوژرانی خۆپیشاندەران لە بەردەم لقی (4)ی پارتییەوە چەندین كاردانەوەی ناوخۆییو جیهانیی لێكەوتەوە.

هەرزو زیاتر لە (50) رێكخراو و كەسایەتی و رۆشنبیر و رۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ لە بانگەوازێكدا داوای ئاشتیی و ئارامییان كرد و رایانگەیاند: «لەكاتێكدا ئیدانەی هەمو رواڵەتەكانی توندوتیژیی دەكەین، داوامان لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە؛ كە تەنگژەی سیاسی نەهێڵن، بارگرژی راگەیاندنەكانیان راگرن، ئەندامان و لایەنگرانیان ئاراستەی هەڵسوكەوتی مەدەنی و ئاشتییانە بكەن و نەهێڵن توندوتیژیی پەرەبسێنێت».

دوای روداوەكانی سلێمانی و بەردبارانكردن و كاردانەوەی لقی (4) بە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و كوشتن و برینداركردنی ژمارەیەك خۆپیشاندەر لەسەر ئاستی حیزبەكانی كوردستان و پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم و بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی و یەكێتی چەندین بەیاننامە و راگەیاندن و لێدوان راگەیەنران.

هەمان شەو لە كاردانەوەی روداوەكەی سلێمانیدا لە هەولێر هێرشكرایە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری هەولێر و سۆران و بارەگاكان سوتێنران و هەر لە هەولێر لەناو مەكۆی سەرەكییدا نوسینگەكانی رۆژنامەی رۆژنامە و (KNN)و سایتی سبەی سوتێنران و لە دهۆكیش بارەگای گۆڕان تاڵانكراو دو رۆژ دوای ئەوەش شەوی یەكشەممە بە هەمانشێوە بارەگای گۆڕان لە شەقڵاوە سوتێنرا.

بە گوێرەی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر: «بە پلانێكی پێشوەخت نەخشە بۆ كێشراو، گوشار خرایە سەر بارەگاكە، لە سه‌عات (2)ی پاشنیوەڕۆوە هێزەكانی ئاسایش بە بیانوی پاراستن و پارێزگاریكردنەوە، بارەگای بزوتنەوەی گۆڕان ئابلوقە دەدەنو دواتریش لە سه‌عات (5) بە دواوە، لە بەرچاوی هێزەكانی ئاسایشەوە، لە لایەن ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی مۆنیكای جام رەشو بە پشتیوانی هەوادارانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، هێرش دەبەنە سەر بارەگاكە».  

پارتی: لێدوانی جیاوازو تۆمەتباركردنی پێشوەختە
هەمان شەوی روداوەكە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لەدەرەوەی وڵات بو بەیاننامەیەكی دژ بە هێرشكردنە سەر بارەگای لقی (4) دەركرد، بێ ئاماژەدان بە خۆپیشاندان و كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران لە لایەن لقی (4)و سوتاندنی بارەگاكانی گۆڕان، بە هەمانشێوە بەیاننامەكەی پارتیش هیچ ئاماژەیەكی بە كوشتنو برینداركردنی كەس نەدابو.

هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، راستەوخۆ كەوتە تۆمەتباركردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە هەوڵدان بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكەیان لە سلێمانی و هیوا ئەحمەد، بەرپرسی لقی (4) رایگەیاند: «گۆڕان خەڵكێكی زۆری بۆ پەلاماردانی لقی (4) هانداوە و هەر لە شوێنی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكە لەبەردەم به‌ردەركی سەرا لە ناوجەرگەی سلێمانییەوە بەو خەڵكەیان وتبو هێرش بۆ سەر لقی (4)ی پارتی و بە گەیشتنیان بۆ بەردەم دەرگای لق دەستیان بە هوتافكێشان كرد».

دواتریش پارتی بەیاننامەیەكی دیكەیان بڵاوكردەوە و تێیدا رایانگەیاند: «ئاراستەی خۆپیشاندەران بە رێنوێنی هەندێك ئاژاوەگێڕ لە دژی بارەگای لقی (4)ی پارتی گۆڕدرا و لەناو خۆپیشاندەرانەوە چەكدار هەبونو دوای بەردبارانكردنی بارەگاكە و پەلاماری بارەگای لقی (4)یان داوە».

