Print
 سه‌یدساق؛ به‌تۆمه‌تی پشتگیری کردنی خه‌ڵک هونه‌رمه‌ندێک له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌کرێت
Tuesday, February 22, 2011

(سبه‌ی):
به‌هۆی پشتگیریکردنی داواکارییه‌کانی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌ رداوه‌ خوێناوییه‌که‌ی ئه‌و شاره‌، شاعێرو هونه‌رمه‌ندێکی قه‌زای سه‌یدساق ده‌ستگیر ده‌کرێت.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند، ئێواره‌ی دوێنێ (دوشه‌ممه‌) هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی قه‌زای سه‌یدساق (شه‌ماڵ ره‌شید)ی شاعیر و هونه‌رمه‌ندی دیاری سه‌یدسادقیان ده‌ستگیر کردوه‌.
سه‌رچاوه‌که‌، وتیشی: ده‌ستگیرکردنی (شه‌ماڵ) که‌ هاوکات چالاکوانێکی بواری کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ناوچه‌که‌یه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیری داواکانی هاوڵاتیانی کردوه‌و، ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه‌ به‌رامبه‌ر روداوه‌ خوێناوییه‌که‌ی شاری سلێمانی و گوایه‌ هانی خه‌ڵکی داوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان.
هاوکات رونیشیکرده‌وه‌، شه‌ماڵ هونه‌رمه‌ندێکی ناسراوی ده‌ڤه‌ره‌که‌یه‌و چه‌ندین خه‌ڵاتی له‌ چالاکییه‌ هونه‌رییه‌کان و ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا به‌ده‌ستهێناوه‌.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ یه‌کێک له‌ سه‌رپه‌رشتیارانی که‌مپینی (ده‌نگی خه‌ڵک) که‌ له‌ قه‌زای سه‌یدساق پێکهێنراوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌گه‌ر شه‌ماڵ له‌سه‌ر پشتگیری کردنی خه‌ڵک ده‌ستگیر کرابێت و گه‌ر له‌ماوه‌یه‌کی نزیکدا ئازاد نه‌کرێت، ئه‌وا هه‌ڵوێستی مه‌ده‌نیانه‌ی خۆمان راده‌گه‌یه‌نین و ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانیش یه‌کێک ده‌بێت له‌ هه‌ڵوێسته‌کانمان.

Sbeiy.com © 2007