Print
 کۆمەڵەی دۆستانی ژینگەی کوردستانی سوید: خۆمان به‌هاوخه‌می گەنجانی کوردستان و شه‌هیدان و برینداره‌كان ده‌زانین
Tuesday, February 22, 2011

 (سبه‌ی):
نامەی دۆستانی ژینگەی کوردستان دەربارەی کارەساتی نوێی کوردستا‌ن
ئە‌م کارەساتە‌ نوێیەی کوردستان کە بە کارەساتی جەرگبڕی ئێواره‌ی 17/02/2011 دەستیپێکردو  كۆمەڵێک گه‌نجی ‌خوێن گه‌رم، نائومێدو بێبەش لەداهاتوو، که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ ده‌بینن داهات‌و دەرامەتی کوردستا‌ن دەچێتە خه‌زێنه‌ی دوو حیزب‌و گیرفانی دوو بنەماڵەوە، لەشاری سلێمانی ‌خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ نیگه‌رانییه‌، له‌وه‌ڵامی  چه‌ند گه‌نجێكدا كه‌ به‌ردبارانی لقی 4ی ‌پارتیان كرد، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ناڕه‌‌وا‌و ناشارستانی‌‌و به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عه‌قڵی‌ شاخ، پاسه‌وانه‌كانی پارتی ته‌قه‌یان لێكردن، كه‌ سه‌ره‌نجام‌ چه‌ندین کوژراوو برینداری لێکه‌وته‌وه‌. حه‌قمانه‌ بپرسین به‌ڵێنه‌كانی‌ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی عێراق چی‌ به‌سه‌رهات، کە هه‌میشه‌ ئه‌وه‌یان دووپات ده‌كرده‌وه‌ جارێكیتر کورد به‌ده‌ستی‌ كورد ناكوژرێت؟
ئێمە وەکو دۆستانی ژینگەی کوردستا‌ن وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌توندی‌ ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ی‌ پارتی‌ به‌رامبه‌ر به‌و خۆپیشاندانه‌ ئیدانه‌و مه‌حكوم ده‌كه‌ین، داوا له‌سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی عێراق ده‌كه‌ین له‌پێناو ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بارگرژییه‌ی‌ به‌دوای‌ ئه‌م كاره‌ساته‌دا شاری‌ سلێمانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ به‌رپرسن له‌م كاره‌ساته‌ رووبه‌ڕووی‌ دادگا بكرێنه‌وه‌، ئه‌و هێزانه‌ی‌ زێره‌ڤانی‌ به‌ره‌و ئه‌م شاره‌ هێنراون به‌ته‌واوی‌ بكشێنرێنه‌وه‌. كاری‌ به‌په‌له‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ باره‌گای‌ حیزبه‌كان له‌ناو شار بكرێت. داموده‌زگاكانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ كار بۆ پاراستنی‌ سه‌رو ماڵی‌ هه‌موو هاولاتیان به‌بێ‌ جیاوازی‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كسان بكات. له‌وانه‌ش گرنگتر داواكارین ئازادی‌‌و مافی‌ ژیانێكی‌ شیاو بۆ هه‌موو گه‌نجانی‌ ولاته‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
ئێمه ‌وەك کۆمەڵەی دۆستانی ژینگەی کوردستانی سوید خۆمان به‌هاوخه‌می گەنجان، هاونیشتمانیانی کوردستان و شه‌هیدان و برینداره‌كان ده‌زانین، داواكانی‌ ئه‌وان داوای‌ ره‌واو دیموكراسین و ده‌بێت ما‌مەڵەی دیمۆکراتییان لە‌گەڵ بکرێت، له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌شه‌وه‌ رایگه‌ده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئێمه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات دەنگێکی پشتگیری له‌داوا ره‌واكانی‌ گه‌نجانی‌ ناڕازی‌ كوردستان ده‌بین.


دۆستانی ژینگەی کوردستان
19 /02/ 2011

Sbeiy.com © 2007