رۆژی دواتر (هەینی) نێچیرڤان بارزانی، كەسی دوەمی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ئەنجامداو پێچەوانەی بەیاننامەی حیزبەكەی و لێدوانی چەند بەرپرسێكیان لەوانە، فازڵ میرانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی، كە هەڕەشەی دەستبڕینەوەی دەكردو بەرپرسی لقی (4) كە گۆڕانی تۆمەتبار دەكرد، نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند: كە پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ كەس و لایەنێك درێژناكەن و داوای لێكۆڵینەوەی لە روداوەكە دەكرد.

بە هەمانشێوە بەیاننامەیەكیش بەناوی د.كەمال كەركوكی، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە بڵاو كرایەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوە كرد بو: «ئەو خۆپیشاندانە بۆ پەلاماردانی بنكە و بارەگا و شوێنە گشتییەكانی ئەو شارە بو و مخابن لە ئاكامی ئەو كارە ئاژاوەگێڕییە داڕێژراوەدا، هێرشكرایە سەر لقی (4)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی».

حكومەتی هەرێمیش بەیاننامەیەكی لە بارەی هەمان روداوەوە بڵاو كردەوە و تیایدا نیگەرانی توندی خۆی سەبارەت بەو روداوە و ئاكامەكانی راگەیاند و داوای لە خەڵكی كوردستان و بە تایبەتیش خەڵكی سلێمانی و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كرد، كە «هاوكاریی حكومەت بن و هەمو هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ، تا رێگە نەدرێت هەندێك خەڵكی گێرەشێوێن، لەژێر پەردەی خۆپیشاندان و (كۆبونەوەی جەماوەریدا) گیان و ئاسایش و ئارامیی هاوڵاتییان بخەنە مەترسییەوە».

مەكتەبی سیاسی یەكێتیش بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا رایگەیاند: «ئاڕاستە و ئامانجی كۆبونەوەكە لە شوێنی رێگەپێدراوی خۆی گۆڕدراو بەرەو گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕی براو چونە بەردەمی لقی (4)ی پارتی و بینای مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی، رەفتاری نامەدەنییانە و گێرەشێوێنانەیان نواند».  

گۆڕان: خوێنی هاوڵاتییان هێڵی سورە
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانیش لە یاداشتێكدا سەرەڕای ئیدانەكردنی تەقەكردن لە خۆپیشاندەرانو كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران رایانگەیاند: «خوێنی هاوڵاتییانی كوردستان هێڵێكی سورە و بەزاندنی ئەو هێڵە شەرعیەتی تەواوی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە».

هەروەك داواشیانكرد؛ پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی (48) سەعاتدا كۆبونەوەیەكی نائاسایی گرێبدا بۆ تاوتوێكردنی دۆخەكە.

هەروەك بزوتنەوەی گۆڕانیش لە زاری وتەبێژی بزوتنەوەكە و دواتریش لە رێی چەند لێدوان و بەیاننامەیەكەوە ئەوەیان رەتكردەوە؛ كە تەنانەت بەشدارییان لــــــە خــــۆپــیشاندانەكەی (17/2)دا كردبێتو هەڵوێستی خۆیشیان سەبارەت بە خۆپیشاندان و داواكاری هاوڵاتییان و رشتنی خوێنی خۆپیشاندەرانەوە ئاشكرا كرد.

هەریەكە لە حیزبە كوردستانییەكانی دیكەش بە شێوازی جیاواز لە رێی راگەیاندن و بەیاننامەوە هەڵوێستی خۆیان رونكردەوە.

مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: «هەرگیز لەگەڵ كاری تێكدەرانە و هەڵكوتانە سەر بنكەو بارەگا حكومی و حیزبییەكاندا نین و سەركۆنەی ئەو جۆرە كارانەش دەكەین كە داواكاری هاوڵاتییان بە ئاقارێكی ناتەندروستدا دەبەن».

مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان-یش لە راگەیه‌ندراوێكدا رایگەیاند: «لەكاتێكدا ئەو روداوە ئیدانە دەكەین، دژی بەكارهێنانی هەر جۆرە توندوتیژییەكین، كە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێك بداتو ببێتە هۆی شێواندنی باری سەقامگیری و بێ حورمەتی بە دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێم».

ئـــەنجومەنی پارێزگای سلێمانی-یش لە بەیاننامەیەكدا داوای هەرچی زوتر هێوركردنەوە و ئاساییكردنەوەی بارگرژی و بارودۆخەكەیان كردو جەختیان كردەوە: «خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوەیەكی مەدەنییانە و یاسایی مافێكی سروشتی هاوڵاتییانە، لە هەمانكاتدا هەڵكوتانە سەر بارەگای حیزبەكان و دامودەزگاكانی حكومەت ئیدانە دەكەین».  

