Print
 یاداشتی‌ مامۆستایانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌
Tuesday, February 22, 2011


یاداشتی‌ دووه‌م

خه‌ڵكی‌ سه‌ربه‌رزی‌ كوردستان
په‌رله‌مانی‌ كوردستان
سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ده‌سته‌ی‌ داواكاری‌ گشتی‌
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ حكومی‌ و ناحكومییه‌كان
ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن
رای‌ گشتی‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌

          دوابه‌دوای‌ یاداشتنامه‌ی‌ یه‌كه‌ممان، ئێمه‌ وه‌ك به‌رپرسیارێتی‌ مێژوویی‌و ئه‌ركی مه‌ده‌نیمان به‌رامبه‌ر كورده‌واریی، به‌ پێویستی‌ ده‌زانین له‌م یاداشتنامه‌یه‌دا به‌شێك له‌ نه‌خشه‌ڕێگای‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ ئێستاو له‌مه‌ودوای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ چه‌ند خاڵێكدا بخه‌ینه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و رای‌ گشتی‌.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نه‌خشه‌ڕێگاكه‌مان ده‌كه‌ین به‌ سێ‌ به‌شه‌وه‌:
بنه‌ماكان، چاره‌سه‌ره‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان، چاره‌سه‌ره‌ ستراتیجییه‌كان.
بنه‌ماكان
1- دووپاتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ خۆپیشاندان و چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ مافه‌ هه‌ره‌ بنچینه‌ییه‌كانی‌ هاولاَتیانن، ئه‌گه‌ر ئه‌و چالاكییانه‌یش له‌ چوارچێوه‌ی‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان یان گروپ و كه‌سانی‌ سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌ حیزب و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نیشدابن.
2- چیتر گه‌نجان‌و خه‌ڵكی‌ خۆپیشانده‌ر به‌ ئاژاوه‌گێر و تێكده‌رو  فیتنه‌ تۆمه‌تبار نه‌كرێت.
3- ئه‌ركی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌  كوردستانه‌ گیانی‌ خۆپیشانده‌ران‌و سه‌روماڵی‌ هاووڵاتیان بپارێزێت.

  چاره‌سه‌ره‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان
1- راگه‌یاندنی‌ ئاماری‌ راسته‌قینه‌ی‌ كوژراو و بریندارو بێسه‌روشوێنكراوان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان.
2- له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی‌ بێلایه‌ن و پیشه‌ییه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ به‌پشت به‌ستن به‌ ده‌سته‌ی‌ داواكاری‌ گشتیی به‌دواداچوون بۆ رووداوه‌كان بكرێت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێنه‌ دادگا كه‌ ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌رانی‌ سیڤیل كردووه‌و ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ فه‌رمانی‌ ته‌قه‌كردنیان داوه‌.
3- جگه‌ له‌ هێزی‌ پۆلیسی‌ چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان هیچ هێزێكی‌ تر بۆ هیچ چالاكییه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ سه‌روشیانه‌وه‌ خۆپیشاندان به‌كارنه‌هێنرێت.
4- هه‌ڵپه‌ساردنی‌ یاسای‌ خۆپیشاندان تا كاتی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌.
5- دانیشتنی‌ به‌ په‌له‌ی‌ نائاسایی‌ و به‌رده‌وامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و له‌ نزیكه‌وه‌ بینینی‌ خۆپیشانده‌ران و شوێنی‌ رووداوه‌كان.
6- ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافی‌ گه‌یاندنی‌ هه‌واڵَ و زانییارییه‌كان‌و ڕاده‌بڕین له‌رێگه‌ی‌ پاراستنی‌ گیانی‌ رۆژنامه‌نووسان و داموده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌.
7- پاراستنی‌ ئیتیكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ زمانی‌ زبرو چه‌واشه‌كاری‌ و شه‌ڕانگێزیی‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنانه‌وه‌‌و به‌تاوان ئه‌ژماركردنی‌ هه‌واڵ‌و زانیارییه‌ هه‌ڵبه‌ستراوو درۆكان.
8- داوا له‌ خۆپیشانده‌رانی‌ خه‌مخۆری‌ چاكسازیی‌ و نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌كه‌ین له‌ پێناوی‌ هێنانه‌دی‌ داوا ڕه‌واكاندا  لایه‌نی‌ هێمنی‌ و مه‌ده‌نییانه‌ی‌ پرۆسه‌كه‌ بپارێزن و بزانن كه‌ ئێوه‌ خاوه‌نی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌م ولاَته‌ن.

چاره‌سه‌ره‌ ستراتیجییه‌كان
1-چالاككردنی‌ په‌رله‌مان و دانانی‌ میكانیزمێكی‌ كارا به‌ هاوكاری‌ یاساناسان و كه‌سانی‌ پسپۆر بۆ كاراكردنی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ و رۆڵی‌ داواكاری‌ گشتی‌ و به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
2-بنه‌بڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌و له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان و گێڕانه‌وه‌ی‌ موڵكی‌ گشتیی‌ بۆ خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كانی‌ خۆیان.
3-یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌ جیاوازه‌كانی‌ ناوخۆو پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان و دروستكردنی‌ هێزێكی‌ حكومیی‌ كه‌ به‌رپرس بێت له‌ پاراستنی‌ هه‌رێم و سه‌روماڵی‌ هاوولاَتیان.
4- كاراكردنی‌ ده‌ستبه‌جێی‌ حكومه‌ت و ده‌زگا به‌رپرسه‌كان بۆ هێنانه‌دی‌ ئه‌م ئامانجانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ بنه‌ما دیموكراسی‌ و مه‌ده‌نییه‌كاندا.

      ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌یه‌كی‌ خێرادا وه‌ڵامی‌ جدی‌ داواكارییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانمان نه‌درێته‌وه‌و به‌ڵێنی‌ جێبه‌جێكردنی‌ چاره‌سه‌ره‌ ستراتیجییه‌كانمان پێنه‌درێت، هه‌ڵویستی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ تر ده‌گرینه‌به‌ر.

مامۆستایانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌
21/2/2011
 سلێمانی‌

Sbeiy.com © 2007