|
به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵی (NRT): گومانمان له‌هه‌وڵه‌کانی حکومه‌ت هه‌یه بۆ ئاشکراکردنی ئه‌نجامده‌رانی هێرشی سه‌ر که‌ناڵه‌که‌مان |
Tuesday, February 22, 2011 |
(سبه‌ی):
دوای دو رۆژ له سوتاندنی که‌ناڵه‌که‌یان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداره‌وه به‌جلی سه‌ربازییه‌وه، شه‌وی رابوردو جارێکی تر به ته‌قه هێرشکرایه‌وه سه‌ر که‌ناڵی(NRT).
له‌وباره‌یه‌وه توانا عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵی(NRT) له لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: شه‌وی (دوشه‌ممه)ی رابوردو ده‌وروبه‌ری سه‌عات 11:00 جارێکی تر هێرشکرایه‌وه سه‌ر که‌ناڵه‌که‌مان و چه‌ند چه‌کدارێکی نه‌ناسراو به ته‌قه هێرشیان کرده سه‌ر باره‌گای که‌ناڵه‌که‌مان، که خۆشبه‌ختانه هیچ زیانێکی گیانی به‌دواوه نه‌بو.
وتیشی: چه‌کداره‌کان له دیوی پشته‌وه‌ی گوندی ئه‌ڵمانییه‌وه هێرشیان کرده سه‌ر که‌ناڵه‌که‌مان، دواتر پاسه‌وانه‌کانی که‌ناڵه‌که‌مان ته‌قه‌یان به‌ئاسماندا کرد و پاشان هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش گه‌یشتنه شوێنی روداوه‌که‌و بارودۆخه‌که‌یان کۆنتڕۆڵ کرد.
ئه‌و هێرشه‌ش له‌کاتێکدایه، که دوێنێ (دوشه‌ممه) به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیای نالیا له‌لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌کانیان به‌رده‌وامن له‌رێی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکاو ژماره‌یه‌ک لایه‌نی دیکه‌ی بیانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشه.
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و کاره‌و سوتاندنی که‌ناڵه‌که، به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵی(NRT) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، تا ئێستا ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و کاره نه‌ناسراون و نازانرێت کێ بون و سه‌ر به کێن.
ته‌ئکیدیشی کرده‌وه وێڕای ئه‌وه‌ی که لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌لایه‌ن پارێزگاوه پێکهێنراوه‌و حکومه‌تیش به‌ڵێنی دۆزینه‌وه‌و ئاشکراکردنی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و کاره‌ی داوه، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیوادارین حکومه‌ت به‌ڵێنه‌که‌ی بباته سه‌ر، به‌ڵام متمانه‌مان به لیژنه‌که‌ی پارێزگا نییه‌و گومانیشمان هه‌یه له‌وه‌ی حکومه‌ت ئه‌نجامده‌رانی ئاشکرا بکات".
ده‌رباره‌ی کردنه‌وه‌ی که‌ناڵه‌که‌ش، توانا عوسمان وتی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیانێکی زۆری مادی به که‌ناڵه‌که گه‌یشتوه‌و چه‌ندین کێشه‌ی ته‌کنیکیمان هه‌یه، به‌ڵام له هه‌وڵه‌کانمان به‌رده‌وامین بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتویه‌کی نزیکدا په‌خشی که‌ناڵه‌که ده‌ستپێبکاته‌وه".
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه ته‌له‌ڤزیۆنی نالیا NRT له سه‌عات 2:30 خوله‌كی شه‌وی 20/2/2011 له سلێمانی له‌لایه‌ن ده‌یان چه‌کداره‌وه سوتێنراو زیانی زیاتر له 9 ملیۆن دۆلاریان له‌که‌ناڵه‌که دا. |
|
|