سەرا كرا بە «تەحریر»
رۆژی هەینی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی پشویەكی وەرگرتو رۆژی شەممە (19/2)، چەند كۆبونەوە و خۆپیشاندانێكی جیاجیای لێكەوتەوە. خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەبەردەم زانكۆی سلێمانی بە بەرزكردنەوەی لافیتە و دروشمی جیاواز ئیدانەی روداوەكەی (17/2)یان كردو داوای لێپرسینەوە لـــــە لێپرسراوی لقی (4)ی پارتیو ئەو كەسانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەرا كرد.

سه‌عات (1)ی پاش نیوەڕۆی (19/2) كۆبونەوەیەكی دیكە لە گۆڕەپانی بەردەركی سەرا ئەنجامدراو گۆڕەپانەكەیان ناونا (مەیدانی ئازادیی- میدان التحریر).

نوسەرو روناكبیری كورد د.فاروق رەفیق، بە ناوی خۆپیشاندەرانەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە لەناو ئاپۆرای جەماوەرەوە كە خۆی لە (9) خاڵدا دەبینیەوە، هەر لە بەیاننامەكەدا ماوەی (24) سه‌عاتیان دانا بۆ دەسەڵات، بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان و هۆشداریی دا بە دەسەڵاتی كوردی، جەماوەریش بە چەپڵەلێدانەوە پشتیوانیان كرد.  

داواكارییەكان كە د.فاروق رەفیق، خوێندییەوە بریتی بو: «كشانەوەی ئەو هێزانەی هێنراونەتە سەر سلێمانی هەر ئێستا، راگەیاندنی ئەوەی خوێنی هاوڵاتییان هێڵی سورە و نابێت ببەزێت، راپێچكردنی لێپرسراوی لقی (4)ی پارتی بۆ بەردەم دادگا، دادگاییكردنی ئەو چەكدارانەی كە تەقەیان لە هاوڵاتییان كردوە، دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان، داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان بكات، لەدوای ئارامبونەوەی بارودۆخەكە بارەگا حیزبییەكان ببرێنە دەرەوەی شارەكان، كۆتاییهێنان بە میلیشای حیزبی، حكومەتی هەرێم نابێت ببێت بە ئامرازی حیزبەكان، راگەیاندنی كوژراو بریندارەكان و بەردانی گیراوەكان».

هەمان رۆژ ئاراستەی خۆپیشاندان و كۆبونەوەكە لە بــــەردەركــی سەرا (مەیدانی ئازادی)ەوە گۆڕا بەرەو شەقامی مەولەوی و سالم و كانێسكان و مزگەوتی گەورە و پێكدادانی نێوان هێزەكانی پۆلیس و چالاكییە مەدەنییەكانی لێكەوتەوە و تا درهنگانێكی شەو خۆپیشاندان و پێكهەڵپژان بەردەوام بو، بە چەندین شێوازی جیاواز هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران درا لەلایەن پۆلیس و ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆوە.

رۆژی 19/2/2011، بەهۆی خۆپیشاندان و بڵاوەپێكردنیان لەلایەن پۆلیسەوە (14) كەس برینداربون، بە وتەی د.رێكەوت حەمە رەشید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی: یەكێك لە بریندارەكان بە هۆی فیشەكەوە بوە، بەو پێیەش ژمارەی قوربانییەكان گەیشتە نزیكەی (70) كەس.  

نالیا سوتاو رۆژنامەنوسانیش لێیاندرا
روداوەكانی رۆژی 20/2/2011 بە سوتاندنی كەناڵی ئاسمانی نالیا (NRT) دەستیپێكرد، كە ماوەی سێ رۆژ بو پەخشی ئەزمونی دەستپێكردبو.

شەوی روداوەكە لە چاوپێكەوتنێكدا توانا عوسمان، بەڕێوەبەری كەناڵەكە ئاشكرایكرد، كە هەڕەشەیان لێكراوە و داوایانلێكردون پەخشی كەناڵەكەیان راگرن، هەمان شەو دوای لێدوانەكەی توانا عوسمان، سەعات (2)ی شەو كەناڵی (NRT) لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، (50) چەكدار هێرشیانكردە سەرو بە بەنزین سوتاندیان و بەشێكی زۆری ئامێر و كەلوپەلەكانی تەلەفزیۆنەكە سوتێنرا.

