Print
 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق؛ له‌لایه‌ن عارف ته‌یفوره‌وه‌ رێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فراكسیۆنی گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌كانی‌ سلێمانی‌ گیرا
Tuesday, February 22, 2011
(سبه‌ی‌):
له‌سه‌ر داوای‌ لیستی‌ گۆڕان، ئه‌و توندوتیژیانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ری‌ سڤیلی‌ سلێمانی‌ كرا له‌ رۆژانی رابوردودا، خرایه‌ به‌رنامه‌ی‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ رێگریكردنی عارف ته‌یفور، جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، رێگه‌ به‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ گۆڕان نه‌درا بخوێندرێته‌وه‌.
محه‌مه‌د كیانی، ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: له‌سه‌ر داوای‌ ئێمه‌ بڕیاربو ئه‌و توندوتیژیانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ری‌ سلێمانی‌ به‌كارده‌هێنرێت، بخرێته‌ ناو به‌رنامه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بیخوێنینه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ عارف ته‌یفور رێگه‌ی‌ گرت له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌یاننامه‌كه‌، دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ماوه‌ی‌ 30 خوله‌ك هه‌ڵگیرا.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ كوێستان هه‌مه‌وه‌ندی‌، ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ مافی مرۆڤ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ (سبه‌ی‌) وتی: له‌ لیژنه‌ی‌ مافی مرۆڤی‌ عێراقی پێشنیاری‌ ئه‌وه‌م كرد لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كانی‌ سلێمانی‌ پێكبهێندرێت و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه‌.
وتیشی: له‌ ئێستاشدا ئه‌و داوایه‌م له‌ به‌رده‌ستی‌ ئوسامه‌ نوجێفیدایه‌و پێده‌چێت له‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتودا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت، دوای‌ ئه‌وه‌ش كه‌ نوجێفی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌دات، لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ مافی مرۆڤ و لیژنه‌ی‌ یاسایی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كانی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابوردوی‌ سلێمانی‌ پێكده‌هێندرێت.
 
Sbeiy.com © 2007