بەهۆی هێنانی هێزی زێرەڤانی بۆ شاری سلێمانی و بڵاوەپێكردنیان لەسەر شەقام و كۆڵانەكانی شارەكە، بەشی سەرەكی داوای خۆپیشاندەران جگە لە دروشم و داواكارییەكانی پێشویان بوە «داوای كشانەوەی هێزەكانی پارتی و زێرەڤانی كە لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی هێنرابون».

لە دوەم راگەیەنراوی خۆیدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایكرد: «دەستبەجێ ئەو هێزە جوڵاوانەی لە دەرەوەی پارێزگاوە هێنراونەتە شاری سلێمانی و دەوروبەری شاری سلێمانی، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان».

فشارەكانی خەڵك و خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام بو بۆ كشانەوەی هێزەكانی زێرەڤانی و پاشنیوەڕۆی رۆژی (20/2) جەعفەر شێخ مستەفا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: «ئەمڕۆ چەند هێزەكانی زێرەڤانی لە سلێمانی كشاونەتەوە»، لەبەرامبەردا چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ ئاشكرایانكرد، كە «ئەو هێزانە تەنیاله شار دورخراونەتەوە، بەڵام لە ئەكادیمیای پۆلیس و چەند بارەگایەكی مەعەسكەر سەلام بارەگای سەرەكی فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە جێگیر كراون.

هەر لەم بارەیەوە سەرچاوەیەك بە سایتی (سبەی)ی راگەیاند: ئەو هەواڵانەی باس لە كشانەوەی هێزەكانی پارتی دەكەن ناڕاستن و لە ئێستادا ئەو هێزەی پارتی، لە نزیك شاری سلێمانی و لە ئەكادیمیای پۆلیس لە (مەعەسكەر سەلام) كۆكراونەتەوە و جێگیر كراونو هیچ ئاماژەیەكی بەجێهێشتنیان پێوە دیار نییە.

وتیشی: «هێزەكان ژمارەیان زۆرە و (15) ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن و (60) ئۆتۆمبێلی هەمەری سەربازی و ژمارەیەك كەرەستەی دیكەی سەربازییان پێیە».

رۆژی رەشی رۆژنامەنوسان
رۆژی (20/2) سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیی لە رۆژنامەنوسان رایگەیاند: «ئەمڕۆ رۆژێكی رەشە لە مێژوی رۆژنامەگەریی كوردیدا». ئاشكراشیكرد: «رۆژی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی سلێمانییەوە لە (17/2)، هەتا ئ(21-2)سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان، دەیان حاڵەتی برینداركردن و دەستگیركردن و لێدان و رێگریكردن و شكاندنی كامێراو دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانیدا تۆمار كردوە».

هەروەها بە گوێرەی ئەو راگەیەنراوە و چەندین سەرچاوەی دیكەی رۆژنامەوانی، تەنیا لە ئاڵۆزییەكانی رۆژی (17/2) زیاتر لە (25) رۆژنامەنوس و وێنەگر و كامێرامان لە لایەن هێزە ئەمنییەكان و چەكدارەكانەوە توشی لێدان و سوكایەتیكردن و ئازاردان و دەستبەسەراگرتنی كەلوپەلەكانیدا بونەتەوە.

رۆژی (18/2) نزیكەی (10) رۆژنامەنوس لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی رێگەی كاری رۆژنامەنوسییان لێگیراوە و نەهێڵراوە روماڵی روداوەكان بكەن.

رۆژی (19/2)یش لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا (6) رۆژنامەنوس رێگەی كاری رۆژنامەنوسییان لێگیراوە و توشی لێدان و ئازاردان و سوكایەتیپێكردن و دەستدرێژیی هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس و ئاسایش بونەتەوە.

تا جێبەجێكردنی داخوازییەكان بەردەوام دەبن
خۆپیشاندانە جەماوەرییەكەی سلێمانی پێی نایە رۆژی چوارەمەوەو رۆژی یەكشەممە (3) هەزار خۆپیشاندەر لە بەردەركی سەرا «مەیدانی ئازادیی» كۆبونەتەوە.

پەیامنێرمان لەناو خۆپیشاندانەكە پێی راگەیاندین: فاروق رەفیق، نوسەر و توێژەری فەلسەفە لەناو خۆپیشاندانەكەدا وتارێكی پێشكەشكردوە و ئاماژەی بەوە داوە؛ لەو خاڵانەی (شەممە) ئاراستەی دەسەڵاتمان كرد، تەنیا یەك خاڵی جێبەجێ كراوە، كە ئەویش كشانەوەی هێزەكانی زێرەڤانییە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی وتوە: تا جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكانمان بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان.

رۆژی چوارەمی خۆپیشاندان خوێناویتر بو بەهۆی تەقەكردن و شەڕە بەردەوە، بە گوێرەی سەرچاوە تەندروستییەكان (48) كەس بە برینداریی گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی و تا درەنگانێك دوای ئێوارەش خۆپیشاندان و كۆبونەوەی جەماوەری و پێكداهەڵپژان بەردەوام بو.

دیمەنی چوارەم رۆژی خۆپیشاندان دیمەنێكی تەواو سەربازیی بو، زۆربەی شەقامە سەرەكییەكان و كوچە و كۆڵانەكانی شار بە هێزی چەكدار بە جلوبەرگی جیاوازو چەكی جیاوازەوە دەبینران، هەروەك گەنجانی خۆپیشاندەر لە بەردەركی سەرا خێمەیان هەڵداوەو دەیانەوێت ئەمشەو لە بەردەركی سەرا بمێننەوە.

خۆپیشاندەران لە بەردەركی سەرا بە كۆمەڵ نوێژیان ئەنجامدا و پۆلیسیش گازی فرمێسكرێژی دەكرد بەسەر خۆپیشاندەراندا، هەر ئەو رۆژە لە شارەكانی رانیەو دەربەندیخان، خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكەی سلێمانی سازكرا و هیچ توندوتیژییەكیش لەم دو شارۆچكەیە روی نەدا.  

زانكۆش هاتە سەر خەت
سەرەڕای ئەوەی رۆژی شەممە لە بەردەم زانكۆی سلێمانی خوێندكاران كۆبونەوە و بە چەندین دروشم داوای بەدواداچونی روداوەكانی رۆژی یەكشەممە و ناڕەزایی خوێندكاران و مامۆستایان بەردەوام بو «گروپی زانكۆ» راگەیەندراو كۆبونەوە لەناو زانكۆ بەردەوام بو.

دواتر د.عەلی سەعید، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە خوێندكارە خۆپیشاندەرەكانی راگەیاند؛ كە رێگە دەدات بە بەردەوامبونی چالاكی مەدەنی و رۆژانە لە سه‌عات (12:30)ی نیوەڕۆ بۆ (1:30) دەوام دەوەستێنرێت بۆ چالاكییەكە، وتیشی: «مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆش بەشێكن لە گروپی زانكۆ».
مامۆستایانی زانكۆی سلێمانیش یاداشتی یەكەمیان راگەیاند، بە ناوی: «هێڵی سور، رشتنی خوێنی كوردە بە دەستی كورد».

 مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی رۆژی (21/2) لە یاداشتی دوەمیاندا سەبارەت بە روداوەكانی چەند رۆژی رابردوی شاری سلێمانی، داوا دەكەن دەستبەجێ ئەو كەسانەی لە چەند رۆژی رابردودا دەستگیركراون، ئازاد بكرێن.

خۆپیشاندان شارەكانی دیكەی تەنییەوە
لەلایەكی دیكەوە لە شارەكانی دەربەندیخان و كەلار و كفری و رانیە و سەیدسادق، خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی ئەنجامدراو گەنجانی گەرمیان بە ماراسۆنی ئاشتییەوە بەرەو «مەیدانی ئازادیی» سلێمانی بەڕێكەوتن.

بۆ پشتیوانیكردن لە هاوڵاتیانی سلێمانی و دادگاییكردنی تاوانباران، رۆژی (دوشەممە) كۆمەڵێك گەنجی كەلار، بە ماراسۆن و پەیامێكی ئاشتییانەوە، بەرەو مەیدانی ئازادیی سلێمانی بەڕێكەوتن.

گروپی سپی بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران دروستكرا
ژمارەی بەشداربوانی خۆپیشاندانی دوێنێ دوشەممە لە بەردەركی سەرا (مەیدانی ئازادی) لە زیادبوندایە و ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی گروپێكیان بەناوی گروپی سپی بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانی سلێمانی دروستكرد، كە سەرجەمیان پەڕۆیەكی سپییان بەستوە بە قۆڵیانەوە و بەربەستێكیان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا دروستكردبو.

Sbeiy.com © 2007